}

مافی مرۆڤ: ئه‌نجامده‌رانی تاوانی كۆمه‌ڵكوژی ئێزیدییه‌كان ئاشكرابكرێن

جینۆساید 07:51 PM - 2021-08-03

كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌عیراق، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3ی ئابی 2021 به‌بۆنه‌ی یادی تێپه‌ڕبوونی حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر كاره‌ساتی كۆمه‌ڵكوژی كوردانی ئێزیدی له‌عیراق، داوایكرد ئه‌نجامده‌رانی تاوانه‌ قێزه‌ونه‌كه‌ی كۆمه‌ڵكوژی كوردانی ئێزیدی له‌عیراق ئاشكرا بكرێن.

كۆمسیۆنه‌كه‌ له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا راشیگه‌یاندووه‌، به‌بۆنه‌ی یادی حه‌وته‌مین ساڵڕۆژی كۆمه‌ڵكوژی رۆڵه‌كانی په‌یڕه‌وانی ئایینی ئێزیدی له‌عیراق كه‌ رووبه‌ڕووی ناشیرینترین و قێزه‌ونترین هێرشی تیرۆرستی له‌سه‌ر ده‌ستی تاوانكارانی سه‌ده‌، تیرۆرستانی داعش بوونه‌وه‌، یادی ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ به‌ئازارانه‌ی ساڵی 2014 ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌، ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه‌، گه‌وره‌ترین تاوانیان له‌مێژوودا ده‌رهه‌ق به‌سه‌رجه‌م مرۆڤایه‌تی ئه‌نجامدا، ئه‌وه‌ش تاوانێك بوو كه‌ تیرۆرۆستانی داعش ده‌رهه‌ق به‌گه‌لی عیراق و پێكهاته‌ی كوردانی ئێزیدی كردیان، به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 360 هه‌زار له‌رۆڵه‌كانی پێكهاته‌ی ئێزیدی ئاواره‌ بوون و به‌هه‌زارانیشیان رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژیكردن و رفاندن و كوشتن بوونه‌وه‌و خرانه‌ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵه‌وه‌، تا ئێستاش ژماره‌یه‌كیان نادیارن و وێرای ئه‌وه‌ش لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌هه‌وڵی به‌رده‌وامدان بۆ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌و ناسینه‌وه‌یان، لای خۆیه‌وه‌، كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ داوای له‌حكومه‌تی فیدڕاڵی كردووه‌، توانا مادی و لۆجیستییه‌كان بۆ ده‌زگای شه‌هیدان ده‌سته‌به‌ر بكات و پابه‌ندییه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ خانه‌واده‌ی قوربانییه‌كان جێبه‌جێ بكات.

له‌راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووشه‌، كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌عیراق، هانی لایه‌نه‌ نیشتمانی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌دات بۆ ئاشكراكردن و به‌سزاگه‌یاندنی تاوانكاران، هه‌وڵه‌كانیان زیاتر بخه‌نه‌گه‌ڕو قه‌ره‌بووی هه‌موو ئه‌و زیانانه‌یان بكرێته‌وه‌ كه‌قوربانییه‌كان لێیان كه‌وتبوو، هه‌روه‌ها هه‌وڵی جددی بدرێت له‌پێناو ته‌واوكردنی دۆسیه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی ئاواره‌كان و داخستنی كه‌مپه‌كان و رزگاركردنی سه‌رجه‌م ژنان و كچانی رفێندراوی كوردانی ئێزیدی كه‌ له‌ژێر ده‌ستی ئه‌و تیرۆرستانه‌ی داعشدان كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوورن.

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، كۆمسیۆنی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ڕێگه‌ی تیمه‌كانییه‌وه‌، به‌رده‌وام سه‌ردانی كامپی ئاواره‌كانی كوردانی ئێزیدی كردووه‌و له‌هه‌وڵی جدیدایه‌ بۆ دۆكۆمێنت كردنی ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌قیان كراوه‌و گه‌یاندنی ئێش و ئازاره‌كانیان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌رجه‌م رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

كۆمسیۆن داوایكردووه‌ بۆ كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، هه‌ماهه‌نگییان هه‌بێت، ئه‌وه‌ش له‌پێناو پاراستنی مافه‌ ره‌واكان و مافی خه‌ڵكی  قه‌زای شه‌نگال له‌ ئیداره‌دان وئاوادانكردنه‌وه‌، هه‌روه‌ها پارێزگاریكردن له‌ قه‌زاكه‌یان به‌هه‌مائه‌هه‌نگی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان له‌حكومه‌تی فیدڕاڵ و لێپرسینه‌وه‌ له‌هه‌موو ئه‌وانه‌ی تاوانی قێزه‌ونیان ئه‌نجامداوه‌،  زامنكردنی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌و ته‌بایی له‌نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان.

له‌كۆتاییدا، كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌عیراق جه‌ختیكردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر گرنگی كاری هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ لیژنه‌كانی په‌رله‌مان، به‌شێوه‌یه‌ك بگونجێت له‌گه‌ڵ قه‌باره‌ی ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ی كه‌ رووبه‌ڕووی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردانی ئێزیدی له‌عیراق بۆته‌وه‌و له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ته‌واوی مافه‌ یاساییه‌كانیان و چاره‌سه‌ركردنی سه‌رجه‌م كێشه‌ هه‌ڵپه‌سراوه‌كان.

PUKmedia كۆمسیۆنی مافه‌كانی مرۆڤ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket