هەڵبژاردن، سیستمی حوكمڕانیی پێ راستدەكرێتەوە؟
بیروڕا 12:05 PM - 2024-09-03
سۆزان ئەنوەر
لە سیستمی دیموكراسیدا ئەو دەرفەتە دەڕەخسێت بۆ هاووڵاتیان كە گۆڕانكاریی لە حوكمڕانیی وڵاتدا بكەن، واتا متمانە ببەخشن بە خەڵكانی نوێ كە ئەوانیش بە ئەزموونێكی نوێ و روانینێكی نوێوە حوكمڕانیی وڵات بكەن و سوود لە ئەزموونی ئەوانی پێش خۆیان وەربگرن، ئەوەش بە هەڵسەنگاندنی ئەوەی كە لە چیدا كەموكووڕی هەیە، ئەوان ئەو كەموكووڕییە پڕبكەنەوە و بە روانگەیەكی دیموكراسییانەش مامەڵە لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا بكەن.
لەم روانگەیەوە هەڵبژاردن مانایەكی راست و دروست دەبەخشێت بەوەی دەرفەت دەدرێت بە هاووڵاتیان خۆیان تا بەشداربن لە دیاریكردنی چارەنووسی سیاسی خۆیان و وڵاتەكەیاندا.
بەبێ هەڵبژاردن، ناتوانرێت سیستمی حوكمڕانیی وڵات راستبكرێتەوە، چونكە ئەگەر وانەبێت، ئەوا دەسەڵاتی سیاسی و كارگێڕی لەسەر هەڵەكانی بەردەوام دەبێت و ژیانی هاووڵاتیان رۆژ بەرۆژ خراپتر دەبێت، بەڵام ئەگەر سیستم سیستمێكی دیموكرات بوو، ئەوا ئەو دەرفەتە دەدرێت بە دەسەڵاتدار تا بەخۆیدا بچێتەوە، لەترسی ئەوەی متمانەی خەڵك لەدەست نەدات، بۆ ئەوەش دەبێت ئامادەبێت چاكسازی لە رێرەوی حوكمڕانیدا بكات و ئەو رێڕەوە چەوتەی پێشتری راست بكاتەوە.
هاوكات ركابەرە سیاسییەكانیشی دەتوانن لەرێی هەڵبژاردنەوە خەڵكانی نوێ پێشنیازبكەن بەجۆرێك خەڵك بە ئیرادەی ئازادانەی خۆیان دەستەیەكی حوكمڕانیی نوێ بهێننە سەر كار.
هەڵبژاردن باشترین رێكارە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات، لە هەبوونی ئازادییەكی تەواو و هۆشیارییەكی تەواودا و لە هەلومەرج و هەڵبژاردنێكی دیموكراسییانەی دوور لە دەستوەردان و دوور لە گزی و ساختەكاری. هەر ئەو شێوازەیە كە دەرفەت دەڕەخسێنێت تا هاووڵاتیان بەدەنگ و دوور لە توندوتیژی رێرەوەكە راستبكەنەوە.
لە هەڵبژاردنی داهاتوودا كە وا بریارە لە20ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، جێی خۆیەتی بپرسین كە ئاخۆ هەڵبژاردن بەمانای ئەوەیە خەڵك بتوانێت رێرەوی حوكمڕانی راست بكاتەوە؟ ئایا ئەم راستكردنەوەیە چۆنە و بەچ شێوازێك دێتەدی؟ یان ئایا تەنها بە هەڵبژاردن رێرەوەكە راست دەكریتەوە؟ چونكە لەبیرمان نەچێت هەلومەرجی هەرێمی كوردستان هەلومەرجێكی تایبەتە و دوای چەندین خولی پەرلەمان گۆڕانكاریی ریشەیی و جەوهەرییمان لەم هەرێمەدا نەبینیووە، بەو پێیەی هیشتا بەشێك لە كێشەكان وەك گرێكوێرە هەر وەك خۆیان ماون و هێشتا لە ناوەڕۆكدا هەرێمی كوردستان وەك دوو زۆن دەبینرێت، بۆیە دەشێت بپرسین چۆن هەرێمی كوردستان لەم دۆخە قەیراناوییە رزگار دەكرێت؟ چۆن وای لێبێت حزب ئامادەبێت لەسەر بنەمای دەنگی هاووڵاتیان و بەشێوازێكی نۆرماڵ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بكات كە چەند ساڵێكە جڵەوەكە بەدەستی خۆیەوەیە و نەبێتە رێگر و بەربەست لەبەردەم ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵاتدا، لەكاتێكدا هێشتا زۆربەی ئیمكانیاتی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و كەلتوری ئەو وڵاتە لەدەستی خۆیدایە؟
بێگومان وا پێویستە دیدگای نیشتمانیبوون، بیروباوەڕی هاووڵاتیبوون، ئاڵوگۆڕی ئازادانەی دەسەڵات بكرێتە كەلتور، دیارە ئەوەش بە هێنانەكایە و داڕشتنی دەستوورێك دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان كە دەتوانێت ببێتە مایەی چارەسەركردنی ئەو گرێكوێرانەی لە دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستاندا هەن، بۆیە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو پرسیارەی كە ئاخۆ دەبێت ئەم هەڵبژاردنە چۆن بكرێت و لەسەر چ داڕشتەیەك پەرلەمانی داهاتووی هەرێم دابڕێژرێت؟
دیارە كە وەڵامی ئەو پرسیارەمان چنگ كەوت ئەوكات دەتوانین شێوازێكی جوان و راست بۆ دیموكراسی كوردستان وێنا بكەین و دۆخەكە بخەینە سەر رێڕەوە سروشتییەكەی بەگوێرەی پرەنسیپەكانی دیموكراسی.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سەرۆککۆماری ئێران لەسلێمانی: پەیوەندییە سیاسییەکانمان لەگەڵ هەرێم پەرەپێدەدەین
03:02 PM - 2024-09-12 -
زاهیر شکور نوسەر و روناکبیر کۆچی دواییکرد
11:35 PM - 2024-09-11 -
سەركەوت زەكی: یەكێتی ئامادەی هەڵبژاردنە
04:12 PM - 2024-09-11 -
سەرۆككۆماری عیراق و ئێران بەكوردی قسەیانكرد
04:06 PM - 2024-09-11
زۆرترین خوێنراو
-
کۆمسیۆن کۆتا تاقیکردنەوەی پرۆسەی دەنگدانی ئەنجامدا
کوردستان 11:08 AM - 2024-09-13 -
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی نزیکەی 9 ملیار دینارە
کوردستان 09:25 AM - 2024-09-13 -
دەباشان و بەرگی سیاسی
بیروڕا 11:01 PM - 2024-09-12 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: هەولێر وەردەگرینەوە و جیاکاری ناهێڵین
کوردستان 09:03 PM - 2024-09-12 -
نوێنەری حکومەتی هەرێم لەتاران: پێگەی سلێمانی بۆ ئێران گرنگە
کوردستان 08:04 PM - 2024-09-12 -
سهرۆك بافڵ: سهردانی سهرۆككۆماری ئێران درێژكراوهی پهیوهندییه لهمێژینهكانمانه
کوردستان 06:58 PM - 2024-09-12