riklam

مام لە شام

بیروڕا 11:14 AM - 2023-05-07
عەلی شەمدین

عەلی شەمدین

لە ململانێی نێوان بەعسی و ناسرییەكاندا

عەلی شەمدین

مام جەلال لەماوەی بوون و مانەوەی لەشام و پەیوەندی لەگەڵ نێوەندی عەرەبی بە گشتی و سیمبوڵە سیاسییەكانی بەتایبەتی، دركی بەو ركابەرییە سیاسییە كرد، كە لەنێوان عەبدولناسڕ و حزبی بەعسدا دەستی دروست بوبوو، مام جەلال هەرزووش توانی مامەڵە لەگەڵ ئەم هاوكێشەیەدا بكات و هەڵوێستی خۆی بە لای پەیوەندی لەگەڵ عەبدولناسردا یەكلابكاتەوە، بەتایبەت كە عەبدولناسر ببوو بە سیمبولێكی نەتەوەیی بێ ركابەر لە جیهانی عەرەبیدا، بە تایبەتتریش دوای بەخۆماڵیكردنی كەناڵی سوێس لە سالی 1956 و راگەیاندنی پێكهێنانی كۆماری عەرەبی یەكگرتوو لەساڵی 1958دا، هەروەها بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی حزبە سیاسییەكان لە سوریا لە 12/3/1958دا، كە حزبی بەعسیشی لێ بەدەر نەكرد.

 ئەم ركابەرییەش لە نێوان هەردوولا كەمە كەمە گۆڕا بۆ ململانێیەكی توندی مەیدانی، بەتایبەت دوای سەركەوتنی هەردوو كودەتای حزبی بەعس لە عیراق لە 8/2/1963 و لە سوریا لە 8/3/1963، هەروەها دەستكردن بە گفتوگۆ لە قاهیرە لە 7/4/1963، بەمەبەستی سەرخستنی یەكێتی سێینەی (میسر، عیراق و سوریا)، ئەوەش عەبدولناسری خستە نێو دوو بەردی سەركردایەتی حزبی بەعس لە سوریا و عیراق، بۆیە وەرەقەی كورد یەكێك لەگرنگترین و باشترین وەرەقەكان بوو بۆ عەبدولناسر كە پشتی پێ ببەستێ.

بەدەستهێنانی متمانەی عەبدولناسر
لەبەر هەموو ئەوانە دیدارە یەك لەدوا یەكەكانی مام جەلال لەگەڵ عەبدوڵناسردا بە ئاراستەی تەرحی مەسەلەی كورد بوو لەكوردستانی عیراق لەچوارچێوە راستەكەیدا و مام جەلالیش بە زیرەكی تیژی و لۆژیكی سیاسیی بابەتیانەی و شێوازی نەرمی دیپلۆماسیانەی، توانی متمانەی سەرۆك عەبدولناسر بەدەستبهێنێـت و  وێنای راستەقینەی دۆزی كوردیش بخاتە بەردەمی و هانی بدات پاڵپشتیكردنی و چارەسەركردنی بەشێوەیەكی ئاشتیانە.

 ئەوەبوو عەبدولناسر هەرزوو لەگرنگی دۆزی كورد وەكو وەرەقەیەكی فشاری كارا گەیشت لە ململانێیدا لەگەڵ بەعسییەكان، هەروەها سەرسامیش بوو بەو وێنایەی مام جەلال لە دیدارەكاندا بۆی كێشابوو لەسەر مەسەلەكە، جەمال ئەتاسی لەم رووەوە لە و پێشەكییەی بۆ كتێبی عەرەب و كوردی مونزیر موسڵی نووسیوێتی دەڵێت: عەبدولناسر خۆشحاڵ بوو بەو تەرحەی مام جەلال لەبەر ئەو هیوا ستراتیژی و دونیابینییەی بۆ ئایندە تیایدا بوو كە لەگەڵ هیواو دونیابینی خۆیدا یەكی دەگرتەوە، لەوە بەدواش تاڵەبانی و هاوڕێیانی پەیوەندییان بە باشی مایەوە لەگەڵ میسر و عەبدولناسردا»، ئەم هەڵوێستە ئیجابییەی عەبدولناسر بەرامبەر بە دۆزی كورد لەكوردستانی عیراق، شۆڕبۆوە بۆ بازنەی هەوادارانی و كەسانی نزیك لەو و هەروەها ئەوانەشی گرتەوە كە سەرسامبوون بە كەسایەتی كاریزمایی ئەو سەركردە عەرەبە، لەكاتێكدا ئەو دۆزە تا ئەوكاتیش مەسەلەیەكی قەدەغەی پڕ لەمەترسی بوو بە ئیسرائیلی دووەم هەژماردەكرا لەلای عەرەب.

دۆزی كورد لە ناوخۆوە بۆ گۆڕەپانی عەرەبی
مام جەلال لە كاركردنیدا پشتی بەو قەناعەتەی خۆی دەبەست كە لەبیرەوەرییەكانیدا باسی كردووەو دەڵێت: ئێستا و ئەوساش قەناعەتێكم هەبوو، كە بەرزكردنەوەی ئاستی مەسەلەی كورد لە مەسەلەیەكی ناوخۆییەوە بۆ ئاستی جیهانی عەرەبی و دواتریش جیهانی، خزمەت بە مەسەلە نەتەوەییەكەمان دەكات و چەندین هەنگاوی گرنگ بەرەو پێشی دەبات»، ئەمەش بوو كە وای لێكرد ئەو چانسە لەدەست نەدات بۆ چوون لەگەڵ فوئاد عارفدا بۆ قاهیرەو پێشكەشكردنی پیرۆزبایی بە سەرۆك جەمال عەبدولناسر لە 22-2-1963دا، كە ئەوەش وایكرد یەكەم دیداری مێژوویی لەگەڵ عەبدولناسردا بكات و ببێتە جێگەی سەرسامی ئەو سەركردە عەرەبە، بەهۆی ئەو ئادائە تایبەتەی لە تەرحكردنی مەسەلە نەتەوەییەكەی بەشێوەیەكی كورت و پوخت و بەسوود بەعەبدولناسر و لەچوارچێوەی برایەتی كورد و عەرەبەدا پێشكەشی كرد، بەوەش دۆزەكەی كە دۆزی كوردە پاڵپشتی عەبدولناسری بەدەستهێنا كە بەدەمی سەبارەت بەو دیدارەی لەگەڵ تاڵەبانیدا لە نامەیەكدا بۆ موشیر عەبدولحەكیم عامری نارد لەیەمەن و محەمەد حەسەنێن هەیكەل وێنە دەستییەكەی لە كتێبی «سنوات الغلیان» بڵاوكردەوە، عەبدولناسر لە بارەی دیدارەكەی لەگەڵ «مام جەلال» وەكو نوێنەری بارزانی و فوئاد عارفی وەزیری عیراق دەڵێت: سەبارەت بە كوردەكان كە یەكێكیان وەزیر و ئەوی تریان، نوێنەری بارزانی بوو، ئەوا داوایان كرد بەشێوەیەكی جیا لەوفدی عیراق چاوم پێیان بكەوێـت، وەفدی عیراقیش بەوە رازی بوون،  لە دیدارەكەدا پێیان وتم، ئەوان بڕوایان بە هیچ بەڵێنێكی حكومەتی عیراق نییە، ئەگەر من گرەنتی جێ بەجێكردنیان پێ نەدەم، ئەوان داوای حوكمی زاتی دەكەن و شەڕیان دژی سوپای عیراق راگرتووە دوای شۆڕشی 1963 و چەندین بەڵێنیان لە دەسەڵاتی تازە وەرگرتووە بەڵام وادیارە حكومەت خۆی دەدزێتەوە لەبەڵێنەكان پێیان...لاپەڕە 933.


چەسپاندنی رۆڵی مام جەلال و متمانەی لای حزب
ئەوەی زیاتر رۆڵی مام جەلالی چەسپاند لەو دیدار و گفتوگۆیانەدا، جگە لە توانای كەسێتی و پێگەی حزبی، متمانەی بارزانی و متمانەی كۆنگرەی كوردی فراوانی كۆیە بوو بەو كە لە 18-22/3/1963 بەسترا،  تێیدا مام جەلال تەخویل كرا بە نوێنەرایەتیكردنی گەلی كورد بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و هەروەها تەكلیف كرا بەسەرۆكایەتی وەفدی كورد لە گفتوگۆكانی یەكێتی سێینەی كە لە قاهیرە بەڕێوەدەچوو، ئەوەبوو زیاتر لە دوو هەزار ئەندامی حزب ئامادەی كۆنگرەی كۆیە بوون و لە هەموو ناوچەكانی كوردستانی عیراقەوە، بە زۆرینەی هۆز و سەندیكا و رێكخراوە میللییە كوردی و هەروەها تایفە ئاینییەكانەوە، لەم رووەوە مونزیر موسڵی لە كتێبی «بەعس و كورددا» دەڵێـت: دانیشتنەكانی كۆنگرەی كۆیە لەلایەن جەلال تاڵەبانی جێگری سەرۆكەوە بەڕێوەدەبرا، كە راپۆرتێكی تێروتەسەلی پێشكەشكرد سەبارەت بەبارودۆخی سیاسی و سەربازیی، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی ئەو بارودۆخەوە كرا، لە كۆنگرەكەشدا لیژنەیەكی 35 كەسی هەڵبژێردرا كە نوێنەری ناوچەكان بوون، بۆ ئامادەكردنی پێشنیار و راسپاردە كە دواتر لە لایەن كۆنگرەوە رەزامەندی لەسەر درا، بڕیاریش درا كە مەلا مستەفا نامەیەكی سوپاسگوزاری ئاراستەی حكومەتی مەركەزی بكات لەبەغدا لەبەر داننانی بە داواكارییەكانی كورد، ئەمە چ جای ئەوەی وەفدێكیش پێكهێنرا لە 14 ئەندامی حزب بەسەرۆكایەتی مام جەلال بۆ دانوستان لەگەڵ حكومەتی عیراقدا».

نوێنەرایەتی كورد لە عیراق
بەمجۆرەش مام جەلال لەدوای كۆنگرەی كۆیەوە، بەشێوەیەكی رەسمی نوێنەرایەتی رای یەكگرتووی كوردی دەكرد و ئەو رۆڵەشی بە زیرەكی و لێهاتوویی بینی لە هاوكیشەی ململانێی نێوان ناسری و بەعسییەكان، ئەوەش لەكاتی دانوستانە چارەنووسازەكەی لەگەڵ حكومەتی عیراق و هەروەها لە كاتی بەشداری كارای لە گفتوگۆكانی یەكگرتنی سێینە كە لە قاهیرە دەستیپێكرد، لە 14/4/1963دا، هەر ئەم رۆڵەش بوو كە وای لە تالیب شەبیب ی وەزیری دەرەوەی ئەوكاتی عیراق كرد لە كتێبەكەیدا بەناوی «مراجعات فی ژاكرە گالب شبیب»، جەخت لەوە بكاتەوە كە:» جەلال تاڵەبانی لە ئەركەكەیدا سەركەوت و توانی رەزامەندی ئێمەو مەلا مستەفا بارزانیش پێكەوە بەدەستبهێنێـت».

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket