riklam

ئێستا ده‌رفه‌تى چاره‌سه‌ره‌!

بیروڕا 10:08 PM - 2022-11-12

*كاروان یاروه‌یس

ئێستا ده‌رفه‌تى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان حكومه‌تى فیدرالى و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌، كابینه‌یه‌كى نوێى و سه‌رۆك وه‌زیرانێكى نوێى هه‌یه‌، هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى پێكهاته‌كانى عێراق له‌ كابینه‌كه‌ى سوودانى به‌شدارن و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ژێر چه‌ترى هاوپه‌یمانێتى به‌رێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدا تێدا به‌شدارن. 

   له‌رووی سیاسیه‌وه‌، هیچ مه‌عقول نیه‌ هێزه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى حوكمڕانى له‌هه‌رێمى كوردستان له‌ كابینه‌كه‌ى سوودانى به‌شدارن، به‌ڵام كابینه‌كه‌ نه‌توانێ كێشه‌كانى نێوان حكومه‌تى فیدرال و هه‌رێم چاره‌سه‌ربكات. بۆیه‌ ئێستا كاتى دانوستاندنى ڕاسته‌قینه‌یه‌، ڕاشكاوانه‌ و به‌رپرسیارانه‌ هه‌ردوولا كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن. 

  خواستى سیاسى هه‌بَى كه‌ ئێستا هێزه‌ سیاسیه‌كان نێوانیان باشه‌، له‌رووى ده‌ستورى و ئیدارییه‌وه‌ چاره‌سه‌ر دژوارنیه‌، له‌كاتێكدا هه‌م له‌ كارنامه‌ى كابینه‌كه‌ى به‌ڕێز سوودانى و هه‌م له‌ووتار و لێدوانه‌كانى زیاتر له‌ جارێك باسى چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ئه‌كات. به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ردووڵا زیانیان له‌كه‌ڵه‌كه‌بوونى كێشه‌كان كردووه‌و به‌رژه‌وه‌ندییان له‌ چاره‌سه‌ركردندایه‌. 

گرنگترین كێشه‌كان بریتین له‌ بودجه‌ و كه‌یستى نه‌وت، كه‌ركوك و خانه‌قین و  خورماتوو و ناوچه‌كانى 140، پێشمه‌رگه‌ و دۆسێیه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانه‌. ئێستا ده‌رفه‌ته‌ كابینه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تاى كاركردنیدایه‌، پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ له‌ هاتندایه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بۆ په‌سه‌ندكردنى كه‌ چاوه‌روان ئه‌كرێ به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونى داهاته‌وه‌ بڕه‌كه‌ى له‌هه‌موو ساڵانى تر زۆرتربێ، ده‌توانرَى گفتوگۆكان ده‌ست پێ بكرێته‌وه‌، رێككه‌وتن له‌سه‌ر بودجه‌ و به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم ئابورى كوردستان ده‌بوژێنێته‌وه‌و كێشه‌ى مووچه‌ى خه‌ڵك و ڕاوه‌ستانى پرۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات و به‌هۆى پێدانى پێشینه‌كانه‌وه‌ له‌لایه‌ن بانكه‌كانى عێراقه‌وه‌ هه‌زاران هاوڵاتى هه‌رێم سوودمه‌ند ده‌بن و جووڵه‌ له‌بازاڕ دروست ده‌بێـته‌وه‌. 

 به‌بێ وه‌رقه‌ى هاوبه‌ش و وه‌فدى هاوبه‌ش، هه‌رێم ناتوانێ دانوستاندنى ڕاسته‌قینه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدرال بكات و شایسته‌ ده‌ستورییه‌كانى ده‌سته‌به‌ر بكات. بۆیه‌ ئه‌و وه‌فده‌ى له‌ هه‌رێمه‌وه‌ ده‌چێته‌ به‌غداد، پێویسته‌ هه‌موو هێزه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى پێكهێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم هه‌م له‌ وه‌فده‌كه‌دا بن و هه‌م به‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ره‌قه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ ئاماده‌بكه‌ن. هه‌روه‌ها فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانیش له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق پاڵپشتى دانوستاندنه‌كه‌ بن و هه‌ماهه‌نگى هه‌بێ له‌نێوان هه‌ردولادا. 

*ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق

PUKMEDIA

Riklam

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket