riklam

سەید سیستانی مەبەستی لە(صمام الامان) تەنیا سەرۆك مام جەلال بوو

بیروڕا 09:10 PM - 2024-05-15
 بارزان شێخ عوسمان

بارزان شێخ عوسمان

 بارزان شێخ عوسمان 

 لە دوای نەخۆش کەوتنی سەرۆك مامجەلالی مەزن ، بە داخەوە بارودۆخەکە لە سەرتاسەری ناوچەکە و عێراق و هەرێمی کوردستانیش ،لە هەمو روەیەکەوە خراپ و نالەبار بو . بە جۆرێك لایەنە ناکۆکەکان بۆ لەناوبردنی یەکتر دەستیان بۆ هەمو ئسلوبێکی ترسناك برد ،  لە کاتێکدا پێشتر بە هەوڵ و کۆششی سیاسییانەو دیپلۆماتییانەی سەرۆك مامجەلال  لانی کەم دادەنیشتن  و کۆدەبونەوە  ،ئەگەر چی رێکیش نەکەوتنایە .

 

راستە ناکۆکییەکانی پێکهاتە نەتەوەیی ،  ئاینیی و مەزهەبییەکانی عێراقی دروستکراوی دوای جەنگی یەکەمی جیهان ، هێندە قوڵ و ئاڵۆز و پڕ پێج و گرێ کوێرەن ،  هەرچەندە سەرۆك مامجەلال کە جەنابیشیان پێش هەمو کەس دەیزانی رێککەوتنی کۆنکرێتیی نێوان ئەم پێکهاتە ناکۆك و  ناموتەجانسە   ئەگەر مەحاڵ نەبێت ،هەروا ئاسان نییە ، بەڵام پێگە بەهێزە سیاسیی و شەخسییەکەی ، توانا دیپلۆماتیی و حەکیمییە هەمە لایەنەکانی خستە گەڕ  بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان ،  تواکانی بەڕێزیان زەمینەیان ساز کردبو کە دەریچە و دەرەتانێك بکرێتەوە  بۆ ئەوەی لانی کەم   بە دانیشتنە  دوقۆڵیی و کۆبونەوە هاوبەشەکان ، جۆرە لێك تێگەیشتنێك  لە نێو   هێزە سیاسییەکاندا بێتە کایەوە کە خۆیان بە نوێنەری  ئەو  پێکهاتانە دەزانن ،هیچ نەبێت کاریگەرییە ئیقلیمییەکانی سەریان کەمتر بێتەوە . 
ئەو سیاسەتە حەکیمانەیەی سەرۆك مامجەلالی مەزن دەستکەوتی زۆر و زەوەندی  بەبەرهەم هێنا ،لەوانە  هەڵبژاردنی یەکەمین کۆمەڵەی نیشتمانیی (پەرلەمان ) ، پێکهێنانی حکومەتی کاتیی هەڵبژێردراو ، نوسینەوەی دەستور   و پەسەندکردنی لە ریفراندۆمێکی بێ وێنەدا ،  هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکهێنانی حکومەتی بنکە فراوان و دەستەی سەرۆکایەتیی کۆمار  چەندینی تریش . دیارە ئەو پێکەوە ژیانە ئەگەر جەنگێکی ساردیشی لەپاڵدا بوبێت ،لەسەر بنەمای تەوافوق بو کە سەرۆك مامجەلال بە تاکە دەرتانی دەزانی ( تا ئێستاش هەر ئەوە رێگە چارەیە  بۆ دەرچون لە تونێلە تاریکەکەی عێراق ) . 

 

دیارە  هەمو پێکهاتەکان هەر یەکەیان   سودیان لەو کەش و هەوای لێک تێگەیشتن و پێکەوە ژیان و دیالۆگ و دانیشتنە سیاسییانە وەرگرت . لە ریزی پێشەوەیان  ماڵی شیعەکان کە تارادەیەك بە یەکگرتویی مایەوە . 

 

لەو روانگەیەوە بو کە ئایەتوڵا عوزما سەماحەتی سەید عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە  ،سەرۆك مامجەلالی مەزنی بە  ئەندازیار و بنیاتنەری ئەو لێک تێگەیشتن و پێکەوە هەڵکردنە زانی و  بەو رابەرەی وەسفکرد کە بوەتە زامنکردنی ئەو کەش و دۆخە لەبارە نازناوی (صمام الامان)ی پێ بەخش،هەر لەو میانەشدا سەرۆك ئۆباما بە (جۆرج واشنتن) ی عێراقی وەسفکرد . 

 

کەواتە ئەوە   پێگەی شەخسی سەرۆك مامجەلال بوە کە بارودۆخەکەی  بەو ئاقارەدا بردوە ،کوردیشی پێ بە هێز کردبو کە هیچ پرۆژەی قانونێك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی  عێراق بەبێ کورد  تێپەڕ نەکرێت،هەر پێگە و هێزی جەنابیشیان  بو کە لە هەرێمی کوردستانیش ئارامیی ،یەکڕیزیی ،خۆشگوزەرانیی ،بەرەوپێشچون و ئۆقرەیی  باڵا دەست بو ،هەر بۆیە   سەرۆك مەسعود بارزانی لە کاتی  ماڵئاوایی سەرۆك تاڵەبانیدا رایگەیاند کە “جێگەی سەرۆك  مامجەلال هەرگیز پڕ نابێتەوە “،. 

سەرکردەی  مەزنی گەلەکەشمان کاك نەوشیروان مستەفا لە مانگی مایسی ٢٠١٦ دا لە کاتی سەردانیدا بۆ دەباشان  ئەوەی بە بیر سەرۆك مامجەلال هێنایەوەکە “لەوەتەی لە بەغدا دوریت  کێشەکان رۆژ بەرۆژ ئاڵۆزتر دەبن و کەس کۆنابێتەوە ،جاران  هەمویانت کۆدەکردەوە ،بۆیە ئێستا هەست بە پێوستییت دەکەین “. 
تەواوی سەرکردەکانی جیهان و ناوچەکە و سەرکردە عێراقییەکانیش هەمان دەستەواژەی (صمام الامان)ەکەی سەماحەتی سەید سیستانییان دوپاتکردۆتەوە بەڵام بە شێوەی جیا جیا .واتە هەم بەهێزیی پێگەی کورد لە عێراق و ناوچەکەدا ،هەم پێکەوە ژیانە سیاسییەکەی پێکهاتەکانی عێراق  دەگەڕێتەوە بۆ پێگە سیاسیی و خەباتگێڕیی و دیپلۆماتییەکەی سەرۆك مامجەلال ،بۆیە (صمام الامان)ەکەی سەید سیستانی هەر  مەبەست مامجەلال بوە،نەك وەك هەندێك بە شێرو ڕێوی هێنانەیەکی زۆرەوە دەڵێن فەتواکەی سەید سیستانی مەجازیی بوە بەڵکو مەبەستی کورد بوە !. کە لەبنەڕەتدا   مەرامیانە رۆڵی سەرۆك مامجەلال کاڵ بکەنەوە  لەو دەورانە پڕ کێشمەکێشمەیەدا . 

 

ئەم رونکردنەوەیەی بەندە بۆ ئەوە نییە کە خەبات و قوربانیدانی میلەتەکەمان بە هەند وەرنەگرم ،چونکە پێش هەمو کەسێك سەرۆك مامجەلال خۆی هەمیشە دەیفەرمو “ئێمە بەم گەلەوە پێگە و جێگەمان دیارە “، تەنیا مەبەستم ئەوە بو کە  دەستەواژەی (صمام الامان) هەر  تایبەت بو بە سەرۆك مامجەلال  خۆی نەك مەجازیی  بوبێت .

 

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket