riklam

حزب ببێتە حزبی خێزانەکان

بیروڕا 10:09 AM - 2024-02-06
 ستران عەبدوڵلا

ستران عەبدوڵلا

ستران عەبدوڵڵا

 ئەگەر حزب ببێتە حزبی خێزانەکان سەرەتایەکی نوێ دەبێت بۆ بوژاندنەوە و حزبایەتییەکی درێژ خایەن.

 

ئەم مانایە نابێ وا لێكبدرێتەوە کە مەبەست لێی حزبی بنەماڵە بێت. مەبەست لە حزبی خێزانەکان هەر بەو مانایەش نییە وەک بڵێی ئیئتیلافی خێزانەکان و فیدراسیۆنی خێزانەکان بێت . ئەوە باسێکی قوڵترە و پەیوەندی بە لێکۆڵینەوە لە سۆسیۆلۆژیای سیاسی و گەشەی رەوتی حزبایەتییەوە هەیە و لە توانای نووسەری ئەم زنجیرە نوسینە کورتەدا نییە.

 

لێرە باسی دیوی فەرامۆشکراوی ئەرکی هەڤاڵ و کادری حزبی دەکەم لە بەرامبەر حزبەکەی، هەڤاڵ چۆن دەبێ بازنەی خێزانی خۆی لە دەرەوەی بازنە گەورەکەی حزبایەتی جێبهێڵێت.

 

هەر هەڤاڵ و کادیرێکی حزب سەرکردە و ڕێبەرە لە بازنەی هەیکەلی ڕێکخراویی خۆیدا. ئێ باشە ڕێبەرایەتییەک چۆن سەرکەوتوو دەبێ ئەگەر قەناعەتی سیاسی و حزبی و فیکری بە نزیکترین کەسەکانی خۆی نەکات؟

 

هەڤاڵ کاک و هەڤاڵی خانم ئەگەر هاوسەری خۆی، کچ و کوڕانی خۆی، خزم و دراوسێی خۆی قەناعەت پێ نەکات کە لایەنگر و دەنگدەر و تیمی هاندانی حزبەکەی بن ، لە هەڵبژاردنی دیموکراسی و لە لێقەومانی سیاسیدا ، ئیتر چۆن ڕێبەرێكی لێدەردەچێت لە ئاستی بەرزتر و بازنەیەکی فراوانتردا؟

 

کادیری حزب و هەڤاڵی چالاکی حزب خاوەن پەیام و پەیامبەری گەیاندنی پەیامی نیشتمانی و نەتەوەیی و دیموکراسی حزبەکەیەتی ، جا ئەگەر ئەڵقەی ڕۆشنبیری و سەری گفتوگۆ لەگەڵ خێزانی خۆی، یان لەگەڵ کچ و کوڕی خۆی دانەمەزرێنێ و پێیانەوە هیلاک نەبێ و سەبری حزبی خۆی بەوان تاقی نەکاتەوە ئیتر چۆن ئەرکی حەریفانەی حزبی پێ بسپێردرێت لە تاقیکردنەوەی فراوانتردا؟

 

چۆن باوەڕ بکەین کە ئەوە تاکەکان دێنێتە ناو حزبەوە و نوێبوونەوە دەکات کە نەتوانێ کوڕ و کچی خۆی و نەوەکانی خێزانی خۆی بێنێتە ڕیزی تێکۆشانی سیاسییەوە؟

 

جا ئێمە لێرە قسە لەسەر حزبایەتی دەکەین، نەک ئازادی و فەردانییەت و مافی جیاوازی کە ئەوانە پرەنسیبی گەوهەرین بۆ کۆمەڵەکەمان، بەڵام داخۆ ئێمە تاقیمان کردۆتەوە ئەگەر ئەندامانی خێزانەکەمان بانگهێشتی حزبایەتی بکەین بە بیانووی دەعیەی بوژوازی و فەردانییەت و ئەم شتە بە باق و بریقانە ڕەتیدەکەنەوە؟

 

ئێمە بە خۆمان نەزانیوە لەوانەیە کچ و کور و هاوسەر و هاوڕێی ژیانمان ئەگەر بۆ ناسینی زیاتری ئێمە و نزیکایەتی زیاتریشیان لە ئێمە حەز بکەن لەم خەمە حزبییە نیشتمانییەش شەریکمان بن. بۆ بانگیان ناکەین؟ ئەگەر ئەرکەکە خۆش و دیموکراسی و شەرەفی نیشتمانییە بۆ ئەوانی لێ مەحروم دەکەین؟ ئەگەریش هیلاکی و ناخۆشییە بۆ گەرەکمانە هەر دەور و بێگانانەی دەرەوەی خێزانی خۆمان ئەزێتی پێوە بکێشین؟

 

ئەگەر حزبایەتی لە دژواری و تەنگانەی نیشتمانیدا ناخۆش و تاقەتپروکێنە با لە نزیکەکانی خۆمانەوە دەست پێ بکەین و ئەگەریش ئەو حزبایەتییە لە فەرەحنایی و و سەڵتەنەتی حوکمڕانی و ئاسایی ژیانی دیموکراسیدایە بۆ دەبێ ئەرکەکە لە کەسوکاری خۆمان دوور بخەینەوە و ئەوانی تێدا بن لە ئیمتیاز و بەرەکەتەکانی کەچی لە هیلاکی سیاسی دووریان بخەینەوە یان بێ پرس بڕیاری دوورخستنەوەیان بدەین ؟

 

هەڤاڵینە وەرنە سەر خەتی گفتوگۆی هەڤاڵانە لەسەر ئەم بابەتەش.

 

PUKMEDIA





زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket