riklam

دەبێ دیدار بۆ ئاشتبوونەوە بێت........

بیروڕا 10:11 PM - 2022-06-03

      چەند مانگێكە قسە وباس لە بارەی دیداری یەكێتیەوە دەكرێت، سێ مانگە و لەگەڵ دەستپێكردنی چالاكیەكانی دیدار لەسەر ئاستی مەڵبەندەكان، چەندین سەرنج و تێڕوانین لە بارەیەوە لەلایەن هەڤاڵان و رۆشنبیران و راگەیاندنكاران و چاودێرانی سیاسی  بێگومان خەڵكی بێ لایەنیش خراوەتە ڕو، دیارە جۆرەك لە دابەشبوونیش هەبووە، بەشێك رایان بە دروستی  لەسەر بەستنی دیدار لەم بارودۆحە ئاڵۆزكاویە ئیجابی نەبووە ، بە ئەڵقەیەكی زیادەیان لێكداوەتەوە، وایان بینیوە ئێستا كاتی هەنگاوی خێرایە، دانیشتن و چاوەڕوان كردن بەدیار ئەو شێوە دیدارە جگە لە كات كوشتن هیچیتر نیە، لەولاشەوە بەشێكی بەرچاو لەو توێژانەی ئاماژەمان پێدان دیداریان بە گرنگ زانیوە، واشیان لێكداوەتەوە كە ئەوە هەنگاوێكی زۆر تازەیە لە هەرێمی كوردستان بگرە لە عێراق و دەڤەرەكەش، حیزب بێت و گردبوونەوەیەكی چەند هەزار كەسی و وا بەربڵاو رێك بخات، بۆ ئەوەی پڕۆژەی روانینی سیاسی و پەروەردەیی و ئابووری و رێكخراوەیی و هەموو جومگەكانیتری جێی بایەخ لەلایەن كادیرو كەسانی دیاری خۆی گەڵاڵە بكات، بۆ ئەوەی بیكاتە نەخشە رێگەی كاركردن و بەرجەستە كردنی داخوازیەكانی كۆمەڵانی خەڵك، لەوەش زیاتر تێپەڕیون، پێیان وایە ئەوەش داهێنانێكی تازەی یەكێتی نیشتمانی كوردستانە، دەچێتە سەر خەرمانەی ئەو هەموو داهێنانانەی لەوەتەی دامەزراوە بۆ ئەم هەرێمە و تەواوی كوردستان بەرجەستەی كردووە، مەعلومە، شۆڕشی نوێ،  تێكەڵكردنی خەباتی شارو شاخ، شەڕی پارتیزانی،  راپەڕین، یەكەم هەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم هەروەها جاڕدانی فیدرالیەت،  موسەلسەلی داهێنان و دەستكەوتەكان زۆرن، دواجاریش بەستانی ئەم دیدارە ، بە هەرحاڵ من بۆ خۆم تێڕوانینێكی كەسیم هەیە، سەرەتا دەمەوێ‌ بەوانە بڵێم كە دیداریان  پێ زیادە ، رایەكەتان دروست نیە، چونكە دیدار خۆی لە خۆیدا كارێكی باشە و روح كردنەوەیە بەبەر رێكخستن و كاری حیزبایەتی، راچڵەكین و تەكانە روە و گەشانەوە، هەرگیزیش نابێت مرۆڤ حوكمی پێش وەختە بدات، بەلكو دەبێت بەرەنجامەكان بكرێنە پێوەر، بەدڵنیاییەوە لەگەڵ ئەوانەش نیم كە وابزانن دیدار دارەكەی حەزرەتی موسایە و بۆ هەر گرفتێك تێی باوێی چارەسەر دەبێت، چ جای بۆ ئەم هەرێمە بەد بەختەی خۆمان، لە وڵاتان نەك دیدارێك بەردەوام ئەنجامی دەدەن، نەك بۆ گشتیش بەلكو بۆ شتی زۆر هەنوكەییش ئەو جۆرە خڕوەبوونانە ئەنجام دەدەن، بۆیە ناكرێت هەر بەم دیدارە  پشتی لێ بكرێتەوە،   گوایە هەموو شتێك دەكەوێتە سەر شاڕێگەی خۆی، كەوابێ  دیدار نەك ئەمجارە بگرە بەردەوام  پێویستە، لە راستیدا ئەم دیدارە كە خۆم تێیدا بەشدار بووم لە فەرهەنگی سیاسی  و ئیداری و كۆمەڵایەتی ئەم هەرێمە باش و زۆر نوێ بوو، بەڵام بە دڵنیایەوە گەلێك لەوە زیاتری دەوێت، چونكە ئەم هەرێمەی ئێمە ئەوەندە كار لەسەر هزر و دەرونی كراوە، بێگومان بەدیوە نێگەتیفەكەی، ئەوەندەش ماران گاز بووە، زەحمەتە وا بەئاسانی هەرسی پرۆسەیەكی لەو شێوە بكات، بەداخەوە حكومەت بەخۆشی ئەوەندە بە شپرزەیی  ئیدارەی كۆمەڵَگەی داوە، كۆمەڵانی خەڵك دڵنەوایی زۆریان دەوێت، تاوەكو باوەڕ بەوە بهێنن  هەنگاوی لەو شێوە دەچێتە خزمەتی ئەوان، بۆیە دەیڵێم، یەكەم جێ پێ دەبێ دیدار بۆ ئاشتبوونەوە بێت، بە بیروبۆچونی خۆم ئەو پێپەڕانەی لە چوارچێوەی كاری ئەو (14) لێژنەیە گەڵاڵە كران، دەبێتە نەخشە رێگە، بەڵام پێناچێت وا زو كاریگەری لەسەر رای خەڵك هەبێت و ئاشتبوونەوەی گشتی لێ بێتە كایەوە، لەبەر ئەوە دەبێت هەندێ هەنگاوی خێرا و بە پەلە ئەنجام بدرێت، وەك هێمایەك بۆ نیازی خزمەتكردن و دەستپێكەك بۆ پرۆسەیەكی درێژخایەن كە سەرەنجام  باوەڕ و متمانەی سەركردایەتی حیزب و بنكە و بنەوانی و خەڵكی بەشمەینەتی ئەم هەرێمەی لێبكەوێتەوە، وەك:
1-چارەسەركردنی  بە پەلەی كێشەی موچە و دووبارە نەبوونەوەی ئەو گرفتانەی لە رابردوودا ببوە مۆتەكەی بەردەمی مامۆستایان و فەرمانبەران.
2-هەوڵدان بۆ ئەوەی حكومەت، بە یەكسانی مامەڵە لەگەڵ هەموو دەڤەرەكان لە روی خزمەتگوزاریەوە بكات، تیمی یەكێتی نیشتمانیش دەبێت رۆڵی بەرچاو  لەوبارەیەوە ببینن.
3-چیتر گرفتی نەبوونی خزمەتگوزاری تەندروستی نەبێتە لەمپەر لەبەردەم چارەسەركردنی ئەو كەسانەی پێویستیان بە داو و دەرمان هەیە.
4- تەواوكردنی رێگەی مەرگی نێوان كەلار و سلێمانی، چونكە گەرمیانیەكان ئەوەیان لەم قۆناغە پێ لە هەموو شتێك گرنگترە.
5-گەڕەكی شەهیدانی هەولێر كەلاوەی خوێندنگەكەیان پێ گرنگە بۆیان تەواو بكرێت، بە داخەوە(12) ساڵە كوڕ و كچی شەهیدانی شۆڕشی نوێ لە كابینەی پڕ لە  مشك و مار دەخوێنن، حكومەتی هەرێمیش زاتی ئەوەی نەكردووە باڵەخانەیەكیان بۆ دروست بكات لەبەر سیاسەتی تەسكی حیزبایەتی و هیچیتر.
6-خەڵكی دهۆكی دەلال دەیانەوێت ئەو شەرەفەیان پێ ببڕێتەوە كە مەفرەزەكانی ئەوان یەكەم تەقەی شۆرشی نوێیان لە دوژمنان و ناحەزان ئاگرداوە.
7-ناوچە دابڕێنراوەكانیش بە كەركوكی قودسی كوردستان و خانەقینی كوردایەتی و خورماتوی خۆڕاگر و   مەخموری شەهید پەروەر و شەنگالی 73 جار كوشت و بڕكراو، هەر یەكە سفت و سۆی ئازارێكی قوڵ دەكێشن، بێگومان ئەگەر بەشێكی بۆ كوردستانیەت بێت، بەشەكەیتری بۆ یەكێتی بوونیانە، بۆیە دەبێت هەر یەكە و لەو دەڤەرانە شتێكی بە پەلە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە ببینن،  ئەگەر بە قەد كۆی ئازارەكانیشیان نەبێت، لایەكیان لێ بكاتەوە، بە راشكاوانە دەیڵێم بەوانە سەرەتای ئاشتبوونەوەی گشتی دەست پێدەكات، نەخشە رێگەی داڕێژراوی دیداریش دەبێتە ستراتیجیەتێكی درێژخایەن بۆ ئەوەی یەكێتی ببێتەوە یەكێتیەكەی مامی هەمیشە زیندوو و موسەلسەلی داهێنانەكانیشَ نەك تەنها جومگەیەك یان هەرێم بەلكو هەموو جومگەكان و تەواوی كوردستان بگرێتەوە.

PUKmedia             ن: عەبدولواحێد محەمەد

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket