riklam

لەپێناو شکۆمەندیماندا

بیروڕا 10:13 PM - 2023-01-02
پەرێز عومەر

پەرێز عومەر

نووسینی... پەرێز عومەر
پێویستە چەند شتێك بگوترێت، کە لە بەرژەوەندی باڵای کوردەواری دایە.
بەڵێ هەنگاونان تا شوێنەگەشتیاریەکان (نەك تەنها سەرچنار) بگەڕێنەوە شێوەی ئاسایی خۆیان، و خێزانەکان بتوانن رووی تێبکەنەوە، کارێکە تا بڵێی جێگای دەست خۆشیە و دەبێت لەم هەنگاوەدا جددی و پشودرێژ و سوربین و هەمووشمان پشتیوانبین، چونکە دەستورو قانونی هیچ وڵاتێك، بەعیراق-ی خۆشمانەوە، رێگە بەقۆرخکردن و داگیرکردنی شوێنە گەشتیاری و شوێنەواریەکان نادات.
گەڕانەوە لۆ کلتورو سیمای رەسەن و پڕشکۆی کوردەواری کارێکی گرنگە و تەنها بە دەسەڵاتێکی دڵسۆز دەکرێت.
کوردستان کۆمەڵگەیەکی باوەڕدارە و رێزیش لەهەموو بیروباوەڕێك دەگرێت، بۆیە رێزگرتن لەو ڕاستیە ئەرکی هەمولایەکە، بەڵام گەڕانەوەو پاراستنی بەها رەوشتیەکان خۆی کارێکی هێندە جوانە هیچ بەهانەیەکی ناوێت و  پێویستی بەوەنیە بیخەینە ژێر پەردەی ئایدیا و تەرازووی هیچ پێوانەیەکی تر.
باوەڕم وایە، ئەم هەنگاوە تەنها بە داخستنی هەندێک شوێن نابێت، بەڵکو هەر بەڕاستی دەبێت سیمای راستەقینەی شار بۆ شارەکان بگەڕێندرێتەوە و تایبەتمەندی و سیمای شارەکان لەچوارچێوەی بەها جوانەکانی کوردەواریدا بپارێزرێت، بۆیە پاراستن و رێزگرتنیش لە بنەماکانی ئازادی تا ئەو رادەیەی ئازادی نەبێتە، مەترسی لەسەر تاك و خێزانەکانی کۆمەڵگەکەمان و لەڕێگەیەوە ئازادی کەسانی تر پێشێل نەکرێت.
پێویستە پارێزگاری لەم تایبەتمەندیانە بکەین، کەجاران شارو ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی بەیەکەوە دەبەستەوەو رێزگرتنی یەکتر ببووە هۆکاری قوڵکردنەوەی ئینتیما نیشتمانیی و نەتەوەییەکان، بێگومان پاراستنی  رەسەنایەتیش ببێتە پێناسە و بنچینەی نەخشە و ماستەرپلانی شارەکان و لە هەموو پڕۆژە و هەنگاوەکانی فراوانکردنی شاریشدا لەبەرچاو بگیرێت لەگەڵ گەڕانەوەی سیمای کوردەواری شارەکان کە لە ئێستادا بەهۆی پشتگوێخستنی زمانی کوردی لە نوسینی تابلۆکان بەتەواوی سیمای نیشتمانیی و کوردبوون لەشارەکانمان سەندراوەتەوە.
خاڵێکی دیکەی مەترسیدار، فەرامۆشکردن و پشتگوێ خستنی کەرتی پەروەردەیە، هەڵبەتە دیاردەی پەلاماردان و کوشتنی ژنان و کچان لەلایەن پەلاماردەرە توندڕەو نەخوێندەوارەکان، بەرهەمی ئەم فەرامۆشکردنەی پەروەردەیە لەلایەن  حکومەتی هەرێم و زەنگێکی مەترسیدارە وەزارەتی پەروەردەو دەسەڵاتدارانی حکوومەتیش پێ ناچێ بەلایانەوە گرنگ بێت.
پێویستە گروپی فشار دروست بکرێت بۆ ناچارکردنی وەزارەتی پەروەردە، بۆ دەربازکردنی پەروەردە لەم قەیرانە مەترسیدارەی تێیکەوتووەو کەرتی پەروەردە کە پەیوەندی بەداهاتووی منداڵەکانمانەوە هەیە لەژێر چەپۆکی  ئایدۆلۆژیا جیاجیاکان دەربهێنرێت و بخرێتە ژێر فەلسەفەو ستراتیژیەتێکی روونی نیشتمانی و ئینسانیەوە، چونکە وەك هەمووان دەزانن تاکی نەزان و بێ پەروەردە وەك بۆمبێکی ئامادەکراو وایە، ئەگەری تەقینەوەی لەهەر چرکەیەکدا پێشبینی کراوە.
لەپێناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و هەرێمەکەمان، دەبێت ئەم سیاسەتە گرنگەی ئێستای سەرکردایەتی یەکێتیی ببێتە پلانی ستراتیژی یەکێتی و لە کارنامەکەی خۆیدا لە پەرلەمان و حکومەت، کاری لۆ بکات.
تێکەڵکردن و لێکدانەوەی هەڵە و شێوێندراو بۆ دەستەواژە زانستی و زمانەوانیەکان بابەتێکی تری گرنگە کە دەبێت یەکێتیی و راگەیاندن و رۆشنبیرانی یەکێتیی بەئاگابن لەو بۆسەیەی لەم بارەوە بۆمان دانراوەتەوە.
بابەتی رێزگرتن لە جیاوازی جێندەری و گەیشتن بە بەڵانسی جێندەری و رووبەرووبوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەز، یەکێکی ترە لەو بابەتانەی یەکێتی لە ئێستادا دەیەوێت مرۆڤدۆستانە کاری بۆ بکات و سیاسەتێکی روونی بۆ ئەو بابەتانە هەیە.
بەڵام بەداخەوە چەند کەسایەتیەکی دژ بە بنەما ئینسانیەکان، بەپیلانێکی دوژمنکارانە دەیانەوێت لەرێگای شێواندنی دەستەواژەی جێندەر و بە پشتبەستن بە سادەیی خەڵك و سوود وەرگرتن لە پێگە جەماوەریەکانیان بەرامبەر بەو سیاسەتە بوەستنەوەو دوژمن ئاسا کەوتونەتە هەڵکۆڵینی عەقڵیەتی چینی بەهابەرزی کۆمەڵگای کوردی.
ئەوەی لەهەمووی زیاتر جێگای داخە بەشێك لە رۆژنامەنوس و بەناو رۆشنبیر و سیاسیەکان بێ ئاگایانە خەریکە دەکەونە ژێرکاریگەری ئەم هەڵمەتە دوژمنکارانەوە. بۆیە جێگای خۆیەتی و ئەرکی هەموو ئەوانەیە کە گرنگی بەم بابەتە ئینسانیانە دەدەن بێنە مەیدان و جیاوازی سیاسی و تەنانەت خۆپەرستیش وەلاوە بنێن و بەشداری بکەن لەهەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئامرازەکان بۆ روونکردنەوەی ئەم دەستەواژە نوێیانە بەکاربهێنن کە لە خزمەتی مرۆڤایەتین و لە شێواندن بیانپارێزن، دەستەواژەو واتای کوردیان بۆ دابڕێژن.


زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket