riklam

دادگای جیهانی تاوان ، چی پێشکەشکرد؟

بیروڕا 07:02 PM - 2022-07-14

دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی و ڕەوینەوەی تەمومژی ترسناکی ئەو جەنگە ، کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئاسۆیەکی ڕوونی لێدەرکەوت و ڕوانیە سەردەمێکی نوێ. هەوڵی بێپایانی مرۆڤ بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤی برای لە تەنگانەو ناخۆشی و قوتارکردنی لەدەست خوێن ڕشتن وتاوانباران بە شیوەیەکی بەرچاوکەوتە ڕوو. ئەم پەڕ و پۆشیەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ووڵاتانی دونیای لە چوارچێوەی دادوەرییەکی جیهانیدا کۆکردەوە بۆ پێکهێنانی دادگایەکی نێودەوڵەتی .

کۆششی مافپەروەرانەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ، دادگای ( تۆکیۆ و نۆرمبێرگ ) ی دامەزراند بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ .

هەوڵی کۆمەڵگای جیهانی بۆ چەسپاندنی دادگای تۆکیۆ و نۆرمبێرگ سڕبوونێکی مێژوویی بەخۆیەوە بینی کە هەر لە ساڵی ١٩٥٠ تا ١٩٩٠ ی خایاند . بیانووی ئەو جەنگەش بە سەرکەوتنی بلۆکی سەرمایەداری و شکستی بلۆکی سۆشیالیستی و سڕبوونی هەتا هەتایی خەباتی کرێکاری و سەروەریکردنی جیهان لە لایەن سیستمی نوێی جیهانیەوە کۆتایی هات .

دادگای تۆکیۆ و نۆرمبێرگ لە چوارچێوەی قاڵبێکی نوێدا یاساکانی داڕشتەوە بە جۆرێک نەک هەرتاوانبار دەستنیشانبکرێ بەڵکو سزای توندی بەسەردا بسەپێنرێ و جارێکیتر دوژمنی سەرسەختی مرۆڤایەتی لە دەستی یاسا یاساغ نەبێت ولێرە و لەوێ خۆی حەشار نەدات .

هەر بۆ ئەم مەبەستە  کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی مارتی ساڵی ١٩٩٣ دا کۆنگرەیەکی بەرفراوانی بەست و تیایدا بڕیاریدا کە لە داهاتوویەکی نزیکدا چاودێرێک بۆ تاوان و چاودێرێک بۆ پاراستنی مافەکانی تاوانلێکراو دابنێت کە لە توانایدا بێ سنوور بۆ هەموو دەستدرێژییەک دابنێ و سزای توندی ئەوانەش بدات کە دژی مرۆڤایەتی تاوان ئەنجام دەدەن ، لەلایەن ووڵاتە خاوەن بنکە ئابووری و سەربازییە پتەوەکانی ئەندامی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە  پشتیوانی دارایی و سەربازی لێبکرێت .

یەکەم چاودێری تاوان ڕۆژی ٥/٤/١٩٩٤ هەڵنژێردرا کە  ( خۆزێ ئیالا لاسۆ ) ی ئۆکوادۆری بوو . پەرۆشی دونیا بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ هەنگاوی گورج و قۆناغی دووری بڕی ، بۆ نموونە تەنیا ڕێکخراوی لێبوردنی جیهانی لیستێکی بە ناوی ملیۆنێک و دووسەد هەزار ئەندام ئامادەکرد  لە چل وولاتی جۆرا و جۆری جیهاندا  کە لێرە و لەوێ پەردەیان لەسەر تاوان هەڵدەماڵی و بە بەڵگەوە تاوانبارانیان دەستیشاندەکرد ، زیاتر لە پەنجا تاوانباریان دەسنیشانکرد کە تاوانیان دژی میللەتەکەی خۆیان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەنجام دابوو ، ئیتریابەناوی بازرگانی یاخود دوور نیە ئەو تاوانبارانە خۆیان لە تای نیشتمانپەروەرێکی بە کەڵک لە ترازووی ویژدان و مێژوو دانابێت .

لێرەدا چەند پرسیارێک دێتە ئاراوە : - 

ئایا ئەنجامی ئەو گۆڕانە خێرایانەی کە لە دوای ساڵی ١٩٩٠ ەوە و بەتایبەتی دوای نەمانی جەنگی سارد  ڕوویدا ، چیبوون ؟ بەچ شیوەیەک کاری لە نەخشەی پەیوەندییەکانکرد ؟  چ سنوورێک بۆ تاوانباران دانرا ؟  چ تاوانبارێک سزا درا و چ مافێکیش گەڕایەوە بۆ تاوانلێکراو؟  ئایا ئەو تاوانبارانەی کە ڕێکخراوی لێبوردنی جیهانی پەردەی لەسەر تاوانەکانیان هەڵماڵی ، لە کوێ و کەی سزای خۆیان وەرگرت ؟؟  ئەگەر نا ئایا ئەو گرفتانە چین بوونەتە بەربەستی سەرنەکەوتنی ئەو هەوڵانە؟ ! 

لەم سەردەمە نوێیەدا کە دیموکراسی وەک باوترین کاڵای سیاسی مامەڵەی پێدەکرێ و شۆڕشی ئەلکترۆنی و عەولەمە وئینتەرنێت بە جۆرێکی وا تان و پۆی جیهانی گڵۆبالیزمی تەنیووە کە کردوویەتیە گوندێکی بچووک و هەر تاوانێک بەهەر بیانوویەک لەهەر شوێنێک ڕووبدات بە خێرایی بە هەموولایەکدا بڵاو دەبێتەوە . بەڵام مایەی سەرسوڕمانە کە هەر دوو ڕۆژ دوای دانانی چاودێری تاوان  ڕۆژی ٧/٤/١٩٩٤ یەکێک لە ترسناکترین  کارەساتی شەڕی ناوخۆ لە ڕاوەندا ڕوویدا بە جۆرێک سۆزی دونیای هەژاند و هەموو بنەما ڕەوشتیەکانی لەبەر یەک هەڵوەشاندەوە و هێنایە سەر لێواری ڕووخان  بەوەی نزیکەی یەک ملیۆن ئادەمیزاد لەو ڕاوەندا بچووکەدا بوونە قوربانی سیاسەتی چەوتی هەڵگیرسێنەرانی شەڕی ناوخۆ .. ڕۆژی ١١/٦/١٩٩٦ لە کابۆلی پایتەختی ئەفغانستان  هەزار و سەد هاوڵاتی کوژران ، ڕۆژانەش چەندین گەنج و خێزان ملی ڕێگای هات و نەهات دەگرنە بەر بە شیوازی جیاواز بۆ ڕزگاربوون و گەیشتن بە شوینێکی ئامان و خۆیان دەدەنە دەستی قەدەری قاچاغچی و باندەکانی سنووری ووڵاتەکانیان بەو هیوایەی  ئەو خەونانەی لە زێدی لە دایکبوونیان نەهاتەدی لە شوینێکی تردا و لە غەریبی و دوورە هاوار لەدایک بێت  .. لێرەدا دەستەواژەکان ئاوەژووبوونەوە و ئەو ژەهرەی بۆ تاوانباران ئامادەکرابوو دەرخواردی بی دیفاع و تاوالێکراوان و نەوەکانیان دران !! 

تۆ بڵێی هەزارەی سێ یەم لە ژێر پەردەی چ دروشم و دیسپلینی چ یاسا یەکدا و بە بەرژەوەندی کێ هەڵسوڕێ ؟ تۆبڵێی ئەم هەزارەیە ش هەروەک هەزارەکانی تر نەبێت وتەنها لە ژمارە جیاوزییان هەبێت ؟؟؟

 

سیروان بەرزنجی/ ئوسترالیا  

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket