riklam

سەدر ئەو بریارەی بۆ دوو ئامانج داوە

بیروڕا 11:50 PM - 2022-06-14

    بەڕاستی، بە پێویستی نازانم جارێكیتر بە مەنەفێستی سیاسی سەدردا رابێمەوە، چونكە دەرچونەكانی لە دوای روخانی رژێمی دیكتاتۆری و هاتنە نێو گۆڕەپانی سیاسی، بە تایبەت   ئەو رەوتەی وابەستەیە پێیەوە زۆرە، هەموی بخەیەوە سەر یەكتر  لە ژماردن نایێت، بە گرنگی دەزانم قسەیەك لەسەر دوا بڕیار  و ئاكامەكەی بكەم، هەرچەندە بڕوام وایە، ئەمە دەرچونەكی لە ناكاو نەبوو بەلكو چاوەڕوان كراو بوو، بە حوكمی ئەوەی ئەو ئامانج و ئاواتەی ئەو  پیاوە كردبوویە وێردی سەر زمانی خۆی و وڕكی لێداگرتبوو نەهاتە دی، بێگومان بە وانەی ئەمجارە شەراكەتیشی لەگەڵدا كردبوون، ئەوەی مایەوە لەبەردەمی هەر ئەوەبوو كە ئەنجامیدا، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەیان بەبێ بەرنامە نیە، لەوەندەش ناوەستێت هەر وا بەئاسانی گۆڕەپانەكە واڵا بكات، بۆ ئەوانەیتر تەراتێنی تێدا بكەن، بە خوێندنەوەی من سەدر ئەو بڕیارەی بۆ دوو ئامانج داوە، یەكەمیان، بە ركابەرەكانی بڵێت، ئەگەر من كۆسپم هەر وەكو ئێوە پێتان وایە  لەبەردەم كاروبارە سیاسیەكانی عێراق، دەی وا من دەرچوم بزانم ئێوە چیتان لە هەمبانە دایە و بەبێ من چتان پێدەكرێت بیكەن، دووەمیان رو لە جەماوەرەكەیەتی و عێراقە بەگشتی، پێشموایە هەر ئەوە مەبەستە بنەڕەتیەكەیەتی، لەوەدا دەیەوێت بڵێت من دەمویست ببمە فریاد رەستان بەو بەرنامەی رامان گەیاندبوو كە بریتیبوو لە حكومەتی زۆرینە، دەمانویست لەو بەش بەشۆكە سیاسیەی ساڵەهایە پێیەوە دەناڵێنن كە هەتا بینا قاقای نقومی نەداری و بێدادی بوونە رزگارتان بكەم و وڵات پاك بكەمەوە لە گەندەڵكارەكان، ئیتر بە تەواوی بحەسێنەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە زۆرینەی رەهامان نەبوو نەمانتوانی ئەوە بكەین، بۆیە ئەمجارە دەبێت  دەنگمان پێبدەن  تاوەكو ئەو ئامانجە بەدەست بێنین و مەجبوری  هیچ كەس و لایەنێكیش نەبین، ئەوە بەرنامەی سەدرە هەر ئەوەشی دەوێت جێبەجێی بكات، ئەو پەلەی نیە پێی  وایە كات زۆری بەبەروە ماوە، ئەوەی ئێستا لە ئارادایە كۆتایی عێراق و كاروبارە سیاسیەكەی نیە، گرنگ ئەوەیە ئێستا تۆپەكە كەوتە گۆڕەپانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە دەبێت هەنگاوی  زۆرخێرا هەڵبهاوێت، بە پێی یاسای بەركار لەو دەست لە كاركێشانەوەیە ئەوان قازانج دەكەن، ئەگەر بێت  و ئەو دەست لە كاركێشانەوە بەكۆمەڵە لەلایەن كۆمیسۆنەوە پەسند بكرێت، چونكە دوای ئەوە دۆڕاوی زۆرینە بەسەر دەكەوێت، لەو كردارە حسابیە چوارچێوە و هێزە شیعیە بچوكەكان سود وەردەگرن و ژمارەی كورسیەكانیان زۆرتر دەبێت، پێدەچێت هەتا 120 كورسی بڕۆن، بەڵام ئەوەندەش بەس نیە بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو پێكهێنانی حكومەت هەڵبهێنن،  هێشتا پێویستیان بە ژمارەی زیاتر هەیە، دەبێت حسابی ئەوەش بكەن، رەنگە هێزە هاوبەشەكانی كوتلەی سەدر، هەوڵی سێیەكی پەكخەر بدەن، هەر وەكو ئەوەی لە پێشدا كرا، بۆیە دەبێت بە دیقەتەوە حساب بۆ هەموو ئەگەرەكان بكەن، ئەوەی دیارە چوارچێوی هەماهەنگی ئاراستەكەی زیاتر رو لە یەكێتی نیشتمانی و عەزم و  بەشێك لە سەربەخۆكانە، مەعلومە چوارچێوەی هەماهەنگی  بە حەساسیەتەوە مامەڵە لەگەڵ هاوبەشەكانی سەدرەوە دەكەن، لەبەر ئەوەی بە كەرتكەری ماڵی شیعەیان دەزانن، ئەمینیش نین لەوەی لە نیوەی رێگادا كۆسپ نەخەنە بەردەم عەمەلیەی سیاسی، بە كورتی و بە عێراقیانە ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی چوارچێوەی هەماهەنگیە، دەبێت خێرا و بە وردی و سەنگینینیەوە هەنگاو هەڵبهێنن، چونكە خەڵكی عێراق سەبریان خەریكە ببڕێت،  یا دەبێت  هەموو لایەك كۆبكەنەوە و حكومەتێكی نیشتمانی  پێكبهێنن، هەنگاوی كرداری و بە پەلە بۆ چاكسازی و خزمەتگوزاری خەڵك ئەنجام بدەن، بێگومان خەڵكی كوردستانیش رازی بكەن، بۆ ئەوەی هیچ فورسەتێك لەبەردەم سەدر و هاوبەشەكانی نەمێنێتەوە، تاوەكو بیكەنە پاساو  و بێنە سەر شەقامەكان، یا ئەوەتا ئەوانیش بڕیاری دەست لە كاركێشانەوە بدەن و ئیتر زەمینە بۆ هەڵبژاردنێكیتر فەراهەم بكەن، هەر چەندە یەقینم وایە بەوەش عێراق ناكەوێتە ژێر سایەی حكومەتێكی كاراو خزمەتگوزار كە  وەڵامدەرەوەی لایەنی كەمی  داخوازیەكانی عێراقیە بەشمەینەكان و خەڵكی كوردستانی غەدر لێكراو بێت، لێرەدا دەمەوێ بە جەنابی سەرۆك پاڤڵ و یەكێتی نشتمانی كوردستان بڵێم، ئەركەكانتان ئێستا قورستر بووە ، بە تایبەت لەو فەزا سیاسیە بێ ئەمانەی عێراق تێی كەوتوە، دەبێت هیچ سازشێك لەسەر داخوازیەكانی گەلی كوردستان بە تایبەت ماددەی 140ی ناوچە دابڕێنراوەكان و هێزی پێشمەرگە و  نەوت و گاز و ئەوانەیتر كە پێدراوی نەتەوەیی و نیشتمانی كۆمەڵانی خەڵكن نەكەن، لە بەرامبەر  هەندێك دەسكەوتی هەنوكەیی یان هاوشێوەی ئەو رێككەوتنە 13 خاڵیەی پێشتر  كرابوو، بەوە دەرگای دۆزەخ دەكرێتەوە نەیارەكانیش شكستیان دەبێتە سەركەوتن ئەگەر رێژەییش بێت .   

PUKmedia ن: عەبدولواحێد محەمەد

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket