riklam

راگەیەنراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ یادی كیمیابارانی هەڵەبجە

جینۆساید‌‌ 07:14 PM - 2021-03-15
.

.

راگەیەنراوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادی (33) ساڵەی كیمیابارانی هەڵەبجە

(33) ساڵ بەسەر جینۆساید ‌و بۆردومانكردنی شاری هەڵەبجە بە چەكی قەدەغەكراوی كیمیایی تێپەڕدەبێت. جینۆسایدێك، كە مەرگ و خوێن و فرمێسكی بۆ گەلەكەمان هێناوەو تێیدا هەزاران هاووڵاتی بێتاوان شەهیدو بریندار و ئاوارەو سەرنگووم بوون، كە دوای سێ دەیەیە هێشتا ژمارەیەكی زۆر لە برینداران گرفتی تەندروستیی قووڵیان هەیە.

لەم یادە خەمناكەدا، جارێكی تر سەری رێزو وەفاداری لە ئاست شەهیدانی هەڵەبجە دادەنەوێنین‌ و سڵاوی خۆڕاگریی بۆ برینداران‌ و بەركەوتووانی كیمیایی دەنێرین، سڵاوی ئەمەكداریی بۆ خەڵكی هەڵەبجە، پارێزگای شەهیدان‌، مەڵبەندی هەمیشە زیندووی كوردایەتی‌ و كلتوور و ئەدەب‌ و زانست دەنێرین، كە هەمیشە سەرمەشقی خەبات‌ و قوربانیدان بوون بۆ رزگاری‌ و سەرفرازیی كوردستان.

كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، كە بەپێی یاسا‌و پەیماننامە نێودەوڵەتییەكان بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی‌ و جینۆساید ئەژماردەكرێت وەك هێرۆشیماو ناكازاكی و چەندین تاوانی تر، ترۆپكی سیاسەتی شۆڤێنیانەی رژێمی بەعس بوو، كە لەگەڵ زنجیرەیەك تاوانی تری وەك ئەنفال‌ و تەعریب‌ و تەرحیل‌ و تەبعیس‌ و تەسفیر، لەچوارچێوەی ستراتیژی پاكتاوی نەژادیی بەرامبەر بە گەلی كوردستان، ئەنجامی دەدا.

(33) ساڵە سەرەڕای بوژاندنەوەو ژیان و ئاوەدانكردنەوە، تائێستا هەڵەبجە زامی ئازارو برینی كیمیابارانی بەتەواوی ساڕێژ نەبووە. سەرباری بەسزاگەیاندنی بەشێك لە تاوانبارانی كەیسی تاوانی هەڵەبجە، هێشتا حكومەتی عیراق ئەرك‌ و ئیلتیزامە یاساییەكانی بەرامبەر بە هەڵەبجە بەتەواوەتی بەجێنەهێناوە، لەوانەش جێبەجێكردنی ناوەرۆكی بڕیارەكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق.

هێشتاش هەڵەبجەی پارێزگاو خاوەن دامودەزگای خۆی، كە بووەتە قیبلەگاو مەزاری رێزلێگیراوی خۆمان و بێگانە، لە ئایندەیەكی گەش و رووناك دڵنیا نییە. هەڵەبجە ئاسۆی ئاوەدانیی تەواوەتی و قەرەبووی زیانەكان و بژاردنی خەم و خولیاكانی روون نییە. هەڵەبجە وەك تەواوی كوردستان لە رێكەوتنێكی شایانی دەستووری، گرێبەستێكی متمانەپێكراوی شایستە دارایی و ئابوورییەكانی دڵنیانەكردووەتەوە. 

هەڵەبجە وەك هەمیشە بۆ ئێمە مەزاری وەبیرهێنانەوەی مەینەتی و مەزڵومیەتی گەلەكەمانەو تا هەقی تەواوی خۆی دەسێنێتەوەو تا زامەكانی ساڕێژ دەبن، كۆشش و خەباتمان بەردەوام دەبێت.

لەم یادەدا، جەخت دەكەینەوە پارێزگای هەڵەبجەو تەواوی پارێزگاو شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها لەسایەی ئیدارەیەكی لامەركەزیی دارایی و ئیداریی كارادەبنە‌وە و دەستوبرد دەكرێت لە ئاوەدانی و بوژانەوەیاندا. تەنها بەویستی چاكسازیخوازی و راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی و كاراكردنی رۆڵی كوردستان لە هاوكێشەی عیراقدا، لەئامانج و ئاواتەكانی نزیكدەبنە‌وە، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بێدرێغ هەوڵ و كۆشش بۆیٔەو یٔامانجە دەكات.

-سەری رێز و نەوازش لەبەردەم چركەساتی یانزەی پێشنیوەڕۆی 16/3، لە بەردەم گڵكۆی ئازیزانی شەهیدمان لە هەڵەبجەی شەهید، دادەنەوێنین.

-سەروەریی بۆ شەهیدانی كوردستان.

مەكتەبی سیاسیی

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket