riklam

کاتێک پارتی دەسەڵات بەرەو تاکڕەوی دەبات

بیروڕا 04:33 PM - 2022-11-08
ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

نووسينی... ئەرسەلان مەحمود

دیموکراتیزە کردنی کۆمەڵگەو هێنانە ئـارای سیستمێکی کۆمەڵایەتی ئـازادو هـاوسەنگ و پارێزگاری لێکردنی، بـەچاندنی تۆوی سەربەخۆیی فکری و فراژۆ پێکردنی بەرپرسیارێتی لەنێو یەکە پێکهێنەرەکانی دێتەدی نەک کۆنتڕۆڵکردنی دەزگاو دامەزراوە وزاری و کارگێڕییەکانی حوکم و حکومڕانێتی و سەپاندنی ئیرادەی تاکڕەهەند و تاکڕەوی لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا.

کورد سەدان ساڵە ستەم و داگیرکاری دەکرێتە سەری بەڵام نەکەوتووە، کەچی ئەوەی بەداگیرکەران نەکرا، پارتی تەنها لەپێناو سەپاندنی ئیرادەو جێبەجێکردنی ئەجێندای تایبەتی خۆیدا خەریکە بەم کوردەی دەکاو دەیخا. درێژەدانە بە سیاسەتی پەرتکەو زاڵبە، ئەم دابەشکارییە ناوەکییە جڤاکی و جوگرافییە لەحوکم و حکومڕانێتی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا مەترسیدارە و هاوسەنگ نەکردنەوەی زیانی زۆر لەوە گەورەتر لەهەرێم و دۆزی رەوای گەلەکەمان دەدا کە پێشبینی بکرێت.

کورد لەئاستە گشتییەکەی هیچ کاتێک بەهێندەی ئەمڕۆی پێویستی بەیەکێتیی نەتەوەیی و یەکگوتاری نیشتمانیی نەبووە، چونکە هیچ سات و سەردەمێکیش بەهێندەی ئێستا نزیک نەبۆتەوە لەئامانجە ستراتیژی و گەورەکانی، لەئاستی هەرێمیش هیچ کاتێک ئەوەندەی ئێستا پێویستی بەحوکم و حکومەتێک نـەبووە مـەدەنی و هـاوسەنگ و دیموکـرات بێت، ئەوەی ئەمڕۆ دەتوانێ وڵاتـەکە بەهەمووانەوە رزگار بکات، هەماهەنگی کوردانەو بەیەکەوە کارکردنە، ئەوەی دەتوانێ ئەم دۆخـە دژوارە ژیانی و ژیاری و قەیراناوی و خەمۆکییە کۆمەڵایەتی و سیاسیە دەرباز بکات بالۆرەی سەپاندنی ئیرادەو هات و هاوارو نانەوەی پشێوی یان هەڵزنان بەکێوی یاخیگەرایی و کاردانەوەی رێکنەخراو نییە، تێکەڵکردنی توانستەکان و بەیەکەوە بڕیاردان و پتەوکردنی بەرەی ئازادیخوازی دیموکراسیخوازانەیە.

گەمژەیی هێزێکی سەرەتایی هەیە، بەڵام لەسیاسەتدا ئەوەندە ترسناکە هیچ بومەلەرزەیەک نییە بیهەژێنێ، هیچ سنورێک نییە لەبەردەم خۆیدا بیناسێنێت، کاتێک پارتی دەسەڵات بەرەو دەمارگیری دەبات، کاتێک پارتی کادرو سەرکردەکانی بەرەو لووتبەرزی و تاکڕەوی دەبات لەحوکم و حکومڕانێتیدا، یەکێتیی سنوری خۆی بیردەخاتەوە، کاتێک پارتی روبەری خەون و خەیاڵی خەڵک سنوردارو تەسک دەکاتەوە، یەکێتیی دەوڵەمەندی و فرەڕەهەندی بیر دەهێنێتەوە، یەکێتیی و سەرۆکەکەی خوێنەخۆری کەس و تێکشکێنەری ئێسقانە کوردییەکە نین، خراپ بەکاربردنی دەسەڵات و رێڕەوی خەبات و خزمەتی خەڵک پاک و روون دەکەنەوە.

هێڵێکی زۆر باریک هەیە لەنێوان باوەڕ بەخۆبوون و خۆبەزلزانی، تەنها شتێک لەنەزانی مەترسیدارتر بوونی هەبێت خۆبەزلزانییە، تاکڕەوییە، هەڵگرساندنی شەڕی ئیرادەو سەپاندنیەتی بەسەر ئەوانی تردا، کۆمەڵگەی یەک رەنگ و یەک پاکێجی بوونی نییە، حزب و هێزو دەسەڵات و سەرکردەی عەقڵمەند ئەوانەن لەم راستییە تيدەگەن و کاری پێدەکەن، ئەگەر کەسێک یاخود گروپێک یان حزبێک، هێزێک بەبنەما خوازیاری بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بێت، دەبێ دیموکراسییەت وەک فەرهەنگ وەک ئامراز لەژیانی رۆژانەی خۆی و پێکهاتە ئورگانی و پڕاکتیزە کردنی دەسەڵاتی خۆیدا رەنگ پێبداتەوە، نەک لەپاسدا!!

قوتابخانە تایفی و مەزهەبییەکان، قوتابی ئامادە دەکەن بۆ زیندان نەک بۆ گۆڕانکاری، پاس زیندانێکە کراوە، هـەر شتێک کۆنتڕۆڵکراوە، هەواو هەوەسەکە دڵخوازانە نیە، گشتێندراوە، مرۆڤ و گروپ و حزبی راستەقینە دەبێ بڕێکی زۆر لەمرۆڤایەتی و بڕێکی زۆر لەهەستکردن بەدادپەروەری و حەقیقەتی لەهاوسەنگی تێدا هەبێت بۆ خۆلادان لەدۆگمایی و نەکوتانەوەی ئاسنە ساردەکەی سیاسەت، دەبێت هەموو رۆژێ تێبکۆشێت تا ئایدیاکانی بەکرداری راستەقینە بگۆڕێ، ئەو کردانەی خزمەت دەکەن وەک هێزێکی جوڵاو نەک نەگۆڕو سەپێندراو.

جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان نیشتمانپەروەری و عەقڵیەتی ناسیۆنالیستی، نیشتمانپەروەری شانازی کردنە بەوڵاتەکەت و ئەوەی دەتوانی لەپێناویدا بیکەیت، ناسیۆنالیست وڵاتەکەی خۆشدەوێت بەڵام نازانێ لەپێناویدا دەبی چی و چۆن بکات، ئەرک و ئینتیماکە لەیەکەمدا پاڵپشت بەتواناکانی خۆی، بەرپرسیارێتی دروست دەکات بەڵام لەدووەمدا پشتبەست بەوانی تری غەیرە خۆیی، خۆبەزلزانی کوێرانە، ئەوانەی پێکەنینیان بەجیاوازییەکان دێ و توانای ئەوەیان نییە لێیتێبگەن، دونیا بینییان زۆر تەنگەبەرو سنوردارە، جگە لەخۆیان ناتوانن لەبەرزی و دوراییەوە خەسڵەتە جوداو لێکنزیک و هاوبەشە مرۆیی و نەتەوەیی و سروشتییەکان ببینن.

نیشتمانپەروەری تەنها لەو حزب و ژینگە کۆمەڵایەتییەدا گەشە دەکات تایفەگەری و رەگەزپەرستی چجۆرە گرینگی و بەهـایەکی بـابـەتی نییە، نیشتمانپەروەرو دیموکراسیخوازی ئەوەیە بەها مرۆیی و نیشتمانەکەت خۆشبوێ، ناسیۆنالیست ئەوەیە بەهاو هەبوونە جیاوازەکانی دەرەوەی خۆت بخنکێنی و بسوتێنیت.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket