riklam

قۆرخکردنی میدیا

بیروڕا 11:38 PM - 2023-02-07
کاروان سامان

کاروان سامان

‎نووسینی... کاروان سامان

‎قۆرخکاری لە میدیا دا  بابەتێکی نوێ نیە لەجیهاندا و هەر لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی کاری رۆژنامەوانی و دوای قۆرخکاری ئابووری دەسەڵات نۆرەی قۆرخکردنی میدیا دێت.

‎لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ئەوکاتەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن و پێنەدانی زانیاری و رۆڵپێدان بە کۆمەڵێک میدیای دیاری کراو، دەرەقەتی هۆشیاری تاک و رۆژنامەنووس و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا نایەت، ئیتر  رێگای ئەلیکترۆنی بۆ سانسۆر خستنە سەر میدیاکان و  ناچالاککردن و داخستنیان دەبێتە سزایەکی نوێ بۆ کارکردنیان بە پێچەوانەی ئاراستە و بەرژەوەندی تایبەت، بە ناوی رێکخستنی میدیای ئەلیکترۆنیەوە.

‎ پاشان ئاراستەکردنی کۆمەڵێکی تر لە میدیا بۆ گۆڕینی رای گشتی لەسەر پرسێک لە قازانجی دەسەڵات یان لایەنێکی دەسەڵاتدار لە حکومەت دێتە ئاراوە، دەکرێت بڵیێن  دیکتاتۆرییەتێکی مۆدێرن بە بەرگێکی دیموکراسیەوە بەتوندی کار لەسەر رای گشتی ئەکات و میدیا بەتەواوی قۆرخدەکات لە بەرژەوەندی تەنها یەک لایەن و دەستە.
‎ ‏
‎لە کۆندا قۆرخکاری بریتی بووە لە پێدانی زانیاری و هەواڵی ئامادەکراو بە ئامانجێکی دیاریکراو بە کەناڵ و میدیایەکی سنوردار بۆ گۆڕینی رای گشتی لەسەر پرسێکی دیاری کراو، کە هەمیشە بەشێک بوون لە پەردەپۆشکردن و بە لاڕێدا بردنی کەیس و بابەتەکان، ئەمە جگە لە  ترس و تۆقاندن و گرتن و هەڕەشە لە  میدیاکاران، لە لایەکی ترەوە  سنوردارکردنی روماڵ کردن لە کۆمەڵێکی تری میدیا، بەشداری پێنەکردن و رێگری کردن لە کارکردنیان.

‎لەئێستادا خێراترین و کاریگەرترین جۆری میدیا میدیای ئەلیکترۆنییە، لە هەرێمی کوردستانیش لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان بێسنور پێگەی ئەلیکترۆنی هەن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کۆنترۆڵکردن و سنوردارکردنی لە ئەرزی واقعدا هەوڵێکی بێ ئەنجام دەبێت، بۆیە رێگای تر گیراوەتە بەر لە ئێستادا کاریگەرییەکانی دەرکەوتوون لە ئایندەیەکی نزیکدا رونتر و زیاتر دەردەکەوێت، ئەویش بەوەرگرتنی رەزامەندی و ناساندنی پێگەکانی حکومەت و چەند پێگەیەکی تری نزیک لە دەسەڵات وەک پێگەیەکی فەرمی لە لای کۆمپانیاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناسێنراون، کە وێنای مۆڵەتی نێودەوڵەتی دەکات بۆ کارکردن کە جێگرەوەی مۆڵەتی کاکردنی دەوڵەتن.

‎بۆیە چیتر دانانی کۆت و بەند و سنوردارکردنی چالاکی و میدیاکانی هەرێمی کوردستان کارێکی هێندە قورس نابێت، دەشکرێت بە بڕیاری رەسمی ئەم هەنگاوانە بۆ سنوردارکردنی توانا و بونی میدیای ئەلیکترۆنی جێبەجێ بکرێت، دواجار قۆرخکردنی میدیای ئەلیکترۆنیش ئاسایی دەبێتەوە و ئاسانتر لەهەر جۆرێکی تری میدیا توانای سانسۆرکردن و لەناوبردنی دەبێت.

‎دەبێت بەگرنگیەوە لە ئاوێتە بوونی سۆشیال میدیا و رای گشتی بڕوانین، ئەمڕۆ گەورەترین جەنگ سۆشیال میدیا دەیکات کاریگەرییەکانی هێندە خێران بوەتە جێگرەوەی جەنگی ئابووری و سەربازی و فکری و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی، کە داهاتووی هەر کیانێک پەیوەستە  پێیانەوە، بۆیە پێویستە خاوەن میدیا ئەلیکترۆنییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەگەر حیزب بن یان حکومەت یان سەرمایەدار، کە خۆیان بە بەشێک لە میدیای خزمەتکاری خەڵک دەزانن، رێکارە رەسمییەکان بگرنە بەر وهەستن بە ناساندنی پێگە و میدیاکانیان لە کۆمپانیاکانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان کە کۆمپانیای نێودەوڵەتین و لەچوارچێوەی سیستمی سەرمایەداریدا بەرژەوەندی خۆیان و دەوڵەتیان لەبەرچاو دەگرن، بۆ ئەوەی لە  کۆت و بەند و سانسۆری نێودەوڵەتی یان هەرێمی کە هەندێک جار  لایەنێکی دیاریکراو پێی هەڵدەستێت، رێسەکەیان لێ نەکاتە خوری.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket