riklam

بەرزبونەوەی نرخی پێداویستییەكان ژیانی هاووڵاتیان قورسدەكات

ریپۆرتاژ‌ 11:04 PM - 2021-04-05
.

.

 پێش چوار مانگ و بەهۆی قەیرانی دارایی و خراپی دۆخی ئابووریی لەوڵات، بانكی ناوەندی عیراق بڕیاری نزمبوونەوەی نرخی دیناری عیراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی داوەتەوە كە هەر هەزار دیناری عیراقی بووەتە بەرامبەر 1450 دینار كە پێشتر بە 1190 دینار بووە، بەوتەی شارەزایانی بواری ئابووری ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەلی ناوماڵ و خۆراك و پێویستی ژیان بەشێوەیەكی گشتی.

ئێستاو ماوەی چەند مانگێكەو پاش نزمبوونەوەی نرخی دیناری عیراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی بەهای هەموو كەلوپەلەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبوونەوە بەوشێوە كە وەبەرهێنانی ناوخۆش ئەمەش بەدەرفەت بینیوەو نرخی كەلوپەل لەلای ئەوانیش بە تێكڕا بەرزبوونەوەی دیار بەخۆیەوە بینیووە.

ئیسكان خالید هاووڵاتیەكی دانیشتووی قەزای شەنگالە گلەی لەبەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل دەكات و بە PUKmedia دەڵێت:هەموو شتێك روو لە بەرزبوونەوەی زۆرەو هاووڵاتی هەژاریش توانای كڕینی پێداویستییەكانی نابێت بەو نرخە زۆرانە.

وتیشی: وەك زۆربەی ناوچەكانی تر نرخی كەلوپەل و خۆراك لەشنگال بەرزبوویەوەو بەمەش هەر باری گران لەسەر شانی هاووڵاتیانە.

ئەو هاووڵاتییە داواش لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عیراق دەكات كە هەر زوو چارەیەك لەم دۆخە خراپە بكەن و نرخی دیناری عیراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی وەك پێشتر بگەڕێننەوە ئەگەر نا هەژاران تووشی كارەساتی چاوەڕوان نەكراو دەبن.

بەشێوەیەكی گشتی لە عیراق پلانی پێشتر نەبووە كە لەكاتی كەمبوونەوەی نرخی دینار هەر چی نەبێت چەند مانگێك هاوردەكردنی كەلوپەل بوەستێنن و سود لەبەرهەمی ناوخۆیی وەربگیرێت.

موحسین باپیر خاوەن دوكانێكی كەلوپەلی خۆراكە بۆ PUKmedia وتی: بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل بەدەستی ئێمە نییە وەك دوكاندارو دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەوە چارەسەر بكەن.

ئاماژەی بەوەشدا هەر كاتێك كە نرخی كەلوپەل لەو شوێنەی كە ئێمە لێ دەكرین نزم بووەو  وەك پێشتر، ئێمەش وەك نرخی پێشتر دەفرۆشین.

دەربارەی هەمان بابەت شیروان میرزا ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق لە بە PUKmedia رایگەیاند، نزمبوونەوەی بەهای دۆلار بەدەستی ئێمە نییەو بەهاكە بەرامبەر دیاری عیراقی لەسەر 145000 هەزار دینار جێگیر كراوە.

وتیشی، بێ گومان بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار كاریگەری زۆری لەسەر ژیانی خەڵك دەكات، چونكە زۆربەی كەل و پەل لەوڵاتانی دەرەوە هاوردە دەكرێن.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ئاماژە بەوەشدەكات،كە ئەوە لەگەڵ كۆمەڵێك پەڕلەمانتار هەوڵیان داوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ تۆماركردنی وەجبێكی نوێ لەچوارچێوەی چاودێری كۆمەڵایەتی لەلایەن وەزارەتی كار و هەروەها دانی قەرز بەهاووڵاتیان بۆ كەمكردنەوەی كاریگەری نزمبوونەوەی بەهای دیناری عیراقی لەسەر ژیانیان.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە 22ی مانگی رابردوو سەرۆك وەزیرانی عیراق مستەفا كازمی دەزگا ئەمنییەكان راسپاردووە بۆ ئەوەی رێگە لە بازرگانان بگرن لە دەستكاریكردنی نرخی خۆراك و وەزارەتی بازرگانیش ئاگادار كردۆتەوە بۆ كۆكردنەوەی هەوڵەكان بۆ دابینكردنی تەواوی پسوڵەی كارتی بەشەخۆراك و پێدانی بەشە زیادەكان بە هاوڵاتیانی عێراق.

پەرلەمانی عیراقی لە 31ی مانگی ئاداری رابردوو بەزۆرینەی دەنگ بودجەی گشتی ساڵی 2021 پەسندكرا و تێیدا بەهای 1 دۆلار بەرامبەر دیناری عیراقی بە 1450 دینار جێگیركرا.

PUKmedia لەیس حسێن

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket