riklam

كابینەی قەیران و چەواشەكاری

بیروڕا 06:35 PM - 2023-01-18

مقداد شێخ بەهادین
ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

لەدونیای سیاسیە تەقلیدییەكان و حزبە كۆنەپارێزەكاندا بۆ مانەوە لە دەستەڵات و پێگە و پۆستەحكومییەكاندا، زۆرجار لەبری ڕكابەری شەرعی و پلان و بەرنامەی ژیرانە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات و خزمەتكردنی هاوڵاتیان و جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان و دابینكردنی مافە سەرەتاییەكانیان، بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵێكیان دەخەنەكار بۆشكاندن و ناشرینكردنی بەرامبەرەكانیان تاكو لەو ڕێگەیەوە درێژە بە حوكمی پاوانخوازیان بدەن، هەندێ جار بە شێواندنی مێژوو و تۆمەتباركردنی ڕكابەرەكانیان و هەندێجاریش بە تۆمەت بەخشینەوەو هەڵبەستنی سیناریۆ و بوختان و چەواشەكاری هەوڵی بەلاڕیدا بردنی ڕای گشتی و حزبەكانی تردەدەن، بۆ ئەوەی لەبری بیركردنەوە لەپرسە گرنگ و چارەنوسسازەكان بە بابەتی لاوەكی و دروستكراوەوە سەرقاڵیان بكەن، ئەمە ئەو دۆخەیە، كە ئێستا سەرۆكی حكومەتەكەی پارتی تێدایە.

هەر لەسەرتای كابینەی نۆیەمەوە بەپێچەوانەی مەبدەئی تەوافوق و پێكەوەكاركردن، كە كابینەكەی لەسەر دامەزرا, شەخسی سەرۆكی حكومەت بە دیدگا و ئامانجێكی بەرتەسكی حیزبایەتی و مەزاجێكی سیاسیی ناپەسەندەوە كاری لە سەر بنپێكردنی ئازادی و مۆنۆپۆڵكردنی جومگەكانی حكومڕانی و پەرواێزخستنی هێزە سیاسیە بەشداربووەكانیتر كردووە، بەتایبەت یەكێتی ئەمەش لەپێناو سەپاندنی هەژموون و ئیرادەی خۆی، ئەم هەڵسوكەوتەش كەشێكی ناسەقامگیرو دۆخێكی هەستیاری وای خوڵقاندوە، كە دوور نیە ئەوەشی بە خوێن و تێكۆشان و قوربانیدان بە دەستمان هێناوە بە ڕق و مەزاجی شەخسی لە دەستی بدەین، بۆیە لەبری جێبەجێكردنی ئەو كارنامەیەی لایەنە بەشداربووەكان لەسەری ڕیككەوتبوون دەستی كرد بە دروستكردنی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر، كە زەرەرمەندی یەكەم هاوڵاتیانی هەرێم بوون و دۆخی حكومەتكەشی گەیاندە ئاستێكی وەها نالەبار، كە دوژمنانیش چاوەڕێیان نەدەكرد، ئێستاش دەیانەوێت شكست و فەشەلی حوكمڕانییان بخەنە ئەستۆی یەكێتی و نوێنەرەكانیان، بەڵام بەری رۆژ بەبێژنگ ناگیرێت و هەموو مرۆڤێكی بەویژدان دەزانێت ئەوكاتەی سەرۆكی تیمی یەكێتی جەنابی (كاك قوباد) لەبەغدا شەڕی بودجە و پشكی هەرێمی دەكرد و لە دەرگای هەموو لایەنە عیراقییەكانی دەدا لەپێناو قووتی موچەخۆران و هاوڵاتیان، ئەوان پیلانی ئابڵوقەی سەر سلێمانیان دادەنا،  كە بەداخەوە سیاسەتی سزادانی ناوچەكانی ژێردەستی یەكێتی و پەیڕەو كردنی سیاسەتی پەراوێز خستن  تارماییەكانی حكوومەتی بەعسمان بە بیردێنێتەوە و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو مێژووە تاڵەی كە مخابن تا ئێستاش رەنگە خودی سەرۆكی حكوومەت عیبرەتی لێ وەرنەگرتبێت، بۆیە كاتێك تەماشای فەزای شێواوی سیاسی و باری ناهاوسەنگی دەوڵەتداری و ئیدارەدانی ئەم هەرێمە دەكەینەوە, دۆخی ناهەموواری دوای ڕاپەڕینمان بیردەكەوێتەوە كاتێك لە ساڵی (1992) ڕژێمی بەعس پاریزگاكانی كوردستانی چۆڵكرد و ئابڵوقەی سیاسی و ئابووری خستەسەریان،  بەبێ ئەوەی هەست بەبەرپرسیارێتی بكات بەرامبەر بەو  هاوڵاتیانەی، كە بەهەموو پێوەرێكی ئەخلاقی و نیشتیمانی و ئاینی نەدەبوو سزایان بدات، بەڵام بەبێ گوێدانە هیچ دەرئەنجامێك وەكو ئەم حكومەتە بیباكەی ئێستای هەرێم هاوڵاتیانی خۆی دایە دەستی قەدەرێكی نادیار، كە دواتر گەورەترین زیانی لە تەونی كۆمەڵایەتی و پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەكانی عێراق دا, كە تاكوئێستاش كاریگەرییەكانی ماوە و بەئاسانی لەهزری تاكەكانی ئەم كۆمەڵگایەدا ناسڕێتەوە، ئێستاش هەمان سینارێو پیادە دەكرێت بەڵام بەدەستی  حكومەتە خۆماڵێكەی پارتی و هەمان گەماڕۆ سەپێنراوە بەسەر پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵبەبجە و ئیدارەكانی ڕاپەڕین و گەرمیاندا، كە ئەمەش دەرهاویشتەی كورت بینی سیاسی و   ئەقڵیەتی شكست خواردوی ناوچەگەری و بیری دۆگمای خێڵەكی و رق ئەستوری‌ و دەمارگیری خودی سەڕۆكی حكومەتە، بەرامبەر بە نیوەی خاك و خەڵكی هەرێمی كوردستان، ئەم شێوازەیەش لە بیركردنەوەو حوكمرانی ماڵـوێرانی و لە باربردنی روحیەتی پێكەوە ژیان بە دوای خۆیدا دەهێنێت و پێویستە پێشی پێ بگیرێت، وە ئەوكاتەی سەرۆكی یەكێتی سەرۆك (بافڵ)  لەهەوڵی گەڵاڵەكردنی ڕێككەوتن و پرۆژەی چاككردنی ڕێڕەوی حوكمڕانی بوو لەگەڵ پارتیدا، بەرپرسی پێشووی دەزگای پاراستن و سەرۆكی ئێستای حكومەتەكەی پارتی لەڕێگای دەزگا جاسوسیەكەیەوە سیناریۆی ناشرینكردن و تۆمەتباركردنی قارەمانەكانی دژەتیرۆریان دادەنا، ئەو دژە تیرۆرەی  لەكاتی شەڕی داعش و هێرشی سەر مەخموور پارێزەری شكۆی هەولێری پایتەختی نیشتیمان بوون، بەڵام یەكێتی  بناغەیەكی  بەهێزی لەناو جەماوەری گەلی كوردستاندا هەیە و حیزبی بڕیارە قورس و چارەنوسسازەكانە، هەرەوەك چۆن بە حكومەتی بەعس نەبەزێنرا  بە دڵنیایشەوە بە هیچ پیلان و گەلەكۆمەكێ و تۆمەت بۆ هەڵبەستنێك  نابەزێت و بچوك نابێتەوە، واقعیش دەریخستووە هەرهێزو لایەنێك دژایەتی یەكێتی كردبێ  دەرئەنجام شكستیان هێناوەو بوونەتە پەندو عیبرەتی مێژوو، وە ئەوەی ئێستا لەم كابینەیەدا

دەگوزەرێ  زەنگێكی مەترسیدارە، كەپێمان دەڵێ ئەگەر سنورێك بۆ ئەم نەفەسە كاركردنەی سەرۆكی حكوومەت دانەنرێت و ئەم ئاراستەیە لە ئیدارەدان بەردەوام بێت، ئەوا هەنگاو  بەرەو مەرگی راستەقینەی ژیانی حوكمڕانی و یەك پارچەیی خاكی كوردستان دەنێین، كەبێگومان ئەوەش بە زیانی گەورەو لە گۆڕنانی خەونی سەدان ساڵەی میللەتەكەمان دێت،
بەڵام سەرباری هەموو سەرنج و تێبینیەكانمان ئێمە وەكوو یەكێتی لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ خەمی خەڵك و پاراستنی قەوارەی هەرێم و بەرژەوەندیەگشتیەكانی میللەتەكەمان، وەك هەمیشە لەگەڵ دیالۆگ و رێكەوتنداین، چونكە لەدیدی ئێمەدا بەدیلی سازان تەنها سازان و كاری پێكەوەییە و یەك پارچەیی هەرێمی كوردستان و حكومەتێكی خزمەتگوزار و  حكومڕانیەكی تەندروست ئەو ئامانجەیە، كەیەكێتی لە پێناویدا قوربانییەكی بێ شوماری داوە.


زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket