riklam

لەحزبەكەی خۆیدا بۆی نییە بیربكاتەوەو لۆمەی یەكێتیی دەكات

بیروڕا 08:16 PM - 2022-11-02
ئەحمەد زرار

ئەحمەد زرار

نووسينی.. ئەحمەد زرار

وتمان زەمینە سازی یەكڕیزی نیشتمانیی و بەیەكەوە كار كردنی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، لەپێناو پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و كوردستانێكی سەقامگیرو گەشەكردو تردا ئەركی لەپێشینەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەو وەك هەمیشەش لەو پێناوەدا ئامادەی قوربانیدانە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە بوار بدەینە برادەرانی پارتی و هەرلایەك كەی و چۆن بیانەوێ‌ ئاوا لەدرزی ئەم دڵكراوەیییە نیشتمانییەی یەكێتییەوە بێتە ناوەوەو سیاسەتی تاكرەوی و خۆسەپاندنی خۆیان بكەن بەجێگرەوە لەگۆڕەپانی سیاسیدا.

هەر زۆریش لامان سەیرە هیچ كەسێك بۆی نەبێ و نەوێرێ‌ لەحزبەكەی كاك هیوا گەناوی دا بیر بكاتەوەو قسە بكات بەڵكوو لەبری بیر بكرێتەوەو بەناویانەوە بنووسرێ و بڵاوبكرێتەوە، كەچی بێ و بوێرێ و ڕێگە بەخۆی بدات دڵخوازانە یەكێتیی نیشتمانیی بەوە تۆمەتبار بكا گوایە كەس ناوێرێ لەناو یەكێتییدا پرسیار بكاو بڵێت بۆ؟!

هەر كەس و لایەك دەزانێت ئازادی و ئازایەتی لەژیانی حزبی و فرە حزبی لەكوردستاندا، داهێنراوی یەكێتییەو لەگەڵ هەڵگرسانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانەوە لەدایكبووە، لەیەكێتییدا نەك هەر خۆی، هیچ شتێك نییە نەخرێتە ژێر پرسیارەوەو كەوتبێتە دەرەوەی هەڵوێستە لەسەر كردن، لەڕاستیدا گرفت و نائارامی و تیرۆری ئازادیخوازان و تێكۆشەرانی كوردستان، لەگەڵیدا قەیرانە زۆرو زەوەندەكانی ئێستای كوردستان، لێكەوتەی ئەم جۆرە عەقڵییەتە موخابەڕاتییە هەرێمی و دەردە تاكڕەوو خۆسەپێنەن هەموو شتێك لەپێناو خۆدا بەڕەوا دەبینێ و هیچ شتێك نییە لەچاوی خۆیدا بیبینێت، كەچی هەمیشەش دەستە سورو ڕەش و چەورەكانی خۆی وەك هەمیشە بەوانیتر دەسڕێتەوە!

ئەوە یەكێتیی نییە گروپێكاری پاوان و بەشبەشی كردبێت، ئەوە یەكێتیی نییە ململانێ‌ و ئەجێندا تایبەتەكانی هەناردەی ئێرو ئەوێ دەكات، یەكێتیی ئەمڕۆ لەهەر كاتێك زیاتر یەك تیم و یەك بڕیارە، یەكێتیی ناوی خۆی بەخۆیەوەو هەڵگری پێش و پاشگری داتاشراوی هەرێمی نییە، ئەوە پارتییە نازانێ چۆن ئیدارەی چوار پارچەبوونی ئێستای خۆی بدات، ئەوە پارتییە ئیشەكەی هاوردەكردنی ئەجێندای هەرێمایەتی و هەناردە كردنی پیلانگێڕییە لەناو حزب و ڕێكخراوە سیاسیەكانی كوردستاندا، ئەوە سەركردەكانی پارتین بەخاتری ئەوەی متمانەی كۆنگرە كۆنكرێتكراوەكەیان بەدەست بهێننەوە پەلاماری یەكێتیی و ڕەمزەكانی یەكێتیی و بەرژەوەندییەكانی خەڵك ئەدەن، بەڵێ ئەوە پارتییە لەسەر كەوڵی حزب و لایەنە سیاسیەكانی تر نەبێ‌ توانای ژیانكردنی نەبووەو نییە، ئەم یارییە كۆنەو فڕێدانی قسەی بێبنەما نەدەتوانێ‌ یەكێتیی بەخۆیەوە خەریك بكاو نەهیچیشی پێ‌ لەواقیع دەگۆڕێ‌ و نەدەشتوانێ‌ چاوی میدیاو ئەوانیتر لەسەر دونیا بینییە تاریكەكەیان ببەستێ‌.

یەكێتی، لەیەكەم هەنگاوو قۆناغی خەباتییەوە دژی تاكڕەوی و تاكڕەهەندی و هەیمەنە پێكردنی سیاسەتی خۆسەپێن بووە لەسەركردایەتی كردنی شۆڕش و لەبەڕێوەبردنی وڵات و ئیدارەدانی وڵاتدا، ئەوە سیاسەت و تاكڕەوی دەیەها ساڵەی پارتییە ڕێگە نادات یەكێتیی نەتەوەیی و یەكگروتوویی گوتاری كوردی و هزری كوردستانی لەدایكبێت.

مرۆڤ شۆك دەبێت كاتێك دەبینێت لەحزبەكەی خۆتدا هیچ سەركردەیەك نەبێ‌ بەمەرگی ئاسایی خۆی مردبێت، كەچی ئەوانیدی بەبكوژ تۆمەتبار بكاو فرمێسكی تەلیسماویش بڕێژێ‌، كاك هیوا گەیلانی كەی هێزو ئازایەتی ئەوەی هەبوو پرسیار لەدیارنەمانی دەیەها ساڵەی سەروەت و سامانی دزراوی تەنها یەك لەسەر چاوە دەستبەسەردا گیراوەكانی ژێر هەژموونی پاوانخوازی حزبەكەی خۆی بكات ئەوساش بۆی هەیە پرسیار لەیەكێتیی و سەركردەكانی بكات.

 *ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی
لێپرسراوی مەڵبەندی 24ی ڕێكخستنی ڕاپەڕین.

PUKMEDIA 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket