riklam

‎عیراق دوای 20 ساڵ لە روخانی سەدام

بیروڕا 05:51 PM - 2023-03-22
سەروەر بەرزنجی

سەروەر بەرزنجی

سەروەر بەرزنجی

‎ 20 ساڵ بەسەر پڕۆسەی داگیركردنی عیراقدا تێپەڕی كە ھاوپەیمانان ناویان نا پڕۆسەی ئازادكردنی عیراق.

20 ساڵ لەمەو بەر لە رۆژی 20-3-2003، ئەمریكا بڕیاریدا ھێرشی سەربازی بكاتە سەر رژێمی دیكتاتۆری سەدام حسێن كەساڵانێكی زۆر پشتیوانی رژێمەكەی سەدام حسێن بوو بەتایبەت بەدرێژایی ھەشت ساڵەی جەنگی نێوان عیراق و ئێران.

‎دوای ئەوەی لەیانزەی سێپتەمبەری ساڵی 2001 دا، ژمارەیەك فڕۆكە ھێرشیان كردە سەر  دوو تاوەری بازرگانی نیویۆرك لە ئەمەریكا، ھێرشەكە بوو بەھۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆری ئەمەریكی و دەنگدانەوەیەكی گەورەی لەسەر ئاستی جیھان لێكەوتەوە.

‎پاش رووداوەكە رێخراوی قاعیدە بەسەركردایەتی ئوسامە بن لادن بەرپرسیارێتی ھێرشەكانی گرتە ئەستۆ.

‎لەڕۆژی 18 سێپتەمبەری 2001 یەك ھەفتە دوای ھێرشەكە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بەكۆی 420 دەنگی بەڵێ و یەك دەنگی نەخێرو 98 دەنگی كۆنگرێس بڕیاری جەنگێكی كراوە درا دژی تیرۆر و جەنگەكەش لەلایەن جۆرج بوشەوە بە جەنگێكی درێژخایەن و دوور مەودا ناسێنرا دوای ھێرش كردنە سەر ئەفغانستان و كۆتایی ھێنان بە حكومەتی تاڵیبان جەنگەكە كۆتایی نەھات،

‎وێزگەی دووەمی جەنگی ئەمەریكا بەرامبەر تیرۆر بیانوویەكی باشیش بوو بۆ ئەمەریكا تا كۆتایی بە رژێمی سەدام بێنن و دەستبخەنە ناو عیراق و لەوێشەوە زیاتر دەست بخەنە ناو وڵاتانی تری ناوچەكەو بەربەرەكانی نەیارەكانیان بكەن، تا ھەموو ئەو دەنگۆیانەی بەر لە ھێرش كردنە سەر عیراق لەلایەن ئیدارەی ئەو كاتی ئەمەریكاوە بانگەشەیان بۆ دەكرا درۆیەكی گەورەبوو دواتریش پاش چەند ساڵێك ئەمە بوو بەڕاستی كە بانگەشەكانی رەوایەتیان دایە ھێرش كردنە سەر عیراق ھەڵەبوون.

‎دوای ئەوەی ماوەیەكی زۆر كەم كە لەمانگێك تێپەڕی نەكرد، رژێمی سەدام حسێن بەتەواوەتی كەوت و كۆتایی بە یەكێك لە دیكتاتۆرە گەورەكانی مێژووی مرۆڤایەتی ھێنرا، كە كۆمەڵێك تاوانی زۆر گەورەی دەرھەق بە پێكھاتەكانی عیراق كرد بەتایبەت بەرامبەر گەلی كورد.

‎ساڵێك دوای كەوتنی رژێمی سەدام

‎دوای ساڵێك لەكەوتنی سەدام شەڕێكی خوێناوی تایفی عیراقی گرتەوە لە نێوان شیعەو سونە كە بوو بەھۆی زیاتر وێرانكردنی عیراق و كوژرانی ژمارەیەكی زۆر خەڵكی عیراقی لێ كەوتەوە.

‎گەلی عیراق بە ھەموو پێكھاتەكانییەوە ھیوای گەورەیان لەسەر ئەوە ھەڵچنیبوو لە ئەگەری رووخانی رژێمی سەدام كۆتایی بە ھەموو نەھامەتییەكانی عیراقییەكان بێت، بەڵام دەستپێكردنی یەكەم شەڕی تایفی دوای كەوتنی سەدام ئەو خەونەی پووچەڵ كردەوە.

‎رۆڵی یەكێتی و مام جەلال لەپڕۆسەی روخانی رژێم

‎یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە درێژایی مێژووی دروست بوونی خەباتێكی گەورەی كرد بۆ ئازادی گەلی كورد لە دەست رژێمی فاشی سەدام حسێن و لەو پێناوەش ھەزاران قوربانی  داوە.

‎تەنانەت لەساڵانی دوای دەست بەكاربوونی سەدام، سەرۆك مام جەلال چەندین وڵاتی دونیا گەڕاوە بۆ ئەوەی پشتیوانی بۆ گەلی كورد دژی سەدام بەدەست بھێنێت.
‎لە راپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991 یەكێتی رۆڵی گەورە و سەرەكی گێڕا بۆ رزگار بوونی گەلی كورد لەدەستی رژێمی سەدام، لەوپێناوەش قوربانی زۆریدا، بەڵام دەرەنجامێكی گەورەی بەدەست ھێناو كیانی ھەرێمی لێ بەرھەم ھات و بۆیەكەم جار لە مێژووی عیراق كورد كیانێكی سەربەخۆی بەرھەم ھێناو خۆمان بووینە بەڕێوبەری كیانەكە كە بە ھەرێمی كوردستان ناسرا.

‎بەرلەوەی بڕیاری ھێرش كردنە سەر عیراق بدرێت سەرۆك مام جەلال ئاماژەی بەوە كردووە كە روداوی گەورە لە عیراق و ناوچەكە روو دەدەن.
‎لەپڕۆسەی ھێرش كردنە سەر عیراق یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رۆڵی گەورەی گێڕاو ھەموو ئەو قۆڵانەی یەكێتی تێیدا باڵا دەست بوو سەركەوتنی گەورە بەدەست ھات و جارێكی تر كەركوك رزگاركرایەوە، ھەروەك چۆن لەڕاپەڕینە مەزنەكەی بەھاری 1991 بۆ یەكەم جار لەسەردەستی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئازاد كرا.

‎دوای كەوتنی رژێمەكەی سەدامیش سەرۆك مام جەلال وەك رابەرێكی گەورەی كورد رۆڵی مێژوویی گێڕا لە پرۆسەی بونیات نانەوەی عیراق و سەركردایەتی ئەنجومەنی حوكمی ئەوكاتەی كرد و ھەموو پێكھاتەو ھێزەكانی لەو ئەنجوومەنەدا كۆكردوە.

‎واتا یەكێتی بەڕابەرایەتی سەرۆك مام جەلال توانی رۆڵی گەورەی لە دروست بوونەوەی عیراق ببینێت و تەنانەت یەكێتی رۆڵی گەورەی گێڕا لە داڕشتنی دەستوری عیراق، سەرۆك مام جەلالیش دوو خول بۆ سەرۆكایەتی عیراق دیاری كراو رۆڵی سەرۆك مام جەلال  بوو بەھۆی ئەوەی ھەموو نەیارانی یەكتر لە عیراق ھەمیشە رێز لە كاریزمابوونی ئەو سەرۆكە بگرن و ھەمیشە كاتێ كێشەكان دەگەیشتنە ئاستی قوڵ سەرۆك مام جەلال گرفتەكانی خاو دەكردنەوەو ھەموویانی دەخستە سەر مێزی ئاشتی و گفتوو گۆ، ھەر بۆیە شەرەفی نازناوی سەمامی عیراقی پێ بەخشرا دوای گیان ئاوایی سەرۆك مام جەلال بۆشایی ئەو بەتەواوی دیارە.

‎ئێستای عیراق دوای 20 ساڵ لەكەوتنی رژێمەكەی سەدام

‎دوای 20  ساڵ لەكەوتنی سەدام عیراقییەكان نەگەیشتوونەتە كەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی و ھەموو خەونەكانیان بۆ گەیشتن بە ئارامی بوەتە خەون و خەیاڵ.
‎دوای شەڕی تایفی و ماڵوێرانیەكی زۆر لەو شەڕە.

‎ھاتنی داعش  ماڵوێرانییەكی گەورەتری خستە سەر ژیانی ھەموو عیراقییەكان و زیانی گەورەی گیانی بۆ ئەم وڵاتە پێوە بوو، زیانی گەورەشی لە ژێرخانی ئابوری عیراقدا بەجۆرێك تا ئەم كاتەش دیمەنی كاولكاری داعش بەو ناوچانەوە دیارە كە داعش تێیدا باڵا دەست بوو.

‎تا ئەم كاتەش ئاڵۆزیەكی بەردەوام لەعیراق ھەیە بەجۆرێك عیراق سیادەی خۆی لەدەست داوەو وڵاتانی ئیقلیمی بەتەواوەتی بڕیار لە عیراق دەدەن بۆ ھەموو شتەكان.
‎ھەمیشە عیراق لەبەردەم ھاتنی گروپی تازەی تیرۆرستی ھاوشێوەی داعش دایەو تەنانەت ئێستا بۆتە جێگەی شەڕی ناڕاستەوخۆی ئەمەریكاو نەیارەكانی كە قەیرانێكی گەورەی لە دراوی عیراق دروست كردووە، ئەمەش بوەتە بارگرانییەكی گەورە بۆ خەڵكی ئەم وڵاتە.

‎دوای 20 ساڵ عیراقییەكان ھەر لەنائارامیی و دڵەڕاوكێدان

 
‎كەواتەڕاستە عیراقییەكان لە دیكتاتۆریەكی گەورە رزگاریان بوو بەڵام نەگەیشتن بەو خەونانەی ھەیانبوو بۆ ئارامی و عیراقێكی خۆش گوزەران.
‎ئاسۆی عیراقیش ناڕوونە بەجۆرێك كەس نازانێت بەھۆی بەربەرەكانی ھێزەكانەوە بەرەو كوێ دەڕوات؟؟

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket