riklam

با ئەمجارەیان هەڵبژاردنێكی بێگەرد بێت!

بیروڕا 02:13 PM - 2023-02-04
عەبدولواحید محەمەد

عەبدولواحید محەمەد

عەبدولواحید محەمەد

دیارە پرۆسەی هەڵبژاردن ستونێكی گرنگی بنیاتنانی سیستەمی دیموكراسیەتە، چەندیش بە شێوەیەكی رێكوپێك بەڕێوەبچێت هاندەر دەبێت، بۆ ئەوەی زیاتر لە بناماكانی كۆمەڵگەیەكی تەندروست نزیك بیتەوە، پێویستە بوترێ لە زۆربەی وڵاتاندا پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن، بەڵام كەمیان هەیە بۆ ئەوەیان بێت، ئەو بنەمایانەی پێویستن بۆ مسۆگەركردن ئێستاو ئایندەی كۆمەڵگەكان بەرجەستەبێت، بە دیوێكیتر ئەوەی دەویسترێت مۆنۆپۆڵكردنی دەسەڵاتە و بەكارهێنانیەتی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی سیاسی یان كەسی یان بنەماڵەیی، بێگومان سود و قازانجی ئابوری و بازرگانیشی بە دواوەدا دێت، لێرەدا پێویستە ئاماژە بە یەك راستی بدەین، هەڵبژاردن ئەگەر بە شێوەیەكی راست و دروست بەڕێوە نەچێت، مەحاڵە كۆمەڵگەش ئۆقرەیی بەخۆوە ببینێت، بە پێچەوانە بەردەوام لە هەوراز و نشێودا دەبێت و روبەڕوی ئالنگاری زۆریش لە هەموو بوارێكەوە دەبێتەوە، نمونەی لەو بابەتە زۆرن ئەوەتا لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی هەڵبژاردن دەكرێت، بە ئاشكرا دیارە نەبۆتە ئامراز بۆ بڕوابوون بە سیستەمەكان و هێمنی و ئارامی گشتی و هەنگاونان بەرەو دیموكراسیەتی راستەقینە ، جێی باسە لە هەرێمی كوردستانیش لە دوای راپەڕینی ئاداری 1991دا، تا هەنوكە پێنج جارهەڵبژاردن كراوە، بەڵام لەبەرئەوەی هەڵبژاردنەكان بە شێوەیەكی رێكو پێك و دوور لە خەوش نەبووە، بۆیە نەبۆتە هۆكاری بڕوابوون بە پڕۆسەكە و بەرجەستەبوونی رێسایەكی  كۆنكریتی لە بەڕێوەبردن، لە زەقترین ئەو خەوشانەی لە هەڵبژاردنەكاندا هەبووە:

1-  نەبوونی سەرژمێریەكی وردی ژمارەی دەنگدەران كە بەردەوام ئەوە جێگەی مشتومڕ بووە .

2-  پاك نەكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە دەنگی زیادە و نادیار، ساڵانە خەڵك كۆچیی دوایی دەكات، دەچێتە دەرەوەی وڵات، كەچی هەر لە ناو تۆمارەكاندا ماون و خراپ سودیان لێوەرگیراوە.

3-  بۆ ئەوەی دەنگی زیادە مسۆگەر بكرێت هەزاران كەسی كوردستانی رۆژئاوا و باكور كارتی دەنگدانیان بۆ دروست كراوە و دەنگیان پێداوە.

4-  بە بەرنامە هەوڵدراوە تەزویر بكرێت، من بۆ خۆم  لە خودی ئەو كەسانەم بیستوە كە چەندین جار دەنگیانداوە بگرە شانازیشیان پێوە كردووە، كەسی وا هەبووە وتویەتی 20 جار دەنگم داوە.

5-  دەست تێوەردانی ئاشكرا لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی كۆتاكان كراوە، بەڕاستی ئەوەیان ناحەقیەكی زەق و گەورەیە بەرامبەر بەو هاووڵاتیانە، لەبەر ئەوەی لە لایەك هەقی شەرعی پێكهاتەكان  پێوە دەخورێت ، لە لایەكیتر دەبێتە هۆكاری لاسەنگ بوونی پرۆسەی سیاسی و لاوازی  بڕوا هێنانی پێكهاتەكان بە بەرخوردی سیاسی و ئیداری  هەرێم.

پێویستە بوترێ ئەو هەموو سەرنج  و تێبینانە، هەموو خەڵك دەیزانێت و هیچیان ئێستا شاراوە نیە ، نیگەرانیەكی زۆریشی لێ دروست بووە، خەریكە بڕوایان بە هەڵبژاردن نەمێنێت، بە بەڵگەی ئەوەی رێژەیەكی زۆری كۆمەڵانی خەڵك ئامادەنین بچنە دەنگدانەوە، وەك گەواهیش بۆ ئەو راستیە ئەم ئامارانەی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەخەینەڕو، لە سەرەتای 2005دا رێژەی بەشداریكردن 59% بووە، لە  كۆتایی2005دا رێژەكە63% بووە،  لە 2010دا رێژەكە بۆ 62% دابەزیوە، لە 2014دا رێژەی دەنگدان بۆ 60% دابەزیوە و لە 2018دا بۆ 44% و لە 2021داش بۆ 40% دابەزیوە ، لە هەرێمی كوردستانیش هەڵبژاردن لە دوای هەڵبژاردن رێژەی دەنگدان كەمتر بۆتەوە لە دوا هەڵبژاردندا رێژەكەی وەك وترا لە دەوروبەری 50% بوو، پێدەچێت لەوە كەمتر بووبێت، ئەو واقیعە  خراپە وایكردووە كە باسی هەڵبژاردن دێتە گۆڕێ، خەڵك بڵێن هەڵبژاردن بۆچیە ؟ ئەگەر پێشوەختە بزانرێت، كێ دەردەچێت و دواجار سیاسەتەكە بە چ ئاراستەیەك دەبێت؟ كێن ئەوانەی خۆیان پێهەڵدەدەن و لاف و گوزاف بەسەر خەڵكیەوە لێدەدەن، من پێموایە تا ئێرە دەبێ بەس بێت، چیتر با عەیبە نەهێنرێتە  سەر ئەم گەلە خێر لە خۆ نەدیوە، كوردستان لە ئەستێرەیەكی دابڕاو نیە تاوەكو كەس كار و كردەوەكان نەبینن، بە پێچەوانە هەرێم لە ژێر زەڕەبینی وڵاتاندایە، زۆر باشیش دەزانن فاوڵی  گەورە  لە پرۆسەكاندا هەبووە، بەڵام بە پشودرێژیەوە مامەڵەیان كردووە و هەلی یەك لە دوای یەكیان  رەخساندووە، وەك تاقیكردنەوە تاوەكو بزانن ، ئایا ئەو هەلانە دەقۆزرێتەوە؟ ئایا بەرژەوەندی باڵای ئەم گەلە لە نێو ئەو هەموو چەڕ و مەنگەنەیە دەپارێزرێ؟، یان هەر بە دوای بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی و قاسە پڕكردنەوەن، وەكو چاودێرێك وای دەبینم خەریكە سەبری ئەوانەی دۆستمان بوون كۆتایی بێت و داری ئەستورمان بەسەردا هەڵبشەقێنن، وای لێبێت خۆزگە بە شانسێكیتر بخوازرێت، بۆیە كاتی ئەوە هاتوە، ئەمجارە هەڵبژاردنێكی بێ  گەرد و بە پێی ستاندارەكان بكرێت، ئیتر كۆمەڵانی خەڵك ئاهێكیان بە بەردا بێتەوە و لەو  هەموو تەنگژەیە رزگاریان بێت و خودی كاركتەرەكانیش لەو تاقیكردنەوەیە بەسەركەوتویی ئەگەر رێژەییش بێت دەربچن، ئیتر وردە وردە دۆخەكە بەرە و  سیستەمێكی هاوسەنگ بچێت، تیایدا دادپەروەری كۆمەڵایەتی و  مافی مرۆڤ و مافەكانی منداڵ بەرجەستە بێت و بپەڕینەوە بەرە و كەناری ئارام، بڕواشم وایە گرنگترین فاكتۆرەكانی بەڕێوەچونی ئەو هەڵبژاردنە، ئەمانەن: 

1-  بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان لە بری بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی لەبەرچاو بگیرێت.

2-  تۆماری دەنگدان پاك بكرێنەوە، بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەك نەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی حەزیان لە خراپ بەكارهێنانی هەڵبژاردنەكانە، بۆ مەبەستی تایبەت.

3-  كوردانی پارچەكانیتر دوور بخرێنەوە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و نەبنە بەشێك لە ململانێ هەڵبژاردن، چونكە ئارامی و ئۆقرەیی  كوردستانی باشور سودی بۆ ئەوان هەیە بەر لەوەی بۆ  خودی خەڵكی هەرێم.

4-  واز لە پێكهاتەكان بهێنرێت ، تاوەكو نوێنەرانی شەرعی خۆیان هەڵبژێرن و نەبنە پارسەنگ بۆ ئەملا و ئەولا.

5-  یاسای هەڵبژاردن دەقێكی پیرۆز نیە، زۆر ئاساییە گۆڕانكاری تێدا بكرێت ، ئەوە عێراق تا ئێستا پێنج جار یاساكانی هەڵبژاردنی هەموار كردۆتەوە، چونكە قۆناغ و سەردەمەكان حوكوم دەكەن نەك لایەنێك و بەرژەوەندی تایبەت.

 

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket