riklam

هووهای وەهمەکان!!

بیروڕا 04:08 PM - 2022-12-31
ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

نووسینی....ئەرسەلان مەحمود 

هەرگیز لۆمەی ئەو زۆرینەیە ناکەم هاوڕاو وەک یەک تێدەگەن، یـان وەک یـەک بیردەکەنەوە، ئەوان بەرپرسیارێتی بەرنامەیەک هەڵناگرن لـەمنداڵییەوە گۆشیکردون، ئەوان هەرچەند خاوەن جەستەو دووقاچی تەواو باشیش بن، مەعلومە هێشتا فێر نەبوون چۆن بـەرەو پێشەوە لـەسەری بڕۆن، ڕەگی هەموو هووها کێش و شەقوەشێنێک لەم توخمە ناکامەیە، ئەوەی بەرپرسیارە لەچارەسەرو چاککردنی، سیستمە، دەوڵەتە، حکومەتە.

هووهاچی و شەقوەشێنەکان، بۆچی توانای ناسینەوەی تایبەتمەندی هەر (شتێک)ـیان وەک خۆی نیەو بۆچیش زاتی ئەوە ناکەن ڕاستییەکان وەک خۆی ببیستن ڕوونە، نایانەوێت وەهمەکانیان تێکبشکێت، دەتوانم لەوە تێبگەم جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەوانەی دەیانەوێ بزانن و ئەوانەی باوەڕ دەهێنن، بەڵام بۆچی قوربانییەکە بەردەوام ڕێزی زیاتر لەجەللادەکەی دەگرێ، لەکاتێکدا گۆڕانکاری و دەستکەوتی گەورە عادەتەن لەپێچەوانەی ئەم حەقیقەتە تاڵەوە دێ نەک لەئەنجامی سەرنەویکردن و خۆپارێزیدا، ناڕوونی گەورە ئا ئەمەیە!!

نەقوربانییەکان هەر ئەوانەن عەوام هەبوونیانی کۆمەڵکوژ کرد، نەجەللادەکانیش هەر ئەو بکوژانەن، ڕاستییەکەی هەم قوربانی و هەم جەللادیش لەوەها دۆخێکدا هەمووان و هەموو کۆمەڵگەیە، ئـەمەی پێرێ لەفڵان شارو دوێنێ لەفیسار شوێن و سبەیش لەبێ شاری و بێ شوێنییەکی تردا بەناوی ئەخلاقەوە بەکچان و خەڵکانی تر دەکرێت، خۆی لەخۆیدا کارێکی ئەوپەڕی نا ئەخلاقییە، دەی خراپترین فەرهەنگ و ترسناکترین ڕێگەی فەساد کردنی کۆمەڵگە هەر ئەو فەرهەنگ و ڕێگە تەریکەیە تاک لەبۆتەی کۆدا لول ئەداو ڕێزی زیاتر لەوانە دەگرێت وەک یەک بیر دەکەنەوە.

سەردارە مەزنەکانی خێزان، خاوەن پێگە لەپێشە کۆمەڵایەتی و ئاینی و سیاسی و دەوڵەتمەدارە گەورەو بەهێزەکان، ئەوانـەن خۆیـان لـەپێناو خێزان و خەڵکیدا دەکەنە قوربانی، لاوازو نەزان و نەفامەکانیش ئەوانەن خێزان و خەڵک دەکەنە قوربانی لەپێناو خۆیـاندا، ئـەوەی ڕویـدا ڕاستە لەفۆڕمدا ڕەنگە نوێ بێت، بەڵام یەکەمجار نییەو کۆتا جاریش نابێت، ئـەمـە ڕەنگدانەوەی ناواخنی پەروەردەیی فەرمی و نافەرمی کۆمەڵگەیە، نەک تیکتۆک و ماتۆرسکیل و تەکنۆلۆژیا.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket