مام لە شام
بیروڕا 11:28 AM - 2023-10-08
عەلی شەمدین
ئامانجمان گەڕانەوە و بنیاتنانەوەی گوندەكانمانە
دوای رازی بوونی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە گفتوگۆ لەگەڵ رژێمی عیراقدا لە ساڵی 1983 و دەستپێكردنی دانوستان لە نێوان هەردوولا، پەیوەندییەكانی مام جەلال و حكومەتی سوریا بچڕا، نووسینگە و بارەگاكانی یەكێتیش لە شام و قامیشلۆ چۆڵكران، حكومەتی سوریا كادر و لایەنگرانی یەكێتی خستەبەردەم دوو بژاردە، یان سوریا بەجێبهێڵن یان رازی بن بە مانەوە وەكو پەنابەر لەسوریادا، بەڵام ئەم لێكدابڕانەی یەكێتی و حكومەتی سوریا زۆری نەخایاند و دانوستانەكانی یەكێتی و رژێمی سەدام شكستی هێنا، بەهۆی فشارەكانی توركیا لەسەر عیراق و پێشڕەویی سوپای عیراق لەبەرەكانی جەنگ بەرامبەر بە ئێران، ئەوەش وایكرد وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی نەوشیروان مستەفا لەساڵی 1987 سەردانی شام بكات و جارێكی تر پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوولا دەستپێبكاتەوە.
باشبوونی پەیوەندییەكان لەگەڵ دیمەشق
پەیوەندیی نێوان یەكێتی و حكومەتی دیمەشق گەشەی زیاتری بەخۆوە بینی، هاوكات لەگەڵ زیادبوونی سەركوتی وەحشیگەرانەی رژێمی سەدام حسێن بەرامبەر بە گەلی عیراق بە گشتی و گەلی كورد بەتایبەتی، كە لەساڵی 1988دا، گەیشتە ئاستی ئەوەی چەكی كیمیایی قەدەغەكراو دژ بە هەڵەبجە و گوند و شارۆچكە كوردییەكان بەكاربهێنێـت، كە بەهۆیەوە پێنج هەزار هاووڵاتی كورد شەهید بوون، بەبەرچاو و گوێی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، ئەمە چ جای ئەوەی رژێمی بەعس جینۆساید و پاكتاوی رەگەزی دژ بەگەلی كورد پەیڕەوكرد لەشاڵاوەكانی (ئەنفال)دا كە زیاتر لە 183 هەزار كەس بەهۆیەوە شەهیدبوون لە ژن و پیر و منداڵ، هەروەها وێرانكردن و تەختكردنی زیاتر لە چوار هەزار گوندی كوردستانی عیراق، سەركردایەتی كورد لەو كاتەدا تووشی بێهیوایی ببوو، بەهۆی گەورەیی ئەو كارەساتەی بەرامبەر بە گەلی كورد كرابوو لەكوردستانی عیراق، بۆیە دەیانوت دروشمەكەیان لەوە دەرچووە، تەنها گەڕانەوەی گەلی كورد بێت بۆ گوند و ناوچە وێرانكراوەكان و بونیاتنانەوەیان!.
شام وەكو پەناگە بۆ سەركردە عیراقییەكان
ئەوكات شام پەناگەیەك بوو بۆ سەرجەم سەركردە عیراقیی، و سەركردەی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد كە شامی كردبوو بە مەكۆیەك بۆ رێكخستنەوەی ریزەكان و ئامادەكردنی هێز و چەكدار، بۆ رووبەرووبوونەوەی رژێمە خوێنڕێژەكەی بەعس كە چێژی لە لەناوبردنی گەلی كورد دەبینی لەكوردستانی عیراقدا، كتێبی «حوار الشام» لەسەر زاری عەبدولرەزاق كۆیی نوێنەری یەكیتیی نیشتمانیی كوردستان دەیگێڕێتەوە كە شام پێش ساڵی 1990، باوەشی بۆ :»نووسینگەی پارتی دیموكراتی كوردستان، نووسینگەی حزبی شیوعی عیراقی، نووسینگەی پارتی یەكێتیی دیموكراتی كوردستان، نووسینگەی عەلی سنجاری، نووسینگەی هەندێ حزبی عەرەبی تر لە نموونەی حزبی دەعوە و ئاشوورییەكان .. تد»كردبۆوە.
سەركردایەتی ئەم حزبانە لە شام، بەتایبەتیش مام جەلال، خەباتی دەستپێكرد بۆ ئیدانەكردنی رژێمی خوێنڕێژی بەغدا و ئاشكراكردنی تاوانەكانی لەبەردەم رای گشتی جیهاندا، هەروەها كاری كرد بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی بۆ گەلی كوردی بێ دەرەتان و تیشكخستنە سەر مەسەلە نەتەوەییە رەواكەی لەناوچەكەو جیهاندا، كەناڵەكانی راگەیاندنی سوریاش لەوكاتدا، رۆڵێكی باشیان گێڕا لە نیشاندانی كارە دڕندانەكانی رژێمی سەدام دژ بە كورد و یەكخستنی رای گشتی عەرەب دژ بەم رژێمە خوێنڕێژە، كە تەنها هەڕەشە نەبوو بۆ سەر گەلی عیراق، بەڵكو هەڕەشە بوو بۆ سەر كۆی گەلانی ناوچەكە، ئەمەش لەكاتێكدا بوو وڵات هەبوو پاڵپشتی لە رژێمی سەدام دەكرد و پاساوی بۆ تاوانەكان دەهێنایەوە و بەرگری لێدەكرد و بە پارێزەری (البوابە الشرقیە)یەی دادەنا، مام جەلال لەم روەوە و لە كتێبی دیداری تەمەندا دەڵێت: هەندێك لەوڵاتانی عەرەبی و رەوتە سیاسییەكانی ناو كۆمەڵگەی عەرەبی لەبەرەی رژێمی سەدامدا بوون، بۆ نموونە وڵاتێكی وەكو كوێت بە یەك وشەش باسی بۆردومانی هەڵەبجەی نەكرد بە كیمیایی، تەنها سوریا بوو لەنێو وڵاتە عەرەبییەكاندا رەخنەی لەسیاسەتەكانی بەعس گرت و رایگەیاند ئەو سیاسەتانە دژ بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانی گەلی عەرەبە.
هەوڵەكانی مام جەلال بۆ ئاشتەوایی
گومانی تێدا نییە، مام جەلال دوای ئەو پێشهات و مەترسییانەی لەسەر گەلی كورد و مەسەلە نەتەوەییەكەی دروستبوو، هەوڵەكانی خستەگەڕ بۆ دروستكردنی ئاشتەوایی لە نێوان هێز و لایەنە كوردییەكان و وەلانانی ناكۆكییەكانیان، دواجاریش توانی بەهاوكاری ئیدریس بارزانی بەرەی كوردستانی لە 7-5-1988 دابمەزرێنێت، كە ئەوكات، هەریەك لە «یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی سۆشیالیستی كوردستان و پارتی گەلی دیموكراتی كوردستان و حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان و حزبی شیوعی عیراقی- لقی كوردستانی لەخۆ دەگرت»، بۆ روبەرووبوونەوەی ستەم و زوڵمی رژێمی سەدام، كە هەموو سنوورێكی تێپەڕاندبوو لەرووی دڕندایەتی دژ بە گەلی كورد.
دەبێت ئەوەش بڵێین، ئاشتەوایی ئەوكات لەنێوان (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان) كە بەدیهات، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر لایەنەكانی بزووتنەوەی كوردی سوریاش بەجێهێشت، كە پێشتر بوبوون بە چەندین بەش، بەهۆی كاریگەری ناكۆكییەكانی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستانی عیراق لەسەر ئەوان، بۆیە ئاشتەوایی نێوان یەكێتی و پارتی رۆڵی گەورەی هەبوو لە هاندانی لایەنە كوردییەكانی سوریا، بۆ وەلانانی كێشەكانیان و دروستبوونی لێكتێگەیشتن لە نێوانیان بەتایبەت (پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كورد لە سوریا و حزبی دیموكراتی كوردی سوریا- پارتی)، ئەم لێكتێگەیشتنەش بووە هۆی، ئەوەی ئەم دوو حزبە و حزبە كوردییەكانی تری سوریاش، بەیەك لیست بچنە نێو هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی گەلی سوریا لە ساڵی 1990دا، سەركەوتن بەدەستبهێنن و بۆ یەكەمجار بزووتنەوەی كوردی سوریا توانی بە لیستە هاوبەشەكەی بگاتە پەرلەمانی سوریا كە ئەوكات هەر یەك لە (عەبدولحەمید دەروێش و كەمال ئەحمەد دەروێش و فوئاد عەلیكۆ) بوون بەئەندام تێیدا.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
رهفعهت عهبدوڵڵا: هیچ پرسێك بهبێ یهكێتی تێناپهڕێت
02:12 PM - 2024-09-10 -
سەرۆك بافڵ تێچووی پڕۆژەیەك بۆ خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی دەگرێتە ئەستۆ
01:33 PM - 2024-09-10 -
بەهەوڵی وەزیری کشتوکاڵ بڕیارێكی گرنگ لهبهرژهوهندی جوتیارانی ههرێم دەدرێت
12:15 PM - 2024-09-09 -
سەرۆككۆمارو سەرۆكوەزیران جەخت لەبەهێزكردنی ئاسایش و خزمەتكردنی هاووڵاتیان دەكەنەوە
11:18 PM - 2024-09-08
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆك بافڵ تێچووی پڕۆژەیەك بۆ خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی دەگرێتە ئەستۆ
کوردستان 01:33 PM - 2024-09-10 -
هەژارترین پارێزگا لە عیراقدا
بیروڕا 11:01 AM - 2024-09-10 -
سەرۆكی رەوتی حیكمە: پشتیوانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەكەین
کوردستان 10:38 AM - 2024-09-10 -
رەفعەت عەبدوڵڵا: خەڵك لەحكومەت نیگەرانەو یەكێتی راستی دەكاتەوە
ی ن ک 11:38 PM - 2024-09-09 -
یەكێتی لەسەر شاڕێی راستكردنەوەی رێڕەو
بیروڕا 07:59 PM - 2024-09-09 -
شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بەشداری لە ژمارەیەك پرسەدا دەكات
پرسەنامە 07:37 PM - 2024-09-09 -
سهرۆك بافڵ: ههرێمهكهمان پێویستی به گۆڕانكارییه لهپڕۆسهی حوكمڕانی
کوردستان 06:28 PM - 2024-09-09 -
قوباد تاڵهبانی: ههڵبژاردن بهدیهێنانی خواستی هاووڵاتیان بێت
کوردستان 04:44 PM - 2024-09-09