riklam

PUKmedia دەقی راگەیه‌نراوی هاوبەشی عیراق و ئەمریكا بڵاودەكاتەوە

ریپۆرتاژ‌ 03:54 PM - 2021-04-08
.

.

هەردوو وەفدی عیراق و ئەمریكا، دوێنێ‌ چوارشەممە 7ی نیسانی 2021 لەمیانی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاریكاری و لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە، جەختیانكردەوە لەسەر گرنگی پەیوەندیی بەهێزی نێوانیان كە بەسوود هەردوو گەل عیراق و ئەمریكا دەشكێتەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوی هاوبەش كە وێنەیەكی دەستی PUKmedia كەوتووە، ئاشكراشكراوە كە بەگوێرەی رێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی ساڵی 2008 ی تایبەت بەپەیوەندی دۆستایەتی و هاوكاری نێوان عیراق و ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، رۆژی چوارشەممە 7ی نیسانی 2021، كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاریكاری لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە دەستی بەكارەكانی كرد، كۆبوونەوەكە لەلایەن فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق و ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەرپەرشتی كران.

هەردوو لا لەكۆبوونەوەكەدا جەختیانكردۆتەوە لەسەر گرنگی پەیوەندی دوو لایەنەی بەهێزی نێوانیان كە بەسوودی هەردوو گەلی عیراق و ئەمریكا دەشكێتەوە، هەروەها گفتوگۆیان كرد لەبارەی پرسە ئەمنییەكان و لەناوبردنی تیرۆر، سێكتەرەكانی ئابووری و ووزەو ژینگە، هەروەها دەربارەی پرسە سیاسییەكان و پەیوەندییە كەلتوورییەكان، جێی ئاماژەشە، نوێنەران لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشدارییان لەگفتوگۆكاندا كردووە.

لەڕاگەیەنراوەكەدا هاتووشە: هەردوو وڵات جەختیاكردۆتەوە لەسەر گرنگی پرنسیپەكانی رێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی، لای خۆیەوە، ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جەختیكردۆتەوە لەسەر رێزگرتن لەسەروەری عیراق و پارێزگاری خاكەكەی و بڕیارە پەیوەندیدارەكان كە لەلایەن هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێكردنی عیراقەوە دەركراون.

ئەوەش روونكراوەتەوە كە عیراق و ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەست بەو بارگرانییانە دەكەن كە ڤایرۆسی كۆرۆناو پاشەكشەی ئابووری جیهان دروستیكردوون، جەختیشكرایەوە لەسەر هاوبەشی ئابوورییەكی بەهێز.

ڕاگەیەنراوە هاوبەشەكە ئەوەشی روونكردۆتەوە كە خواستی هەردوو وڵاتە كە پێكەوە تەواو كاربكەن و عیراقیش پابەند بێت بەجێبەجێكردنی چاكسازییەكان و هەمەجۆركردنی ئابوورییەكەی و باشتركردنی كەشی كارو پێشكەشكردنی هاوكاری بۆ دروستكردنەوەی كەرتی تایبەت بەشێوەیەكی چالاكانەتر.

راگەیەنراوەكە ئەوەشی دەرخستووە كە هەردوو وڵات گتوگۆیان كردووە لەبارەی گرنگی هاوكاری زیاتر لەبواری بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، لەو بارەوە، حكومەتی ئەمریكا پارەی بۆ نوێكردنەوەو دابینكردنی پێداویستی تاقیگەكان بۆ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیە تەندروستیە گشتییەكان خەرجكردووەو ئامێری پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆناو كەلوپەلەكانی خۆپارێزی پێشكەش كردووە، هەروەها راهێنانی بە پسپۆڕانی بواری پەتازانی كردووە وەك ئامادەسازیی بۆ بەدەمەوەچوونی دۆخی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكان لەئێستاش و داهاتووشدا.

ئاشكراشیكردووە: وەفدی ئەمریكا جەختیكردۆتەوە لەوەی كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەتوانن هاوكاری پێشكەشی عیراق بكەن بۆ هەمەجۆركردنی ئابوورییەكەی و ئەویش لەڕێگەی وەبەرهێنان لەو پرۆژانەدا كە دەبێتە هۆی رەخساندنی هەلی كارو باشكردنی خومەتگوزارییە گشتییەكان و پەرەپێدانی سەرچاوەكانی وزە لەوڵات.

روونیشی كردۆتەوە: ولایەتە یەكگرتووەكان پشتیوانی خۆی بۆ هەوڵەكانی عیراق دەربڕیوە بۆ چاكسازی لە كەرتی وزەو دابینكردنی وزەی كارەبا بۆ هاووڵاتیان بەشێوەیەكی باشتر.

ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا جەختیكردۆتەوە لەسەر رێزگرتن لەسەروەری عیراق و پارێزگاری خاكەكەی و ئازادی رادەربڕین كە دەستووری عیراق دەستەبەریكردووە، وەفدی هەردوولا ئەو شێوازانەشیان تاوتوێكرد كە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەرێگەیەوە دەتوانێت پشتیوانی لە حكومەتی عیراق بكات بۆ فەراهەمكردنی پارێزگاریكردن لەخۆپیشاندەرانی ئاشتییانەو چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی و هاتنەدی لێپرسینەوەی یاسایی.

ولایەتە یەكگرتووەكان پشتیوانی خۆی دووپاتكردۆتەوە بۆ گەیشتن بەچارەسەرێكی هەمیشەیی سەبارەت ئاوارەكانی ناوخۆو پێشكەش كردنی هاوكاری بۆ ئەو توێژانەی لەلایەن داعشەوە رووبەڕووی كۆمەڵكوژی بوونەتەوە.

لەراگەیەنراوەكەدا هاتووشە كە عیراق ستایشی پشتیوانی ولایەتە یەكگرتووەكانی كردووە لەمیانی تەرخانكردنی هاوكاری دارایی بۆ نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەعیراق و بۆ مەبەستی بەڕێوەچوون و سەرخستنی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عیراق، لای خۆیەوە، حكومەتی عیراق پابەندبوونی خۆی دووپاتكردۆتەوە لەبارەی پاراستنی كارمەندو كاروانەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و نێردە دیپلۆماتكارەكانی دەوڵەت.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، هەردوو وڵات جەختیانكردۆتەوە لەسەر پشتیوانی عیراق سەبارەت بە فرەجۆركردنی سەرچاوەكانی وزەی وڵاتەكەی ئەویش لەمیانی بونیاتنان و بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەك ئۆردن و  وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو، هەنگاونانی زیاتر لە پرۆژەكانی بەستنەوەی تۆڕی كارەبا.

لەبەشێكی دیكەی راگەیەنراوەكەدا، هەریەك لەعیراق و ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نیازی هاوبەشیان نیشاندا بۆ چارەسەری دۆخی لەناكاوی كەشوهەواو پێكەوە كاركردن بۆ  پێشخستنی وزەی پاك و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا، لەنێویشیاندا كاركردن لەگەڵ كەرتی تایبەت لەولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لەرێی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانەوە كە هۆكارن بۆ پێشخستنی وزەی خاوێن و باشكردنی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بەكارهێنانی وزەی خۆرو پەرەپێدانی توانای بەرهەمهێنانی وزەو چارەسەری ئەو گازەی لەئاكامی دەرهێنانی نەوتدا دێتەدەرەوە.

هەردوو لا لەسەر ئەوە رێككەوتن كە ئەم جۆرە پرۆژانە بەشداری عیراق زیاد دەكات لەپابەندبوونەكانی لەبەرامبەر رێككەوتننامەی پاریس بۆ گۆڕانی كەشوهەوا و ئەمەش پەرەسەندنێكی ئەرێنییەو ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشوازی لێدەكات. هەردوو وڵات گفتوگۆیان كرد لەبارەی هاوكاری لەگەڵ دەستە زانستییەكانی ئەمریكا تاوەكو یارمەتی عیراق بدەن بۆ باشتركردنی ئیدارەدان و پاراستنی سەرچاوە ژینگەیی و سروشتییەكانی، لەنێوییشاندا سەرچاوە ئاوییەكان.

هەروەها ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشوازیكرد لەو پێشكەوتنەی لەپەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتوونەتەدی لەگەیشتنیان بەڕێككەوتن لەبارەی بودجەو وزەو پرسە سترایژییەكانی دیكە.

هەروەها هەردوو وڵات گفتوگۆیان كرد لەبارەی كاركردن بۆ  پێشخستنی زیاتری بوارەكانی هاوكاری لەبواری دادوەری و گەڕانەوەی سامانەكەی و بنبڕكردنی گەندەڵی.

لەبارەی ئەو گفتوگۆیانەی پەیوەستن بە ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەردوو لا جەختیانكردەوە لەسەر پەرۆشی هاوبەشیان بۆ بەردەوامیدان بەهەماهەنگی و  هاوكاری دوو لایەنە، هەروەها هەردوو وڵات جەختیانكردەوە كە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەعیراق لەسەر داخوازی حكومەتی عیراق بووەو ئامانجیش لێی پشتیوانیكردنە لەهێزە عیراقییەكان لەجەنگی دژ بە داعش.

راگەیەنراوەكە روونیشی دەكاتەوە، لەبەر رۆشنایی گەشەكردنی تواناكانی هێزە ئەمنییەكانی عیراق، هەردوو وڵات گەیشتنە ئەو بڕیارەی كە رۆڵی هێزەكانی ئەمریكا و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەئێستا گۆڕاوە بۆ ئەركی راهێنان و راوێژ، سەرلەنوێ‌ رێكخستنەوە بۆ هێزە شەڕكەرەكان دەكرێت بۆ دەرەوەی عیراق، لەسەر هەردوو لاش پێویستە لەمیانی گفتوگۆ هونەرییەكانی داهاتوودا، لەسەر كاتەكان بگەنە رێككەوتن.

هەردوو وڵات جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە سەرجەم ئەو بنكانەی هێزەكانی هاوپەیمانی تێیاند جێگیربوون بنكەی عیراقین و بوونی ئەوانیش لەناو ئەو بنكانەدا بۆ پشتیوانیكردنە لەهەوڵەكانی عیراق لەجەنگی دژ بە داعش، هەردوو وڵات نیازیان هەیە بەردەوامی بەگفتوگۆكانیان بدەن لەڕێگەی لیژنەی سەربازی هاوبەش بۆئەوەی ئۆپراسیۆنەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ پێداویستییەكانی هێزە ئەمنییەكانی عیراق و هێزەكانی پێشمەرگە بگونجێت.

ئەوەی پەیوەندی بەبواری خوێندنی باڵاو هاوكاری زانستی و كەلتوورییەوە هەیە، هەردوو حكومەتی عیراق و ئەمریكا تاوتوێی پشتیوانی ولایەتە یەكگرتووەكانیان كرد بۆ ئەو هەوڵانەی عیراق داوێتی بۆ پەرەپێدانی خوێندنی باڵا بەهەماهەنگی لەگەڵ زانكۆ ئەمریكییەكان لەڕێی بەرنامەی فولبرایت (Fulbright) و دەستپێشخەریی هاوبەشی خوێندنی باڵا لەلایەن باڵوێزخانەی ئەمریكاوە (Higher Education Partnership Initiative) و پشتیوانی فراوانی ئەمریكا سەبارەت بە دەستپێشخەری  زانكۆكان لەناوچە رزگاركراوەكان (Liberated Universities Initiative).

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە هەردوو وڵات خواستیان نیشانداوە  بۆ پشتیوانی زیاتری هەنگاوەكانی عیراق بۆ چاككردنی خوێندنی باڵاو پێشخستنی هاوبەشی لەنێوان زانكۆكانی عیراق و ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. وەفدی هەردوو لا  ئاماژەیان بەو پێشكەوتنانە دا كەهاتوونەتە دی لەبواری هەوڵەكانیاندا بۆ پاراستنی كەلەپووری دەوڵەمەندی عیراق و ئەو فرەجۆرییە ئاینییەی لەعیراق هەیە، جەختیشیان كردەوە لەسەر هەماهەنگییان بۆ گەڕاندنەوەی سامانی كەلتووری عیراق كە بەشێوەیەكی نایاسایی براونەتە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنی شیاوی خۆیان، وەك ئەوەی لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو 2020دا حكومەتی عیراق سەرجەم ئەو ئەرشیفانەی گەڕاندەوە كە هی سەردەمی رژێمی بەعس بوون و بەشێوەیەكی كاتی لەناو دامەزراوەی هووفەر (Hoover Institute) پارێزراو و هەڵگیرابوون. لەو پێناوەدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا  هاوكاری عیراقی كرد بۆ گواستنەوەی ئەرشیفەكانی، لەو چوارچێوەیەشدا، وەزارەتی بەرگری ئەمریكا 6 ملیۆن و 500هەزار بەڵگەنامەی بۆ بەغدا گەڕاندەوە. بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، هەردوو وڵات سەركۆنەی ئەو كردەوە تاوانكارییانەیان كرد كە رژێمی بەعس دەرهەق بەگەلانی عیراق پیادەی كردبوون.

هەردوو وڵات ئەو پێشكەوتنانەیان تاوتوێكرد كە بەدەستهاتوون لەبارەی ئەو هاوكارییەی كە ئەمریكا بەنیازە پێشكەشی دامەزراوەی سمیسونیان (Smithsonian Institute) بكات بەمەبەستی فراوانكردنی پرۆژەی رزگاركردنی شوێنەواری نەمرود (Nimrud Rescue Project) ئەوەش وەك پشتیوانییەكی ئەمەریكا لەخواستی عیراق بۆ پاراستنی كەلەپووری رۆشنبیریی.

لەكۆتایی راگەیەنراوەكەدا هەردوو وڵات جەختیان كردەوە لەسەر گرنگی پەیوەندییە ستراتیژییەكانی نێوانیان و سووربوون لەسەر بەردەوامیدان و گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پتەوكردنی، بەشێوەیەك كە خزمەت بەهەردوو وڵات بكات و ببێتە مایەی هاتنەدی ئاسایش و ئۆقرەیی و بووژاندنەوە لە ناوچەكەدا.

هەروەها ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێشوازی لەدەرفەتێكی وا دەكات كە تێیدا جەختبكاتەوە لە پەیوەندی هاوبەش لەگەڵ عیراق و پێشخستنی. ئاماژەش بەوەدراوە كە هەردوو حكومەت خوازیاری گفتوگۆی زیاترن لەبارەی ئەو پرسانەی كەلە سەرەوە ئاماژەیان پێدرا لەمیانی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هاریكاری بۆ گفتوگۆی ستراتیژی كەوا بڕیارە لە داهاتوودا ئەنجام بدرێت.


PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket