riklam

راگەیەنراوی مەڵبەندی سۆران لەیادی كیمیابارانی شێخ وەسانان و بالیساندا

جینۆساید‌‌ 11:03 AM - 2021-04-15
.

.

پەیامی مەڵبەندی (٦)ی سۆرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی  (٣٤) هەمین ساڵیادی كیمیابارانی گوندەكانی شێخ وەسانان و بالیسان 

خانەوادەو كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان

فەرماندەو پێشمەرگە دلێرو قارەمانەكان

جەماوەری خۆڕاگرو تێكۆشەری خۆشناوەتی.

(٣٤) ساڵ بەرلەئێستاو لە رۆژێكی وەكو ئەمڕۆدا ڕژێمی بەعسی ڕەفتار فاشی بەبێ رەوچاوكردنی یاساو رێسا نێودەوڵەتیەكان، بەبەر چاوی هەموو ووڵاتانی جیهان كە بەڵگەی بێ مۆڕاڵی و بێ پەروایی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئەو كاتە بوو، گەورەترین تاوانی دەرهەق بەخەڵكی سڤیلی دۆڵی بالیسان و گوندەكانی خۆشناوەتی ئەنجامدا، دوای پەلامارو هێرشی سەربازی بۆ سەر خەڵك و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە (١٢) فڕۆكەی جەنگی و بەگازی خەردەل و سیانید بۆردومانی شێخ وەسانان و دۆڵی بالیسانیان كردو بۆ یەكەمین جار چەكی كیمیایی قەدەغەكراوی ‌‌نێودەوڵەتیان، ‌دژ بەخەڵك و دانیشتوانی كورد پەروەرو شۆڕشگێرو خەباتگێری ئەو سنورە بەكارهێنا، كە بەداخەوە دەیان ژن و منداڵ و پیرو پەككەوتەی كردە قوربانی و لە ئەنجامی بۆردوومانەكەشدا (۲٦۳) هاووڵاتی بێ تاوان شەهیدو ‌(٦۲۰)یشیان بریندار بوون و (۷۲) كەڵە پیاوی جوامێرو تێكۆشەریشیان شوێن بزر كران.

تاوانەكانی پرۆسەی ئەنفال و كیمیاباران و راگواستن و سوتان و خاپووركردنی گوند و ئاواییەكانمان، لاپەڕەیەكی خەمناكن لە مێژووی كاروانی خەباتی نەپساوە و پڕ سەروەری گەلەكەمان و خێراتركردنی هەوڵ و هەنگاوەكان لە بە جینۆساید ناساندنی دۆسیەیی ئەنفال و كیمیابارانكردن و تاوانەكانی دیكەی دیكتاتۆری بەعسی رووخاو، جیا لەوەی ئەگەری دووبارەبوونەوەی كۆمەڵكوژی كەمتر دەكاتەوە، هاوكات ئاوڕدانەوەی جدی لە قەرەبووكردنەوەو پێشكەشكردنی خزمەتی زیاتر بە كەسوكاری قوربانیان و كۆی شەهیدانی  كارەساتەكان كە بە شێوەیەك لە شێوەكان لە ٣٤ ساڵی رابردوودا دژ بە گەلی كورد ئەنجام دراوون ، تاڕادەیەكی دیاریكراو برینەكانیان سارێژ دەبێت .

 

جەماوەرو گەلی تێكۆشەری كوردستان

سیاسەتی شۆفێنی و دیكتاتۆری بەعس دژ بەگەلەكەمان و هێزی پێشمەرگەی كوردستان  بە تایبەت سەركردەو فەرماندەو پێشمەرگە و رێكخستنەكان و جەماوەری یەكێتیی گەیشتبووە لوتكە، هەر بۆیەش هەموو هەوڵێكی دا لە پێناو  سڕینەوەی مۆركی نەتەوەیی كورد و سرینەوەی نەخشەی كوردستانی ئازیزمان، بەڵام ئیرادەی بەهێزو هەستی بەرزی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلەكەمان و هێزی پۆڵاینی پێشمەرگە و جەماوەر بوونە قەڵغان لە بەردەم نیازو پیلانە گڵاوەكانی سەرانی بەعس و لە گۆڕنانی ئامانج و مەبەست و سیاسەتە شۆڤێنییەكانی سەدامی دیكتاتۆر، هەروەك چۆن نەیتوانی جوگرافیای كوردستان بشێوێنێت و مێژووی گەلەكەمان هەڵگێڕێتەوە، نەشیتوانی ناسنامەو شوناسی میللەتەكەمان بسرێتەوە،كە لەسایەیی خەبات و تێكۆشان و فیداكاری و گیانبازی پێشمەرگەو  ڕوباری خوێنی شەهیدان و لەژێر سێبەری گڵكۆی پیرۆزی شەهیدەكانمان، خەباتی ڕەوای گەلەكەمان سەركەوت ، خەون و خەیاڵە چەپەڵ و داگیركاری و قڕكردن و لەناوبردنی میللەتەكەمان  شكستیان هێناو بە دووربینی و حەكیمی سەرۆك مام جلال ، سەدام و دارو دەستەكەی لەگۆڕ نران.

ئەمكارەساتە بەدناوە لەلایەك پەڵەیەكی ڕەشە بەناوچەوانی سەرانی ڕژێمی صدامی گۆر بە گۆر و ئەوانەیشی هاوكاری بوون و ئەوێ رۆژێ بێدەنگیان هەڵبژارد، لەلایەكی دیكەشەوە جێی شانازی و لوتكەی سەربەرزی و قارەمانێتی و خۆڕاگرییە بۆ خەڵكی كوردپەروەری دۆڵی خۆشناوەتی و گەلەكەشمان بە گشتیی.

 لێرەوەو لە ساڵیادی مەرگەسات و تاوانی ئەنفال و كیمیاباراندا، ئێمە لە مەڵبەندی ٦ی سۆران بەڵێنی وەفاداری و دڵسۆزیمان بۆ خەڵك و جەماوەری خۆڕاگری دۆڵی خۆشناوەتی دووپات دەكەینەوە كە بۆ هەمیشە خۆمان بەخزمەتكارو پێشمەرگەیەكی خەمخۆر دەزانین لە ئاست گەورەیی و شكۆی كێلی شەهیدانمان سەری رێز دادەنوێنین، هەروەك داواكارین لە حكومەتی هەرێم و ‌لایەنە پەیوەندیدارەكان لە تەوای بوار و سێكتەرە جیاكانی خزمەتگوزاریدا گرنگی زیاتر بەسنوری ئیداری و كارگێڕی ناحیەی بالیسان بدەن و خزمەتكردنی زیاتری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و قوربانیان و بریندارانی چەكی كیمیایی لە ئەولەویەتی كارەكانیاندا بێت.

 

لەیادی ٣٤ ساڵەی بیرەوەری تاڵی كیمیاباراندا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاكی قوربانیانی ئەنفال و كیمیابارانی گەلەكەمان دەنێرین.

هەزاران سڵاوو درود بۆ رۆحی بەرزەفڕی شەهیدانی رێگای ئازادی وسەرفرازی كورد و كوردستان ...

 سەربەرزی و شكۆمەندی بۆ كەس و كاری شەهیدە نەمرەكانمان.

 مــەڵـبــەنــدی (٦)ی ســــۆران

یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

  PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket