riklam

عیراق و ناوچەكە سەرۆك مام جەلالیان لە دەستچوو

بیروڕا 11:14 AM - 2023-10-02
بارزان شێخ عوسمان

بارزان شێخ عوسمان

بارزان شێخ عوسمان 

 عیراق و ناوچەكە، سەرۆك مام جەلالێكیان هەبوو، لە دەستیان چوو

 
بەگەرمی دەستخۆشیی دەكەم لە هەڤاڵ  و هاوڕێ زێدە بەڕێزەكانم لە دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی كە  بە سەرپەرشتی سكرتارییەتی سەرۆك مام جەلال مەڕاسیمی یادی شەشەمین ساڵڕۆژی ماڵئاوایی شكۆی نیشتمان (سەرۆك مام جەلالی مەزن) لە هەرێمی كوردستان و بەغدا و نەجەفیش  بەڕێوە دەبەن، ئەوەش مافێكی رەوای سەرۆك مامجەلالە بەو پێیەی هەر رابەرێكی كوردستان نەبوو بەڵكو سەرۆك كۆماری عیراق و سەركردەیەكی مەزنی عیراقییش بوو، نەك هەر ئەوە بەڵكو  پێگەیەكی دیار و جیاوازیشی هەبوو لە ناوچەكە و جیهانیش.

بەڵێ سەرۆك مام جەلال لەگەڵ خەباتی زیاتر لە هەفتا ساڵییەكەیدا بۆ بەدیهێنانی مافەرەواكانی گەلی كوردستان، پێكەوە گرێدانی خەباتی رزگاریی گەلەكەمان بە خەباتی دیموكراسی عیراق كردە سەر مەشقی خەباتی  كۆمەڵانی خەڵك، بەو پێیەی بە بێ سیستمێكی دیموكراسیی لە عیراق مەحاڵە مافەكانی خەڵكی كوردستانی عیراقیش دەستەبەر بێت، سەرۆك مام جەلال هەمیشە  لە وتار، كتێب، لێدوان و نووسینەكانیدا ئەو پێویستی پێكەوە گرێدانەی خەباتی دووپات كردووەتەوە، تەنانەت لە هەمو بۆنە نیشتمانییەكاندا لە بروسكە و پەیامەكانیدا مژدەی بە كۆمەڵانی خەڵك دەدا كە لەئایندەدا ئاهەنگی ئەو بۆنە و جەژنە لە بەغدای پایتەختدا دەگێڕین، تەنانەت لە كۆنگرەی گشتیی دووەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا  لەساڵی 2001، لە راپۆرتە سیاسییەكەیدا وەك سكرتێری گشتی، دەستەواژەی (ئێمەی عیراقی كورد) بەكارهێنابوو بۆ قوڵكردنەوەی ئەو پێكەوە گرێدانەی خەبات و بەشدارییكردن لە سیستمی دیموكراسییدا لە عیراق.

سەرەنجامیش دوای روخاندنی رژێمی دیكتاتۆریی وەك بنیاتنەرێكی گرنگی عیراقی نوێ رۆڵی گرنگی بینی، بووە یەكەمین سەرۆككۆماری هەڵبژێردراوی عیراق  كە كاتی خۆی سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما بە جۆرج واشنتنی عیراقی ناوزەد كرد.

 شانبەشانی ئەو پەرۆشییەی بۆ چەسپاندنی دیموكراسیی لەعیراقدا كە لە سایەیدا گەلی كوردستان وەك هەموو پێكهاتەكانی تری عیراق بە مافە رەواكانی شاد بێت، لە میانەی خەباتە كوردستانییەكەیدا كوردی بەشەكانی تریشی هەر لە بیربوو، هەژمونی كەسایەتییە دیپلۆماتی و سیاسییەكەی خۆی خستبووە خزمەت  داكۆكیكردن لە كوردی بەشەكانی تر تا حكومەتەكان رێگای دیالۆگ  بگرنە بەر بۆ چارەسەركردنی مەسەلەی كورد، لەو هەنگاوەشدا سەركەوتنی بەرچاوی بەدەستهێنا.

پێشتریش هەر بەڕێزیان بوون لە یۆنیۆ/حوزەیران ی ساڵی 1991   هاوزەمان لەگەڵ بەشداریكردنی لە كۆنگرەی سۆشیالیست ئینتەر ناسیۆنال لە ئەستانبوڵی توركیا، چاویشی كەوت بە سەركردەی چەندین پارتی توركیا  و سەرۆك تۆرگۆت ئۆزال، بەوەش مام بووە یەكەمین سەركردەی كورد كە لە كۆشكی (چانكایا) ی سەرۆكایەتی  بەڕەسمیی پێشیوازیی  بكرێت، هەر ئەو دیدارەش بوو دەرگای كردەوە لەبەردەم سەرۆك مام جەلالدا كە هانی سەركردەكانی توركیا بدات بۆ دیالۆگ لەگەڵ كوردی توركیا، ئەگەر پیلانی دەزگا موخابەراتییەكان نەبوایە، راسپاردە و ئامۆژگارییەكانی مام پێشێل نەكرایە ئەوا مەسەلەی كورد لە توركیا ئێستا لە قۆناغێكی زۆر پێشكەوتودا دەبوو.

بەڕێزیان  بە شێوازە دیپلۆماتیی و سیاسییە ناسراوەكەی خۆی  پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماتییەكانی دەوڵەتانی دراوسێ و ناوچەكە و جیهانی لەگەڵ عیراق بە جۆرێك  بەهێز و پتەو كردبوو كە پێشبڕكێیان بو لەسەر  دامەزراندنی پەیوەندی ستراتیژیی و پتەو لەسەر بنەمای رەچاوكردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكان.

سنوورەكانی عیراقیش لەو سەردەمەدا ئارام بوون كە نەبنە هەڕەشە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ،  بە جۆرێك كە هێزە سیاسییەكانی كوردستانی توركیا و ئێرانیش  پارێزراو بن لەسایەی سیستمی عیراقی نوێدا.

سەرۆك مام جەلال هێشتا لە بەهاری تەمەنی سیاسییدا بوو كە   لە ساڵی 1955 لە میانەی بەشداریكردنی لە میهرەجانی خوێندكاران و جەوانانی جیهان لە  وارشۆی پایتەختی پۆڵۆنیا چاوی كەوتووە بە سەركردە و سیاسەت مەدارانی  عەرەبیی و عیراقی و دەرەوە  بۆ گەیاندنی دەنگی رەوای گەلەكەی.

هەر لەو كاتەوە  پێ سەرسام بوون و وەك سیاسەتمدار و كارێزما و سەركردەیەكی قاڵبوو لێیان روانیوە، ئەوەش فاكتەرێكی گرنگ بوو كە سەرۆك مام جەلال ببێتە كەسایەتییەكی جیهانی.

سەرۆك مام جەلال  لە میانەی سەرۆكایەتییدا لە عیراق، پەرۆشیی بۆ یەكێتی گەل و خاكەكەی لە روانگەی چەسپاندنی هاوسەنگی لە  ئەرك و مافە دەستورییەكانەوە  دووپات دەكردەوە هەر بۆیە لە ئاست مافەكانی هەرێمی كوردستان بە هەمان شێوەی بەشەكانی تری عیراق شێلگیرانە داكۆكیی دەكرد، لەو میانەشدا، هەمیشە گرنگی سەلماندنی كوردستانی بوونی  كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكەكانی تری چوارچێوەی ماددەی 140 ی دەستوری دووپاتدەكردەوە، بەردەوامیش لە ئاست چارەسەركردنی كێشەی كەركوكدا دەیفەرموو كە ئەو پڕۆسەیە وەك نەشتەرگەریی مێشك وایە هەر هەڵەیەك دەبێتە مایەی شكستی نەشتەرگەرییەكەیە .

بەڕێزیان هەمیشە دووپاتی دەكردەوە كە بە ژیرانە و هێمنانە و بێ موزایەدە و هەڵچوون مامەڵە لەگەڵ رێوشوێنەكانی جێبەجێكردنی مادەی 140 دا بكرێت، بۆیە كەركوك و ناوچە جێ ناكۆكەكانی تر  تا نەخۆش كەوتنی بەڕێزیان ناوچەی ئارام و هێمن بوون.

زۆر دەوترا سەرۆك مام جەلال كار بۆ بەهێزبوونی پێگەی عیراق دەكات، كەچی مەترسییەك لە ئارادایە بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە، لەو بارەیەشەوە روانین سەرۆك مام جەلال  زۆر راشكاوانە و راستگۆیانە بوو كە گەلی كوردستان لە عیراق بە رێژەی 75% دەنگی بە دەستووری عیراق داوە تا لە سایەی عیراقێكی دیموكراسی فیدراڵی یەكگرتوودا بە مافە رەواكانی شاد بێت، لەو روانگەیەشەوە هەرێمی كوردستانی عیراق پێشكەوتنی گەورەی بە خۆوە بینیووە لە هەموو بوارەكاندا، هاوكات هێندەی باڵیۆزخانەی دەوڵەتان لە بەغداد، كونسڵخانە و نوێنەرایەتی دیپلۆماتی دەوڵەت و رێكخراوە جیهانییەكان لە هەولێر هەن، سەرباری ئەوانەش هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی گەورەی هەیە بە گوێرەی دەستوور، كە نیمچە سەربەخۆیە.

بۆیە هەر نیگەرانی و مەترسییەكی لەو جۆرەی  بەدور دەزانی  كە هەرێمی كوردستان بەرە و جوداخوازیی هەنگاو بنێت .
سەرۆك مام جەلال سەرباری ئەو پێگە بەهێزە نێودەوڵەتی ئیقلیمی و ناوخۆییەی، كەچی تابوترێت، خاكی و ئاسایی بوو لە ژیانی تایبەتییدا و هەرگیز خۆی جیا نەدەكردەوە لە كەسانی ئاسایی، حەزی دەكرد بە سادەیی بژی، مامی گەورەمان خاوەنی خانوبەرە، زەویوزار، پارەو پولی ناو بانكەكان و گرێبەستییە هەمە جۆرەكان نەبوو، بەڵام خاوەنی كلتور و گەنجینەیەكی زۆر دەوڵەمەندی  سیاسی و دیپلۆماتی و خەبات بوو، كە  پەیڕەو كردن و چاولێكردنی، عیراق و كوردستان دەگەیەنێتە كەنارێكی ئارام و پڕ ئاسودەیی .

خەسڵەت و جوانییەكانی سەرۆك مام جەلال زۆرن كە لە ژمارە نایەن لە وتار و موناسەبەیەكی وادا ریزبەند ناكرێن  و مافی خۆیان  نادرێتێ، بۆیە تەنها ئەوە دەڵێم كە  لە عیراق و ناوچەكە و جیهانیش كەسایەتییەكی وەك بەڕێزیان دووبارە نابنەوە، كەواتە باشترین پاداشت بۆ زیندوو راگرتنی ناوی سەرۆك مام جەلال بەردەوام بوونە لەسەر رێباز و پرەنسیبەكانی.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket