riklam

یادت بەخێر

بیروڕا 03:34 PM - 2023-10-03
پ.د. دانا ئەحمەد موستەفا

پ.د. دانا ئەحمەد موستەفا

قیسە بێ پەردەو کینایت خۆشە، شاهی من کەوا
عادیلێ بوو قەت عەدیلی ئەو لە دینا نەبوو،
بۆنشینگەی مورغی رۆحی ئەو کە عالی فیترەتە جێگەی خۆشتر لە رەوزەی (جنة المأوی) نەبوو 

سەرکردەو زانا و فراوانی هزر و زمانزانیى، کۆمەڵێک پەسنی ناوازەن، کە لەزاتێکی بێ وێنەی وەک (مام جەلال)دا کۆ بووبۆوە، هەرگیز مرۆڤ ناتوانێت پەی بە هەموو جوانییەکانی ئەوزاتە بەرێ، بەڵام زانایانی زانستی ئوصوڵ دەڵێن: 
(ما لا يدرك كله لا يترك جله)، بۆیە لام گرنگە کە هەرکەسە و بەپێی شارەزایی و پسپۆڕی خۆی لە فەرهەنگی کەشکۆڵی سەرۆک (مام جەلال) هەڵبهێجێت. 
هەڵبەتە بە حوکمی خەریکبوونمان بە زمسنی عەرەبییەوە، کەم تا زۆر نزیک بووین لە سەرۆک مام جەلال و ئەویش بە زیرەکی و دانایی خۆی لەوە تێدەگەی کە زانینی زمانی عەرەبی بە تانوپۆوە چەند گرنگە بۆ دانوستان لەگەڵ عێراقیدا، و هەردەم پێی وابوو کە کێشەی کورد لەگەڵ عێراق بریتی نییە لە کێشەی ئابووری و نەوت و شتی دیکە، بەڵکو بریتییە لە نەبوونی زمانێک کە بتوانێ بە زهینیەتی عەرەبی و بە زمان و بیرێکی پاراو کێشەی کورد بگەیەنێ و پردی متمانە دروست بکات، چونکە متمانە جگەلە زمان هیچ شتێکی دیکە ناتوانێ دروستی بکات. 

بۆیە پێم خۆشە  لەم سۆنگەیەوە ئەم بەسەرهاتە بگێڕمەوە. 
ڕۆژی ٣١-٣-٢٠١٣ کە دەیکردە ڕۆژی شەممە، سەرۆک مام جەلال، بانگهێشتی کردم بۆ قاوڵتی نیوەڕۆ، کە ئەوە بۆ بەندە شەرەفێکی گەورەبوو، کە چوومە خزمەتی بینیم بانگهێشتی شاعیری گەورە (شێرکۆ بێکەس) و مامۆستا (حسێن عارف)ی کرد بوو.
ئەوەی لەگەڵ ئەو زاتە دائەنیشێت دەمودەست هەستی ئەکرد کە زەریای هزر و دانایی ئەو، زادی چەندین ساڵ خوێندنەوە و ئەزموونێکە کە ئاسۆیەکی فراوان بارتەقای بیرکردنەوەی داگیرکردبوو، زۆر هەڵیدەنام بۆئەوەی زیاتر قوڵ ببمەوە لە زمانی عەرەبی و شعر و ئەدەبیاتی کوردی و وەرگێڕانی بەرهەمی داهێنەرانی کورد بۆ زمانی عەرەبی، کەبێگومان لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێزیان بوو (٧) دیوانی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەسم وەرگێڕا بۆ زمانی عەرەبی. 

دواتر بڕیارمدا کە نامەیەکی بۆ بنووسم لەسەر هەلو مەرجی شاری سلێمانی و ئەویش وتی: 
بەزمانە عەرەبێکەی خۆت! نامەکەم بەزمانێکی عەرەبی قورس و دروستەی قورس نووسی و ڕۆژی ٠٢/٠٤/٢٠١٢ لە بڵاوکراوەی (الإنصات المرکزی) بڵاوبۆوە. نامەکە ناوی (يتيمة الدهر) بوو، پاش چوار ڕۆژ کە دەیکردە ڕۆژی هەینی، ئەو زاتە ئەوەندە گەورەبوو، لوتفی نواندن و تلفۆنی بۆکردم و دەستخۆشی زۆری لێکردم. 
ئەوەی زۆر سەیربوو لەلام ئەوەبوو، کە کەسانێکی زۆر کەم  شارەزاییان لە کتێبی (يتيمة الدهر) هەیە، کە کتێبێکی کۆنی پڕ لە زانیارییە و هی (ثعالبي)ه و مێژووی ئەدەبیات و سیاسەتی شام و عێراق و میسرە، کەچی بێ سێ و دوو، سەرۆک مام جەلال وتی: ناونیشانەکەت زۆر سەرنجی ڕاکێشام، چونکە ئەوکتێبەم ساڵی ١٩٧١ خوێندۆتەوە! 
هەزاران درود بۆ گڵۆکی پیرۆزت، بۆ ڕۆشنیرییە زەوەندەکەت، بۆ زمانە عەرەبییە پاراوەکەت، ڕێبازەکەت ڕوونە و بۆچوونەکانت لە هزر و و دڵماندا وەک مانگی چواردە دەدرەوشێتەوە، بەهەر هەلومەرجێکدا بڕۆین ڕێباز و دیدگاکەت چرای ڕێمانە، و مەگەر هەر حەزرەتی نالی لەپەسنی گەورەیتدا بڵێ: (عادیلێ بوو قەت عەدیلی ئەو لە دونیادا نەبوو).

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket