riklam

بریندارکردنی ڕۆژنامەنووس، یان بریندارکردنی یەکێتی؟!

بیروڕا 01:11 PM - 2022-10-11
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


کاتێک هەواڵی ڕاگرتنی دوو ڕۆژنامەنووسی دەزگای میدیایی (بوار) لە سلێمانی بڵاوکرایەوە، ڕاستەوخۆ چەندان تەون و هۆنینەوە، کەوتنەسەر ڕووپەڕی سایت و ماڵپەڕەکان دژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزەکانی دژە تیرۆر و ئاسایشی سلێمانی و تاکو ئێستاش ئەو تۆمەتانەی دراونەتەپاڵ یەکێتی، خەونی زۆر کەس و حزبە کە ڕاست بن!، بەڵام خۆشبەختانە وێنەی دوو ڕۆژنامەنووسەکەمان بینی، نە بریندارکراون و نە ڕفێنرابوون.

ئەم جۆرە تۆمەتانە پێماندەڵێت: لەلایەک هۆنینەوەی تۆمەت و قسەی ناڕاست بۆ هەندێک دەزگا و دامەزراوەی میدیایی چەند ئاسانە، لەلایەکی دیکەشەوە، بوون بە ڕۆژنامەنووس لەسەر حیسابی دیدی دیموکراسیانە، قبوڵکردنی بیری ئازاد و قبوڵکردنی ڕەخنە لەلایەن یەکێتییەوە، چەند بێترسانە بێدەنگی یەکێتی دەقۆزرێتەوە بۆ دەرکەوتنی چەندان بەناو ڕۆژنامەنووس و قەڵەم بەدەست. کە لە ڕاستیدا هیچ لەسەر کاری ڕۆژنامەنووسی نازانن.

دوای ئەو هەموو هێرشە ناڕەوایەی کرایەسەر یەکێتی بەناوی بەرگری لەئازادی و دیموکراسی و هاوکات بێدەنگبوونی یەکێتییش لەمافی خۆی، بۆمان دەردەکەوێت ئێستا ئازادیخواز کێیە؟ ڕاستگۆ لەگەڵ ڕەخنە و دیموکراسی کێیە؟ ئازادیخوازیی ئەو بەناو ڕۆژنامەنووس و میدیایانە تاکو ئەوەندە بڕی نەکرد و فەهمیان پێنەکرد داوایەکی لێبووردن لە یەکێتی بکەن لەسەر ئەو تۆمەتانەی بۆ یەکێتییان هۆندەوە و دواتر وادەرنەچوو، نەک هەر ئەوەندە تەنانەت تەواوی ئەو نووسین و چەواشەکاریانەی لەسەر یەکێتی نووسیویانە و بڵاویانکردۆتەوە هێشتا لەچاوەڕوانی خەونی دۆنکیشۆتیانەیاندان بەڵکو ڕاست دەربچن، نەسڕێنراونەتەوەو لانەبراون.

ئێستا کاتێک لەلایەک بێدەنگی یەکێتی لەئاست هێرشی ناڕاست و بێدەنگی یەکێتی بۆ ڕەخنەی دوژمنکارانە دەبینین  و لەلایەکی دیکەشەوە چەند قەڵەم بەدەست و دەزگایەک دەبینین پێیان شەرمە داوایەکی لێبووردن لەیەکێتی بکەن لەئاست ئەو تۆمەتانەدا بۆ یەکێتییان دروست کردووە، بۆمان دەردەکەوێت بڕوابوونی یەکێتی بە ئازادی و بڕوابوونی بە ڕەخنە و بڕوابوونی یەکێتی بە کاری میدیایی پرۆفیشناڵ و سەردەمیانە، چەند باجی قورس و قوربانیدانی دەوێت. ئەم قوربانیدانە بە یەکێتی نەبێت بەهیچ حزبێکی دیکە ناکرێت.

هەموو مەیدانێکیش سوارچاکی خۆیی دەوێت. لە مەیدانی دیموکراسی و ئازادیدا، دەبێت هەموو شتێک بە یەک پانتایی قبوڵ بکەیت، وەک چۆن دیموکراسییەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕێگە دەدات ڕەخنە بگریت و هێرش بەچەپ و ڕاستدا بکەیت، ئاوهاش ئەرکدارت دەکات بە سەرچاوە و بەڵگەوە ڕەخنە بگریت نەک تۆمەت بەخشینەوە. بەڵام دواجار چونکە ئەو بەناو میدیاو میدیاکارانە سوارچاکی بوارەکە نەبوون، ئەسپەشێکەیان گلا و داوایەکی لێبووردنیش بەقورس دەزانن بۆ یەکێتی. هاوکات ئەم حزبەش کە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بریندار کرا بە تۆمەت و ڕەخنەی نابەجێی نازانستی و ناسیاسی و نائەخلاقی. دواجار یەکێتی سەلماندی سوارچاکی ڕێگای دیموکراسی و ئازادییە، وەک چۆن لەدوێنێی شاخدا، خوێنی دەبەخشی و بریندار دەکرا لەپێناو ئەو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەی هەیبوو، ئەوا ئەمڕۆش دیسان بریندار دەکرێتەوە و قوربانی بەخۆی دەبەخشێت لەپێناو ئەو ئازادی و دیموکراسییەی کە بەڵێنی داوە بیچەسپێنێت لەکوردستاندا.

لێرەشەوە بۆمان دەرکەوت، لە کوردستان هێندەی قەڵەم بەدەست لە چرکەسات و  دۆخی شێواو و لەهێرشی بێبنەما و داتاشینی نووسینی بێبنەمادا دەردەکەوێت، هێندە لەو دۆخە ئازاد و دیموکراسەدا دەرناکەوێت کە یەکێتی 22 هەزار شەهیدی بۆ داوە، چونکە ڕۆژنامەنووسی باش لە دۆخی باشدا دەردەکەوێت و دەزانێت کوڕی چی سەردەمێکە و چی پێویستی و ئەرکێکی لەسەر شانە، وەک چۆن ئەوەشی قەڵەم بەدەستە، کوڕی بازاڕ و مەزادی پڕ هەڕاجی وشە و درۆ و نەبوونی ئیتیکە و ئەم قەڵەم بەدەستانەش دەزانن لەچی کاتێکدا قەڵەمەکانیان دەخەنەگەڕ.

لەماوەی بیست و چوار کاتژمێردا بۆمان دەرکەوت، بەشێکی میدیای کوردی چەند تیژپەڕن لە بڕیاردان و بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێبنەمادا، کە جگە لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هیچ سەرچاوەیەکی باشی هەواڵییان نییە و مشەخۆرانە دەژین.

لەم ماوەیەدا ڕووی بەشێکی ڕۆژنامەنووسانیشمان بۆ دەرکەوت چەند درۆزنانە!! دەتوانن دێڕ و پەرەگرافی شیعرئاسا بهۆننەوە و برین بخەنە جەستەی مرۆڤ و دڵ و دەروونی تاکی کورد و هەڤاڵانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە.

 

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket