riklam

نامەكەی نازم حیكمەت بۆ كامەران بەدرخان

بیروڕا 01:50 PM - 2022-06-03

ئامادەكردن و وەرگێڕان لە توركییەوە: بەكر شوانی*
شاعیری ناوداری تورك نازم حیكمەت (١٩٠٢-١٩٦٣) ساڵێك یان دوو ساڵ بەر لەمردنی، لەڕێی كەسایەتی و ڕووناكبیری كورد كامەران بەدرخانەوە (١٨٩٥-١٩٧٨) نامەیەك ئاڕاستەی گەلی كورد دەكات و تیایدا بۆچوونی خۆی لەمەڕ دۆزی كورد لە توركیا دەخاتە ڕوو. لە سەرەتای دامەزراندنی كۆماری توركیادا و لەگەڵ دەرچوونی یاسای "تەقریری سكون" و زیادبوونی گوشاردا بۆ سەر ڕۆشنبیران، ژمارەیەكی زۆر كەسی دیار و ناسراو دەستگیر كران و هەندێكیان لە دار دران. ئەو ڕەوشە كامەران و جەلادەت بەدرخانی برای كە دەكەنە نەوەی میر بەدرخانی میری جزیرە، ناچار كرد لە ئیستانبوڵ هەڵبێن و ڕوو لە ئەوروپا بكەن. پاش چەند ساڵێك جەلادەت بەدرخان گەڕایەوە بۆ سوریا و لەوێوە لە كاری ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانی بەردەوام بوو، بەڵام كامەران بەدرخان لە ئەوروپا مایەوە و ژیانی هاوسەرێتی پێكەوە نا. بە ڕێككەوت هاوسەری كامەران بەدرخان و هاوسەری نازم حیكمەت یەكدی دەناسن و هەر ئەوەیش دەبێت بە هۆی بە یەكگەیشتن و یەكترناسینی كامەرانی كورد و نازمی تورك. بە پێی زانیارییەكانی كوردۆلۆگی ناسراو محەمەد بایراك (دانیشتووی ئەڵمانیا)، دیداری لوتكەی نێوان ئەو دوو كەسایەتییە سەرەتای ساڵانی ١٩٥٠ لە پاریس پێك هاتووە و كامەران بەدرخان لەو دیدارەدا بە دوور و درێژی باسی مێژوو و كولتوور و زمانی كورد بۆ نازم حیكمەت كردووە. هەر لەو سەردەمەدا نازم حیكمەت لە ڕوانگەی سۆسیالیزمەوە زیاتر ئاشنای گەلی كورد و دۆزەكەی بووە و و پاش چەند ساڵێكیش لەو دیدارە نامەیەكی بۆ كامەران بەدرخان ناردووە. ئەو نامەیە كە ساڵی ١٩٨٠ لە ئەرشیڤی تایبەتیی كامەران بەدرخاندا دۆزرایەوە و ئۆرژیناڵەكەی لە ئەنستیتووی كورد لە پاریس پارێزراوە، مێژووی بە سەرەوە نییە، بەڵام بایراك ڕای وایە ساڵی ١٩٦١ یان ١٩٦٢ نووسرابێت. دەقی ئەم نامەیە بە زمانی توركی و لە توركیا بۆ یەكەمجار لە ژمارەی ڕۆژی ٣١ی تەمووزی ساڵی ١٩٨٨ی گۆڤاری (ئیكیبینە دۆغرو)دا بڵاو كراوەتەوە.  
دەقی نامەكەی نازم حیكمەت:
"نەتەوەی كورد كە ڕەگ و ڕیشەی سەدان ساڵ بە مێژوودا ڕۆچووە، زۆرینەیەكی بەرچاوی بە مێژوو و كولتووری خۆیەوە لە پارچەیەكی ئەنادۆڵ دەژی. نەتەوەی تورك كە لە پارچەكانی تری ئەنادۆڵ دەژی، بە برای نەتەوەی كورد دادەنرێت. هەردوو نەتەوە لە ئیمپراتۆریای عوسمانیدا كە هاوشێوەی هەموو ئیمپراتۆریاكانی تر زیندانی گەلان بوو، زنجیری ئەستووری ئاغا و دەرەبەگەكانی تورك و كورد و ئیدارەی ئیمپراتۆریای عوسمانی لە دەست و پێیان خرابوو. دوای ڕووخاندنی ئیمپراتۆریای عوسمانیش، هەردوو نەتەوە بەرەیەكی هاوبەشیان لە دژی ئیمپریالیزم دامەزراند و خەباتیان كرد.
بزووتنەوەی میللیی ڕزگاركردنی ئەنادۆڵ تەنیا بۆ توركەكان نا، بۆ كوردەكانیش بە یەكێك لە لاپەڕە هەرە بەشكۆكانی مێژوویان دادەنرێت. یەكێك لە گۆرانییە هەرە لە بیر نەكراوەكانی ئەو سەردەمە كە لە ساڵانی دوای شەڕدا لەلایەن دەسەڵاتی توركەوە قەدەغە كرا، بەم دێڕە دەستی پێ دەكرد: "لێدەن كوڕانی كورد، ڕۆژی نامووسە!" لە دوای دامەزراندنی كۆماری توركیا، دەسەڵاتداران و ناوەندە باڵادەستەكانی تورك نكۆڵیان لەو مافە نەتەوەیی و مرۆییانە كرد كە لە سەروبەندی پەسەندكردنی بزووتنەوەی كورددا بەڵێنی بەدیهێنانیان دابوو، تەنانەت كاریان گەیاندە سنووری نكۆڵیكردن لە هەبوونی نەتەوەی كورد. ئەو سەردەمە قۆناغی سازشی نێوان دەسەڵاتداران و چینە باڵادەستەكانی تورك و ئیمپریالیزم بوو.
دەركەوتنی ئەو نكۆڵیكردن و سازشە لە هەمان قۆناغدا ڕێككەوت نەبوو. سیاسەتمەدارانی تورك كە ئەمڕۆ توركیایان كردووە بە یەكێك لە قەڵاكانی ئیمپریالیزم لە ڕۆژهەڵاتی نزیك و ناوەڕاستدا، بە پێداگرتنەوە بەردەوامن لە نكۆڵیكردن لە هەبوونی نەتەوەی كورد و تەنانەت ئەو مافانەی كە لە ناو سنوورەكانی كۆماری توركیادا بۆ كەمینەكانی تر دابین كراوە، ئەمان لە نەتەوەی كوردیان زەوت كردووە.
ئەو ئومێد و خواستانەی كە گەلانی تورك و كوردی ناو سنوورەكانی توركیا لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە چاوەڕێی دەكەن، دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی توركیای تووشی ترس و دڵەڕاوكێ كردووە. هەردوو نەتەوە خوازیارن كولتووری میللیی برایانە و ئابووریی میللی پێش بخەن و بگەن بە مافەكانی خاوەندارێتیی زەوی و كەرەستەكانی كشتوكاڵ و ئازادی و مافە دیموكراتییەكان. گەلانی تورك و كورد بە تاسەی ئەوەوەن كۆماری توركیا لە دەرەوە سیاسەتێكی بێلایەن پەیڕەو بكات و خۆی لە دۆخی بوون بە بنكەی ئیمپریالیزم ڕزگار بكات.
هەر وەك چۆن نیشتمانپەروەرانی ڕاستەقینەی تورك بە گیان و دڵ پشتیوانی لە خوشك و برایانی كوردیان دەكەن لە تێكۆشانیاندا بۆ گەیشتن بە مافە نەتەوایەتییەكانی خۆیان لە چوارچێوەی سنووری توركیادا، نیشتمانپەروەرانی ڕاستەقینەی كوردیش بە هەمان شێوە پشتیوانی لە گەلی تورك دەكەن لە تێكۆشانیاندا بۆ دیموكراسی و سەربەخۆییی نەتەوەیی. ئەو هێزە كۆنەپەرست و كۆلۆنیال و تاریكانەی كە خوازیارن دووبەرەكی بخەنە نێوان تورك و كوردەكانی دانیشتووی ئەنادۆڵەوە دەستیان خستووەتە دەستی ئیمپریالیزمەوە و دەیانەوێت گەلانی خۆیان زیاتر بچەوسێننەوە. 
تێكۆشانی میللیی نوێی گەلانی كورد و تورك لە دژی دەرەبەگ، هێزە ڕەشەكان، ئاغاكانی شار و گوند، پاشڤەڕۆیان، ڕەگەزپەرستان، ئەوانەی نكۆڵی لە هەبوونی میللەتان و مافە نەتەوایەتییەكانیان دەكەن، ئەوانەی گەلان دەكەن بە گژی یەكدیدا و بە ساناهی سواری كۆڵیان دەبن و لە دژی نۆكەرانی ئیمپریالیزم بە دەست خستنە ناو دەستی هەردوو نەتەوەی كورد و تورك سەركەوتن بە دەست دەهێنێت و ئەم دوو نەتەوەیە دەگەیەنێتە بەختیاری و ئاستی ژیانێكی مرۆیییانە. ئەم دوو نەتەوە برایە تەنیا بە هاوكارییەكی لەو جۆرە دەتوانن بگەن بە ئازادی و مافە نەتەوەیی و مرۆیییەكانی خۆیان."
*  بەكالۆریۆسی ڕۆژهەڵاتناسی-بازنەی توركیاناسی،

 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket