شنه‌ی شه‌ماڵ به‌ فیڕۆی دا

عیراق 08:27 PM - 2022-06-19

ئه‌م زه‌مه‌نه‌ هه‌مووی له‌ كاتی عێراقییه‌كان ده‌ڕوات، له‌ وه‌خت و سه‌عات و دوا رۆژیان ده‌رواو به‌ تێكڕا ناویان لێناوه‌ بنبه‌ستی سیاسی ،خه‌رجییه‌كی زۆر و به‌ هه‌ده‌ردانێكی زۆرتر.
له‌ وڵاتان كه‌ بیرۆكه‌ی سیاسی تازه‌، یان ره‌وتی سیاسی تازه‌ په‌یدا ده‌بن، ده‌بنه‌ باعیسی ده‌وڵه‌مه‌ندی و زیندووێتی و جۆشدانه‌وه‌ی كایه‌ی ژیان . له‌ عێراق ئه‌مانه‌ ده‌بنه‌ بۆنه‌ی چه‌قبه‌ستوویی و له‌ جێی خۆ ڕاوه‌ستان و پێكۆته‌یه‌كی بێ مانا. ده‌بنه‌ سه‌رباری ده‌رده‌كان و ژماره‌یان دوو كه‌ڕه‌ت ده‌كات ، گوایه‌ دوای نۆزده‌ ساڵ له‌ كه‌وتنی بتی سه‌ددام، له‌ ناوجه‌رگه‌ی به‌غدا، ئه‌مه‌ی دێ ده‌ورانێكی تازه‌ و لاپه‌ڕه‌یه‌كی سپییه‌ كه‌ عێراقییه‌ (تازه‌تره‌كان) پڕی ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ جێی عێراقییه‌ (تازه‌كانی) كه‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی هاتنه‌ سه‌ر حوكم.
(ئاخره‌ باخن ) وه‌ك توركمان ده‌ڵێ. وا له‌ جێی كردنه‌وه‌ی گرێی ده‌ست، گرێی ده‌م لێو ئازار داو په‌تی زبری ته‌ڕ كردووه‌ ، ئه‌گه‌ر جاران گوایه‌ كێشه‌ی به‌شبه‌شێنه‌ و دابه‌شكاری كورد و شیعه‌ و سوننه‌ بووه‌، وا ده‌بینین سێ كێشه‌ بۆته‌ شه‌ش : دوو شیعه‌ و دوو سوننه‌ و دوو كورد.
جا ئه‌مانه‌ جیا له‌ یه‌كتری له‌ دوو وڵاتی جیا سیاسه‌ت ناكه‌ن، به‌ڵكو هه‌ر له‌ عێراقن و هه‌ر له‌ راڕه‌وه‌كانی به‌غدا به‌ر یه‌ك ده‌كه‌ون
ده‌رئه‌نجامی ئه‌م قه‌ره‌باڵغییه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌ جیاتی گۆڕانكاری به‌ گوژم و بنچینه‌یی، ده‌بینین كاره‌كه‌ له‌ نیوه‌ی ڕێ په‌كی كه‌وتووه‌ ، نرخه‌كه‌ی عێراقییه‌كان ده‌یده‌ن، ئۆباڵ به‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانه‌یه‌ نه‌ بنه‌مای ته‌وافق ره‌چاو ده‌كه‌ن و به‌ ته‌وافق به‌ دوای چاره‌دا ده‌گه‌رێن .
گشتی ته‌له‌ف و زیانه‌ له‌ رۆژ و ژیانی خه‌ڵك ده‌ڕوا، جا سبه‌ی له‌م یارییه‌ سیاسییه‌دا كه‌س خاوه‌ندارێتی له‌ زه‌ره‌ر و زیانه‌كان ناكات و نایانبژێرێ، مه‌گه‌ر به‌ناوی ته‌له‌فی خۆڕاییه‌وه‌ قه‌ید بكرێت، یان وه‌كو ڕسته‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی ئه‌كته‌ری ناسراوی میسر( یه‌حیا شاهین) كه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی رۆمانی (بین القێرین)-ی نه‌جیب مه‌حفوزه‌وه‌ گوتی:
بنوسه‌، كه‌لوپه‌لی ئه‌وتۆ كه‌ شنه‌ی  شه‌ماڵ به‌ فیڕۆی دا

ستران عه‌بدوڵلا

PUKmedia تایبه‌ت

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket