riklam

دژەتیرۆر مەرجەعی قوربانیدانە و خۆی میدالی ئیفتیخاری نیشتمانیی دابەش دەکات

کوردستان 10:15 PM - 2022-10-23
سەروتاری pukmedia

سەروتاری pukmedia

دژە تیرۆر دامەزراوەیەکی جێی شانازی نەک هەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێزی سەربازی کوردستانە، بەڵکو جێی باوەڕ و متمانەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیشە.

لەوەتەی ئەم دامەزراوەیە کەوتۆتە خزمەتی گشتییەوە هەم لە بەرەنگاری تیرۆر و تیرۆرستان، هەم لە بەرەنگاری دوژمنانی رەنگ و رووی جیاوازی کوردایەتیشدا دەورێکی باڵای گێڕاوە، ئەم دژەتیرۆرە باسکی بەهێزی دامەزراوەی سەربازی و ئەمنی کوردستانە و لە شێنەیی و پشووی خەباتیدا هەمیشە هێزی داکۆکییە لە کوردەواری، لە کۆمەڵانی خەڵک و لە خزمەتگوزاریی گشتیدا وەک هەر هێزێکی سەربازی پرۆفیشناڵی وڵاتانی سەنگین کار و کۆششی بەکەڵک ئەنجام دەدا. دژە تیرۆر و فەرماندە و ئەفسەرە گیانبازەکانی سەنگیان لە ئاستی عیراق و شەڕی بەرەنگاری تیرۆری نێودەوڵەتیشدا ناسراو و بەرچاوە.

دژەتیرۆر لەوەتەی هاتۆتە کۆڕی خەباتی پێشمەرگایەتییەوە وەک هێزێکی گەنج، نوێ و بە ورە دەوری لە نوێکردنەوەی توانای هێزەکانی کوردستان گێڕاوەو بۆتە دەستەمایەیەکی سەربازی بۆ بزووتنەوەی سیاسیمان،
ئەم دامەزراوەیە لە زۆر نەبەردی و وێستگەی گرنگدا لاوازی و کەوتن و هەڵهاتنی هێزی تریشی داپۆشیوە و لە جێی هێزە قەبەکانی ناوی پیرۆزی بەرەنگاری تیرۆریان هەڵگرتووە و لە کرداردا هیچیان پێ نەکراوە و لە مەیدانی گیانبازیدا رایان کردووە و لە مەیدانی دەسکەوت و خۆ گیفکردنەوەی بەردەم کامێراکاندا بە سێڵفی و بە پارەداری و کەشوفشی خۆیان کردۆتە شەریکی قوربانیدانی دژەتیرۆری یەکێتی .
شەڕەکانی داکۆکی لە هەولێر و مەخمور و کۆی شەڕەکانی دژی داعش لە تۆماری نەمراندا ئیمزا و میدالی ئیفتیخارە  بۆ ناسین و ناساندنەوە پێویستیان بە تەزکییەی کەس نییە و بەهیچ سینارێیەکی پۆپجی لە کەدار ناکرێت هەر وەکو سەرۆک بافل جەلال تاڵەبانیش وتی؛ فەرماندەکانی یەکێتی بە خوێنی خۆیان کوردستانیان پاراستووە، یەکێتییەکان شانازی بە شەهیدبوونیانەوە دەکەن لەپێناو کوردستان نەک راکردن و هەڵهاتن لە مەترسییەکان !

هێزەکانی دژەتیرۆر بە خوێن و فرمێسک و مەشەقەتی زۆر رەوایەتی و شەرعیەت و دەوریان پەیدا کردووە و کەس خێریان پێ ناکات.
نەمری بۆ شەهیدانی دژە تیرۆر و سەربەرزی بۆ تێکۆشەرانی ئەم دەزگایەی شەو و رۆژیان خستۆتە سەر یەک بۆ پاراستنی هێمنی و ژیانی کۆمەڵانی خەڵک و بۆ پارێزگاری لە ئازادی کوردستان.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket