riklam

پرسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌

ریپۆرتاژ‌ 08:00 PM - 2021-04-03
.

.

له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونه‌وه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی ‌و په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌ له‌په‌رله‌مانی عیراق، پرسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان كه‌ له‌كۆتایی ساڵی رابردوو له‌په‌رله‌مانی عیراق ده‌رچوو جارێكی تر زیندوو ده‌كرێته‌وه‌، له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌ندامێكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌نجومه‌نه‌كان به‌یه‌كگرتوویی تانه‌یان له‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌كه‌ داوه‌و له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌دا له‌ دادگای باڵای فیدراڵ وه‌ڵامیان ده‌درێته‌وه‌.

داود جوندی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پێشووی پارێزگای نه‌ینه‌وا تایبه‌ت به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: دوای ده‌رچوونی بڕیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ ئه‌نجومه‌ن نوێنه‌ران عیراق، له‌لایه‌ن پازده‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگا تانه‌یه‌كی یه‌كگرتوویان له‌و بڕیاره‌دا، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و كاته‌ دادگای فیدراڵ به‌هۆی كه‌می ئه‌ندامه‌كانی نه‌یده‌توانی كۆبێته‌وه‌، یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌ دواكه‌وت.

وتیشی: له‌ئێستادا كه‌ دادگای باڵای فیدراڵ كارا كراوه‌ته‌وه‌ بڕیاره‌ له‌ 12 ئه‌م مانگه‌ وه‌ڵامی تانه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بداته‌وه‌و بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یان بدات، كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ ده‌رچووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پاترێزگاكانی عیراق (جگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان) پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوره‌، به‌ڵكو ده‌رچوونی ئه‌و بڕیاره‌ پرسێكی سیاسی بوو و له‌ژێر فشاری خۆپشانده‌ران ده‌رچووه‌ .

پێشیوابوو: نه‌بوونی ئه‌نجومه‌ن بۆ پارێزگاكان كه‌ماوه‌ی ساڵ و نیوێكه‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی دراوه‌، زیانێكی زۆری به‌ پارێزگاكان گه‌یاندوه‌ له‌بواری كارگێری و بودجه‌و چاودێریی كردنی حكومه‌تی خۆجێی پارێزگاكان.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن ئالی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ  PUKmedia وتی: ئێستا ئه‌نجومه‌نی ئه‌و پارێزگایانه‌ كه‌ ژماره‌یان پازده‌ ئه‌نجومه‌نه‌ هیچ شه‌رعیه‌تێكیان نه‌ماوه‌ به‌و پێیه‌ی به‌ یاسا بڕیاری هه‌ڵوشانه‌وه‌یان  له‌په‌رله‌مان ده‌رچووه‌، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌میان ماوه‌ دیاریكردنی كاتێكه‌ بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی نوێی راسته‌قینه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: به‌دووری ده‌زانم دادگای فیدراڵ بڕیاری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق( ئه‌وانه‌ی له‌چوارچێوی هیچ هه‌رێمێك رێكنه‌خراون) بدات، چونكه‌ ماوه‌ی یاسایی ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ ته‌واوبوو كه‌ چوار ساڵه‌، به‌ڵام ئه‌ندامه‌كه‌ی پێشووی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای  نه‌ینه‌وا  ده‌ڵێت، یاسایه‌كه‌ی تایبه‌ت به‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌ ساڵی 2008 ده‌رچووه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ خولێكی هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نانه‌ بۆ چوار ساڵه‌ تا ئه‌وكاته‌ی هه‌ڵبژاردنێكی تر ده‌كرێت، ئه‌وان له‌سه‌ر كاره‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن،  بۆ ئه‌وه‌ی بۆشایی چاودێریكردنی حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان دروست نه‌بێت.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ رێكه‌وت زه‌كی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ PUKmedia ی  راگه‌یاند: ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن دادگای فیدراڵیه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ش بدرێت، پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ناگرێته‌وه‌و هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت خۆی به‌جیا هه‌ڵبژاردن بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان بكات .

جێی ئاماژه‌یه‌ له‌دوای پرۆسه‌ی ئازادی عیراق  سێجار هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌وانیش له‌ ساڵه‌كانی (2005 – 2009 – 2013)، به‌ڵام له‌سێ پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا دووجار ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌ڕێوه‌چووه‌، ئه‌وانیش له‌ ساڵی( 2000 و 2014).


PUKmedia ته‌ها عه‌بدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket