riklam

مام لە شام

بیروڕا 10:22 AM - 2023-04-02
عەلی شەمدین

عەلی شەمدین

عەلی شەمدین

 

لە شامەوە بۆ شام

 

شام لە نیوەی دووەمی پەنجاكانی سەدەی رابردوودا، یەكەم سەكۆی مێژوویی بوو كە مام جەلال خەباتی خۆی لەوێوە بەرەو جیهانی دەرەوە دەستپێكرد، هەروەها كەسایەتی كاریزماییشی كەمە كەمە لەوێوە دروستبوو و پێگەیشت، هەروەها شارەزایی لەڕووی دیپلۆماسییەوە دەركەوت، تواناكانی وەكو سەركردەیەك بە روونی بەرچاوكەوت، ئەمە چ جای وزە و توانای لەڕووی داهێنان و دەستپێشخەرییە بنیاتنەرەكانییەوە، ئەوەش وایكرد بێتەپێش لەبەردەم رای گشتی، وەكو نوێنەرێكی بە توانای گەلێكی ستەملێكراو و بەرگریكارێكی سەرسەختی مەسەلەیەكی رەوا.



لە شامەوە بۆ جیهانی دەرەوە
مام جەلال لە 1955دا بۆ یەكەمجار لە شامەوە دەستی بە چالاكی و كاركردن كرد لە دەرەوەی ناوچەكە، كاتێك سەركردایەتی وەفدێكی كرد كە نوێنەرایەتی خوێندكاران و لاوانی كوردستانی عیراقی دەكرد لە فێستیڤاڵی خوێندكاران و لاوانی جیهان لە وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا، هەرچەندە ئەو هێشتا گەنجێكی تەمەن 22 ساڵان بوو، لەگەڵ ئەوەی چەندین ئاستەنگیشی هاتەپێش لەلایەن لیژنەی ئامادەكارەوە لە شام و هەموو ئەو كێشانەی بۆی دروستبوو، بەهۆی بارودۆخی ئەمنی لە عیراق و نەبوونی دیكۆمێنتی رەسمی حكومی و ئەو تەحەددی و گرفتانەی روبەڕووی بۆوە لەلایەن هەردوو وەفدی سوریا و عیراق كە حزبی شیوعی سەركردایەتی دەكردن، زۆر توند دژی بەشداریی وەفدی كوردستانی عیراق بوون سەربەخۆ و جیا لە وەفدی عیراق بەشداربێت، ئەوا مام جەلال هەر خۆی گەیاندە وارشۆ.

تەسلیم نەبوون
مام جەلال و وەفدی كوردستان تەسلیمی ئەو عەقڵییەتە كۆسمۆپۆلیتییە نەبوون كە دژی بەشداریی سەربەخۆی كورد بوون لە فێستیڤاڵەكەدا، هەرچەند شیوعییە كوردەكانیش لە نێو هەردوو وەفدی سوریا و عیراقدا  هەبوون، بەڵام مام بە پێچەوانەوە بەردەوام بوو لە بەرگریكردن لە ناسنامەی نەتەوەیی وەفدەكەی لەو فێستیڤاڵە گرنگە نێودەوڵەتییەدا و توانیشی لەگەڵ لیژنەی ئامادەكاردا بگات بە رێگاچەرەیەكی مامناوەندی، كە ئەویش سەرپشككردنی وەفدی كورد بوو بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ وەفدی وڵاتانی جیهان لە فێستیڤاڵەكەدا و ناساندنی مەسەلەی كورد بەوان و بەڕێوەبردنی چالاكیی سیاسی و هونەری  بە شێوەیەكی سەربەخۆ بەناوی وەفدی «یەكێتی لاوان و خوێندكارانی كوردستان»ەوە.

دەركەوتنی مام وەكو كاریزمایەك
مام جەلال لە فێستیڤاڵەكەدا وەكو كەسایەتییەكی كاریزمایی سیاسیی لەبەردەم وەفدە بەشداربووەكاندا دەركەوت، هەروەها وەكو نوێنەرێكی دەركەوتووی دیپلۆماسی توانی سەربكەوێت لە نوێنەرایەتیكردنی گەلی كورد كە بەدەست هەموو جۆرەكانی ستەم و زوڵم و سەركوتكردنەوە دەیناڵاند، مام جەلال هەروەها خۆی وەكو پارێزەرێكی شایستە بۆ بەرگریكردن لە رەوایی مەسەلەی نەتەوەیی كورد پێشكەش بە بەشداربووانی فێستیڤاڵەكە كرد، رەنگە ئەو كۆڕە سیاسییەی مام جەلال و وەفدەكەی رێكیانخست لە پەراوێزی فێستیڤاڵەكەدا ئەو بۆمبە رۆژنامەوانییە گرنگە بووبێت كە مام تەقاندی لەو قۆناغە مێژووییەدا كە كورد پەراوێزخرابوو و دانی پێدا نەدەنرا لەلایەن رژێمە شۆڤێنی و رەگەزپەرستەكانەوە،  كە دڕندانە سەركوتی گەلی كورد و بزووتنەوەی رزگاریخوازی ئەم گەلەیان دەكرد، هەمان ئەو رژێمانەی سەربە بەرەی «سۆشیالیستی و سەرمایەداری» بوون، ئەوەش وایكردبوو ئەو بەرەیە بێدەنگ بێت لە ئاست ئەمجۆرە لە مەسەلەی نەتەوەیی لە جیهاندا، گوایە مەسەلەی ناوخۆیی وڵاتانن.

نازم حیكمەتی شاعیری پێشكەوتنخواز
لە كۆڕەكەی مام جەلال و وەفدی كوردستاندا، داوەتنامە ئاراستەی نوێنەری وەفدەكانی «سۆڤێت، چین، وڵاتانی عەرەبی، ئێران، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، هیندستان، ئەندۆنیسیا» كرا، هەروەها شاعیری پێشكەوتنخوازی گەورەی تورك نازم حیكمەتیش بانگهێشت كرابوو، كە ئەوكات تازە لە زیندان هەڵهاتبوو، ببوو بە كەسایەتییەكی پێشكەوتنخوازی ناودار لە جیهاندا.

مام جەلال كۆڕەكەی بە وتەیەكی كاریگەر سەبارەت بە گەلی كورد و  مەسەلە نەتەوەییەكەی دەستپێكرد، تێیدا باسی لە شێوازە جیاجیاكانی سەركوتی نەتەوەیی كورد كرد لەلایەن رژێمە دیكتاتۆرییەكانەوە بەمەبەستی لەناوبردنی ئەم گەلە، لە كۆڕەكەدا مام داوای لە وەفدە بەشداربووەكان كرد، پاڵپشتی لە مەسەلەی گەلی كورد بكەن كە رووبەڕووی كوشتن و لەناوبردن دەبۆوە، لە كۆتایی وتەكەشیدا مام جەلال سوپاسی ئامادەبووانی كرد بەتایبەتی نازم حیكمەت، لەسەر سەكۆكەشەوە داوای لێكرد بفەرموێت و وتەیەك پێشكەش بكات سەبارەت بەو زوڵم و ستەمەی لە كورد دەكرێـت، هەروەكو مام جەلال لە كتێبی بیرەوەرییەكانیدا باسی دەكات، نازم حیكمەت وتەكەی بەم وەسێتە مێژووییە كاریگەرە كۆتایی پێهێناوە، «سوپاسی گەنجانی كورد دەكەم بۆ داوەتكردنم بۆ ئەم كۆبوونەوەیە، تكایەكیشم هەیە كە بەهیوام بێتە دی، ئەویش ئەوەیە هەر رۆژێك ئاڵای كوردستانی سەربەخۆ هەڵكرا، داوەتم بكەن بۆئەوەی بەشداربم لەگەڵتاندا لەو بۆنەیەدا».

كاریگەریی وتەكەی حیكمەت
گومانی تێدا نییە، وتەكەی نازم حیكمەت، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر وتەی وەفدەكانی تری بەشداربووی كۆڕەكە بەجێهیشت و ئەوانیش پاڵپشتی خۆیان بۆ خەباتی گەلی كورد و مافی ئەم گەلە لە دیاریكردنی چارەنووسی خۆی كردەوە.

 

مام جەلال هەروەها لە بیرەوەریەكانیدا دەڵێت: بەشداریی نازم حیكمەت لە كۆڕەكەدا هەڵوێست و لاكردنەوەیەكی گەورە بوو بەلای ئێمەدا، چونكە لەوكاتەدا زۆركەس تامەزرۆ بوو تەنها چاوی پێی بكەوێت و ئیمزایەكی وەربگرێت، بۆ شانازی، چونكە حیكمەت لە كۆڕەكەدا وتی: مافی چارەی خۆنووسین مافێكی سروشتی گەلی كوردە و دەبێت وەكو هەموو نەتەوە و گەلانی تری جیهان لەم سەردەمەدا مافەكانی خۆیان هەبێت».

 

بەو جۆرەش كەشوهەوای فێستیڤاڵەكە بە تەواوی لە بەرژەوەندی وەفدی كورد تەواوبوو، مام جەلال-یش لەو رووەوە دەڵێـت:  «دوای ئەو كۆبوونەوەیە، سەرۆكی وەفدی چین هاتە لامان و وتی: ئێمە بەناوی 120 ملیۆن گەنجی چینەوە، پاڵپشتی خۆمان بۆ خەباتی گەلەكەتان بۆ رزگاری و سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین رادەگەیەنین»، دوای ئەوەش وەفدی چین داوەتنامەیەكیان ئاراستەی مام جەلال كرد بۆ سەردانیكردنی وڵاتەكەیان، داوەتەكەش تەنها ئاراستەی دوو كەسایەتی كرا لە عیراق، یەكەمیان كەسایەتییەكی سەربە یەكێتیی لاوانی دیموكراسی عیراق و ئەوی تریان بۆ مام جەلال لە یەكێتی لاوانی كوردستان،   مام جەلال لە سەردانەكەیدا بۆ چین و لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماوەی دوو هەفتە لە مۆسكۆ مایەوە و هەوڵیدا چاوی بە مەلا مستەفا بارزانی و هاوڕێیانی بكەوێت، بەڵام هەوڵەكەی بێ ئەنجام بوو،  هەرچەند لە رادیۆی مۆسكۆوە هێرشی كردە سەر پڕۆژە كۆڵۆنیالییەكان كە حكومەتی پاشایەتی عیراق هەوڵی بۆ دەدا لە رێگەی دروستكردنی هاوپەیمانی و كۆنگرەی نێودەوڵەتییەوە.

 

لە دوای مۆسكۆ و پەكینیش مام جەلال گەڕایەوە بۆ شام، ئامادەكاریی دەستپێكردەوە بۆ هەڵمەت و چالاكی نوێ بۆ بەرگری لە دۆزی گەلەكەی.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket