riklam

ھێشتا مێژوو دوا قسەی خۆی لەسەر نەکردووە

بیروڕا 04:21 PM - 2022-09-26
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

ستران عةبدولآ

لەڕوی پرەنسیبەوە ڕیفراندۆم ئامرازێکی دیموکراتی و خەباتێکی مەدەنییە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی سیاسی و پرسی گشتی کۆمەڵگە لە وڵاتە دیموکراتییەکان بەکار دێت 

مافی چارەنووس بەتایبەتی بە ناونیشانی یەکێتیانە ( مافی چارەی خۆ نووسین) پرەنسیبێکی سەرەکی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانییە . یەکێتی یەکەمین ھێزی سیاسی کوردستانە کە ئەم ستراتیجەی ھێنایە ئاراوە.

مافی چارەنووس بە گوێرەی ھەلومەرجی سیاسی گەشەی خەبات و مەسەلەی کورد کاری لەسەر دەکرێت ٠ 

بۆیە لەم چوارچێوەیەدا یەکێتی پرەنسیبی فیدراڵی بۆ قۆناغی دوای ڕاپەڕین ١٩٩١ ھەڵگرت .ساڵی ١٩٩٢ پەرلەمان کردیە بەرنامەی خۆی و لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دەستوری ھەمیشەیی عێراق جێگیر کرا .

ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ خۆی لە خۆیدا پیادەکردنی مافێکی دیموکراتی گەلەکەمان بوو، زۆربەی ھێزەکانی کوردستان و لەوانەش یەکێتیی دەنگیان بۆ دا ، چونکە مافێکی ڕەوایە بەڵام ھێشتاش ئەو ماف و ئەو پرۆسەیە گەڵاڵەی ئیجماعی نیشتیمانیی زیاتری پێویست بوو ،ھێشتا دەرفەتی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق مابوو ، سەرەڕای ئەوەی بەغدا گوشاری ناڕەوای سیاسی و ئابوری دەخستە سەر ھەرێمی کوردستان و بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ کێشەکانی کوردستان نەکرد .

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستانی کورد لە ڕۆژئاوا و وڵاتانی تریش ویستیان ناوبژیوانی ئیجابی بن و دانوستانی کوردستان و بەغدا ببەن بەڕێوە.گوشاریان خستە سەر بەغدا بۆ ئەوەی کێشەکانی کورد چارەسەر بکات و داواشیان لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکرد زیاتر لە ڕێی دانوستانەوە چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا بکات .

لەو ھەلومەرجەدا ڕیفراندۆم کرا و بێگومان خەڵک وەک ھەمیشە دەنگی بە ویستی نەتەوەیی خۆیدا کە سەربەخۆیی و بڕیاری چارەنووسە.چونکە ھیچ کەسێکی کورد و نیشتیمانپەروەر نییە دەنگی بەڵێ بۆ ویستی نەتەوەیی نەدات .

بەداخەوە لەسەرەتاوە بەشێوەیەکی باش ئیدارەی ھەلومەرجی دوای ڕیفراندۆمیش نەدرا ، چونکە لە دوای ریفراندۆم گوشارەکانی سەر کوردستان لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە زیاتر کراو ئەمانەش پێویستی بە یەکڕیزی زیاترو تەعبیری ھاوبەش و گرتنەبەری ڕێگەی سیاسەت و ساڕێژکردنی برینەکانی دوای سەرنەکەوتنی ڕیفراندۆم ھەبوو.

بەداخەوە لە جێی دەستگرتن بە ئەڵقەی یەکڕیزی و دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی و ناخۆشی و ویستی نەتەوەیی ، ڕیفراندۆم ،کە بۆ ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانییە، سەری کێشا بۆ ھەلومەرجی ناکۆکی و درزتێکەوتنی ڕیزەکانی نەتەوەوە.

دەکرێت بڵێین ڕیفراندۆم ئەزموونێک بوو لەپیادەکردنی ویستێکی ڕەوا و دیموکراتیەوە سەرچاوەی گرتبوو ، بەڵام ئاکامەکەی پاشەکشێ و گەمارۆدانی سیاسی کوردستان بوو .

ھێشتاش گەلەکەمان و بزوتنەوە سیاسییەکەی و ئەزموونی حوکمڕانییەکەی بەشی زۆری وزەی سەربەرزکردنەوەی پێماوەو دەتوانێت بە ورەیەکی تازەوە ڕوو لە ھەڵسانەوەو دورکەوتنەوە لە ناکۆکی و پاشەکشێ و پەرتبوون بکات . 

ویستی یەکێتی ڕیزەکانی گەل و سەرخستنی ئەزموونەکەمان شایەنی قوربانیدانی زیاترو خۆڕێکخستنەوە و گورجوگۆڵکرنەوەی نەتەوەیی و سیاسی کوردستان ھەیە و گەلەکەشمان دوای ئەو ھەموو ویست و قوربانیدانە بە وێستگەی ڕیفراندۆمیشەوە شایەنی ژیانێکی باشترو ئابڕومەندانەترە 

ھێشتا زووە دوا ھەڵسەنگاندن بۆ ئەزموونی ڕیفراندۆم بکرێت، ھێشتا زووە مێژوو دوا قسەی خۆی لە بارەوە بکات ،ھەڵسەنگاندنی ئێستامان دەبێت بە قازانجی یەکڕیزی و پێکەوەیی و ڕووکردنە ئاسۆی دواڕۆژ بێت.

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket