چۆن پارتی کۆمۆنستی چین چارەسەری پرسی گرنگی خۆبەڕێوەبردن ده‌كات؟
بیروڕا 10:55 AM - 2024-08-01
لیو جیۆن*
لەم دواییانەدا لەگەڵ زۆرێک لە سەرکردەکانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق گفتوگۆم هه‌بووه، بیروبۆچوونمان لەسەر بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو ئاڵوگۆڕ کردووە. لە کاتی گفتوگۆکاندا هەندێکیان گرنگییان بە گەشەسەندنی سەقامگیر و خێرای چین نیشان دا و لێیان ده‌پرسیم: وەک پارتێكی دەسەڵاتدار، پارتی کۆمۆنستی چین چۆن وڵاتێکی زەبەلاح بەڕێوەدەبات کە ژمارەی دانیشتووانی 1.4 ملیار کەسە؟ وەک پارتێكی سیاسی گەورە، چۆن پارتی کۆمۆنستی چین چارەسەری پرسی گرنگی خۆبەڕێوەبردن ده‌كات؟ هەرچەندە هەوڵم داوە ڕوونکردنەوە بدەم، بەڵام بەهۆی کەمی کاتەوە ڕەنگە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و قووڵ وەڵامم نەدابێتەوە. بۆیە دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە و ڕوونکردنەوەیەکی رێكوپێكتر و گشتگیرتر لەسەر ئەم بابەتە گرنگە پێشکەش بکەم، بەو هیوایەی باشتر وەڵامی پرسیارەکانیان بدەمەوە.
تا کۆتایی ساڵی 2022، پارتی کۆمۆنستی چین زیاتر لە 98 ملیۆن ئەندام و زیاتر لە 5 ملیۆن ڕێکخراوی حزبی بنەڕەتی هه‌بووه. دەکرێ بڵێین بەڕاستی گەورەترین پارتی سیاسییه له جیهاندا لە ڕووی قەبارەوە. بۆ پارتێكی ئاوا گەورە، کە ماوەیەکی زۆرە لە پڕ دانیشتووترین وڵاتی جیهاندا دەسەڵاتدارە، نابێ سەختی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆی پارته‌كه بە کەم سەیر بکرێت.
ئەگەر سه‌یری پارتی كۆمۆنستی یەکێتی سۆڤیەت بکەین (كه پێشتر پێی ده‌گۆترا بەلشەفیک)، زەحمەت نییە بگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەو پارته‌ی سەردەمانێک دەیان ملیۆن ئەندامی هەبووە، بە دڵنیاییەوە پارتێکی گەورەی جیهانە. پێداچوونەوەیەکی کورت بە مێژووەکەیدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو پارته کاتێک 200 هەزار ئەندامی هەبوو، سەرکەوتووانە قه‌یسه‌ری ڕووخاند و دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت؛ کاتێک 2 ملیۆن ئەندامی هەبوو، بەرگری لە دژی هێرشی دڕندانەی سوپای هیتلەر کرد و لە کۆتاییدا سەرکەوتنی جەنگی جیهانی دووەمی بەدەستهێنا؛ بەڵام کاتێک ژمارەی ئەندامه‌كانی گەیشتە نزیکەی 20 ملیۆن کەس، لە مانگی ئابی 1991دا کودەتایەکی شکستخواردوو ڕوویدا و لە شه‌و و ڕۆژێكدا پارتەکە ڕووخا. ئه‌مه وانه‌یه‌كی قووڵه به هه‌موو مانایه‌ك!
ئایا ئه‌و كێشانه چین كه ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانی هه‌یه كاتێك پارتێكی گه‌وره به نزیكه‌ی 100 ملیۆن ئه‌ندامه‌وه بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له حكومڕانیدا بێت؟
بە مانایه‌كی تر، ئەو سەختییە ناوازانە چین کە ڕووبەڕووی پارتێكی گەورە دەبێتەوە وه‌كو پارتی کۆمۆنستی چین؟
له به‌رامبه‌ر ئیغراكردن به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، چۆن هەموو ئەندامانی پارت ده‌توانن بە بەردەوامی ڕاستگۆ بن لەگەڵ خواستی ڕەسەنی پارته‌كه و به‌توندی ئەرکی پارته‌كه لەبەرچاو بگرن؟ بۆ مرۆڤ ئاسانە کارێکی باش بکات، ئه‌مه‌ش پێویستی به په‌روه‌رده و ڕۆشنبیركردنی حزبییه. بۆ پارتێکی سیاسی، بەتایبەتی پارتێکی گەورە کە ئەندامێتی وەها زۆر بێت، زۆر قورسه ژمارەیەکی وا زۆر خه‌ڵك والێبكات کە نموونه‌یی و بیروباوەڕی پتەو بپارێزن، وابكات كه هەموو ئەندامان و کادیرانی پارت باوەڕیان بەوە هەبێت کە هەر سیاسەتێک یان بڕیارێک پێویسته لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گەل بێت نەک شتێکی تر. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا چاودێری گشتی و به‌دواداچوونی دیسپلین گرنگه.
لە بەرامبەر هەمەچەشنی بیروبۆچوون و تێڕوانین لە کۆمەڵگادا، چۆن بتوانین هەموو ئەندامانی پارت لە قسە و کردارەکانیان یەکبخەین؟ ئەمە تاقیکردنەوەی توانای پارتێكی سیاسییە بۆ بەڕێوەبردنی خۆی. وەک پارتێكی زەبەلاح، مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم به‌ره‌نگاریه‌دا زۆر قورسە. لەگەڵ گەشەکردنی قەبارەی پارتێكی سیاسی، هاوکات لەگەڵ قوڵبوونەوەی چاکسازی و کرانەوە، بەرژەوەندییە کۆمەڵایەتییەکان هەمەچەشن دەبن و به‌دڵنیاییه‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئەندام و کادیرانی پارت دەبێت. به‌م هۆیه‌وه لەوانەیە هەندێک توێژی سیاسی یاخود گروپی بچووک لەناو پارته‌كه‌دا سەرهەڵبدەن كه به‌پێی ئاره‌زووی خۆیان مامەڵە بکەن و بەم شێوەیە دواتر کێشە دروست بکەن.
لە بەرامبەر پرس و به‌ره‌نگاریه بێكۆتاكاندا، چۆن بتوانین هەمیشە توانای بەڕێوەبردنی بەهێز وكارامه‌یی ڕابه‌رایه‌تی بپارێزین؟ وەک پەندێکی چینی دەڵێت “لە كاتی نه‌بوونی کەرەستەی گونجاو‌دا، نا‌توانیت کارەکە ئەنجام بدەیت”. شەرعیەتی پارتی دەسەڵاتدار لە توانای به‌ڕێوه‌بردن و سەرکردایەتی بەهێزی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بە ئەنجام گەیاندنی کارەکاندا سەرچاوە دەگرێت. گرنگی ئەم بابەتە ناتوانرێت زیاده‌گۆیی تێدا بکرێت. جیهان به گۆڕانکاری قووڵ و ئاڵۆزدا تێده‌په‌ڕێت. ئەگەر پارتی دەسەڵاتدار كه‌مته‌رخه‌م بێت و خۆی بە شێوازە کۆنەکانیەوە ببه‌ستێته‌وه، ئەوه زۆر مەترسیدار دەبێت و له‌وانه‌یه مێژوو بیسڕێتەوە.
لە کاتێکدا هەندێک لە ئەندامان و کادیران چێژ له ژیانێکی خۆش و ئاسوودە وه‌رده‌گرن، چۆن بتوانین به‌رده‌وامی به ڕۆحی ماندووبوون و کارگێڕی بده‌ین؟ سکرتێری گشتی شی جینپینگ جارێک ئاماژەی بەوە كرد كه: “دوای دەیان ساڵ لە ڕه‌وشی ئاشتی له به‌ڕێوه‌بردنی دەسەڵاتدا، ژماره‌یه‌ك لە ئەندامان و کادیرانی پارت له كاره‌كانیاندا بژارده‌ی ژیان و مردنیان تاقینه‌كردۆته‌وه، هه‌روه‌ها بە شەڕی قورس لە ژینگەیەکی سەختدا تێنه‌په‌ڕیون. بۆیە ئه‌وان بە ڕۆحێکی لاواز و ووره‌یه‌كی نزمەوە، ئاره‌زوویان بۆ ژیانێكی ئاسووده ده‌ڕوات، و بە ئاسانی لە بەرامبەر هەندێک ململانێی گەورەدا تووشی شڵەژان و سەرلێشێوان دەبن”.
لە بەرامبەر بارودۆخی باشی گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا، چۆن هەمیشە بتوانين کێشەکانی خۆمان لە کاتی خۆیدا بدۆزینەوە و چارەسه‌ریان بکەین؟ دانایه‌كانی چین جارێک وتیان “لە کاتی ئارامیدا ئامادەبە بۆ مەترسی.” و "هەرکەسێک بەسەر ئەوانی تردا زاڵ بێت ئه‌وه بەهێزە و هەرکەسێک به‌سه‌ر خۆیدا زاڵ بێت ئه‌وه بەهێزترە." ئەم په‌ندانه مانای ئه‌وه ده‌گە‌یێنن كه پێویسته خۆمان بۆ خراپترین سیناریۆ ئاماده بكه‌ین بۆ ئەوەی نه‌به‌زێنراو بین. بۆ ئەوەی بەڕاستی بەهێز بین، مه‌رج نییه به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی تردا زاڵ بین، به‌ڵام پێویسته له شكست ده‌ربازبین و خۆڕاگربین.
لە بەرامبەر گەندەڵی و ڕەوتە کۆمەڵایەتییە ناتەندروستەکانی دیکەدا، چۆن بتوانین یه‌كڕیزی سیاسی لەناو پارتدا بپارێزین؟ سكرتێری گشتی شی جینپینگ وتی " گەندەڵی شێرپەنجەی کۆمەڵگایە. ئه‌گه‌ر ڕێگری له گه‌نده‌ڵی نه‌كه‌ین یاخود لێبگه‌ڕین زیاد بكات، ئه‌وا مانه‌وه‌ی پارت و وڵات ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه. بۆ ئەوەی پارت بتوانێت بنه‌مای ده‌ستپاكی بونیاد بنێت هاوكات لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، پێمان وایە ئه‌مه پەیوەندییەکی زۆری بە مانەوەی پارت و نیشتیمانەوە ده‌بێت. هەروەها ئه‌مه لە چەندین وانەی مێژوویی سەردەمی کۆن و مۆدێرنەوە هاتووە چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە”.
لە بەرامبەر ئەو کێشانەی كه له سەرەوەدا ئاماژه‌یان پێكراوه، چۆن پارتی کۆمۆنستی چین چارەسەریان دەکات؟
ئەگەر سەیری مێژووی سه‌د ساڵه‌ی پارتی کۆمۆنستی چین بکەین، بۆچی پارته‌كه‌مان دەتوانێت لە کێبڕکێی توندی نێوان هێزە سیاسییە جیاوازەکاندا دەربکەوێت؟ بۆچی هەمیشە دەتوانین لە پێشەنگی سەردەمدا بمێنینەوە و ببینە بڕبڕەی پشتی گەل و نه‌ته‌وه‌ی چین؟ یه‌كێك له هۆكاره گرنگه‌كان ئه‌وه‌یه کە پارته‌كه‌مان هەمیشە پابەندە بە ڕاستییەوە، بەردەوام هەڵەکان ڕاست دەکاتەوە، ئازایانە ڕووبەڕووی به‌ره‌نگاریه‌كان دەبێتەوە، بوێرانه به‌های خۆی نوێده‌كاته‌وه و توانایەکی زۆر بەهێزی هەیە بۆ خۆ چاککردنەوە. پارتی کۆمۆنستی چین هه‌ندێك شێوازی كاریگه‌ری بۆ جێبه‌جێكردن گرتۆته‌به‌ر.
پێویستە هەمیشە بەرژەوەندی گەل بخەینە پله‌ی یه‌كه‌م و پێش هه‌موو شتێكه‌وه. گەڕان بەدوای خۆشبەختی بۆ گەلی چین و گه‌شبوونه‌وه بۆ میللەت، مەبەست و ئەرکی بنه‌ڕه‌تی پارتی کۆمۆنستی چینه، کە بەرژەوەندی تایبەت بۆ خۆی تێیدا نییه. مارکس و ئەنگڵس جارێک لە لێدوانێكی کۆمۆنستدا وتیان: "هەموو بزووتنەوە مێژووییەکانی پێشوو بزووتنەوەی کەمینەکان بوون، یاخود لە بەرژەوەندی کەمینەکاندا بوون. بزووتنەوەی پرۆلیتاری بریتییە لە بزووتنەوەیه‌كی هۆشیار و سەربەخۆ بۆ ڕه‌های زۆرینه، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ڕه‌های زۆرینه." پارتی ئێمە پارتێكی چەکدارە بە مارکسیزم. هەمیشە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکانی ڕه‌های زۆرینەی گەلی چینی کردووە و هەرگیز هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی خۆی نەبووە. هەموو شتێک بۆ گەله. وەک سکرتێری گشتی شی جینپینگ وتی " ئاواتی خەڵک بۆ ژیانێکی باشتر ئەوەیە کە ئێمە هەوڵی بۆ دەدەین."
پاراستنی ئاستێكی بەرزی یەکڕیزی و یەکگرتوویی هزری ئایدیۆلۆجیا لەناو پارتدا زۆر گرنگە. یه‌كگرتوویی هێزه و كلیلی سه‌ركه‌وتنه. هێزی پارتیش به‌هه‌مان شێوه لە توانای ڕێکخستنی بەهێزەوە سەرچاوە دەگرێت. بە هەوڵدان بۆ باشترکردنی چالاکییە سیاسییە ڕێكخراوه‌كانی ناو پارت، پەروەردەی هزری ئایدیۆلۆجیای کاریگەر، به‌رده‌وام چاككردنی سیسته‌می هێڵكاری و ڕێساكانی پارت، چه‌سپاندی دیموكراسی ته‌واو له‌ناو پارت، دەتوانین پارته‌كه "وەک خێزانێکی هاوسەنگ، یەکگرتوو بكه‌ین، و وەک پۆڵایەکی پته‌و، بەهێز بكه‌ین". پێویسته هەموو ئەندامان بە توندی پشتگیری لە دەسەڵاتی کۆمیتەی ناوەندی پارت بكه‌ن، بە ته‌واوی ڕێنماییەکانی کۆمیته جێبەجێ بکەن و هەوڵ بدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان. له‌ناو پارتدا، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە کۆمه‌ڵه، بازنەی بچووک یاخود باند هه‌بێت، و نابێت ڕێگه به هیچ ڕەفتارێک بدرێت كه ببێته هۆی تێكدانی یەکڕیزی و کۆکردنەوەی هێز و توانای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كان.
پێویستە بەردەوام تواناسازیی پارت بەهێز بکەین، تواناکانی حوکمڕانی و سەرکردایەتیی پارت بەرز بکەینەوە. پارتی کۆمۆنستی چین هەمیشە پابەند بووە بە چەمکی بونیادنانی پارتێك کە ئاره‌زووی فێربوونی هەبێت. ئەمەش مەرجی بەرز ده‌خاته سه‌ر ئه‌ستۆی سەرکردەکانی پارت لە هەموو ئاستەکاندا. هەرچەندە سەرقاڵی کارن، بەڵام پێویسته کات بۆ خوێندن و فێربوونی زانیاری نوێ تەرخان بکەن بۆ ئەوەی شیکاریی بیردۆزییان بەرەوپێش ببەن، و ئه‌وه‌ی فێریبوونه له شوێنی كاردا جێبه‌جێی بكه‌ن. لە هەمان کاتدا نابێت شوێن بۆ ئه‌و کەسانە هەبێت کە بێسوودن یاخود وەک هەڵهاتوو دەردەکەون و لە هیچ شتێکدا باش نین.
ئێمە هەمیشە دۆخێكی دەروونی باش ده‌پارێزین بۆ ئەنجامدانی هەر كارێك بە هەستێکی بەهێزی بەرپرسیارێتی. دەستپێکردنی هه‌ر کارێک قورسە، بەڵام به‌رده‌وامبوون له‌و كاره قورسترە. تێكۆشان و سه‌ركه‌وتنی وڵات ئاسان نییه، به‌ڵام بەرگریکردن ڵێی و پاراستنی قورسترە. بە درێژایی مێژوو، هه‌ر نەتەوە و وڵاتێک بە کاری قورس و خۆ باشترکردن و هەوڵی جددی گه‌وره بووه و گەشەی کردووە، لە کاتێکدا هەمیشە لە ناوچوون و پاشەکشە لە زیادەڕەوی وکەمتەرخەمی و لەڕێلادانەوە سەرچاوە دەگرێت. كار كرداری خۆشگوزەرانی بۆ میللەت دەهێنێت و قسەی ناڕاست دەیخاتە مەترسییەوە. پارتی کۆمۆنستی چین پابەندە بە ڕێبازێکی سیستماتیکی لە بەڕێوەبردنی چەندین پەیوەندی لەوانە پەیوەندییەکانی نێوان ئابووری و کۆمەڵگا، حکومەت و بازاڕ، کارایی و دادپەروەری، جووڵه‌گه‌ری و ڕێكوپێكی، و گەشەپێدان و ئاسایش. هەروەها پێویسته به‌شێوه‌یه‌كی باش مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ناوەندی و حكومه‌تی هەرێمه‌كان، لە نێوان پارێزگا پێشکەوتووەکانی کەناره دەریایه‌كان و پارێزگا كه‌م گه‌شه‌سه‌ندووه‌كان، و لە نێوان پلاندانانی ستراتیژی پیشەسازییەکان و گەشەپێدانی هه‌رێمی ڕێكخراودا بكه‌یت.
ئه‌ركی گرنگی سه‌ركرده باڵاكان ئه‌وه‌یه كه خودی خۆیان خاوه‌نی ڕه‌وشت و به‌های شۆڕشگیریبن بۆ ئه‌وه‌ی ببنه نموونه‌یه‌ك بن بۆ ئه‌ندامانی تری پارته‌كه. لە کۆتایی ساڵی 2012دا "8 یاسا"ی بەناوبانگ لەلایەن مەکتەبی سیاسی پارتی کۆمۆنستی چین پەسەندکرا بە ئامانجی پێشخستنی شێوازی کارکردن وچاره‌سه‌ركردنی پرسە سەختەکان وەك فۆرمالیزمی و بیرۆکراسی. لەو کاتەوە ئەرکی سەرکردایەتی پارته‌كه بووه ئه‌ركێكی گرنگ و درێژخایه‌ن، له نیشاندانی ئیراده‌یه‌كی به‌هێز بۆ وه‌رگرتنی ڕابه‌رایه‌تی له پێشكه‌شكردنی نموونه‌کان. بە درککردن بەوەی کە ئەمە شەڕێکی سەخت و درێژخایەنە، پارت نەک تەنها جه‌خت لەسەر بەهێزکردنی ئاڕاسته‌ی هزری ئایدیۆلۆجیایی ده‌كات، بەڵکو جه‌خت لەسەر ڕێساکانی ڕەفتار و لێپرسینەوەی ڕێكوپێكی ده‌كاته‌وه. هەندێک لە دۆسیە باڵاکانی گەندەڵی دادگایی و ئاشکرا كراون. دوای دە ساڵ له هەوڵدان، توانیمان کۆتایی بە هەندێک پرسی چەسپاو بهێنین کە ساڵانێکی زۆرە بنبڕ نه‌كرابوون، و توانیمان خەڵک زیاتر ڕازی و دڵخۆش و دڵنیاتر بکەین.
هەرگیز لێبورده نابین لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و کارە نایاساییەکانی دیکەی ناو پارته‌كه. هەرکەسێک پێشێلی ڕێساكانی پارت و یاسا نیشتمانییەکان بکات، بەبێ گوێدان به پۆسته‌كه‌ی، بەپێی پێویست لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێت. لە دوای 18ەمین کۆنگرەی نیشتمانی پارتی کۆمۆنستی چینه‌وه، زیاتر لە 500 کادیر لەسەر ئاستی وەزاری یان سەرووتر دادگایی کراون و زیاتر لە 15%یان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندین. لیژنەکانی پشکنینی ڕێكوپێكی لەسەر ئاستی ناوەندی و ناوخۆیی نەک تەنها لێکۆڵینەوە لە کەیسە باڵاکان ده‌كه‌ن، بەڵکو لە بنەڕەته‌وه ڕووبەڕووی گەندەڵی دەبنەوە. لەهه‌مان كاتدا، هەموو بەشەکان و دامەزراوەکان هەر پێنج ساڵ جارێک پشکنینی سیاسی‌یان بۆ دەکرێت کە له ڕێگه‌یه‌وه ده‌توانرێت كێشه‌كان دەستنیشان بکرێن و بەو پێیە چاره‌سه‌ركردن پەیڕەو بکرێت.
پارتەکەمان ساڵانە چالاکیی پەروەردەیی چڕ ئەنجام دەدات بە مەبەستی یەکخستنی تێگەیشتنی هزری ئایدیۆلۆجیای هەر ئەندامێک، و باشترکردنی یاسا و ڕێسا ناوخۆییەکانی پارت، و کۆنتڕۆڵکردنی دەسەڵات له‌ناو قه‌واره‌یه‌كی دامەزراوەیی. ئەمساڵ تیشک دەخەینە سەر رێكوپێكی بەرنامەی فێربوون و پەروەردەکردن له‌ناو پارت، کە بۆ ماوەی ٤ مانگ بەردەوام دەبێت. پێویستە هەموو ئەندامانی پارت ڕێسای تازه هەمواركراوی پارتی کۆمۆنستی چین سەبارەت بە ڕێوشوێنه‌كانی ته‌مێكردن بخوێننەوە. مەبەست لێی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری هەموو ئەندامانی پارتەکەیە بۆ پابه‌ندبوون بە یاسا و ڕێنماییه‌كان.
چارەسەری ئەو به‌ره‌نگاریه ناوازانەی کە پارتێكی گه‌وره ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ناتوانرێت له شه‌و و ڕۆژێكدا بدۆزرێنه‌وه و به‌ده‌ست بهێنرێن، و پێویستیان بە گەڕانێکی سەخت و درێژخایەن هەیە. لە مانگی تەمموزی ساڵی 1945 دامەزرێنەری کۆمەڵەی دیموکراتی چینی بەڕێز هوانگ یانپێی سەردانی ما‌و زێتۆنگی کرد لە ئەشکەوتەکەی لە یانان. هوانگ هیوای خواست کە ئەو حکومەتە نوێیەی کە لەلایەن پارتی کۆمۆنستی چینه‌وه دادەمەزرێت، سووڕی مێژوویی ڕژێمە کۆنەکان بشکێنێت کە "بەهەمان ئه‌و خێراییه‌ی كه تێیدا سه‌ریهه‌ڵداوه به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ كه‌وتۆته خواره‌وه". ما‌و لە وەڵامدا وتی، "ئێمە ڕێگایەکی نوێمان دۆزیوەتەوە بۆ ڕزگاربوون لەو سووڕه. تا خەڵک توانای سەرپەرشتیکردنی حکومەتیان هەبێت، ناوێرین هەوڵەکانمان خاو بکەینەوە." ئێستا پارته‌كه‌مان وەڵامی دووەمی بۆ ئه‌م پرسیاره دۆزییه‌وه، ئەویش خو و نه‌ریتی شۆڕشگێرییه.
جیهان پێی ناوەتە دەیەی سێیەمی سەدەی بیست و یەك، لەگەڵ بەردەوامی گەشەسەندنی جیهانگیری، هه‌موو وڵاتێك ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین جۆری به‌ره‌نگاری ده‌بێته‌وه. ئێستا لە هه‌وڵی گه‌شبوونەوەی نەتەوەیی بە ڕێگا ناوازەکەی به‌ره‌و نوێخوازی لە ڕێگای گەشەسەندنی ئاشتیانە، چین هەمیشە پابەند بووە بە بنه‌مای فرە جەمسەری جیهانی و دیموکراتیكردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. پارتی کۆمۆنستی چین ئامادەیە گفتوگۆی دۆستانە لەگەڵ پارته سیاسییەکانی دیکەی جیهان بکات، لەنێوانیاندا عێراق، به‌جۆرێك كه ئاڵوگۆڕ و هه‌ماهه‌نگی به‌ره‌وپێش ببه‌ین، ئه‌زموونه‌كانمان لە حوکمڕانی پارت و وڵات هاوبه‌ش بكه‌ین، لەڕووی شارستانییەتەکانەوە له‌یه‌كتر فێربین، تواناکانی سەرکردایەتی و حوکمڕانی باشتر بكه‌ین، پێکەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ڕێزگرتنی یەکتر، پشتگیری یەکتر و یارمەتیدانی یەکتر بۆ سەرکەوتن كاربكه‌ین. بە ئەنجامدانی هه‌موو ئه‌مانه به‌یه‌كه‌وه، هیوادارین کۆمەڵگایەکی جیهانی خاوه‌ن داهاتوویەکی هاوبەش بۆ مرۆڤایەتی بونیاد بنێین.
*کونسوڵی گشتی کۆماری میللی چین
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
٩٠هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
09:27 AM - 2024-09-08 -
شێخ جه‌عفه‌ر: پێشمه‌رگه خاوه‌نی ده‌ستكه‌وته‌كانن
06:05 PM - 2024-09-07 -
دەزگای ئاسایش: كەیسی بێهزاد خەسرەوی پەیوەندی بەكاری سیاسییەوە نییە
10:11 PM - 2024-09-06 -
دامەزراوەی دارایی یەکێتی بارەگای چاو‌دێر وەردەگرێتەوە
07:53 PM - 2024-09-05
زۆرترین خوێنراو
-
خەلیل عەبدوڵا ئەستێرەکانی گەردوون چاپ دەکات
هەواڵ 12:24 PM - 2024-09-08 -
لێبوردنه گشتییه‌كه‌ی سه‌دام ته‌نها سه‌رۆك مام جه‌لال-ی نه‌گرته‌وه
کوردستان 12:18 PM - 2024-09-08 -
کۆمسیۆن: وردبینی لەناوی کاندیدان بەردەوامە
کوردستان 09:38 AM - 2024-09-08 -
٩٠هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
جیهان 09:27 AM - 2024-09-08 -
بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی: شێواندنی گۆڕەبەکۆمەڵەکان قبوڵ ناکەین
کوردستان 09:15 PM - 2024-09-07 -
شێخ جه‌عفه‌ر: پێشمه‌رگه خاوه‌نی ده‌ستكه‌وته‌كانن
کوردستان 06:05 PM - 2024-09-07 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: یەکێتی خزمەتی هەموو ناوچەکان دەکات
ی ن ک 05:23 PM - 2024-09-07 -
'هه‌ژماری من' كێشه گه‌وره‌كه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم و عیراق
کوردستان 02:03 PM - 2024-09-07