riklam

شاعیرێك زیاتر لە 1200 كتێب پێشكه‌ش به‌ كۆلیژی په‌روه‌رده‌ی شاره‌زوور ده‌كات

ئەدەب و هونەر 05:42 PM - 2021-08-08

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 8-8-2021، له‌ مه‌راسێمێكدا به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك شاعیرو ڕۆشنبیرو نوسه‌ر، شاعیرێك له‌قه‌زای شاره‌زوور زیاتر له‌ 1200 كتێبی پێشكه‌ش به‌ كۆلێژی قه‌زاكه‌ كرد.

به‌كر كانی هه‌مزه‌یی شاعیر له‌قه‌زای شاره‌زوور به‌ PUKmedia ی ڕاگه‌یاند: سه‌رجه‌م كتیبه‌كانم كه‌ زیاد له‌ 1200 كتێبه‌، پێشكه‌ش به‌ كتێبخانه‌ی كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی شاره‌زوورم كردووه‌.


وتیشی: ده‌مه‌وێت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م كاره‌وه‌ سودێك به‌ خوێندكارانی ئه‌و كۆلێژه‌ بگه‌یه‌نم، كه‌ ساڵانه‌ له‌كاتی ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌كانیان زۆر به‌ دوای سه‌رچاوه‌دا ده‌گه‌ڕێن ، له‌ڕێگه‌ی ئه‌م كاره‌وه‌ خوێندكاران كێشه‌ی ده‌ستكه‌وتنی سه‌رچاوه‌یان كه‌مده‌بێته‌وه‌ .

هه‌روه‌ها وتی: پێشكه‌ش كردنی كتێبه‌كان مانای ئه‌وه‌ نییه‌ من واز له‌ خوێندنه‌وه‌ی كتێب ده‌هێنم، به‌ڵكو له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م كاره‌وه‌ سودێكم هه‌بێت بۆ ئه‌و خوێندكارانه‌ .

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو:  سه‌رچاوه‌كان هه‌مه‌ جۆرن سیاسی،  ئاینی، ئه‌ده‌بی، چه‌ندانی دیكه‌ی تر.

ئه‌حمه‌د میره‌ ڕاگری كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی شاره‌زوور به‌PUKmedia  ی ڕاگه‌یاند: مامۆستا به‌كر كانی هه‌مزه‌یی وه‌ك شاعیرێك و رۆشنبیرێكی سنووره‌كه‌ كارێكی گرنگ و باشی كردووه‌،  ده‌ستی خۆش بێت، كۆلیژه‌ كه‌مان پێویستی زۆری به‌ سه‌رچاوه‌و كتێبی جۆراو جۆر هه‌بوو كه‌ پێویست بوو له‌ كتێبخانه‌ی كۆلێژدا بوونیان هه‌بێت، چونكه‌ ساڵانه‌ له‌كاتی ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت و ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌كان خوێندكاران تووشی گرفتی نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی گرنگ و پێویست  ده‌بوونه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م كتێبانه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌مان بۆ ده‌كات.

وتیشی:  هیوادارم كه‌سانی دیكه‌ی تر چاو له‌مامۆستا به‌كر بكه‌ن  بۆئه‌وه‌ی خزمه‌تێكی زیاتر به‌كۆلیژه‌كه‌ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هه‌موان كۆلێژه‌كه‌ جوانتر وبه‌ره‌و پێشه‌وه‌ زیاتری ببه‌ین، به‌شداری له‌م پرۆسه‌ زانستییه‌ بكه‌ین، كه‌ پرۆسه‌یه‌كی گشتیی زانستییه‌.

PUKmedia محه‌مه‌د عه‌بدولره‌حمان/ شاره‌زوور

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket