riklam

تەنها قەدەغەكردنی چەكی بێ مۆڵەت چارەسە نیە..........!

کوردستان 04:27 PM - 2022-07-04

بەپێی راگەیاندنی دەزگا و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا واتە لەسەرەتای ساڵەوە تا هەنوكە 57 ژن و پیاو كوژراون، بە جۆرێك لە هەولێر (18) پیاو و (9) ژن، لەسلێمانی (10) پیاو و (7)ژن، لەدهۆكیش (5) پیاو و (7) ژن هەروەها لە هەڵەبجەش یەك پیاو كوژراوە و ژن نەكوژراوە، ئەگەر سەیری ئەو ژمارە بكەیت بەبەراورد بەكۆی دانیشتوانی هەرێم ژمارەیەكی زۆرە، دەهێنێت هەڵوێستەی زۆر جددی لەسەر بكرێت و توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی هەمەلایەنەی لەبارەیەوە ئەنجام بدرێت، بێگومان تەنها هۆكارەكەی هەڵگرتنی چەكی نایاسایی نیە، راستە ئەوە رۆڵی هەیە، بەڵام ناگاتە ئەو ئاستەی ئەو هەموو كەسە بكوژرێت كە دوا شەپۆڵی كوشتنی دوو مامۆستای زانكۆ و ژن و مێردێك بوو لەدوو رۆژدا لەناو شاری هەولێر، بەڕای خۆم هۆكارگەلیتر وایكردووە ئەو كارەساتانە بەو شێوەیە بێت و هەر رۆژە لەشارێك لەشارۆچكەیەك كوشتارگەیەك بقومێت، زۆر بەئاسانیش بخرێتـە پاڵ كێشەی كۆمەڵاتیەوە، ئیتر رۆژێك دوو رۆژ بەگەرموگوڕیەوە دەخرێتـە بەرباس و بەدواداچون، دوای ئەوە لەناو ئەوراقاندا هەڵدەگیرێت یان پەنا دەبرێت بۆ ناوەندە كۆمەڵاتیەكان و بۆماوەیەكی كاتی پوش بەسەر دەكرێت كە من دڵنیام زۆری ئەو تاوەنكاریانە بە چەكی بە مۆڵەتەوە دەكرێت،  بۆیە دەڵێم تەنها قەدەغەكردنی چەكی بێ مۆڵەت چارەسەر نیە، رەنگە كاریگەری هەبێت، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر كەم، لەبەر ئەوەی بەداخەوە چەك لەم هەرێمە یەكجار زۆرە، بەپێی هەندێك ئامار و سەرچاوە دەگاتە سەروی یەك ملیۆن بەگەورە و بچوكەوە، بەدڵنیاییەوەش رێگە لەكڕین و فرۆشتنشی ناگیرێت، چونكە بازاڕی چەك نەك لە هەرێم لەدەوروبەر و دونیاش ئەوەندە گەورەیە ئەوەندەش رێگەی جۆراوجۆر بۆ بەردەستكردنی هەیە، ئاسان نیە بەدەست بەسەراگرتنی چەند هەزارێك یان داخستنی بازاڕەكان كۆنترۆڵ بكرێـت، خۆشی ئەو جۆرە بازرگانیە كەس و هێز و دەست رۆیشتوی لەپشتەوەیە، بۆیە دەبێت لە پاڵ ئەو قەدەغەكردنە هەنگاویتریش هەڵبهێنرێت، بۆ ئەوەی سنورێك بۆ ئەو هەموو تاوەنكاریە دابنرێت، چیتر رۆژانە بەدیار كارەساتەكانەوە دۆش دانەمێنین، پێموایە لەگرنگترین ئەو هەنگاوانە ئەوانەن : - 

 

1- پەرلەمانی كوردستان یاسای پارێزبەندی مامۆستایان دەربكات كە چوار ساڵ پێش ئێستا لەلایەن یەكێـتی مامۆستایانی كوردستانەوە پێشكەشیان كراوە، چونكە كە مامۆستایان پارێزراو بوون ئیتر پرۆسەی پەروەردە زۆر بەباشی بەڕێوە دەچێت، هەموشی چەند ساڵێك زەحمەتە دواجار كۆمەڵگە بەباشی لەنگەر دەگرێت و دەخەمڵێت، وردە وردە تاوانكاری كەمدەبێتەوە، چونكە واقعێكی سەلمێنراو هەیە، كۆمەڵگەی باش بە پەروەردەی تەندروست دەبێت،  پەروەردەی تەندروستیش بەمامۆستای لەخەمڕەخساو دەبێت .

 

2- سنورێك بۆ  ئەو هەموو كەناڵ و سوشیال میدیایە بەر بڵاوە دابنرێت، چونكە رۆژانە بەدەیان فلیمی شەڕ و شۆر و كوشتن و بڕین بڵاودەكرێتەوە، لەپاڵ ئەوانەشدا لەپەیج و لاپەڕەكاندا رەواج بەدەیان و سەدان كێشەی جیاجیا دەدرێت، هەر خۆیان ئەوانە جۆرێك لە راهێنانن بۆفێربوونی تاوان، بەڕاستی یاسایەكی توند پێویستە دابڕێژرێت و هیچ شتێك بەبێ رێگەپێدان بڵاو نەكرێتـەوە، هیچ پەیج و لاپەڕەیەكیش بەبێ ئاشكرابوونی خاوەنی رێگەی كاركردنی پێنەدرێت. 

 

3- هەڵمەتێكی گشتگیر و رێكخراو و سەرتاسەری لەلایەن مامۆستایانی ئایینی و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و چالاكوانان بەهەردوو رەگەزەوە بە تایبەت لە بواری دەرونیەوە بەرپا بكرێت، تاوەكو توڕەیی خەڵك و ئەو ئاڵنگاریانەی رۆژانە رودەدەن هێور ببنەوە، لە بەدبەختی كۆمەڵگەكەی ئێمە، چونكە زیاتر لە 60 ساڵە بەردەوام شەڕ و شۆڕ و كوشتاری تێدایە، چ ئەوەی دوژمنان پێمانیان كردووە، چ ئەوەی بەخۆمان كردوومانە، هەمومان بە جۆرێك لە جۆرەكان  توڕەین، توێژینەوەكانیش  هەر وایان نیشاندا وە ئێمە لەدوای ئەفغانستان و وسوریا و لیبیاوە دێین، بۆیە دەبێت ، هەموو ناوەندەكان تەوزیف بكرێن، بۆ ئەوەی دەرونی خەڵك ئارام بێتەوە و چیتر بە قومێك ئاوەوە نەكەوینە مەلەوە. 

 

4- حكومەت و پەرلەمان و بەرپرسەكانیش بە پێی پێگەكانیان بەرپرسیاریەتی گەورەیان لە ئەستۆدایە، دەبێت كاری جددی بكەن بۆ كەمكردنەوەی هەژمونی ئەو واقیعە تاڵەی كۆمەڵگەی كوردستان تێی كەوتوە، بۆ ئەوە دەبێت خاكیانە بژین، چیتر بەخۆیان و هێزی زەبەلاحەوە هاتوچۆ نەكەن، باوەڕم وانیە كەس دوژمنیان بێت، هەر بەخۆی ئەو شێوە دەرخستنە ئازاری دەرونی خەڵك دەدات و توڕەیان دەكات، دەبێت دەزگاكانیش تێبگەیێنرێن زۆر بە نەرم و نیانیەوە مامەڵە لەگەڵ خەڵیكدا بكەن، هەرگیز هێرش نەكەنە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی بە مامۆستایان و فەرمانبەرانیشەوە، بەداخەوە بەسەدان و هەزاران دیاردەی لەو شێوەیە لەرابردوودا هەبووە، كۆمەڵانی خەڵكیش زۆر لەوە توڕەن، بەڵام نەیان ویستوە جارێ هەڵسوكەوت بكەن، بێگومان هەلیان بۆ بڕەخسێت وەك كاردانەوە ئەوانیش سڵ لە وەڵامدانەوە ناكەنەوە.

 

پێموایە ئەو هەنگاوانە و هیتریش دەبنە پاڵنەر بۆ كەمكردنەوەی ئەو تەوژمە كارەساتبارەی بەرۆكی گرتوین  كە خەریكە هەمومان بەشێوەیەك لەشێوەكان بكەوینە بەر مەنگەنەی، ئەكید ئەگەر كاری بۆ نەكرێـت رەنگە خراپتر لە پاشتر بێت و تەڕ و وشك پێكەوە بسوتێنێت.

 

ن: عەبدولواحێد محەمەد 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket