riklam

سه‌رنجێكى ڕاگوزه‌ر له‌سه‌ر دیدارى ئایار

بیروڕا 12:15 PM - 2022-05-30

 

دیدارى گشتى یه‌كێیتى نیشتیمانى كوردستان ئاكتێكى حیزبى و سیاسى بوو، له‌ دۆخێكى ناسكى ناوخۆیى هه‌رێمه‌كه‌مان و دۆخێكى ئاڵۆزى عیراقى و ئقلیمى و ته‌نانه‌ت جیهانیدا، سازكرا.

دیدار ڕووداوێكى گه‌وره‌ و پێشهاتێكى گرینگه‌ له‌ ڕه‌وتى خه‌باتى سیاسى و ڕێكخراوه‌یى حیزبه‌كه‌مان و گومان له‌وه‌ نییه‌ له‌ ڕۆژژمێرى یه‌كێیتدا جێگاى تایبه‌تى ده‌بێ و له‌ ئاینده‌ى نزیك و دووردا ئاماژه‌ى بۆ ده‌كرێ و سوود له‌ ڕاسپارده‌ و ده‌ره‌نجامه‌كانى ده‌بینرێ.

دیدارى ئایار ده‌رفه‌تێكى ناوازه‌ى بۆ كادیر و ئه‌ندامانى حیزبه‌كه‌مان ڕه‌خساند له‌ سه‌ر وردودرشتى كایه‌كانى خه‌باتى سیاسى و جه‌ماوه‌رى، گیروگرفته‌كانى ناوخۆى یه‌كێیتى، په‌یوه‌ندى نێوانى خه‌ڵك و حیزب (ماسى و ئاو به‌ قه‌ولى مام جه‌لالى ڕه‌حمه‌تى)، حوكمڕانى و ئاریشه‌ گه‌وره‌كانى ئابوورى و تۆرانى میلله‌ت و كزبوونى متمانه‌ به‌ ستراتیج و ئامانجه‌كانى بزووتنه‌وه‌ى ڕزگارى نیشتیمانى و تاریكبوونى ئاسۆگه‌ى ئومێد به‌ دواڕۆژێكى ڕووناك و ته‌نینه‌وه‌ و به‌ربڵاوبوونى نیگه‌رانى گشتى و ..تاد، قسه‌ى دڵى خۆیان بكه‌ن.

هاوكات بڕیاربه‌ده‌ستانى یه‌كێتیش ده‌ره‌تانى ئه‌وه‌یان بۆ ڕه‌خسا له‌ نزیكه‌وه‌ له‌ ویست و حه‌ز و دیدگاى یه‌كێتیه‌كان تێبگه‌ن، له‌ وه‌رزبوون و هه‌راسانى جه‌ماوه‌رى حیزبه‌كه‌مان حاڵى ببن، له‌ نزیكه‌وه‌ ده‌رك به‌ بارى سه‌ختى گوزه‌رانى كادیرانى حیزب و ژیانى كوله‌مه‌رگى جه‌ماوه‌رى ده‌ڤه‌رى كه‌سك بكه‌ن، فرسه‌تێك بوو بۆ سه‌ركردایه‌تى حیزبه‌كه‌مان گوێیان له‌ بۆچوون و تێڕوانینى یه‌كێیتیه‌ دڵسۆزه‌كانى نیشتیمانه‌كه‌مان بێ، وه‌ له‌وه‌ به‌ ئاگا بێنه‌وه‌ هه‌لومه‌رجى داسه‌پاو چیدى ته‌حه‌مول ناكرێ و پێویسته‌ هه‌رچى زووه‌ و به‌هه‌ر ڕێگا و ئامرازێك گونجاوه‌، شه‌ڕى برسیكردن و شه‌ڕى ده‌روونى دژ به‌ خه‌ڵك كۆتایى بێ.

دیدار ئاكتێكى سیاسى بوو، یه‌كێتیه‌كان له‌ مینبه‌رى دیداره‌وه‌ و به‌ ده‌نگى دلێر و ڕوون و ڕاشكاو به‌ یار و نه‌یارانیان گوت: یه‌كێیتى نیشتیمانى حیزبى نیشتیمانه‌، ویستى كادیر و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى بریتیه‌ له‌وه‌ى سیاساتى له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى نیشتیمان و به‌رژه‌وه‌ندى دانیشتوانه‌كه‌ى دابڕێژێ، له‌ خه‌باتى په‌رله‌مانیدا سازش له‌سه‌ر قازانجى خه‌ڵك نه‌كا، ئیراده‌ى میلله‌ت نه‌كاته‌ قوربانى سات و سه‌وداى سیاسى، یه‌كێتیه‌كان بێ دوودڵى و به‌ جورئه‌ته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك و سه‌ركردایه‌تى حیزبه‌كه‌یان گوت سیاسه‌ت و ستراتیجێك په‌یڕه‌و بكه‌ن له‌ خولى داهاتووى هه‌ڵبژاردندنى گشتیدا برانه‌وه‌ گره‌نتى بكا. سه‌باره‌ت به‌ هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى ته‌نگژه‌ى تائیفى و قه‌ومى عیراق به‌ گشتى و قه‌یرانى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانى حكومه‌ت، یه‌كێیتیه‌كان گوتیان: نابێ حیزبى ئێمه‌ بچێته‌ ناو گه‌مه‌ و گره‌وى دۆڕاوه‌وه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌ ڕێگاى دانوستان و دیالۆگى هێمنانه‌ و پاراستنى بێلایه‌نى و تێكه‌ڵ نه‌بوون به‌ ململانه‌ى ناوخۆیى شیعى و ململانه‌ى مه‌زهه‌بى، بێ ئه‌وه‌ى سازش له‌ مافى یه‌كێیتى بكرێ پۆستى سه‌رۆك كۆمار بۆ حیزبه‌كه‌مان یه‌كلا ببێته‌وه‌. كه‌واته‌ دیدارى یه‌كێیتى ڕووداوێكى سیاسى گه‌وره‌یه‌ ده‌رووى داڕشتنى ستراتیجى نیشتیمانى ڕه‌خساندووه‌ و سه‌ركردایه‌تى ده‌ستكراوه‌ كردووه‌ له‌ وه‌رگرتنى بڕیار و دانانى سیاسه‌تى هه‌نووكه‌یى و سیاسه‌تى دوورمه‌ودا.

له‌ لایه‌كى كه‌وه‌ دیدارى گشتى یه‌كێیتى نیشتیمانى كوردستان، جووڵه‌یه‌كى حیزبى ته‌عبه‌وى گرینگ بوو، ماوه‌ى پتر له‌ سێ مانگ یه‌كێتیه‌كان به‌ حه‌ماسه‌تێكى زۆره‌وه‌ به‌شدارى كاریگه‌ریان له‌ گفتوگۆكان و گۆڕینه‌وه‌ى بیروبۆچوونه‌كان كرد و گه‌ڵاڵه‌ و بیرۆكه‌ى نوێیان خسته‌ سه‌ر مێزى وتوێژى ناوخۆیى حیزبه‌كه‌مان.

ئه‌م به‌شدارییه‌ به‌رفراوانه‌ نیشانه‌ى خوێنتێزانه‌وه‌یه‌كى نوێیه‌ دواى ڕووداوه‌ ناخۆش و نه‌ویستراوه‌كانى له‌ جۆرى هه‌ڵبژاردنى گشتى عیراق و دابه‌زینى ئاستى موشاره‌كه‌ى ده‌نگده‌ران به‌ یه‌كێتیه‌كانیشه‌وه‌، وه‌ ئاسه‌وارى ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ له‌ سه‌ر ووره‌ و وزه‌ى یه‌كێتیه‌كان، هاوكات پێشهاتى ته‌مموز و ژه‌هر ده‌رخواردان، گرژبوونى په‌یوه‌ندیه‌كانى یه‌كێیتى و پارتى و كه‌ڵه‌وه‌كێشى و سه‌ركێشى و..تاد.

ئه‌م خوێتێزانه‌وه‌یه‌ بۆ یه‌كێیتى برانه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌، ئه‌گه‌ر حیزبى ئێمه‌ به‌ باشى ڕه‌نێوى بێنێ ئومێدى ئه‌وه‌ى لێ ده‌كرێ بۆ هه‌ڵبژاردنى خولى داهاتوو، بۆ سازادانه‌وه‌ى سه‌رله‌نوێى جه‌ماوه‌رى دڵسۆز و خۆنه‌ویستى یه‌كێیتى، بۆ جۆشدانه‌وه‌ى كوانووى خه‌باتى سیاسى جه‌ماوه‌رى په‌رله‌مانى، كه‌ڵك و سوودى گه‌وره‌ى هه‌بێ.

سه‌ربه‌ست جیهاد 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket