riklam

ئاستەم نیە هەستانەوە

بیروڕا 07:14 PM - 2022-06-05

ژیان هێندە جەنجاڵە و هەنگاوەکانی مرۆڤ هێندە دور و درێژ و دژوارن کە دەبێت بە حاڵەتێکی ئاسایی وەر بگیرێت کاتێک لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی ژیانی ئەم بوونەوەرە ئاڵۆزە توشی شکست بێتەوە و هەرەس بهێنێت بە شێوازێک لە ناوەڕاستی ڕێگە یان کاتی نزیک بوونەوە لە بەدەست هێنانی خاڵی ئامانج (نقطة تحقيق الذات) بە پێچەوانەی پلان و بیر کردنەوەو داڕشتن و نەخشە ڕێگا ئامانجەکانی پێچەوانەی خواست و ویستی ئەم مرۆڤە بێت بە پێواندنی ئەم حاڵەتە تاکە کەسیە دەکرێت ببێت بە پێوەر بۆ کۆمەڵە خەڵکانێک یان گروپێک یان کۆمەڵگەیەک کە لەژێر چەترێکی زانستی یان کۆمەڵایەتی یان سیاسی کار دەکەن و لە خەبات و کۆششی بێ وچاندان بۆ ئامانجە گشتیەکانیان بە پێی بیر و باوەڕە جیاوازەکان
مێژووی گەلان و مێژووی مرۆڤایەتی پڕن لە نمونەکانی سەرکەوتن و ژێر کەوتن و دوا کەوتن یان هەرەس هێنان جا چ لە ڕووی ئەزمون و سیرەی زاتی تاکە کەسەکان بێت یان چ لە ڕووی مێژووی تاقمێک یان زانست خوازان یان شۆڕشگێڕان یان تاکو دەگاتە خەونی نوسەران و شاعیران و ڕۆشن بیران و دواتر خەونی وڵاتەکان لە پێناو گەلەکانیان 

ئەوەی گرنگە و جێگای ئاماژە پێدانە کە کاتێک هەر هەنگاوێک دەنرێت دەبێت خاڵی بەهێز و خاڵی لاواز و ئەگەرەکان و پێشهاتەکان ڕەچاو بکرێت لە دونیای لۆژیک و لە دونیای بیرکردنەوە و مامەڵە کردن لەگەڵ خودی خۆماندا وە چوار دەورەکەمان ، هەر بۆیە لە دەرەنجامی هەر هەنگاوێک کە بەباشی نەشکایەوە نابێت بڕوخێین و هەرەس بهێنین ئەوە تەنیا ئەو ئامانجەیە کە بەدەست نەهاتووە بەڵام ئێمە کە خۆمان مابین ئەوە گەورە ترین سەرمایەی بوون و مرۆڤایەتیە لەو گرنگ تر ئەوەیە کە چۆن دوا بە دوای ئەم ئازار و خەمە بێ دوو دڵی بڕیار بەین لە هەستانەوە کە ئەمەش بێ گومان کارێکی ئاستەم نیە چونک بونمان بەردەوامە کە بوونمان بەردەوام بوو دەبێت پرۆسیسی بیرکردنەوەش لە بەردەوامی دابێت و سات بە سات لە خۆ ئەپدەیت کردنەوە و خۆ پڕ چەک کردنەوە دا بین تاکو بتوانین سەر لەنوێ هەنگاوەکانمان بخەینە سەر ڕاستە ڕێگای دەستپێکێکی نوێ بۆ بەدەست هێنانی پلان و خەون و ئامانجە ڕەواکانمان هەر وەکو فرینسس بیکۆن دەڵێت ( لیس العظيم من لا يسقط ابدا انما العظيم من يسقط ثم ينهض من جديد) واتە مەزن ئەو کەسە نیە کە هەرگیز ناکەوێت بەڵکو مەزن ئەو کەسەیە کە دەکەوێت و هەرەس دەهێنێت و هەڵدەسێتەوە ، هەر بۆیە کاتێک دەبینین کە توشی خەزانێک یان پێ هەڵکەوتنێک یان شکستێک یان کەوتنە خوارەوەیەک دەبینین لە ئاستی ناخ و دەرونی خۆماندا بەرامبەر بە ئەنجامێکی نێگەتیڤ نابێت وا بزانین کە ئەمە دوا دیمەنە وە خاڵی کۆتایی دا بنێ و خێرا پێنوسەکە بگرەوە دەست و دەست بکەرەوە بە داڕشتنی سپێدە و ئایندەیەکی نوێ بە سوود وەرگرتن لە دوێنێ و هەر وەها بە ئیرادەیەکی پۆڵاینی پڕ لە هێزێکی پۆزەتیڤ وە باس و ڕەخنەی کەسە لاوازەکان و ئەو کەسانەی کە چاویان هەڵ نایەت بە بەدەست هێنانی ئامانجەکانت کارت لێ نەکات چونکە خیصلەتی گەلێک بەرامبەر لایەنەکانی تر ڕەنگە پڕ بێت لە قین و بوغز و پلان گێڕی
ژیانی مرۆڤیش و ژیان لەم کایە گشتیە کە پێی دەوترێت کۆمەڵگە شەمەندەفەرێکە و لەسەر ڕێگەیەکی دوور و درێژە و پڕە لە وێستگە بۆیە ژیان بە دینامیکەوە جوانە پڕ بێت لە جوڵە پڕ بێت لە ئومێد نەوەک حەسرەت هەڵکێشان لە ڕابردوو

کەسێکی پڕ لە ئیرادە گەلێکی پڕ ئیرادە دەستکەوتی ئیجابی و باشی لێ دەکەوێتەوە کە بتوانرێت بناغەیەکی پتەوی بۆ تاکە کەس و کۆمەڵگە تێیدا بونیاد بنرێت کە خۆش گوزەرانی لێ بکەوێتەوە هەر بۆیە ئێستاش درەنگ نیە بڕیار بەیت دەست بە چاک سازی و پاک سازی و داڕشتنەوەی ئایندەی خۆت و گەل بە لە چوار چێوەی پیشەیی و کۆمەڵایەتی ئاینی و سیاسی خۆتدا وە چوست و چالاک بە و هەست بە بەرپرسیارێتی مێژووی و ویژدانی و ئەخلاقی خۆت بکە بەرامبەر بە خودی خۆت و دەور و بەری خۆت کە بێ گومان خێزان و کۆمەڵگە و وڵات و نیشتمان بەشێک بە لە بوژاندنەوەی مرۆڤایەتی و کرۆکی ژیان و خشتەیەک بخەرە سەر تەلاری ئەم ژیانە کە موڵکی هەموانە 


پارێزەر : هێڤار محمد عمر

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket