riklam

بافڵ تاڵه‌بانی: یه‌كێتی ئاماده‌یی هه‌موو پشتیوانییه‌كه‌ بۆ بوژاندنه‌وه‌ی شه‌نگال

کوردستان 10:23 AM - 2021-08-03

بافڵ تاڵه‌بانی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ساڵیادی كاره‌ساتی شه‌نگال راگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات، ئه‌مڕۆ كه‌ حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ مێژووییه‌دا تێده‌په‌ڕێت، به‌داخه‌وه‌ به‌شێكی زۆر له‌ خوشك و براكانمان له‌ دۆخێكی خراپدا له‌ كه‌مپه‌كان و دوور له‌ زێدی خۆیان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و هیچ هه‌وڵێكیش بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ نه‌دراوه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌...
ئه‌مڕۆ به‌ خه‌مێكی قووڵه‌وه‌ یادی داگیركردنی شه‌نگال و جینۆسایدی ئه‌و خوشك و برا ئێزیدییانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ بۆ هه‌میشه‌ وه‌ك برینێكی ساڕێژنه‌بوو له‌ ویژدانی نه‌ته‌وه‌ییماندا ده‌مێنێته‌وه‌. دروود بۆ رۆحی شه‌هیدان ده‌نێرین و هیوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و خوشك و برایانه‌ ده‌خوازین كه‌ تاوه‌كو ئێستا چاره‌نووسیان نادیاره‌.

ئه‌مڕۆ كه‌ حه‌وت ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساته‌ مێژووییه‌دا تێده‌په‌ڕێت، به‌داخه‌وه‌ به‌شێكی زۆر له‌ خوشك و براكانمان له‌ دۆخێكی خراپدا له‌ كه‌مپه‌كان و دوور له‌ زێدی خۆیان ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و هیچ هه‌وڵێكیش بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ نه‌دراوه‌ و سیمای ژیانی بۆ نه‌گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش مایه‌ی نیگه‌رانی ئێمه‌یه‌ و پێویسته‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ دوور له‌ موزایه‌ده‌ و ناكۆكی خه‌می جددی شه‌نگال بخۆین و هه‌وڵه‌كانمان له‌پێناو دابینكردنی ژیانێكی شایسته‌ و ئارامی بۆ شه‌نگال و خه‌ڵكه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی چڕ بكه‌ینه‌وه‌.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماده‌یی هه‌موو هاوكاری و پشتیوانییه‌كه‌ بۆ بووژاندنه‌وه‌ی شه‌نگال و به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی. ده‌بێت حكومه‌تی عیراق له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وام بێت بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ و ئاساییكردنه‌وه‌ی ژیان له‌ شه‌نگال و چیتر ئه‌و ناوچه‌یه‌ نه‌بێته‌ مه‌یدانی ململانێ سیاسییه‌كان.

سڵاو له‌ رۆحی پاكی شه‌هیدان و هیوای سه‌رفرازی بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی و سه‌رجه‌م خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی كوردستان.


بافڵ تاڵه‌بانی
هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

PUKmedia تایبه‌ت

 

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket