riklam

کاتی ئەوەنیە بە یەکسانی بژین ؟

بیروڕا 08:18 PM - 2023-03-07
دارەوان حاجی حامد

دارەوان حاجی حامد

دارەوان حاجی حامید - پاریس.

ئەمساڵیش لە ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان بە لیستێکی خەمناکەوە ماڵئاوایی لە ٢٠٢٢ کرا ، کە لەلایەن دامەزراوەکانی چاودێری بارودۆخی ژنانەوە لە جیهاندا تراژیدیای بەردەوامی توندوتیژی دژی ژنان ، دەستدرێژی بە هەموو جۆرەکانیەو ، ناهاوتایی و پێشێلکردنی مافەکانیان  لەسەراپای جیهاندا بەتایبەتی لە جیهانە دواکەوتوو ژێر دەستەی دەسەڵاتە نەریتی و دیکتاتۆری و ئایینی و پیاوسالاریەکاندا نیشاندا، کە هێشتا ئەم نیوەیەی مرۆڤایەتی زۆر دوورە لە ژیانی  نیوەکەی دیکەی.                        

ئەو لیستەی پێمان ئەڵێت:

* ڕۆژانە ٦٠٣ ملیۆن ژن  لە هەندێک وڵاتی جیهاندا تووشی ئەشکەنجەو لێدان و سوکایەتی ئەبنەوە کە لەو وڵاتانەدا توندو تیژی دژی ژنان (تاوان) نییە.

* ٧٠٠ ملیۆن کچ لە جیهاندا پێش تەمەنی شانزە ساڵی بە شوودراون .

* ١٣٠ ملیۆن کچ لە جیهاندا خەتەنە کراون .
*لەهەر دە ژنێک، لانی کەم یەکێکیان لە جیهاندا ڕووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی بۆتەوە.

*ساڵانە زیاتر لە پێنج هەزار ژن بە تاوانی شەرەف ئەکوژرێن .
* لە پانزە وڵاتی جیهان ژنان بەبێ ڕەزامەندی باوک یان مێرد  بۆیان نییە نە کار بکەن نە سەفەر.
* لە حەفتاو نۆ وڵاتی جیهان هێشتا ژنان لە ڕووی کارو موچەوە لەگەڵ پیاوان هاوتا نین و مافی هەموو کارێکیان نییە.

*  زیاتر لە ٤٥ ملیۆن ژنی لەشفرۆش لە جیهاندا هەن کە زۆربەیان تەمەنیان لە نێوان سیانزە تا بیستوپێنج ساڵدایە.

* لەو کۆمەڵگایانەدا کە بەر هێرشی تیرۆریستانەی هێزە ئیسلامیە جیهادیەکان کەوتوون، ژنان قوربانی یەکەمن و جگە لە کوشتنیان ئەکرێنە بابەتی کۆیلایەتی و فرۆشتن و دەستدرێژی بەردەوامی سێکسی.

 نیوەی کۆمەڵ و دایک و پەروەردگاری نیوەکەی دیکەش، کە تاکە خواست و پرسیاری لە پیاو ئەوەیە کەی ئەمیش ئەبێتە خاوەنی جەستەی خۆی ؟ دوای سێ سەدو شەستوچوار ڕۆژ لە ماندوویی پێنەزانراوو لەبیرکراوی نیوەکەی دی ، هەرگیز یەکسان نەبوونیان بە پیاو، لە ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان چیان لە پیاوان خواست و بە چ ئومێدەکەوە چاوەروانی ساڵێکی نوێیان لێ ئەکەن ؟.

ژنان بێ ئومێدن کە پیاوان  پاش چەندین سەدەی  پێکەوە بنیاتنانی  شارستانیەتی مرۆڤ ، لە داوا سادەکانی ناخیان بگەن، کە ببنە هاوڕێی ڕاستەقینەی ژیان و بنیاتنەری هاوبەشی  خێزانەکانیان و خەم و ئارەزووەکانیان ، ئەو پیاوانەی کە جگە لە و ساتانەی شەو نەبێت کە بەتەنیشت هاوژینەکانیانەوە (ڕاستتر ژنەکانیانەوە)  پرخەیان دێت،  ساتەکانی دی ژیانیان لە دەرەوەی جیهانی هاوژینەکانیانەوە بەسەرئەبەن ، تەنانەت لەو تاکە ڕۆژەشدا پیاوەتیان لە عەرشی باڵادەستی بەسەر نیوە قوربانیەکەوە تا ئەو ئاستە دانەبەزێت کە دان بە سێسەدو شەستو چوار ڕۆژی تەنیایی و ناهاوتایی و چەوساندنەوەی ژناندا نانێن،
 بۆیە ژنان چیرۆکی بە قوربانی بوون و هەتککردنی جەستەی لێسەندراویان لە ڕۆژی مافەکانیدا بە تەنافی تاوانەکانی نیوە نێرینەکەدا هەڵئەواسن ، بێ ئەوەی چاوەڕوانی و ئومێدی باشبوونی ژیانیان لە کۆمەڵگەیەکی جیهانی ژێر دەستی پیاواندا بکەن .

ژنان هەموو ساڵێک هەر ئەوەندەیان پێ ئەکرێت کە بیری باوک و براو هاوسەر و مام و خزم و ئەو نیوە باڵادەستە بخەنەوە ، بۆچی لەسەرەتای مرۆڤایەتیەوە بەرگی نیوەیەکی پێشێلکراو و چەوسێنراوەی بە ژنان بەخشیوە ؟ وەک ئەوەی ژیان لە گوناهێکەوە دەستی پێکردبێت کە مرۆڤی لە بەهەشتەکەی خوداوە فڕێ دایە سەر زەوی و تیایدا مێژووییەکی مرۆڤایەتی نووسیەوە کە بە چەوساندنەوەو سەرزەنشتکردنی نیوە مێینەکەی دەستی پێکرد.                   

پیاوان مێژووی کوشتارو تراژیدیاکانیان خوڵقاندوو ژنانیش قوربانی سەرەکی بوون .
پیاوان خوڵقێنەری ئایینەکان بوون کە غەزەب و نەفرەتیان بە نیوە وونبووەکەی خۆیان بەخشیوە لە سەرقاڵی بەیاننامەی حزب و رابەرە سیاسیەکان بە یادی ڕۆژانی ڕاپەڕین کە ئەزمونێکی شکستخواردوو ئاسۆ نادیاری پێبەخشین ، لە شەڕی بێهودەی دژایەتی یەکێتری و برسی کردنی خەڵکدا ، لە پشت بانگەوازی کۆنفرانسە قەشەنگەکانی فێمینستە ناسکەکانی ئۆتێلە پێنج ئەستێرەکان و شاگەشکە بوون بە بزرکردنی خواستی سادەی ژنان لە هەڵگرتنی شەرەفی چەکی شەڕڤانی و گەریلایی و گواستنەوەی موڵکایەتی جەستەیان لە پیاوەوە بۆ مەسەلەو ئایدیۆلژیایەک کە هەر لە بنەڕەتەوە ژن بوونیان ئەکوژێت ، ژنانی کورد  چۆن ئەو ڕۆژەیان بەڕێ کردو لەو جەنجاڵیەدا چەند ژنی دی بە بێ دەنگی و بێ سزا کوژران و ئەشکەنجە دران و کەرامەتیان ڕوشێنراو سادەترین مافی ژیانیان لێ سەندراوەتەوە ؟                 

ژنانێک کە لە جیاتی خەون بە بوون بەشەڕڤان و گەریلاو چەکەوە ببینن ژیانیان وا جوانتر ئەکرد کە خەون بە خاوەندارێتی بوونی جەستەی خۆیانەوە ببینن وئەو موڵکایەتیە لە کۆمەڵگەو پیاوان بسەننەوە ، چونکە هیچ ئازادییەک لە ئازادبوونی جەستە زیاتر مانایەکی نییە بۆ ژن.                                                                                                  
 دروشمی خۆپێشاندانی بزووتنەوە فێمینستەکانی فەرەنسا لە شەستەکاندا ( جەستەم موڵکی خۆمە ) بوو، بەڵام هێشتا دیارە ژنان لە جیهاندا دوورن لەوەی کە جەستەیان موڵکی کۆمەڵ نەبێت ، بە تایبەتیش ژنانی کورد لە فەزای جیهانێکی دیدا ئەژین کە تیایدا ئێمەی پیاوانیش زۆر دوورین لەوەی ئیرادەی ئازادکردنی  جەستەی ژنانمان هەبێت و ئەو موڵكەیان پێ بدەینەوە ،چ نەبێت با لێگەرێین بە برینداری بە تەنافی کەرامەت و پیاوەتی ئیمەدا هەلیواسن و خوێنی لێبچۆرێت.                      

بۆیە لە ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان، بە پیاوان دەڵێم کە هەزار ساڵە ئێمەی پیاو ژنان ئەچەوسێنینەوە، ئایا کاتی ئەوەنیە دوای سەد ساڵ چەوسانەوە لەگەڵ ژنان بە یەکسانی بژین ؟ یان لانی کەم  پارێزگاری لە خۆیان بکەن ؟ لە ڕۆژی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان سڵاو دەنێرم بۆ كچه‌ ئازا و ئازاده‌كانی كوردستان، له‌ پێشمه‌رگه‌ و فیداكاره‌كانیان، دڵنیام کە دەتوانن شان به‌شانی رۆڵه‌ به‌جه‌رگه‌كانی ئه‌م گه‌له‌، به‌ زیندووێتی و كارایی و هه‌ست و نه‌ستی به‌رزی خۆیان، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی داهێنه‌ر، پڕ له‌ گه‌شه‌ و، نیشتمانێكیی زیندوو، ئاوه‌دان و ئازاد بۆ کوردستان و هەرێمی کوردستان به‌رهه‌م بێنن.

 

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket