riklam

گروپە هونەرییەکانی ژنان پەلکەزێڕینە ئاسا رەنگ دەبەخشنە هونەری کوردی

ریپۆرتاژ‌ 01:51 PM - 2021-06-26
.

.

لە کوردستاندا چەندین گروپی هونەری ژنان بەتایبەت هونەری مۆسیقا دادەمەزرێن و بە کار و چالاکییە هونەرییەکانیان جوانی دەبەخشن و رەنگێکی پەلکەزیڕینە ئاسا دەبەخشنە هونەر و بەدەست و پەنجە نەرمەکانیان گوێ و دڵی بیسەران ئارام دەکەنەوە.

زۆرکات گروپەکانی ژنان چەندین هۆکار دەبنە رێگریان و ناتوانن بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن، بۆیە یان لەگەڵ گروپێکی هاوبەشی پیاوان کاردەکەن، یاخود هەندێکیان واز لە هونەر دەهێنن و لە ئاستێکدا دەوەستن، ئەمەش دەبێتە رێگر لەبەرەوپێشچونیان.

گروپی کیژانی سلێمانی.. زیاتر لە ١٨ ساڵ خزمەتی هونەری کوردی

مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی دامەزرێنەر و سەرپەرشتیاری گروپی کیژانی سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا بۆ PUKmedia وتی: گروپی کیژانی سلێمانی لە ٢٦-١٠- ٢٠٠٣ دامەزراوەو گروپێکی چالاکە و لەوکاتەوە هەتا ئێستا لەکارووچالاکی بەردەوامە و ساڵانە کاری هونەری هەبوەو زۆر شاری هەرێمی کوردستان گەڕاوەو چالاکی تێدا ئەنجام داوەو چەن جاریش بۆ دەرەوەی کوردستان بانگهێشت کراوین بەڵام لەبەر زۆری ژمارەی ئەندامان کە لە ٣٠ کەس زیاترن و سەختی سەرپەرشتی کردنیان نەمانتوانیوە بەشدار بین.

وتیشی: ئێمە هەموو کات بەرنامەی ئەوەمان داناوە کۆمەڵێک ئەندام بەردەوام بمێننەوەو لەبەرامبەردا بەدیل بۆ ئەو ژەنیارانە دابنیین کەبەهەر هۆکارێک بێت وازئەهێنن و دوردەکەونەوە.

1501217_546887738734800_1736863353_o.jpg

نوێترین چالاکییان ئەنجامدانی کۆنسێرتە...

ئەوەشیخستەروو: وابڕیاربوو پێش ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخی هەرێم تێکبات و سەرجەم کارووچالاکییەکان رابگیرێن کۆنسێرتمان هەبێت بەڵام کارەکانمان دواکەوت و ئەمڕۆ ٢٦-٦-٢٠٢١ ئەندامانی گروپ کۆبونەوە دەکەین بۆ باسکردن لەو کۆنسێرتە و خۆشبەختانە یەکێتی بەدەنگمانەوە هاتوەو کارەکانمان جێبەجێ دەکەین و خۆمان بۆ کۆنسێرت ئامادە دەکەین.

وتیشی: هیچ کاتێک فکرەی ئەوە نییە کەئەم گروپە نەمێنێت و ئێمە هەموو کات بەردەوام دەبین و ئەندامەکان رۆحیەتێکی هونەری بەرزیان هەیە و زۆر جار بۆ چالاکی چوینەتە شارێکی تر منداڵی ساوایان لەگەڵ خۆیان هێناوە یاخود لە کار و ئیشی زەروری خۆیان بڕاون و لەگەڵمان بەشدار بوون و زۆرجار هیچ هاوکاریش نەکراون.

ئەوەشی نەشاردەوە: کەدەبێت لە گروپەکانی ژناندا زیاتر رەچاوی تایبەتمەندییەکانی ژنان بکرێت و رێزیان بگیرێت و کاری نەشیا و نابەجێ نەکرێت هەتا ببێتە هۆکاری لێکترازانی گروپەکان .

گروپی کچانی مەحوی بەکارە جوانەکانی هەموانی سەرسامکردوو وەستا !

سیما سەرکەوت خانمە ژەنیارێکی شاری سلێمانییە وماوەی نزیکەی شەش ساڵە ئامێری تار دەژەنێت و لە چەندین چالاکی و بەرنامەی هونەری و کۆنسێرتدا بەشداری کردوە، سیما لەئێستادا  ئەندامی گروپی موزیکی مەحوەییە و لە ساڵی ٢٠١٧ بوە بە ئەندامی گروپی موزیکی کچانی مەحوی، کە لەچەند کچێکی بەهرەمەند پێک هاتبوون و سەرجەمیان فیرخوازی فێرگەی مەحوی بون و بە گڕوتینەوە چەندین چالاکییان ئەنجامدا،

91022269_226199452082438_3229086340188471296_n.jpg

هۆکارەکانی لیکترازانی گروپ چییە ؟

بەداخەوە ئەم گروپی وەک چەندین گروپێکی تری کچان لە کوردستان نەیتوانی بەردەوام بێت و لەبارەی هۆکارەکانەوە سیما بۆ PUKmedia وتی: لەسەرەتادا دروستبونی گروپی کچانی مەحوی بۆئێمە زۆر باش بوو ، هەم بۆ ئەزمون و هەم ئەنجامدانی چالاکی هونەری، بەڵام بەداخەوە لە خاڵێکدا ئەندامانی گروپەکە لێک ترازان و هەرکەس چوو بەلای ژیانی خۆیەوەو بەداخەوە هۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کە لە وڵاتی ئیمە مۆسیقا ناتوانێت بتژێنێت هەتا بتوانی کاتی خۆتی بۆدابین بکەیت و خەیاڵت لای بەدەستهێنانی بژێوی ژیان نەبێت لەرێگایەکی ترەوە.

وتیشی: هۆکاری دووەم خێزانەکانن، هەرچەن زۆر خێزان لە ئێستایا پشتگیری کچەکانیانن کە جگە لەخوێندن و کارەکانیان هاوکارن بۆ کچەکانیان فێری موزیک

ببن و ماددەیان بۆدابین دەکەن، بەڵام ئەگەر خێزانەکەی خۆشت هاوکار بن، ئەو کەسەی هاوسەرگیری لەگەڵ دەکەیت دەبێتە رێگر و ئەگەر رێگریش نەبێت کۆمەڵێک هۆکار وات لێ ئەکات خۆت واز بهێنیت، چونکە مۆسیقا زۆری لەتۆ ئەوێت و پێویستە زۆر چالاک بیت و پشتگیری بەردەوامت هەبێت.

سیما ئەوەشی وت: کە نەبوونی چالاکی و بەرنامەی تەلەفزیۆنی باش و کاری جوان وات لی ئەکات وازبهێنیت و لەگەڵ ئەوەش بەداخەوە گوێگری راستەقینەی هونەر و ئەوانەی بەدوای شتی جوانەوەن زۆر کەمن بەداخەوەو گروپەکەی ئێمەش مۆسیقایەکی کوردی شیرین و نەرمی هەبوو کە بۆ گوێگری ئێستا نەئەبووو دوربوو لەو ژاوەژاوەی ئێستا گوێگری موزیک پێی راهاتوون و هونەری کوردی تێکەوتوە.

لەکۆتایشدا وتی: هەموو کات من ئەوەم لە مێشکە و پێم باشەو ئەکرێت کاری لەسەر بکەین کە گروپیکی کچانی دایمی هەبێت چونکە کارکردن لەگەڵ گروپی کچان بە جیا و بەتێکەڵ لەگەڵ پیاوان تایبەتمەندی خۆی هەیە و بۆ کچان چێژی زیاترە.

گروپی مۆسیقای ژنانی چریکە ٢٣ ساڵە خزمەتی هونەری کوردی دەکات

لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو گروپانەی ژنان دروستی دەکەن وێڕای هەبونی ئاستەنگەکان بەردەوام دەبن و پەرە بە هونەرەکەیان دەدەن، لەو بارەیەشەوە شەرمین زەرنیشان کە خانمێکی ئێرانییە و ژەنیاری ئامێری سەنتور و قانونە و ساڵە کاری هونەری دەکات و  ئەندامی گروپی مۆسیقای ژنانی چریکەی سنەیە و لە رۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێت بۆ PUKmedia وتی: من ماوەی ٢٥ سالە کاری هونەری دەکەم و ژەنیاری ئامێری سەنتورم و ماوەی ٢ ساڵیشە وەک یەکەمین ژنی رۆژهەڵات و کوردستانی باشور ئامێری قانون دەژەنم و ماوەی ٢٣ ساڵە و لە ساڵی ١٩٩٩ گروپی ژنانمان دامەزراندوەو لەو کاتەوە بەردەوام کار و چالاکی هونەریمان هەبوە.

1040014_467926443291819_2123712772_o.jpg

وتیشی: لە فستیڤاڵی مۆسیقای ژنان لە ساڵی ٢٠٠٠ و ٢٠٠١ و ٢٠٠٢ لە تاران بەشداریمان کردوەو زۆر بە گەرمی پێشوازییان لەکارەکەمان کردوەو لە کوردستانی باشور چەندین کۆنسێرت و بەرنامەی هونەریمان کردوەو لە کوردستانی تورکیاش لە فستیڤاڵی کەلتور و فەرهەنگی هونەری کوردی بەشداریمان کردوە.

ئەوەشی وت کە یەکەمین کۆنسێرتی گروپەکەیان کە خۆی سەرپەرشتی کارەکانی کردوە لە شاری سنە بوە لە ساڵی ٢٠٠٤ کە شەهرەزادی فەروخکیش گۆرانی تێدا وتوە.

شەرمین ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئێراندا ژنێک کەدەنگی خۆش بێت و توانای گۆرانی وتنی هەبێت ناتوانێک بۆ پیاوان گۆرانی بڵێت و رێی پێنادرێت، بۆیە ئێمە گروپەکەمان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراند کەدەنگی ژن ون نەبێت و بەردەوامیشی پیدەدەین.

ئەوەشی وت: کە ئەوانیش وەک هەر گروپیکی تر چەندین ئاستەنگ هاتۆتە رێیان و چەندین جار ئەندامەکان گۆڕاون بەهۆی خێزانەوەو بەهۆی هۆکاری دەرەکییەوە، بەڵام ئامانجی سەرەکی من وەک سەرپەرشتیاری گورپەکە بەتایبەت لە ئێرانا ئەوەیە کە گروپەکە بەردەوام بین و هاوکاری هەموو ئەندامانیش دەکەم تا بتوانن بەردەوام بن.


PUKmedia هاژە باست

گروپی موزیکی کیژانی سلێمانی

471919_338360566210110_381872203_o.jpg

گروپی کچانی مەحوی

91510381_226200715415645_9148998738184765440_n.jpg

گروپی مۆسیقای ژنانی چریکەی سنە

1053116_467927276625069_1182765763_o.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket