riklam

لەیادی هەڵبژاردنی هەڤاڵ مام جەلال بە سەرۆك كۆمار

بیروڕا 10:31 AM - 2024-04-06
لەتیف نێروەیی

لەتیف نێروەیی

لەیادی هەڵبژاردنی هەڤاڵ مام جەلال بە سەرۆك كۆمار
(ئەرکێکی سەخت، قۆناغێکی هەستیار، داهێنانێکی مێژوویی).


نۆزدە ساڵ لەمەوبەر، لەکاتێکدا هەڤاڵ مام جەلال لەپرۆسەیەکی دیموکراسیدا هەڵبژێردرا و لوتكەی دەسەڵاتی گرتەدەست، کە دەوڵەتی نوێی عیراق لەپاش كەوتنی رژێمی سەددام، لەناو جۆرەها قەیران و ئاڵنگاریە دژوار و مەترسیدارەکاندا دەکوڵا، لەو سەردەمە ئەرکی سەرۆک کۆمار نەک هەر سەخت بوو، بەڵکو کەمترین دەرفەتی ئەرێنی بۆ سەركەوتن و زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەكان لەبەردەم عیراقی نوێدا هەبوو، چونکە پێکهاتەکان متمانەیان بەیەکتر نەبوو، سوننە و شیعە ململانێ مەزهەبیە مێژووییەكەی نێوانیان زیندوكردەوە و لەناو شاری بەغدادی پایتەخت لەنێوان هەردوولادا شەڕێکی خوێناوی کوڵان بەکوڵان تەشەنەی کردبوو، هەروەك متمانە لەنێوان کورد و عەرەبدا نەبوو بەتایبەتی لە ناوچە دابڕێنراوەکاندا، پێکهاتەکانی دیکەی عیراق بەهەمان شێوە خۆیان بە زوڵم و ستەملێکراو دەزانی .

لەم دۆخەدا و  لەو سەردەمەدا ئەرکی سەرۆک کۆمار زۆر سەخت بوو، چونکە کاتێك سەرۆک مام جەلال وەکو یەکەم سەرۆک کۆماری کورد لەپرۆسەیەکی دیمۆکراسیدا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە هەڵبژێردرا، ژێرخانی ئابوری عیراق لەژێر هێڵی سفردا بوو، لەرووی سەقامگیریی و ئەمنیەوە پاشماوەکانی رژێمی بەعسی روخاو و تیرورستانی ئەلقاعیدە، هەموو شارو شارۆچکەکانی عیراقی لەرێی کردەوەی تیرۆرستی و خۆکوژی و تەقاندنەوەی بۆمب و ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراوەوە خەڵتانی خوێنکرابوون، دۆخی ئەمنی ئەوەندە مەترسیداربوو کە ئەرکی پاراستنی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان لە زۆنی سەوز لەناو شاری بەغداد لەسەرشانی هێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بوو. سەرجەم پەرلەمانتارو وەزیرو بەرپرسە باڵاکانی عیراق لەناو زۆنی سەوزبوون.

راست و دروست لەو سەردەمەدا ئەرکی سەرۆک کۆمار زۆر سەخت بوو، چونکە عیراق گۆڕەپانی فراوانی ململانێی وڵاتانی ئیقلیمی و نیودەوڵەتی بوو، بەشێک لەو وڵاتانە دەستیان خستبووە ناو کاروباری عیراقەوە و هەندێ لە پێکهاتەکانی عیراق رێنماییان لەو وڵاتانە وەردەگرت و راگرتنی باڵانس لەنێوان ئەو وڵاتانە ئاسان نەبوو، مەگەر تەنها بە سەرۆك مام جەلال بکرێت ،بەتایبەتی راگرتنی باڵانسی نێوان ئەمریکاو ئێران.

ئەرکی سەرۆک کۆمار لەو سەردەمەدا زۆر سەخت بوو، چونکە پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابورییەکانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمی و عەرەبی و زۆربەی وڵاتانی جیهانی ناهاوسەنگ بوون، عیراق بەهۆی سەركێشیەكانی سەددام و داگیركردنی كوەیت و گەمارۆی ئابوورییەوە، لە ریزبەندی هێڵی هەژاریدا بوو، لەرووی دیپلۆماسیشەوە عیراق ببوو بە دەوڵەتێكی گۆشەگیرو كەنارخراو.

مام جەلال و داهێنانێکی مێژوویی
لەو سەردەمەدا ئاڵنگارییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی و ئیداری و ئەمنی و حوکمڕانی لەعیراق ئەوەندە زۆرو فرە رەهەندبوون، هەروەک بێ متمانەیی لەنێوان پێکهاتەکاندا ئەوەندە زۆربوو کە ئەستەم بوو بریارێکی هاوبەش لەنێوان پێکهاتەکاندا بدرێت، ئەستەم بوو دەرفەتێکی هاوبەش بۆ کۆی پێکهاتەکانی عیراق بێتە پێشەوەو ببێتە فاکتەری گەرەنتی و زامنی فەراهەمکردنی ماف و بەرژەوەندییە باڵاو ستراتیژییەکانی هەموو پێکهاتەکان . بۆیە لەو سەردەمەدا سەرۆک مامجەلال وەکو کاریزمایەک لەبەردەم ئەو بەرپرسیاریەتی و ئەرکە قورسەدا داهێنانێکی گەورەی مێژوویی کردو هەرزوو توانی سەرنجی جیهانی سیاسی و دیپلۆماسی و میدیایی و ناوەندو دامەزراوە نیودەوڵەتییەکان بۆلای خۆی رابکێشێت، بۆ ناوخۆی عیراقیش توانی ئەو متمانەیە لەلایەن هەموو پێکهاتەکانەوە دروست بکات کە ببێتە پارێزەر و نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی عیراق، هەروەک داهێنانی کرد چونکە ئەوەی پێشتر سەرانی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عيراق بەئاگرو ئاسن و داپڵۆسین نەیانتوانی هەموو پێکهاتە ئایینیی و مەزهەبیی و نەتەوەییەکانی عيراق لەژیر یەک چەتر کۆبکاتەوە ، سەرۆک مام جەلال توانی بە عەقل و مەنتیق و لەرێی زمانی دیپلۆماسییەوە هەموو پێکهاتەکان لەژێر یەک چەتری هاوبەش كۆبکاتەوە. بۆ هەرێمی کوردستانیش لەسەردەمی سەرۆک مام جەلالدا نەخشەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتانی ئیقلیمی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش داڕێژران، ناوچە سنورییەکان سەقامگیرییەکی ئەمنی بەخۆیەوە بینی و ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان گەشەکردنێکی زۆری بەخۆیەوە بینی و  لەرووی ئاوەدانی و بیناسازی و هەلی کارو موچەو بودجەو دامەزراندنەوە زۆر لەپێش هەموو ناوچەکانی دیکەی عیراق کەوت.

بێگومان ئەم گەشەسەندنە، بەهۆی ئەو گرنگیەی کە لەپاڵ ئەرکەکانی خۆی وەکو سەرۆک کۆمار لەرێی حكومەتی فیدراڵەوە هاوکاری و یارمەتی و کارئاسانی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەکرد لەهەموو بوارەکاندا. بەهەمانشێوە دەسەڵاتە دیپلۆماسییەکانی خۆی بەکاردەهێنا بۆ کردنەوەی دەیان کونسوڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتانی جیهانیی لە هەرێم، بەمەش پەیوەندییەکی راستەوخۆی دیپلۆماسی لەنێوان هەرێم و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان فەراهەمکرا.

بۆیە بە ماڵئاواییکردنی سەرۆک مام جەلال عیراق و هەرێمی کوردستان رووبەرووی چەندین قەیرانی سەخت بوونەتەوە و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چەندین ساڵە بە بنبەست یان بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتانی ئیقلیمیش ئەو دیزاینەی لەدەستداوە کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و بەژەوەندییە هاوبەشەکان نەخشەرێژکرابوون .هەڵبەت تێکچوونی ئەو پەیوەندییە هاوسەنگ و هاوبەشە سەقامگیری ئەمنی و ئابوری و پرۆسەی ئاوەدانی ناوچە سنورییەکانی خستووەتە مەترسییەوە، هەروەک تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەهەموو بوارێکدا بارگرانییەکی زۆری خستوتە سەرشانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

سڵاو لە گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال شکۆی نیشتمان و هێمای ئاشتی و تەبایی و لێبوردەیی و پێکەوەژیانی هەموو پێکهاتەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket