riklam

مام جەلال، چاوی بێخەوی خەبات و ترۆپکی تەجەلای نەتەوەی کورد

بیروڕا 02:03 PM - 2023-10-03
دێرین عزەدین

دێرین عزەدین

مێژووی سیاسەت، کەسانی دیپلۆماسی زۆري تێدا هەڵكەوتووە، گەلێك ئەندێشمەند و ئەزموونزادەی پەیوەندیەكانی خستۆتەوە، بەڵام هەر یەك (مام جەلال) هەبوە. 
سەرۆك مام جەلال سەرۆکێک لە پێشمەرگایەتیەوە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری عیراق، كەسایەتیەكی گەورەی سیاسی‌و دەوڵەتی بوو، نەك لەسەرئاستی كوردستان‌و عیراق، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانیش وەك سەركردە‌و تێكۆشەرێكی مه‌زن و سومبلی گەلێكی خەباتگێڕ ناسراوە.

‏ناوی مام جەلال، پێگەی لەمێژوو، یادەوەری لەدڵی گەل هەمیشە زیندوو شەکاوەیە، مام جەلال بەتەنھا سەرۆک وبیرمەندێکی سیاسی نەبوو بەڵکو ڕێبەرێکی درەوشاوەی داهێنەری شۆڕشی نوێ ولەھەمانکاتدا پێشمەرگەیەکی دێرین ودانەبڕاوی کوردایەتی بوو.

یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی عیراق و رابەری پرۆسەی ئازادی و ئەزمونی دیموكراسی و دەستوری لەكوردستان و عیراق بوو ، كەسایەتیە سیاسیە عیراقیەكان بەپەرۆش و گرنگییەوە باس لەجوامێری و رۆڵی سەرۆك مام جەلال دەكەن، هەمووان كۆكن لەسەر لێهاتوویی و دانایی و دەوڵەتمەداریی سەرۆك مام جەلال و بە "سایەی عیراقیەكان" وەسفی دەكەن، هەندێكی تریان دەڵێن:مام جەلال لە هەموان رۆیشت و زیانەكەی بە تەنها بۆ كوردستان نەبوو، بەڵكو  بۆ عیراق و ناوچەكە بوو بەگشتی.

مام جەلال تایبەتمەنديی و توانای كۆكردنەوە و چارەسەركردنی كێشەی لایەنە ناكۆكەكانی هەبوو، روبەڕوی زۆر قەیران وەستا و چارەسەری كرد و گرێ سیاسیەكانی دەكردەوە، زۆربەی كاتیش بارودۆخەكەی لەتەقینەوە دەرباز دەكرد.
لەو سەردەمەدا سەركردایەتیەكی یەكگرتوو نەبوو، بەڵام مام جەلال توانی رۆڵی گەورە لە كۆكردنەوەی لایەنە سیاسیەكان دا ببینێت و خاڵی هاوبەش لە نێوان ركابەرەكاندا بدۆزێتەوە رۆڵی گرنگی لە تێپەڕاندنی قەیرانەكانیشدا دەبینی.

سەرۆك مام جەلال لە 6 ی نیسان دوای هەڵبژاردنی لەلایەن كۆمەڵەی نیشتمانیی عیراقەوە لە ساڵی 2005 پۆستی سەرۆك كۆماری عیراقی پێدرا، بەوەش بوو بە ‌یەكەم سەرۆكی كورد لە مێژووی سیاسی عیراقدا كە پۆستی سەرۆكی وڵات بگرێتە دەست، هەروەها یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە مێژووی دروستبوونی عیراقەوە لە بیستەكانی سەدەی رابردووەوە.

ئەو مام جەلالەی کە لێبووردنی بەعس تەنهاو تەنها ئەوی نەگرتەوە، بوو بە سەرۆک کۆماری عيراق و لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا چەتری کۆکەرەوەی هەموو عيراقیەکان بوو، ستراتیژو پلانی عيراقێکی دیموکراسی و فیدرالی و پێکەوەژیانی بەبێ جیاوازی داڕشتبوو و کاری بۆ دەکرد، خەونی بوو عيراقی دوای روخانی ڕژێمی بەعس عيراقێکی دیموکرات و فیدرال بێ و هەموو عيراقیەکان لە سایەی بحەسێنەوە، میراتی سیاسی مام زۆر له‌وه‌ گه‌وره‌تره‌ له‌ قاڵبی حزبیدا کورت بکرێته‌وه‌، ‌چونکه‌ به‌شێکی هه‌ره‌ گرنگی مێژووی سیاسی وڵاته‌که‌مان پێکده‌هێنێت، خۆیشی سیمبولێکی هه‌ره‌ دره‌وشاوه‌ی خه‌بات و تێکۆشان بوو به‌مانا هه‌ره‌ فراوانه‌که‌ی.
لەساڵیادی ماڵئاوایتدا، وەفاداریت بۆ دوپات دەکەینەوە،کاروانەکەت درێژەی ھەیە و بۆ ھەمیشەش بەردەوام دەبێت.

ماڵئـاوا ئـەی ڕابەرو پێشەنگمان
سەرۆکە بەهەیبەت و پڕشکۆکە .

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket