riklam

ئەوەی دەبێ لەنوێوە بزاندرێ

بیروڕا 11:21 AM - 2022-11-11
ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

نووسینی... ئەرسەلان مەحمود

کلکە سوتەی نەیارە حزبی و فەریکە سیاسیە دژە یەکێتییەکان بۆ یەکتر، جوڵەیەکی زۆر کۆن و بەتاڵە، لـەوەش زۆر کۆن و بەتـاڵتر، هەموو جارێ خڕبونەوەیانە لـەبەرەو دەوری پارتی، نیەتی ئـەمان و نیـازەکەی پارتیش دیارە، فراوانکردنی مەیدانی تەراتێنی هـەواڵگری هەرێمی و لەڕێگەیەوە سنوردار کردنی پێگەو رۆڵی یـەکێتی و پێکهاتـە سیاسیە کـوردییەکانی ترە.

 بەڵام ئەوەی دەبێ ئەمانەو پارتیش لەنوێوە بیزانن شتێکی ترە، دوێنێی دوورو نزیک چەندیان پێلە واقیعەکە گۆڕا، چەند توانیان یەکێتیی رابگرن و گەمارۆی بدەن، ئێستاو سبەیش زەردو زەرد هەڵگەڕاوە تازەکان، نەک هەر ئا ئەوەندەشیان پێناکرێ، بگرە بەهیچ کوێی خـۆیشیان نـاگەنەوە، ئەوەی با بیهێنیت با دەیبات!!

 ئەمە جگە لەوەی نە(یەکێتیی) یـەکێتییەکـەی دۆخی راگوزەری کەوتنە ناو بۆشایی ئەو ماوە کاتییەی دوای نائامادەیی سەرۆک ( مام جەلال ) و پێش (٨ی تموزی ٢٠٢١)ـە، نە دۆخ و قۆناغەکەی ئـەمڕۆش هـەمان ئەو دۆخ و قۆناغە تاریکەیە پاوانخوازو بەرەی تاکڕەوی روو زەرد لـەحوکم و حکومڕانێتی کردندا دڵخوازانە تـوانای پێکدادانی چاکخوازانیان هـەبێ و خۆیان لەسەر ئەو حسابە دەمەزەردو تیژ بکەنەوە.

یەکێتیی ئێستا، یەک تیم و یەک پاکێج و یەک ئاڕاستەو یەک بڕیارە، ئـەو هێزەی ئێستای یەکێتیی لـەیەکێتیی و یـەک ریزی سەرکردایەتی و کادرو ئەندام و لایەنگرو جەماوەرە سەوزپۆشەکەی، لـەئایدیاکانی ( مام )ـەوە سەرچاوەی پێگیراوەو هەمووانیش یەک دەست و یەک دڵ و یەک بـڕوا، نەک هەر پێوەی پاندن، ئامادەن لەپێناویشیدا بمرن.

یەکێتیی ئەمڕۆ، پاوەرێکە تەواو جیددی و حەددی و ئامادە لەبەردەم هەر لەمپەرو هەر ئەگەرێک، نەیار ئەو بابەی مرد بەپیلان و پاوانخوازی، بەتاکڕەهەندی و تاکڕەوی یان بەشەتەکدانی دەرکراوەکان و داتاشینی سیناریۆو تیرۆری حەقیقەت وڵام بەسازش و مرونەت و نەرمی نواندنە ئەخلاقییە سیاسیەکانی یەکێتیی بداتەوەو وەک بەرزەکی بانانیش بۆی دەرچێت.

پەیامی یەکێتیی و هەوڵە کوردستانی و عیراقی و دەولیەکانی سەرۆک (بافڵ جەلال تاڵەبانی) روون و راشکاون، جگە لەبەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی نیشتمانیی و بەیەکەوە ژیان و حکومڕانێتییەکی هاوسەنگ و خزمەتگوزار هێز نییە بیانخاتە ناو چەماوەیەکەوە تارو تەریک و داخراو، یەکێتیی پشتناکاتە بایەک بەناوی دیموکراسییەوە دژایەتی دیموکراسی بکات یان بەناوی حوکم و حکومەتی خۆماڵییەوە حوکم و حکومڕانێتی خێڵەکی و تاکڕەو بکات بەجێگرەوە.

گـوزەرانی خـەڵک، بەنزین نییە بێمروەتانە بکرێتە تەنگەی خۆبەزلزانی و خۆپەرستانەی مشەخۆری تەمبەڵ و تەوەزەل و دەسەڵاتخوازی، ئـیـدی ئەو سنورەی یەکێتیی پابەند دەکات و دەتوانێ قبوڵی بکات، ئەو سنورە زەردو پەتیانە نین پارتی و خەڵکانی پـەتیار دەیـانەوێت بـەزۆر بیسەپێننە سەر خاک خەڵک و تۆخکردنەوەی عەقڵییەتی پۆپۆلیست و کۆنسێرڤی لەگۆڕەپانەکەدا.

سنوری یەکێتیی سنورێکە ماف و ئازادییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان تێناپەڕێنێت، سنورێکە هاوسەنگ و هاوبەش، هاوپشک و هەماهەنگ لەحوکم و حکومڕانێتیی و بـەڕێـوەبردنی وڵاتدا، حزبێک سنوری ماف و ئازادییەکانی خەڵک و خۆی نەزانێ و بەناڕەوایی بیەوێت بازبداتە ناو بازنەی ئەوانی ترەوە حزب نییە، پڕۆژەیەکە ڕەش مەترسیدار کەسێک پێگەو سنوری هەڵسوڕان و دەسەڵاتەکانی خـۆی نـەنـاسێت و خراپ بەکاریان بەرێت، نەک ناتوانێ بپەڕێتەوە ئەوانیتریش بەخۆیەوە دەخنکێنێت.

یەکێتیی قفڵ و ئاریچەو هێز، وزەو ئیرادەو سنوری خۆی هەیە، تاکڕەوی و خۆبەزلزانی نەفـامییە، لـەهزرینێکەوە دێـن بێئاگـاو لـەڕابـردودا ژیـاو، سەردەمی خۆبەسوڵتان و خەڵک بەڕەعییەتزانی کۆتایی هات، بـۆ منێک چی و چۆن باشە لەژێر هەر بڕوبیانوێکدابێ بەهاو باوی نـەماوە، خەڵکی کوردستان ئـەو منەمنە خێڵەکی و حزبییە ڕوتە لـەحکومڕانێتیدا تـەواو بێزاری کردون، چی و چۆن باشە بۆ خەڵک و کۆمەڵگە ئەوە گرینگە.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket