riklam

هاوسەرۆكی یەكێتی: ژنان نمونەی بێ وێنەی فیداكاری و قوربانیدانن لە مێژوودا

ی.ن.ک‌‌ 03:19 PM - 2021-03-08
.

.

پەیامی لاهور شێخ جەنگی بە بۆنەی ٨ مارس  رۆژی جیهانی ژنان  

٨ی مارس، رۆژی جیهانیی ژن پیرۆز دەكەم لە دایكم و تەواوی دایكانی كوردستان، كە نمونەی بێ وێنەی فیداكاری و قوربانیدانن لە مێژوودا. دایكان و خوشكانی كورد ئەو‌ فیداكارە گەورانەن، كە بە شەونخونی، ماندووبوون و، بێ پشوودان و بێ گلەیی، بێ چاوەڕوانیی هیچ پاداشتێك، بۆ گۆشكردنی رۆڵەكانیان هەزاران هەوراز و نشێوی سەختیان بڕیوە، روویداوە كە بە تەنها جێگەی خاڵیی باوكی پێشمەرگە، برای شەهید، رۆڵەی زیندانی و ئاوارەو، ماندووی ژێر دەستی كار و بێگاری و، نەخۆشی و، چەوساوەی دەست نایەكسانی، بۆ مناڵە پڕ ترس و هیوا و نیگەرانییەكان ‌پڕكەنەوە، روویداوە كە بەجەرگی سووتاو، چرای رۆشنی ماڵ بوون، و روویداوە كە لەژێر دەواری نایەكسانی و ئازاری دەرونی و جەستەیی دەست بەهای كۆندا، كۆڵەكەی مانەوە و خۆڕاگریی خێزان و ژیان بوون.

٨ی مارس ، لە هێرۆ خان پیرۆز دەكەم كە هەمیشە بۆ من وەك دایكێك بوەو هیچ جیاوازییەكی نەكردوە لە نێوان من و كوڕەكانی، نمونەی ژنێكی بەهێزو كاریگەرە، جێ دەستی لەپێشخستنی سەرجەم بوارەكاندا هەیە، بە تایبەت پشتیوانی كردن و سەرخستنی ژنانی كورد.

٨ی مارس پیرۆز دەكەم لە هاوژینەكەم، كە ژیانی خۆی بۆ پاراستنی خێزان و ئەركی وردو سەختی گۆشكردنی مناڵەكان تەرخان كرد و پەروەردەكردنیانی، بە دڵ و گیان گرتە ئەستۆ و لەپێناو ئێمە، قوربانیی گەورەی بەخۆی دا. پیرۆزبایی دەكەم‌ لە تەواوی ئەو هاوسەرە بوێرانەی كوردەواری، كە لەگەڵ پاراستنی بەها‌ بەرزەكان، مناڵانیان بە هۆشیاری و دڵسۆزی و لێبوردەیی و نیشتمانپەروەریی گۆش دەكەن و، لەهیچ هەوڵێك بۆ پاراستنی گەرموگوڕیی خێزانەكانیان سڵناكەنەوە.

 ٨ی مارس لە كچەكەم پیرۆز دەكەم، كە وەك هەر كچە كوردێكی سەلار، بەدوای فێربوون و زانست و زانینە‌و، بەهیوام لەگەڵ كیژۆڵەكانی تری ئەم گەلە، ببنە تەواری سەربەرزی ئازادیخواز و رۆژێكی نزیك، بەمافی سەربەخۆیی بگەن.‌ بۆیە ئەم یادە پیرۆز دەكەم لە كچە ئازا و ئازادەكانی كوردستان، لە پێشمەرگە و فیداكارەكانیان، دڵنیابن هیوای زۆرم پێتانە كە بتوانن شان بەشانی رۆڵە بەجەرگەكانی ئەم گەلە، بە زیندووێتی و كارایی و هەست و نەستی بەرزی خۆتان، كۆمەڵگەیەكی داهێنەر، پڕ لە گەشە و، نیشتمانێكیی زیندوو، ئاوەدان و ئازاد بەرهەم بێنن.

 خەباتی پیرۆزی ژن لە پێناو ئاشتی و ئازادی و یەكسانی دا، ئەو رێبازە‌ ئینسانیەیە كە ئایینە ئاسمانییەكان و، یاسا و رێسا مرۆییەكان رێزی دەگرن و، بانگەشەی سەرخستنی دەكەن. لەم سۆنگەیەوە و لە چوارچێوەی بیروباوڕە چەسپاوەكانی سۆسیاڵ دیموكراسی و بیرە پێشكەوتنخوازە‌كەی شۆڕشی نوێ، یەكێتییەكەتان بەرگریكردن لە مافی ژن، رەخساندنی دەرفەت بۆ گەشەكردن و پێشكەوتنی لە كۆمەڵدا بە ئەركی خۆی دەزانێت. لێرەوە‌‌، هەر خەباتێك بۆ پاراستن و بەهێزكردنی پێگەی ژن لە كایەی گشتی دا بەرز دەنرخێنم، هیوادارم ژنان و كچانی كوردستان، لە بوارەكانی سیاسەت و زانست و هونەر و رۆشنبیری و بەڕێوەبردندا پێشەنگ بن. 

داواش دەكەم تەوارە بەرزە فڕەكانی كوردستان، بە ورە و وزەی نەبڕاوەی شۆڕشگێڕانە، قۆڵی هیممەت هەڵبماڵن و لەناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دا، جڵەوی بەرەوپێشبردنی دۆزە رەواكەیان بگرنە دەست. 

ئێمەش لە سەرۆكایەتیی یەكێتی، بێ دوودڵی، بۆ هەموو هاوكاری و پشتیوانییەك ئامادەین كە ببێتە هۆكاری گەشەی پێگەی ژن لەناو یەكێتی و كۆمەڵی كوردەواریدا.

پیرۆز بێت رۆژی ٨ی مارس، رۆژی جیهانیی خەبات بۆ پاراستن و گەشەپێدانی مافەكانی ژن

٨ی مارسی ٢٠٢١

لاهور شێخ جەنگی

هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket