فاڵگرتنەوە گیرفانی ژنان و کچانی بەتاڵکردووە
ریپۆرتاژ 06:22 PM - 2021-07-07.
کچان و ژنان بۆ چارەسەری کێشەو مرازی دڵیان پەنا بۆ لای شێخ و کەسایەتیە ئاینیەکان دەبەن.
*کچێک:بەپێدانی چکلێتێک کێشەکەم چارەسەر بوو.
* چەندین کەس لەژێر ناوی درۆینەی شێخ و فاڵچیدا دەستگیرکراون.
هەندێک لەژنان وکچان و بگره پیاوانیش لەبری پزیشک بۆ چارەسەری نەخۆشی و کێشەکانیان پەنا دەبەنەلای شێخ و کەسایەتییە ئاینیەکان و لەبەرامبەردا وەک قەڵەمانە بڕێک پارە لەنەخۆشەکه وەردەگرن.
شەوبۆ کاکەخان،تەمەن 38ساڵ، دانیشتووی شاری سلێمانیە بۆ PUKmedia وتی:بۆ زۆربەی نەخۆشی و کێشەکانم سەردانی شێخێکم کردووەو زۆر سودمان لێ بینیووەو بڕوای تەواوم بەو پیاو چاکەکردووە ئەویش هەموو جار وەک چارەسەرێک دەزویەکی سپی و هەندێک چکلێتی پێداوم و بەکارمان هێناوەو چاک بووینەتەوەو لەبەرامبەردا تەنها 10 هەزاری لێ وەرگرتووم.
سەمەد عەزیز،تەمەن 42ساڵ،خەڵکی بنەسڵاوەی نزیک شاری هەولێرە،بۆ PUKmedia وتی :بۆ نەخۆشی پێستم سەردانی چەند دکتۆرێکم کرد چارەسەرم زۆر بەکارهێناو سودی کاتی هەبوو بەڵام دواجار چومە لای مەلایەک کەبە بنەماڵە شێخ بوون ئەویش چەند دۆعایەک و لیترێک ئاوی پێدام لەناو دەبەیەک منیش بردمەوە ماڵ و بەکارمهێناو پاش دوومانگ چاکبوومەوەو ئێستاش لەگەڵ ئەو مەلایە هاتوچۆو پەیوەندی تەلەفونیمان هەیە..
فەرەیدون غەریب بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی ئاینی لەسلێمانی بۆ PUKmedia وتی:ئەو کەسانە وەک شێخ ومەلا کاردەکەن لای ئێمە دوو جۆرن ئەوانەی لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی بێت و شتی کوردەواری بەکار بێنێت ئەوە ڕێگە پێدراوە بەڵام ئەگەر کەسێک لەژێر ناوی مەلاو شێخدا جنۆکە دەربهێنێت یان نوشتەو دۆعا بەپارە بکات و خەڵک هەڵبخەتێنێت ئەوە ناشەرعییەو لای ئەوقاف پەسەند نەکراوە.
وتیشی: حاڵەتی لەو جۆرە هەبووەو مەلایەک لەعەربەت کەپێش نوێژی کردووە کاتێ زانیمان جنۆکە لەلاشەی مرۆڤ دەردێنیت و ئەو کارە دەکات سزامانداو لەپێش نوێژی و کارەکەی دورمان خستەوەو وەک ئەوقافیش داواکارییەکمان داوەتە وەزارەتی ناوخۆ کەڕێگە نەدرێت بەو کەسانەی بەناوی دین وشێخ ومەلاوە نوشتەو سیحرو فاڵچێتی دەکەن و دەبێت دەستگیر بکرێن چونکە ئەوانە کارەکەیان ناشەرعییەو لەئیسلامدا جێگەییان نابێتەوە،
موحەمەد قادر خۆشناو وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ PUKmedia وتی:بەهەموو جۆرێک ئەو شوێنانەی لەدەرەوەی زانستی و تەندروستیەوە کاردەکەن لەدەرەوەی یاساوەن و لای وەزارەتی تەندروستی پەسەند نەکراو ڕێگەپێدراو نین و ڕێگە نادەین کەسانێک لەبری پزیشک و تەندروستی ئەو ڕۆڵە بگێڕن.
سورکێو بنەجۆی، تەمەن 53 ساڵ،خەڵکی شارۆچکەی سەیدسادقە لەدەڤەری شارەزوورو یەکێکە لەو کەسانەی وەک شێخ وچارەسەری نەخۆشی وکێشە کۆمەڵایەتیەکان بەوتەی خۆی خەڵک لەهەمووچین وتوێژەکان سەردان دەکەن بۆ PUKmedia وتی:ماوەی16 ساڵه ئەم کاره دەکەم وماڵمان له ئۆردوگای برایەتی نزیک عەربەت بووە دەستم پێکردووەو خەڵکێکی زۆر سودییان لە چارەسەرو دۆعاکانم وەرگرتووەو لەبەرانبەردا بڕی 40 تا 50 هەزار دینار وەک سەر قەڵەمانە وەردەگرم وخەڵک بڕوای بەکارەکانم هەیە.
لیوا بەختیار بابان بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم بۆ PUKmedia وتی: هەر چارەسەرێک لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستی نەبێت ئەوە نایاساییەو لەسەر ئەو جۆرە چارەسەرییانە بێگومان خەڵک دەستگیرکراوە کەبەناوی دۆعاو چارەسەرەوە خەڵک فریو دەدەن و لەبەرانبەردا پارە وەردەگرن یان دەستدرێژی سێکسی ئەنجام دەدەن.
هەر بەپێی ئامارێکی ساڵانەی گشتی پۆلیسی هەرێم تەنها لەماوەی 12مانگی ساڵی 2019دا لەهەرسێ پارێزگاکەی هەرێم چەندین کەس لەسەر خەڵەتاندنی کەسانی تر بەناوی شێخ ومەلاو چارەسەری نەخۆشی و سیحرو نوشتەو دۆعاوە دەستگیر کراون کە لە هەولێر 17کەس و لەدهۆک 8کەس و لەسلێمانی هیچ کەس لەسەر ئەو حاڵەتە دەستگیر نەکراوەو ئەو کەسانەشی دەستگیرکراون بەپێی ماددەی 240سزادراون و زۆربەیان بەکەفالەت ئازادکراون .
PUKmedia ڕاپۆرتی:ڕێباز حەسەن کەڵهوڕیی
هەواڵی زیاتر
-
دژەتیرۆر و ئاسایش لەسەر رووداوی تەقینەوەکەی سلێمانی رونکردنەوە دەدەن
02:02 PM - 2024-04-19 -
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
08:31 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یهكێتی هێزێكی كاریگهره
04:42 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
02:20 PM - 2024-04-18
ئەمانەش ببینە
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
09:09 AM - 2024-04-19
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
05:05 PM - 2024-04-18
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
03:49 PM - 2024-04-18
کۆمسیۆن وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریدەکات
10:29 AM - 2024-04-18
زۆرترین خوێنراو
-
پێشمەرگەی دێرین سەردار محەمەد بەسەردەکرێتەوە
ی ن ک 01:01 PM - 2024-04-19 -
پەرلەمانتارە غائیبەکان 160 ملیۆن دینار سزادران
عیراق 10:43 AM - 2024-04-19 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 7 ملیار دینارە
کوردستان 09:09 AM - 2024-04-19 -
د. بڕیار رەشید: تەوتینی مووچە لەهەرێم بە ئاسانی دەکرێت
کوردستان 08:31 PM - 2024-04-18 -
ئەنجومەنی سەرکردایەتی: پاراستن و بەهێزکردنی هەرێم تەنها بەهەڵبژاردن دەبێت
کوردستان 05:05 PM - 2024-04-18 -
كونسوڵی روسیا: یهكێتی هێزێكی كاریگهره
کوردستان 04:42 PM - 2024-04-18 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
کوردستان 03:49 PM - 2024-04-18 -
وتەبێژی یەکێتی: حکومەت و پەرلەمانێکی کارامان دەوێت
کوردستان 02:20 PM - 2024-04-18