riklam

هەولێر خزمەتی دەوێت

بیروڕا 09:44 AM - 2024-09-02
عەبدولواحید محەمەد

عەبدولواحید محەمەد

 
مێژوو ئەوەی سەلماندووە، هەولێر هەمیشە شارێکی زیندوو و ناوەندی بڕیاری چەندین دەسەڵاتی یەک لە دوای یەکی دەوروبەر و دەڤەرێکی بەرفراوان بووە، هەر ئەوەش وایکردووە ، بەردەوام جێ چاوی داگیرکەران و پاوانخوازانی دوور و نزیکی زەمان و زەمینی خۆی بووە، بەڵام ئەوەی لەو شارە جەسورە بینراوە، هەمیشە سەری دانەواندووە و بە ئەو پەڕی ئازایەتیەوە روبەڕوی ئەو هێزانە بۆتەوە و نەیهێڵاوە پێیەکانیان خاکە پێرۆزەکەی و قەڵا سەربەرزەکەی گڵاوبکەن و درێژە بە داگیرکاریەکانیان بدەن، بە سەخاوەتەوەش قوربانی بێشوماریان بۆ ئەو مەبەستە پیرۆزە بەخشیوە،بە شانازیەوەش ناوی ئەو کەسانەیان لە هزر و بیریان بە زیندوویی هێشتۆتەوە کە خزمەتی بێسنوری ئەم شارە خۆشەویستەیان کردووە، ئەوەتا تا ئەم ساتە و بە دڵنیاییەوە لە داهاتوشدا لە کۆڕ و مەجلیس و لە دووتۆی مێژوی هەولێریەکان باسی چەندین کەسایەتی دەکرێت کە دەستیان لە ئاوەدانی و پێکەوە ژیان هەبووە، لەوانە سوڵتان مزەفەرەدین، مەلا فەندی ، قازی رەشاد و دەیانیتر، لە بەرامبەردا بە ئەوپەڕی رق لێبوونەوە باسی ئەوانە  دەکەن کە زەرەریان  لەو شارە داوە، لەوانە مەغۆلەکان، عوسمانیەکان، بەعسیەکان، هەروەها هیتر،قەناعەتی تەواویشم بەوە هەیە، ئەم شارە هیچ ساتێکی مێژوی خۆی لە بیر نەچوە و لە بیری ناچێت کە کێ سەرمەشقی ئاوەدانی  و  کێش هێمای وێرانکاری و جەزرەبەدانی بووە، هەرگیزیش گفتولوفتی بێ کرداری قبول نەکردووە و قبوڵیشی ناکات، هەولێر خزمەتی دەوێت، چونکە خەڵکەکەی، مێژوەکەی،شوێن و پایەکەی، شایستەی هەموو جۆرە خزمەتێکە، ناشبێت کەس منەتیشی بەسەرەوە بکات، لەبەر ئەوەی هیچ نەماوە بۆ گەلی کوردستان نەیکات، دەبێت بە کردار تۆڵە و قەرەبووی ئەو هەموو قوربانیەی بۆ بکرێتەوە، لە راستیشدا سەردەمی مۆنۆپۆل کردن بە زەبری هێز نەماوە، زەوتکردنی ئازادی و مافی کەسیش بەسەرچوە یان بدزرێت بە بیانوی جۆراجۆرەوە، خافڵاندنیش بۆ خزمەت نەکردن بە پاساوی بێ بنما ناچێتە گیرفانی هیچ کەسێکەوە، مخابن ئەم شارە بێ خزمەتە، بە دەست کۆمەڵێک کێشەوە دەناڵێنێت کە سەرتاییترین مافە دەبێ هەبێت و ناشبێت شاباشیشی پێوە لێ بدرێت، چونکە ئەرکە و دەبێت بکرێت، لەوانە:                                                                                            
١-چۆن دەبێت شارێکی وا گەورە و مێژویی و ستراتیجی ، لە ژینگەیەکدا ژیانی تێدا بەڕێوەبچێت کە کەس لە خۆی ئەمین نەبێت، نوسەر و رۆژنامەنوس شێرزاد شێخانی لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی هەولێریات دەڵێت، پێشتر لە دووری ٢٥ کیلۆمەتر قەڵاتی هەولێرێ دەبینرا، کەچی ئێستا لە فلکەی زەعیمی نابینرێت، ئەوەش لەبەر ئەوەیە :                            
ا-بوونی ١٣٨  پاڵاوگەی  نایاسای لە دەوروبەری کە هەموو رۆژێ بە سەدان تەن دوکەڵ و ژەهر بەسەر ئەم شارە دادەکەن.                                                                                             
ب-کەمی رێژەی سەوزایی لە نێوشار کە لە ٥-٦% تێپەڕ ناکات ، لە پێشتێنەی سەوزاییش گەڕێ کە هەر لە بنەڕەتەوە نیە.
ت- بە هەزاران موەلیدەی کارەبا، لە ناو ئەم شارەدا  هەیە ، بە شێوەیەک کەمترین مەرجی سەلامەتیان  بەسەردا نەسەپێنراوە.
٢-ئەم هەولێرە لە نێوان دوو زێی گەورەدایە، کەچی لەبەر بێ ئاوی بەردەوام ناڵەی دێت، بە تایبەت گەڕەکە مللیەکان، بۆ بەدبەختی زستانانیش دەکەوێتە بەر هێرەی لافاو ، ساڵ نیە زەرەر زیانی گیانی و ماددی گەورەی لێنەکەوێتەوە.
٣-دوای ٣٣ساڵ حکومڕانی خۆیی و بەردەست بوونی ئیمکانیاتی ماددی و هونەری زۆر، بە تایبەت دوای روخانی رژێمی دکتاتۆری ، تا ئەم ساتە کارەبای نیشتمانی سەرە تاتکێ لەگەڵ خەڵکی هەژار و بێوەی ئەم شارە دەکات، کەچی بەردەوام گەڕکە ئۆرۆستۆقراتەکان گڵۆپ و بلاجکتۆرەکانیان برجە برجی دێت و ئاوی لە چاوی گەڕەکە هەژار نشینەکان بڕیوە و ئازاری دەرونیش لەوێ راوەستی.
ئیتر پێدا بڕۆ کەموکوڕیەکان ئەوەندە زۆرن هەژمار ناکرێن، عەرەب گۆتەنی( حدث ولا حرج)بۆیە لەگەڵ هەر کەسێک دەدوێی ناڕازیە و بە تەن گلەیی هەیە، بەڕاستی هەولێر لە هەموان تۆراوە و بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە هەموان دەڕوانی، لە کەسیشی قبوڵ نیە لەسەر کاغەز(علی بیاض) خۆی بە خاوەنی هەولێر بزانی، هەموش دەبێت  ئاگاداری ئەوە بن، هەولێر نابێت لەوە زیاتر توڕە بکرێت دەنا ئاوو وئاگر تێکەڵ دەکات، هۆکارەکەش ئەوەیە، هەولێر خزمەتی دەوێت.... خزمەت..! جا ئەوەی دەیەوێت خاوەنی هەولێر بێت،  با خزمەتی بکات، جیاوازی لە نێوان زۆنی هەولێرە دوبەی و خانوە قۆڕەکان نەهێڵێت. دەقیقەن گوفتار و کرداری دەیەوێت کە هەتا ئێستا نەیدیتیە.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket