riklam

رۆڵی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن و ئەنجومەنی كۆمسیاران لە سكاڵا و تانەدا

بیروڕا 09:35 AM - 2022-05-29

سكاڵا و تانە دوو چەمكن كە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992هەمواركراو و یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی ژمارە (4) ساڵی 2014، باسیان لێوەدەكرێت، لێرەدا دەمەوێت پێناسەی ئەو دوو چەمكە لەناو چوارچێوەی یاساییدا بكەم، ئەگەر لەناو چوارچێوەی یاساییدا ئەركی سەرپەرشتیكردن و ئامادەكردن و جێبەجێكردنی رێكارەكانی هەڵبژاردن بەپێی یاسای كۆمسیۆن دراوەتە ئەنجومەنی كۆمسیاران، لە هەمان كاتدا ئەو مافەشی دراوەتە دەنگدەران و حزبەكان و كاندیداكان، سكاڵا لەكار و رێكار و ئامادەكارییەكانی (بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و كۆمسیۆن) بدەن، لەبەردەم ئەنجومەنی كۆمسیاران، هەروەها یاسا ئەو مافەشی دەستەبەر كردووە بۆ لایەنی زەرەرمەند لەبەردەم دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، تانە لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران بدەن، بڕیاری دەستەی دادوەری هەڵبژاردنیش بنبڕن، لێرەدا بەرەوڕووی (دوولایەنی پەیوەندیدار دەبینەوە) لەگەڵ دوو پرس، لەوانە (ئەنجومەنی كۆمسیاران و دەستەی دادوەری) لەگەڵ  پرسی (سكاڵا و تانە).
 كۆكردنەوەی ئەم چوار بابەتە لەم شیكردنەوەیەدا، گرنگی و رۆڵ و كاریگەریی پێكەوە گرێدراویان هەیە بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ئازادانە و بێگەردەوە و بۆ هەر یەكەیان بەجیا بەم شێوەی خوارەوە شرۆڤەی دەكەین:
بەشی یەكەم : دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن 
دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن، لە دەستەیەكی دادوەریی نا تەرخانكراو پێكدێت و لەلایەن داداگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستانەوە پێكدەهێنرێت لەكاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكاندا و هەموو ئەو تانانە یەكلایی دەكەنەوە كە لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاراندا دەدرێن، رۆڵی ئەم دەستە دادوەرییە لە هەڵبژاردنەكاندا زۆر گرنگە و ناكرێت نادیدە بكرێت، لەلایەك لەبەرئەوەی ئەنجومەنی كۆمسیاران رۆڵی (دادوەر) دەبینێت، لەلایەكی ترەوە پێدانی مافە بە حزبەكان و دەنگدەران بۆ تانەدان لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران و چاودێریكردنی بەسەر ئەنجومەن و هاوبەشەكانیدا، هەروەها دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن  یەكێكە لە لایەنە هەرە گرنگەكانی پڕۆسەی یاسایی هەڵبژاردنی ئازاد و پاك و دیموكرات، بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستاندا پێكدەهێنرێت، هەر بەپێی ئەو یاسایە ئەركیان بریتییە لە:
1-یەكلاییكردنەوەی ئەو تانانەی لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەدرێن لە ماوەی (7) رۆژدا لە رۆژی دوای بڵاوكردنەوەی لە سێ رۆژنامەی ناوخۆی رۆژانەدا، لە سەرەتای پڕۆسەی هەڵبژاردن تا كۆتایی پڕۆسەكە واتە لە هەرسێ قۆناغەكەدا (پێش هەڵبژاردن، رۆژی هەڵبژاردن، دوای هەڵبژاردن).
2-بەپێی یاسای كۆمسیۆن، دەستەی دادوەری ئەنجامەكانی هەڵبژاردن پەسەند دەكات.
3-بڕیارەكانی ئەم دەستە دادوەرییە بنبرن، واتە كەس مافی تانە لێدانی نییە، بە پێچەوانەوە لە عیراق ئەركی یەكلاییكردنەوەی تانەكان دراوەتە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەكان، بەڵام بەپێی بڕگەی (7)ی مادەی (93)ی دەستووری عیراق، دادگای فیدراڵی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پەسەند دەكات، ئەمەش حیكمەتی خۆی هەیە كە لە نییەتی یاسادانەرانی عیراقەوە سەرچاوەی گرتووە.
 لە هەرێمی كوردستان زۆر بە روونی هەست بە بەتاڵیی شوێنی دەستووریی هەرێم دەكرێت، كە ئەم پرسە هەستیار و گرنگانە لە خانەی تایبەت و مەبەستداردا دابنێت كە ببن بە بناغەی دەستەبەركردنی دڵنیایی و سەقامگیریی و سەروەریی یاسا.
 خاڵێكی تر كە زۆر گرنگە سەرنجی بدەین، لە بڕگەی (2 و 3)ی مادەی (23)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هاتووە ( دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن لە ماوەی دوو رۆژدا لە رۆژی دوای بڵاوكردنەوەی تانەی لایەنە زەرەرمەندەكان وەردەگرێت و لە ماوەی (2) رۆژیشدا یەكلایی دەكاتەوە، ئەوەی پەیوەستە بە كاروباری كاندیدەكان، بڕوانە دەقی مادەكە: 
 1-دەستەی باڵا لە ماوەی 24 سەعات لە پێشكەشكردنی داواكارییەكان سەیریان دەكات و یەكلاییان دەكاتەوە، بڕیارەكەشی لە ماوەی دوو رۆژدا بە داواكاریی پاڵاوتنەكە و بە نوێنەری لیستی پەیوەندیدار رادەگەیەنێت. 
2-داواكاری پاڵاوتنەكە بۆی هەیە لەماوەی دوو رۆژدا لە مێژووی پێڕاگەیاندنەكەیەوە، لە بەردەمی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستاندا تانە لە بڕیارەكەی دەستەی باڵا بدات. 
3-دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی دوو رۆژدا بڕیاری بنبڕ لەسەر تانەلێدانەكە دەردەكات.
4-پەیوەندیدارەكان، لە رۆژی راگەیاندنی بڕیارەكان لە تابلۆی راگەیاندنی ئەو لایەنەی دەریچواندوون، بە پێڕاگەیەنراو دادەنرێن. 
5-دەستەی باڵا، لە رێگەی جۆربەجۆری راگەیاندنەوە، لیستەكانی پاڵێوراوان رادەگەیەنێت، لە تابلۆی راگەیاندنی هەر مەڵبەندێكی هەڵبژاردندا، لە ناوچەی هەڵبژاردنەكەدا، لانیكەم پێش دوانزە رۆژ لە وادەی دەنگدان هەڵدەواسرێن. بەڵام بە پێی بڕگەی (5،6)ی مادەی (9) لە یاسای كۆمسیۆن ماوەی وەرگرتنی تانە (3) رۆژە لە رۆژی دوای بڵاوكردنەوە و لە ماوەی (7) رۆژ تانەكان یەكلایی دەكاتەوە، بڕوانە دەقی مادەی (9)  سكاڵاكانی هەڵبژاردن 
مادەی نۆیەم: 
یەكەم: ئەنجومەن دەسەڵاتێكی (حصری) هەیە سەبارەت بە جێبەجێكردنی مەدەنییانەی پەیڕەو و رێكارەكانی و پێویستە ئەنجومەن هەر كێشەیەكی تاوانكاران رووبەڕووی دەسەڵاتە تایبەتمەندەكان بكاتەوە، ئەگەر هات و بەڵگەیەكی هەبوو سەبارەت بە هەڵسوكەوتێكی تاوانكارانە كە پەیوەندیی بە پاكیی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە هەبێت.
دووەم: ئەنجومەن ئەو ناكۆكیانە چارەسەر دەكا كە لە ئەنجامی خۆئامادەكردن و جێبەجێكردنی هەڵبژاردن و راپرسییە گشتییەكان دێنەئاراوە و بۆی هەیە كە ئەو دەسەڵاتە ببەخشێ بە كارگێریی هەڵبژاردن بۆ چارەسەركردنیان لەكاتی روودانیاندا.
سێیەم: بڕیارەكانی ئەنجومەن بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی لەسێ رۆژنامەی رۆژانەی ناوخۆیی لە هەرێمدا بڵاو دەكرێنەوە و ئەنجومەن بۆی هەیە كە رۆژنامەیەكی تایبەت بەخۆی دەربكا و سایتێكی ئەلیكترۆنی بۆ ئەم مەبەستەش دروست بكات. 
چوارەم: لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستاندا دەستەیەكی دادوەریی پێكدێ لە سێ دادوەری تەرخان نەكراو بۆئەوەی چاو بەو تانەدانەدا بخشێنێتەوە كە لە بڕیارەكانی ئەنجومەن دەگیرێن لەلایەن ئەوانەی كە راستەوخۆ لە بڕیارەكانی ئەنجومەن زەرەرمەندن.
پێنجەم: تانەدان لە بڕیارەكانی ئەنجومەن لەلایەن ئەوانەی زیانیان لە بڕیارەكە بینیووە، راستەوخۆ پێشكەش بە دەستەی دادوەریی هەرێم دەكرێت لە ماوەی سێ رۆژدا لە رۆژی دوای بڵاوكردنەوەی بڕیارەكە، لەلایەن ئەنجومەنەوە، لەگەڵ رەچاوكردنی رۆژانی پشووی فەرمی.
شەشەم: دەستەی دادوەریی پێویستە ئەو تانانە یەكیلایی بكاتەوە كە پێشكەش كراون، ئەویش لە ماوەی حەوت رۆژدا لەو رۆژەوە كە تانەكەی پێشكەشكراوە، بڕیارەكانیشی سەبارەت بەو تانانە بنبڕە و رێكارەكانی تەماشاكردنی تانەلێدانی حوكمەكانی ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە لەگەڵ رەچاوكردنی یاسای دادبینی مەدەنی ژمارە (83)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو و، یاسا رێكارییەكانی تر كە لە هەرێمی كوردستاندا جێبەجێ دەكرێن لەهەر شتێك بەدەق لەم یاسایەدا نەهاتبێت. 
، ئەگەر بڵێین بە پێی بنەمای یاسایی (    اللاحق ینسخ النص السابق   ) واتە یاسای دواتر شوێنی یاسای پێشوو تر دەگرێتەوە، بەمەش یاسای كۆمسیۆن نوێیە و یاسای هەڵبژاردن دواترە، نابێت ئەوەمان لەبیربچێت  بنەمایەكی تریش هەیە دەڵێت (القانون الخاص لا یلغی إلا بقانون الخاص، الخاص یقید العام ) بۆیە رەوا نییە ئەو هەموو ناكۆكی و دژیەكییە لەناو یاساكاندا هەبێت، چونكە یاسای هەڵبژاردن تایبەتە بۆ ئەم پرسە و بەركارە .
 بۆیە پێویستە لێرە بەدواوە زیاتر لە پێشوو ئەم پرسە لەناو یاسا پەیوەندیدارەكان شوێنی بكرێتەوە و بە ڕوونی و ڕەوانی چۆنیەتی پێكهێنانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، ژمارەی ئەندامان و ئەرك و كارەكانیان و شێوازی بڕیاردان و ماوەی وەرگرتنی تانەو ڕچاوكردنی ڕۆژانی پشوو، و ماوەی یەكلایی كردنەوەی تانەكان لە ناو یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆندا جێگیر بكرێن و یەكبخرێن .

بەشی دووەم : ئەنجومەنی كۆمسیاران:
(1)
بەپێی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان -عێراق، ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە (9) ئەندام پێكدێت، و ئەركەكان و دەسەڵاتەكانی لەناو یاساكەدا جێگیر كراوە بە پێی یاسای كۆمسیۆن ئەنجومەن ئەم دەسەڵاتانە پەیرەو دەكات وەك لە مادەی مادەی شەشەمدا هاتوە :
یەكەم: ئەنجومەن ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە پیادە دەكات:
1ـ دامەزراندن و نوێ كردنەوە و بژارد كردنی تۆماری دەنگدەران لە رێی هەموو جۆرە شێوازێكی تازەی بەردەست، لەسەر لایەنی پەیوەندیداریش پێویستە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەندا بكەن بۆ گەیشتن بەو مەبەستە.
2ـ پەسەند كردنی تۆماری لیستی هەڵبژاردنەكان و هاوپەیمانییەتییەكان و پاڵێوراوان بە مەبەستی چوونە ناو هەڵبژاردنەكان و بەشداری كردن تێیدا.
3ـ متمانە دان بە چاودێرانی هەڵبژاردنەكان و بریكارانی لیستەكانی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندكاران و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی.
4ـ یەكلاكردنەوە و بڕیاردان لەو سكاڵا و تانەلێدانانەی لە گشت هەڵبژاردنەكان دەدرێن و بریارەكانیشی مایەی تانەلێدانن لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمدا. 
5ـ پەسەند كردنی رێكارەكانی ژماردن و جیاكردنەوە. 
6ـ ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسییەكان دوای پەسەند كردنی لەلاین دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەوە.
7ـ دانانی پەیڕەو و رێنماییەكان بۆ پاراستنی بێگەردی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا.
8ـ پەسەنكردنی هەیكەلی كارگێریی هەڵبژاردنەكان.
9ـ دامەزراندنی كارمەندانی نووسینگەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكان و یەكە كارگێریەكاندا.
10ـ داڕشتنی سیاسەتی دارایی كۆمسیۆن.
دووەم: پاڵاوتن بۆ دامەزراندنی پلە باڵاكان لە بەرێوەبەری لە كۆمسیۆن و نووسینگەكانی هەڵبژاردن لە پارێزگاكاندا لە ڕێی پێشنیاز كردنی (3) پاڵێوراوەوە دەبێ بەگوێرەی بنەمای دەرفەتی یەكسان، لیژنەیەكی تایبەت ئەم كارە جێبەجێ دەكات كە لەلایەن ئەنجومەن دروست دەكرێ و یەكێك لە پالێوراوەكان لەلایەن ئەنجومەنەوە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ هەڵدەبژێردرێ. هەروەها لەگەڵ چەندین دەسەڵاتی تر كە ئەحكامە گشتیەكاندا ئاماژەیان پێدراوە  .
ئەنجومەن ئەركی ئامادەكردن و جێبەجێكردنی تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردنیان خراوەتە ئەستۆ، هەر بەپێی یاسا كۆمسیۆن بەشی كارگێری هەڵبژاردنی هەیە ئەندامێكی ئەنجومەن سەرپەرشتی دەكات، بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكان و كارە كارگێڕیی و پەیڕەوەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران، ئەنجومەنی كۆمسیاران دەسەڵاتی ئەوەشی پێدراوە بڕیار لەسەر هەموو سكاڵاكانی پرۆسەی هەڵبژاردن بدات، لێرەدا هەست بە ناكۆكی و دژ یەكێكی زۆر گەورە دەكەین، ئەنجومەنی كۆمسیاران  دەوری (الخصم و الحكم ) دەبینێت،چونكە شاراوانیە لە ئەنجامی جێبەجێكردنی حوكمە یاساییەكاندا ناكۆكی دروست دەبێت لە نێوان لایەنەناكۆك و دامەزراوەكان و كەسەكاندا،ئەمەش خالێكی ناكۆكە لەگەڵ بنەمای جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكاندا نایەتەوە،هەروەها  پێچەوانەی بنەمای دادگەریشە، چونكە یەكی لە سیماكانی دادوەری بی لایەن و ئینساف ئەوەیە، دادوەر بی لایەن بێت، چونكە ناكرێت سیفەتی دادوەر و خەسم كۆبكرێنەوە لە لایەنێكدا، بنەمایەكی یاسای گرنگیش هەیە دەلێت (عدم جواز قچا‌و القاچی بعمله) هەروەها دەستەبەركردنی یەكسانی لایەنە ناكۆكەكانە لەبەر دەم دادگا،بۆیە باشتر وایە ئەركی ئەنجومەنی كۆمسیاران خۆی لە ئامادەكردن و جێبەجێكردنی دەقە یاساییەكاندا ببینێتەوە، دەسەلاتی ڕوانین لە سكاڵاكان بدرێنە دەست دادگا، وە خوێندنەوەیەكی بابەتیانە بۆ ئەرك و دەسەڵاتی ئەنجومەنی كۆمسیاران و كۆمسیۆن بكرێت، لەبەر ڕۆشنایی پێداویستی و قۆناغی داهاتوماندا، چونكە ئەنجومەنی كۆمسیاران و كۆمسۆن دامەزراوەیەكی گرنگی هەرێمی كوردستان و هەر وڵات و هەرێمێكە، بۆیە دەبێت یا ئەم دامەزراوەیە پێداویستیەكانی دامەزراوەیەكی سەربەخۆی بۆ دەستەبەر بكرێن، یا بكرێتە دامەزراوەیەكی تایبەت كە گونجاو بێت لەگەڵ بارودۆخی هەرێمی كوردستان، و بەفەرمی نوێنەری حزبەكانی لەم ئەنجومەندا دابندرێن لەسەرو بەندی هەر هەڵبژاردنێكدا، ئەم بابەتەش خوێندنەوەو رێكەوتن و ڕاستگۆیی دەوێت، بەڵام لە هەردوو حالەتەكەدا پرسی یاسای كۆمسیۆن و ئەنجومەنی كۆمسیاران و دەسەڵات و ئەركەكانی پێویستی بە پێداچونەوە وورد هەیە لە پێناو دەستە بەركردنی سەقامگیری بۆ پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا . 
گەر بگەرێنەوە سەر ناوەڕۆكی یاساكە،لەدەقی بڕگەی سێیەم لە مادەی شەشەم دووبارە،لە یاسای ژمارە (1) ساڵی 1992 یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا هاتوە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سەیركردنی ئەو ناكۆكی و نارەزایانە دەگرێتە ئەستۆ كە لە میانەی ئامادەكردن و جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی هەڵبژاردنەكان ڕوودەدەن، لەبڕگەی چوارەمی هەمان مادەی سەرەوەش مافی تانەدانی داوەتە لایەنە زەرەر مەندەكان لەبەردرم دەستەی دادوەری هەڵبژاردن و بڕیارەكانی دەستەی دادوەریش بنبڕدەبن ،بەڵام دیقەتی مادەی (31) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانبدەن  ئەو مافەی داوەتە لیژنەی مەركەزی حوكم لەسەر هەموو شكایەتێك دەدات كە لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە پێشكەشكرابێت، ئەمەش بە بڕیارێكی پاساودار كە لە پرۆتۆكۆلی تایبەتدا تۆماریدەكات، ئەوەی جێگەی سەرنجە لیژنەی مەركەزییە مەبەست لەم لیژنە مەركەزییە كێیە، بەداخەوە ئەمەش خالێكی ناكۆك و نا خوازراوە  لە ناو یاساكەدا. بە پێی خاڵی ( 4 ) برگەی یەكەم مادەی (6 ) یاسای ژمارە (4) ساڵی 2014 یاسای  كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن مافی بریاردان و یەكلایی كردنەوەی سكاڵاكان دراوەتە ئەنجومەنی كۆمسیاران، بۆ دەستەبەركردنی مافی لایەنە بەرژەوەندی خوازو زەرەر مەندەكان .
بە پێی برگەی چوارەم لە مادەی (شەشەم دووبارە) لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و خاڵی ( 4 ) برگەی (1) مادەی (6)یاسای ژمارە (4) ساڵی 2014 كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی مافی تانەدانی دەستەبەركردووە كە بە دەق هاتووە ( خاڵی (4) برگە (1) مادەی شەشەم لە یاسای كۆمسیۆن ( ئەنجومەن ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوە پیادە دەكات) یەكلاكردنەوەی و بریاردان لەو سكاڵا و تانە لێدانانەی لە گشت هەڵبژاردنەكان دەدرێن و بریارەكانیش مایەی تانەلێدانن لە لایەن دەستەی دادوەریەوە لە دادگای پێداچونەوەی هەرێمدا.
(2)
ئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە بابەتی سكاڵا:
أ‌- یەكلایكردنەوەی سكاڵاكانی رۆژی دەنگدان و سكاڵاكانی بنكەی داكردنی داتاكان و بریار دان لەسەریان.
ب‌-یەكلایكردنەوەی سكاڵا بە پێی بەڵگەنامەكان لە كاتی وەڵام نەدانەوەی سكاڵا لەسەر تۆماركراو دوای ئاگاداركردنەوەی لە ماوەی (3 ) رۆژ، وە لە هەموو بارێكدا ئەنجومەنی كۆمسیاران بریاری خۆی دەرناكات تا تەواو بوونی ماوەی دیاركراو .
ج- ئەنجومەنی كۆمسیاران دوای سەیركردن و لێكۆلینەوە لە گشت سكاڵاكان بۆی هەیە ئەم بریارانە بدات:
1.پەرچدانەوەی سكاڵا (رد الشكوی) لە كاتی نەبوونی مەرجی شێوەی (شكلی ) و بابەتی.
2.گەراندنەوەی بارودۆخ بۆ دۆخی پێشووتر .
3.پەراوێزخستنی ئەنجامەكانی وێستگەكە.
4.دووبارە لێكۆلینەوە گەر پێویستی كرد.5
5..بانگكردنی سكاڵاكار یان سكاڵا لەەسەر تۆماركراو یان شایەتحاڵ گەر پێویستی كرد.
6.جولاندنی داوای جەزائی لەسەر بێباكان گەر كارە ئەنجام دراوەكە پەیوەست بێت بە لایەنێكی جەزائی .
7.برینی برە پارەیەك لەو پارەی بە بارمتە دانراوە لە كۆمسیۆن لە لایەنە سیاسیەكە.
8.سەپاندنی سزای (جلەو گیری ) ئەگەر هاتوو سەرپێچیكار فەرمانبەری كۆمسیۆن بوو.
9.داوا لە گشت وەزارەتەكان بكات كە رێوشوێنی پێویست بگرنە بەر كاتێك كە سكاڵاكە پەیوەندی هەبێت بە یەكێك لە كارمەندەكانی و كەمترخەمی لەسەری بسەلمێنرێت.
10.دووبار هەژماركردنی دەنگی بنكەی دەنگدان ئەگەر سكاڵا هەبێت.
د- بڵاوكردنەوەی بریاری ئەنجومەنی كۆمسیاران تایبەت بە یەكلایكردنەوەی سكاڵاكانی هەڵبژاردن لە 3 رۆژنامەی رۆژانەی ناوخۆی بە زمانەكانی كوردی و عەرەبی.

بەشی سێیەم :  سكاڵا لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا :
(1)
بەپێی یاسا بەركارەكان مافی سكاڵا كردن بۆ حزب و كاندیدو دەنگدەرو هاوپەیمانیەكان لە یاساد جێگیر كراوە، لێرەدا گرنگە وردەكارییەك بدەینە ئەم پرسە گرنگە، چونكە لە یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن هەست بە بۆشاێكی گەور دەكرێت لەم بارەیەوە، بۆیە جێگای خۆیەتی شرۆڤەی  قۆناغەكانی پێشكەشكردنی  سكاڵا و كات و چۆنیەتی یەكلایی كردنەوەی شیبكەینەوە،لەپڕۆسەكانی هەڵبژاردندا قۆناغەكانی پێشكەشكردنی سكاڵا بەم شێوەی خوارەوە لە كاتی جیاوازاد دەبێت، سەرەتای دەست پێكی ئامادكاری پرۆسە هەڵبژاردن، رۆژی دەنگدان، دوای پرۆسەی دەنگدان، بەم شێوەی خوارەوە :
1-لە كاتی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران.
2-لە ماوەی دیاریكراو بۆ پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن.
3-لەماوەی ئەنجامدانی گری بەست لەگەڵ فەرمانبەرانی گری بەست بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن .
4-لە رۆژی دەنگدانی گشتی و تایبەتی دا.
5-هەر رێكارێكی تری پەیوەندیدار بە پرۆسەی هەڵبژاردن

(2)
ئەگەر هەر یەك لەو ماوە تەرخانكراوانە روونتر بكەینەوە ئەوا:
1-سكاڵا نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران / لەم كاتەدا ماف بە دەنگدەران و نوێنەری قەوارە سیاسیەكان دەدرێت كە لە كاتی پێشلكرنی رێكارەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران سكاڵا تۆمار بكەن كە ئەمەش خۆی لەو پێشڵكاریانە دەبینێتەوە :-
أ/ كەسێك كە ناوی لە تۆماری دەنگدەرا دانیە و شایستەی ئەوەیە ببێتە دەنگدەر بەڵام بە هەر هۆكارێك بێت رێگری لێدەكرێت.
ب/ كەسێك كە ناوی لە تۆماری دەنگدەران دا هەیە و شایستەی ئەوەی نیە ببێت بە دەنگدەر و ناوی لە تۆماریدەنگدەران دا هەبێت.
ج/ لە كاتی رێگریكردن لە چوونی دەنگدەرێك یان نوێنەرێكی قەوارە سیاسیەكان بە بۆ ناو ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە كاتێكدا كە پێویستە بچێت.
د/ یان هەر سكاڵایەك كە تایبەت بێت بە رێكارەكانی ماوەی نوی كردنەوەی تۆماری دەنگدەران بێجگە لەم خاڵانەی سەرەوە.
ه/ سكاڵای تیروپشك : بۆ دانانی ژمارە بۆ قەوارە سیاسیەكان و كاندیدان.
-ئەم جۆرە سكاڵایانە لە كاتی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران یان لە فەرمانگەی پارێزگاكان تۆمار دەكرێت بە شێوەی وەجبە لەگەڵ گێرانەوەی فۆرمەكانی تایبەت بە نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەگێردرێتەوە بۆ فەرمانگەی پارێزگا، وە لە وێشەوە لە هۆبەی یاسایی سكاڵاكان پۆلین دەكرێن و لە رێگەی لیژنەیەكەوە  بریاریان لەسەر دەدرێت، و ئەگەر بەشێك لە سكاڵاكان پێویستی بە بریاری ئەنجومەن بوو رەوانە دەكرێت بۆ ئۆفیسی نیشتمانی و لە رێگەی ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە بریاری لەسەر دەدرێت، بەڵام گەر لەپەیرەوی نوێكردنەوە رێكارەكانی روون كردبێتەوەو بەشێك لە دەسەڵاتەكانی دابێتە كارگێری هەڵبژاردن و فەرمانگەكانی ئەوا هەر لە ناوەندەكانی نوێكردنەوەو فەرمانگەی پارێزگاكان وەڵام دەدرێنەوە .
2-سكاڵا لەكاتی  پرۆسە هەڵمەتی هەڵبژاردن 
بەپێی یاساوپەیرەو رێكارەكان پێویستە حزب و كاندیدان و لایەنگرانیان پابەند بن بە چوارچێوەی یاسای هەڵمەتی هەڵبژاردن كە هەموو ئەو پرسانە بە تاوان دیاریكراون و سزایان بۆ دانراوە لە مادەی ( 57 ) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1) ساڵی 1992 ی هەمواركراو . 

3-ئەو سكالایانەی لە رێكارو بڕیارەكانی ئەنجومەن دەكرێن لە ماوەی ئەنجامدانی گرێ بەست لەگەڵ فەرمانبەرانی گری بەست .
4-سكاڵای رۆژی دەنگدان / ئەم جۆرە سكاڵایە لە رۆژی دەنگدانی گشتی و تایبەت  تۆمار دەكرێت و سكاڵا كار مافی تۆماركردنی دەبێت تاكو (24) كاتژمێر  دوای تەواو بوونی پرۆسەی دەنگدان لەم رۆژەدا سكاڵا دەورێكی كاریگەری دەبێت لە دروستكردنی بەربەست بۆ گزی كردن و بەلارێدا بردنی پرۆسەی دەنگدان، وە پێویستە لەم رۆژەدا ئەو كەسەی سكاڵا تۆمار دەكات زۆر وورد و لەسەرخۆ سكاڵای بنوسێت و سكاڵاكاران لە رۆژەدا دوو بەشن.
أ/ نوێنەری قەوارە سیاسیەكان كە لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی متمانەیان پێدراوە .
ب/ دەنگدەران، بە مەرجێك ناویان لەو وێستگەیە یان ئەو بنكەی دەنگدانە بێت كە سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەن.
بێگومان سكاڵای رۆژی دەنگدان دەنگ و سەدایەكی جیاوازی دەبێت هەر بۆیە لایەنی پەیوەندیدار  كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیە پێویستە بە گرینگیەوە لەو بابەتە بروانی و بە  تەواوی مافی زوڵملێكراو فەراهەم بكات بە شێوەیەكی بێلایەنانە . هەر چەند پێم وایە كە لیژنەیەكی تایبەت لە چەند دادوەرێكی بەرێز لە دەرەوەی، ئەنجومەنی كۆمسیاران بەم كارە هەڵسن و پۆلینی جۆری سكاڵاكان بكەن و بە پێی كاریگەری سكاڵاكە ئەم هەنگاوانە جی بە جی بكەن:
(3)
(پۆلین كردنی سكاڵاكان بەپێی كاریگەریان و شوێنكردنەوەیان لەناو یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن)
1-پۆلینكردنی سكاڵاكان بە گوێرەی كاریگەریان لەسەر پرۆسەی دەنگدان .
2-پۆلینكردنی سكاڵاكان بە گوێرەی كاریگەریان لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردن لەو وێستگەیە یان بنكەی دەنگدان.
3-دیاریكردنی سزای مەعنەوی نەك ماددی بۆ لایەنی كەمتەرخەم بەبەندكردن چونكە دەركەوتووە سزا ماددیەكان هیچ كاریگەری ئەوتۆی نابێت و بە زیاتر قەرەبوو دەكرێنەوە،ئەو كارو تاوانانەی كاریگەری دروست دەكەن لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن تا ئاستی تاوانی جینایەت بەرز بكرێنەوە  .
4-هەڵسەنگاندنی رادەی كاریگەری لەسەر بەرێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان لەو وێستگە یان بنكەی دەنگدان كە ئایا بووەتە مایەی ئەوەی پرۆسەكە رابگیرێت و پەكی بخات یاخود بۆ ماوەیەك دوای بخات .
5-هەڵسەنگاندنی رادەی كاریگەری ئەو سكاڵایە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن لەو وێستگەیە یان ئەو بنكەی دەنگدان.
6-دیاریكردنی جۆری ئەو سكاڵایانەی كە كاریگەری لەسەر پرۆسەی دەنگدان و دەرئەنجامی هەڵبژاردن نەبووە، كە دەكری ئەمە بە سزایەكی ماددی دیاریكراو لایەنی كەمتەرخەم سزا بدرێت.
-7-پشتگوی نەخستنی هیچ جۆرە سكاڵایەك چونكە ئەوە دەبێتەمایەیەی ئەوەی كە دەنگدەر و پارتە سیاسیەكان متمانەی زیاتر بە كۆمسیۆن و لایەنە پەیوەندی دارەكان بكەن و پێویستە هەموو جۆرە سكاڵاكان وەڵامیان هەبێت و وەڵامەكان بگاتەوە  دەست سكالاكار.
8-كاری رێكخستن و وەڵامی سكاڵاكان پێویستە لە ماوەیەكی زۆر كورت دابێت بەر لەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان ئاشكرا بكرێت یان بە لایەنی كەمەوە ئەو وێستگە و بنكانەی سكاڵایان لەسەرە لە كاتی ئاشكراكردنی ئەنجامی بەرایی ئاماژەی پی بكرێت.
9-دروست كردنی كلێشەی تۆماركردنی سكاڵا كە زانیارییە پێویستەكان لە خۆی بگرێت  .
10-ئەو سكاڵایانەی تایبەتە بە فەرمانبەرانی كۆمسیۆن،قورسكردنی سزا كارمەندانی كۆمسیۆن چ ئەوانەی فەرمانبەری هەمیشەیین، یان ئەوانەی گرێبەستیان لەگەڵدا دەكرێت بۆ نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران و كاری ڕۆژی دەنگدان و داكردنی ئەنجامەكان و تەواوی پرۆسەی هەڵبژاردن، لادانی ئەو فەرمانبەرانە لە پێرەو رێكارو یاساكان بە تاوانی جنایە ئەژمار بكرێت، ئەم بابەتە بە هەند وەربگرێت چونكە ئەزمونی رابردوو سەلماندویەتی، نەبوونی سزایەكی توندو نەناساندنی ئەو كردارو گوفتارانە بەتاوان دیارینكردنی سزای تووند تا ئاستی جینایە .
(4)
جۆرەكانی سكاڵا لە فەرهەنگی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكاندا :
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق و دروستكردنی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن بە بڕیاری دەسەڵاتی كاتی هاوپەیمانان، لە ساڵی 2005 كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێكهێنرا، لە پیرەوەكانیدا بە بی ووردەكاری سكاڵاكانی ڕۆژی دەنگدان  بۆ سی جۆر پۆلینكردن بەم شێوەی خوارەوە : 
1-سكاڵای سەوز.
2-سكاڵای زەرد.
3-سكاڵای سوور.
ئەمەش روونە هەریەك لە جۆرەكانی سكاڵای سەوز و سكاڵای زەرد كاریگەری ئەو تۆی لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان و پرۆسەی هەڵبژادن نیە، پێم وایە ئەو كاری یاساناسەكان و حزبە سیاسەكان و چاودێرانی كۆمەڵگای مەدەنی و زانكۆكانە، لێرە بە دواوە ئەم پرسە بە هەند وەربگیرێت وحەقی خۆی پێبدرێت و ، كۆمسیۆنی ئیتتحادی و كۆمسیۆنی هەرێمی كوردستان بەم شێوەی خوارەوە پێناسەی سكاڵاكانیان كردوە، 
یەكەم :سكاڵای سوور: ئەم جۆرە سكاڵایە پەیوەندی بە سەرپێچی مەترسیدار هەیە كە كار دەكاتە سەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن گەر پشتراستكرایەوە، ئەم جۆرە سكاڵایانە لە فایلیێكی تایبەت هەڵدەگیرێن، وە فەرمانگەی كردارەكان و نوسینگەی پارێزگای تایبەت ئاگادار دەكرێتەوە بۆ جیاكردنەوەی سندوقی دەنگدانی گومان لێكراو تا كاتی لێكۆلینەوە و دەركردنی بریاری ئەنجومەن.
پێویستە لەو  جۆرە سكاڵایانە، لێژنەی سكاڵاكان لە فەرمانگەی پارێزگاكان ئاگادار بكرێنەوە بۆ ئەوەی لێكۆلینەوە لە بابەتەكە بكرێت، وە لە كاتی پێویست لێژنەی تایبەت پێك دەهێنرێت بۆ سكاڵا سوورەكان كە سندوقەكان دەنگدەن دەكەنەوە دەنگدكان دەژمیێرن و راسپاردەی خۆیان ئاراستەی ئەنجومەنی كۆمسیاران دەكەن، لێژنەی سكاڵا لە فەرمانگەی پارێزگا پێویستە لە ماوەی ( 3 ) رۆژ لێكۆلینەوە ئەنجام بدەن لە رێكەوتی ئاگاداركردنەوەی فەرمانگەی پارێزگا بە ئەنجامدانی لێكۆلینەوە.
 لە كاتی هەبوونی سكاڵای سوور لە هەر سندوقێكی دەنگدان، ئەوا ئەو سندووقانە دەهێنرێتە ئۆفیسی گشتی نیشتمانی بە مەبەستی ئەژماركردنیان، وە لێژنەیەكی تایبەت بە بریاری ئەنجومەن پێك دەهێنرێت بۆ گواستنەوەی ئەو سندوقانەی سكاڵای سووریان لەسەرە لە كۆگای فەرمانگەی گشتی پارێزگاكان بۆ ئۆفیسی گشتی نیشتمانی .
(5)
سكاڵای سوور و كاریگەریەكانی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن 
سكاڵای سور بریتین لەو جۆرە سكاڵایانەی كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر پرۆسەی دەنگدان و دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان هەیە لەو وێستگەوبنكەكانی دەنگدان كە دەتوانرێت بە ئەم حاڵەتانە لە چەند خالێك وەك نمونە دەستنیشان بكەن .
1-رێگری كردن لە دەنگدەر لەناو وێستگەی دەنگدان یان بنكەی دەنگدان.
2-رێگریكردن لە دەنگدان بە لایەنێكی دیاریكراو لە وێستگە یان بنكەی دەنگدان.
3-ماف دان بە هەندی كەس كە مافی دەنگدانیان نیە لەو وێستگە یان بنكەی دەنگدانە.
4-ئیستغلال كردنی ئەو دەنگدەرانەی كە پێویستیان بە یارمەتی هەیە بۆ لایەنێكی دیاریكراو.
5-دەسكاری كردنی پەرەكانی دەنگدان لە كاتی هەڵاوێر كردنی دەنگەكان لە بەرژەوەندی لایەنێكی دیاریكراو.
6-دەستكاری كردنی فۆرمەكانی ئەنجام لە بەرژەوەندی لایەنێك یان كەسێكی دیاریكراو.
7-پرسی پابەند نەبوونی هێزە ئەمنیەكان بە ئەركی پاراستنی بنكەكان و بی لایەننەبوونیان و كاریگەری خستنە سەر ئیرادەی دەنگدەران و فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست، هەڵوەستەی لەسەر بكرێت .
8-پێویستە پرسی پابەند نەبوونی فەرمانبەرانی هەمیشەیی كۆمسیۆن، و فەرمانەبەرانی گرێبەست لە رۆژی دەنگدان و فەرمانبەرانی كاتی داكردنی  داتاكان بخرێتە ناو چوارچێوەی سكاڵای سور، 
9-ئەگەر ژمارەی دەنگەكانی ناو سندوقی دەنگدان زیاتر بوو لە ژمارەی دەنگدەرانی وێستگەو بنكەی دەنگدان .
10-داخستنی بنكەی دەنگدان پێش وادەی دیاریكراو بەبی هیچ هۆكارێك
 ئەم خاڵانەی سەرەوە بەشێكن لەو جۆرە سكاڵایانەی كە كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر پرۆسەی دەنگدان و دەرەنجامی هەڵبژاردن دەبێت،بۆیەپێویست دەكات ئەم جۆرە سكاڵایانە زۆر بە گرینگیەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و پرسەكە بە هەند وەربگیرێت، پێداچونەوە بە پرسی تاوانەكانی هەڵبژاردن لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، پرسێكە بەهەند وەربگیرێت وبە ووردی دیراسەی بكرێت، لەناو یاسەكەدا وەردەكاریەكانی ئەم پرسە شوێنی بكرێتەوە، شێوازو قۆناغەكانی پێشكەشكردنی، لەگەڵا چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ سكاڵاكان   ولێكۆلینەوە لەگەڵ هەریەك لە سكاڵاكار و سكاڵا لێكراو بكرێت كە بە تەواوی بابەتەكە روون بۆوە و لیژنەی تایبەت مەند گەیشتن بە باوەی تەواو دەبێت بریاری دروستی لە بارەوە بدرێت بەم جۆرەش دەخوازێت سزاكان ئاماژەیانپێبدرێت  جا سزای ماددی بێت، یان سزا مەعنەوی، یان گەڕاندنەوەی بارودۆخە بۆ هەقیقەتی خۆی، یا ناچاركردنی كۆمسیۆن بە گرتنە بەری رێكاری پێویست ئەمەش دەخوازێت لەناو بڕگەو مادەكان شوێنی بكرێتەوە بۆ نمونە :
11-دووبارە كردنەوەی هەژماركردن و هەڵاوێركردنی پەرەكانی دەنگدانی ئەو وێستگەیە یان بنكەی دەنگدان لە شوێنێكی تایبەت بۆ بەراوردكردنی دەرەنجامەكان و تێبینی كردنی پەرەی دەنگدانی باگل ئایا ژمارەكەی لەرادەی پێویست زیاترە یان نا، وە جۆری ئەو ئاماژانەی كە لە سەر پەرەی دەنگدان هەیە ئایا لێكچوون یان نا.
12-ئەگەر دوای بەراورد دەكەوت كە گزی كراوە لەو وێستگەیە وا پێویست دەكات كە رێژەی كاریگەریەكەی دیاریبكرێت ئەگەر رێژەكە لە
(% 5، یان % 10) زیاتر بوو ئەوا ری و شوێنی توندی لەبارەوە بگیرێتە بەر و ئەو لایەنەی كە سكاڵای لێكراوە دەنگەكانی لەو وێستگەیە هەژمار نەكرێت و دەنگەكانیتر هەژمار بكرێت.
13-دەبێت سزای توند بۆ بەرێوەبەری وێستگە و كارمەندانی تێوەگلا و هەبێت كە سزاكەی ماددی نەبێت هەر وەك لە پێشتر دا باسم كرد.
14-پێویستە ئەم سزایە بخرێتە ناو دوسیەی كەسی كەمتەرخەم ئەگەر فەرمانبەر بێت، وە ئەگەر فەرمانبەر نەبێت ئەوە لە كۆمسیۆن حەزری لەسەر دابنرێت كە جارێكی تر متمانەی بوون بە  فەرمانبەری رۆژی دەنگدانی پێنەدرێت.
15-بەهیچ شێوەیەك ئاسای نیە وێستگەیەك یان بنكەیەكی دەنگدان بە تەواوی دەنگەكانی بسوتێنرێت لەبەر لایەنێك یان كەسێك كە سكاڵای لەسەر تۆماركراوە.

دووەم :سكاڵای سەوز: ئەم جۆرە سكاڵایە كارناكات سەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بەڵام پێویستی بە لێكۆلینەوە هەیە، ئەم جۆرە سكاڵایانە لە فایلێكی تایبەت هەڵدەگیرێن، هەمان رێكاری سكاڵای سوور جێبەجی دەكرێت تەنها ئەوە نەبێت كە لە سكاڵای سەوز پێویستی بە لێژنەیەكی تایبەت ناكات بە كردنەوەی سندوقەكان و دەنگەكان بژمێردرێن، دەكرێت لە هەندی بارودۆخدا دوای لێكۆڵینەوە سكاڵای سەوز بگۆردرێت بۆ سكاڵای سوور .
سێیەم :سكاڵای زەرد: ئەم جۆرە سكاڵایە بە هیچ شێوەیەك كار ناكاتە سەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و رەت دەكرێتەوە (رد الشكوی) چونكە لە بنەرەتدا مەرجەكانی پێشكەش كردنی سكاڵای جێبەجی نەكردووە بۆ نمونە كەس سكاڵاكار واژۆی نەكردووە لەسەر فۆرمی سكاڵا ژمارە .
(6)
پرسێكی تری تایبەت بە سكاڵا خۆی لە زانیاری و روونكردنەوە دەربارەی پۆلین كردنی سكاڵاكاندا دەبینێتەوە، كە بەم شێوەی خوارەوەیە :
1-ئایا ئەم سكاڵایەی كە پێشكەشكراوە پەیوەندی  هەیە بە هەڵبژاردنەوە؟
2-ئایا سكاڵاكار دەنگدەرە یان قەوارەی سیاسی ؟
3-ئایا سكاڵاكە لە ماوەی یاسایی خۆی پێشكەش كراوە؟
4-ئایا سكاڵاكە ناوو ژمارەی مۆبایلی سكاڵاكاری لەسەرە؟
5-ئایا سكاڵاكار سكاڵاكەی واژوو كردووە ؟
6-ئایا بابەتی سكاڵاكە روونە ؟ چی روویداوە. چ كاتێك؟ سەرپێچیەكە چیە؟
(7)
پرسی كات لە كاتی سكاڵاكردن كە پێویستە زۆر بە ووردی ئەم بابەتە یەكلایی بكرێتەوە كاتێك دابنرێت بۆ سكاڵاكردن نە زۆر بێت و نە كەم بێت، كە گونجاو بێت لەگەڵ بنەما دادبینی و پرۆسەكانی هەڵبژاردنی ئازاد و پاك:- 
كاتەكان بە پێی قۆناغەكان:-
1-لە تۆماری دەنگدەران لە یەكەم ساتی  روودانی رووداوەكە تا(72) سەعات.
2-لە هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ساتی روودانی هەر رووداوەكە تا(72) سەعات .
3-لە رۆژی دەنگدان لە ساتی دەست پێكردنی دەنگدان تاكو (48) كاتژمێر .
دەبی ئەوەش جیابكەینەوە كە لە كاتی دانانی پەیرەو یان رێكار ( سكاڵا) هەیە یان تانە، بە داخەوە یاسای كۆمسیۆن هەردووكی تێكەڵ كردووە، بەڵام دەكەوێتە سەر ئەو كەسەی كە سكاڵا یان تانە دەدات. 
(8)
رێكارەكانی جێبەجی كردنی سكاڵا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
*بە پێی برگەی (4) لە مادەی شەشەم و برگەی (2) لە مادەی نۆیەم لە یاسای كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی ژمارە (4) ساڵی 2014 كە یەكلایكردنەوە  بریار دان لە سكاڵاكان لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی كۆمسیارانە.
بە پێی رێكاری پەسەند كراو لە لایەن ئەنجومەنی كۆمسیاران پرسی سكاڵا بە (3) لێژنەی سكاڵا دەسپێردرێت بەم شێوەی خوارەوە:
یەكەم/ لێژنەی باڵای سكاڵا كە لە (5) ئەندامی ئەنجومەنی كۆمسیاران پێك هاتبوو.
دووەم/ لێژنەی فەرعی كە لە بەشی یاسایی دیوانی ئەنجومەنی كۆمسیاران پێك هاتبوو.
سێیەم/ لێژنەی سكاڵا لە فەرمانگەی پارێزگاكان كە لە (5) كەس پێكدێت ( یاریدەدەری بەرێوەبەری گشتی، بەرپرسی بەشی هونەری، بەرپرسی بەشی كارگێری، بەرپرسی هۆبەی یاسایی و قەوارەكان، بەرپرسی هۆبەی راهێنان ) .
(9)
یەكەم/ ئەركەكانی لێژنەی باڵای سكاڵا:
أ‌-وەرگرتنی سكاڵاكانی تایبەت بە رۆژی هەڵبژاردن لە لێژنەی فەرعی لە بەشی یاسایی( ئەنجومەن و كارگێری ) كە لە فەرمانگەی پارێزگاكان هاتووە،وە وەرگرتنی سكاڵاكانی بنكەی داكردنی داتاكان.
ب-سەیركردنی گشت سكاڵاان و پۆلین كردنیان ( سوور، سەوز، زەرد ) و بەرزكردنەوەی راسپاردە بۆ ئەنجومەنی كۆمسیاران بۆ ئەوەی بریاری لەسەر بدرێت.
ج-ئاگادار كردنەوەی لێژنەی سكاڵاكان لە فەرمانگەی سكاڵاكان لە فەرمانگەی پارێزگاكان لە بوونی هەر كەم و كوریەك یان وەرگرتنی زانیاری لە رێگەی لیژنەی فەرعی. 
د-بەدواداچون لە سەرچۆنیەتی نوسینی سكاڵا، و دڵنیایی لە هەبوونی سكاڵاكارو و شاهیدو تەوای زانیارییە پێویستەكان
دووەم / ئەركەكانی لێژنەی فەرعی ( بەشی یاسایی لە دیوانی ئەنجومەن و كارگێری هەڵبژاردن): 
أ‌- وەرگرتن و ئامادەكردنی ئەو سكاڵایانەی كە لە لایەن لێژنەی سكاڵای فەرمانگەی پارێزگاكان و ئەو سكاڵایانەی كە پێشكەشی ئۆفیسی گشتی نیشتمانی كراون.
ب‌- رێزبەندی كردنی سكاڵاكان بە پێی كات و رۆژ و بەروارو پارێزگاكان.
ج- پێدانی دۆسیەی ئەو سكاڵایانەی لە فەرمانگەی پارێزگاكان وەرگیراوە بۆ لێژنەی باڵای سكاڵاكان و هاوكاری كردنیان.
د- پێدانی روونكردنەوە لەسەر سكاڵا لە كاتی داواكردن لە لایەن لێژنەی باڵای سكاڵاكان.
ه- ناردنی كۆپی یەكەم سكاڵا تۆماركراوەكان بۆ لێژنەی باڵای سكاڵا لە رێگەی لێژنەی فەرعیەوە.
ع- تۆماركردنی سكاڵا لە نووسینگەكانی پارێزگا لە پەراوێكی تایبەت و ئەلكترۆنی ئەمانەی خوارەوەیە لە خۆ بگرێت ( ژمارەی زنجیرەی فۆرمی سكاڵاكە، ناوی سكاڵاكار، ناوی سكاڵا لەسەر تۆماركراو، ناو و ژمارە بنكە و وێستگەی دەنگدان، كات و شوێنی روودانی سەرپێچیەكە، رێكەوتی روودانی پێشكەش كردنی سكاڵاكە، رێكەوتی وەرگرتنی سكاڵاكە، بابەتی سكاڵاكە، بەراییەكانی سكاڵا) 
فایلی سكاڵا پێك دێت لە ( فۆرمی ئەصلی سكاڵا ژمارە (10) و فۆرمی بژاردن و جیاكردنەوەی و ئەنجامی لێكۆلینەوە لەگەڵ هەر بەڵگەو دۆكیۆمێنتێكی تر و راسپاردەی لێژنەی سكاڵاكان).
تێبینی : چاودێری نێودەوڵەتی و ناوخۆی و رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی تەها بۆیان هەیە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن و تێبینی خۆیان بلێن.
*ئەو مەرجانەی كە پێویستن لە ناو داواكاری فۆرم یا كلێشەی پێشكەشكراوی سكاڵا دا هەبن لە كاتی تۆماركردنیاندا : 
1-ناوی سكاڵاكار ( المشتكی ) و واژۆكەی لەگەڵ ناونیشان و زانیاری پەیوەندی پی كردن .
2-جۆری سەرپێچیەكە بە پێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان .
3-ناوی كەسی (لایەن ) سەرپێچیكار ( المشتكی علیە ) لەگەڵ پێدانی زانیاری لەسەر گەر هەبێت.
4-كات و شوێنی سەرپێچیەكە.
-5بابەتی (موچوع ) سەرپێچیەكە و بارودۆخی چوارچێوەی رووداوەكە.
6-ناوی شایەتحال گەر هەبوو.
7-هەر بەڵگەیەكی تر كە پاڵپشتی سكاڵاكە بكات.
كاتی دیاریكراو بۆ پێشكەشكردنی سكاڵا :
سكاڵا : یەكەم/ لە رۆژی دەنگداندا سكاڵا لە ماوەی (48 ) كاتژمێر لە دەستپێكردنی دەنگدان وەردەگیرێت، وە بە هیچ شێوەیەك دوای ئەم وادەیە وەرناگیرێت بەڵكو رەت دەكرێتەوە.
دووەم / لە رۆژی جیاكردەوەی ژماردنی لە تالی سەنتەر (بنكەی داكردنی داتاكان ) لە ئۆفیسی نیشتمانی لە ماوەی (48) كاتژمێر لە كاتی روودانی سەرپێچی تۆمار بكرێت.

بەشی چوارەم :پرۆسەی تانەدان لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران
  مافی تانە و كات و قۆناغەكانی لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا : تانە بریتیە لەو مافە یاساییە كە دراوەتە لایەنی زەرەرمەند لە دەرنجامی بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران كە لەئەنجام كارو سكڵاكان كەوتونەتەوە، كات و قۆناغەكانی تانە لێدان لە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كومسیاران :
یەكەم / دەست پێكی ئامادەكاری هەڵبژاردن (پەیرەو رێكار )  .
دووەم/ دەست پێكی هەڵمەتی هەڵبژاردن، تا كۆتایی پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن .
سێیەم / رۆژی دەنگدان  لەكردنەوەی ناوەند بۆ داخستنی سندوقەكان،.
چوارەم/ گەراندنەوەی ئەنجامەكان بۆ ناوەندەكانی دەنگدان و تالی سەنتەر و داخڵكردن.
پێنجەم / پرۆسەی وەڵام دانەوەو یەكلایی كردنەوەی سكاڵاكانی پرۆسەی دەنگدان و داكردنی داتاكان و راگەیاندی ئەنجامی بەرایی و كۆتایی..
بە پێی سروشتی كاركردنی ئەنجومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە رۆژی راگەیاندنی رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن كۆمسیۆن دەست دەكات بە ئامادەكاری پرۆسەكە بۆ ئەم مەبەستە خشتەی كردارەكان دادەنێت لە سەرەتای پرۆسەكە بۆ كۆتای پرۆسەكە بە پێی یاسا كۆمسیۆن پابەندە بە بڵاوكردنەوەی بریارو سیستەم و رێكارەكان لە ( 3) رۆژنامە رۆژانەی ناوخۆی بۆیە قەوارەكان و دەنگدەران مافی تانە لێدانیان هەیە لەسەر هەموو بڕیارەكانی كۆمسیۆن بەم شێوەی خوارەوە:-
یەكەم / دەنگدەران و حزبەكان و كاندیدان: لە كاتی داواكردن لە تۆماركردن ناوخۆی یان سرینەوەی ناوی دەنگدەرێك ئەگەر ئەنجومەن بریاری دا بە رەت كردنەوەی سكاڵا، دەنگدەر (لایەنی زەرەر مەند) مافی دەستەبەرە  بۆ تانەدان لە بڕیاری ئەنجومەن لەبەر دەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردن .
دووەم : حزبەكان و كاندیدان و دەنگدەران، دەتوانن تانە لەم رێكارانە بدەن، لەبەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردن لە رۆژی دوایی بڵاوكردنەوەی لە سی (3) ڕۆژنامەی ناوخۆ، كەواتە مەرجە ئەنجومەن بڕیارەكانی لەسی رۆژنامە بڵاو بكاتەوە، بەپێچەوانەوە بڕیارەكانی ئەنجومەن لەڕوی ناوەڕوك و شكڵەوە بە نەبوو هەژمار دەكرێت .
كەواتە حزبەكان و كاندیدان و لایەنە زەرەر مەندەكان تانە لە چی دەدەن، ئایە ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیارەو رێكارەكانی بەپێی یاساو پەیرەو رێكارەكانن، كە ڕای گەیاندون و بڵاوی كردونەتەوە لە (3) ڕۆژنامەی ڕوژانە، یا پابەندی یاساو رێكارەكان نەبوونە، كەواتە گەر بپرسین لە پرۆسەكان هەڵبژاردن لایەنی زەرمەند تانە لە چی دەدەن و چۆنچونی تانە لە بڕیارەكانی ئەنجومەن دەدەن  :
1-سەرپێچی ئەنجومەنیش دیاربكات .
2-تانەدان لە بڕیاری پەسەند كردنی تۆماركردنی حزبەكان و هاوپەیمانیەكان.
3-تانەدان لە پەسەندكردنی  لیستی كاندیدان.
4-تانە دان لە بڕیاری  پرۆسەی ئەنجامدانی گری بەستی كارمەندان.
5-تانەدان لە پرۆسەی ئامادەكاری لۆجستی.
6-تانەدان لە بەهەند وەرنەگرتنی سكاڵاكان لە پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن .
7-تانەدان لە بە هەند وەرنەگرتنی سكاڵاكانیان لە پرۆسەی رۆژی دەنگدان .
8-تانەدان لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی.
9-تانەدان لە ئەنجامەكانی راگەیاندن.
10-تانەدان لە سەرجەم بڕیاەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران ، لە قۆناغی دەستپێكی هەڵبژاردن كە خۆی دەبێنێتەوە لە سەرتای پرۆسەی ئامادەكاری هەڵبژاردن، قوناغی رێژی دەنگدان و قۆناغی ئەژماركردن و جیاكردنەوە، و قۆناغی داكردنی داتاكان و ڕاگەیاندنی ئەنجامی بەرایی و كۆتایی .
11-كەواتە مەرجە ئەنجومەن پابەند بێت بە یاسا، كە پابەندی كردوە بڕیارەكانی لە (3) ڕۆژنامەی ناوخۆی بڵاو بكاتەوە، بۆ ئەوەی لایەنی زەرەرمەند بتوانێت تانە لەبڕیاری ئەنجومەن بدات، لە ڕۆژی دوای بڵاو كردنەوە لەماوەی (3) ڕۆژدا.
لەكۆتایی ئەم توێژینەوەیە، ئەم شرۆڤەیە، پێداگری لەسەر گرنگی دەوری دەستەی دادوەری هەڵبژاردن و ئەنجومەنی كۆمسیاران و پرسی سكاڵا و تانە و تاوانەكانی هەڵبژاردن دەكەینەوە و پێشنیار دەكەین و داوادەكەین :-
یەكەم : پرسی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، كەواتە گرنگە چۆنیەتی دانانی دەستەی دادوەری هەڵبژاردن  و چۆنیەتی رایی كردنی ئەركەكانیان و شێوازی بڕیاردانیان لە تانەكان و شێوازی لێكۆڵینەوەیان لە تانەكان،لە ناو یاسای هەڵبژاردن و یاسای كۆمسیۆندا جێگیر بكرێت .
دووەم : ئەنجومەنی كۆمسیاران : ئەنجومەنی كۆمسیاران بە پێی یاسا بەركارەكان، دەوری ( (الخصم و الحكم )) دەبینن ئەمەش كارێكە لەگەڵ رۆحی یاسا و دادوەری و دادگەری یەك ناگرێتەوە، بۆیە پێداچونەوە بە ئەرك و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی كۆمسیارن، كارێكی لە پێشینەیە، ئەركی یەكلایی كردنەوەی سكاڵاكان بە دەستەی دادوەری بسپێردێت، هەروەها پرۆسەی پرساندو لێپێچینەوە لە  ئەنجومەنی كۆمسیاران وونە لەكاتی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان، ڕاستە ئەنجومەنی كۆمسیاران بەرپرسە بەرامبەر پەرلەمان، پەرلەمان متمانەیان پێدەدات و بەرامبەر پەرلەمانیش بەرپرسیارن، بەڵام لەكاتی بەرێوەچونی پرۆسەی هەڵبژاردن پەرلەمان ئەم بۆشاییە بە تەواوی هەستی پێدەكرێت، نمونەیەكی زیندو لە پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی كۆمسیاران بڕیاری دا بە سوتاندنی ئەنجامەكانی هەر بنكەیەكی دەنگدان ئەگەر كەسێك بەچەكەوە چوبێتە ناو بنكەی دەنگدان، لەكاتێكدا ئەم سەر پێچیە لە (خاڵی پێنجەمی بڕگەی پێنجەمی مادەی 57 سزاكەی دیاریكراوە بە ( بەبەندكردن بۆماوەیەك سزا دەدرێت، لە یەك ساڵ كەمتر نەبێت هەر كەسێك بەچەكەوە یا بە تیخەوە بچێتە ناو بنكەی دەنگدان )، پێویستە بڕیارەكانی ئەنجومەنی كۆمسیاران لەسەر كۆی پرۆسەكە بە دوولەسەر سی دەنگی ئەندامانیەوە بدرێن .
سێیەم : پێویستە پرسی سكاڵا بەگشتی لە ناو یاسای هەڵبژاردن و یاسای كۆمسیۆندا جێگیر بكرێن، ئەم پرسە گرنگە بە یاسا چوارچێوەكانی دیاریبكرێن و ووردەكاریەكانی بخرێنە ناو پرۆسەی ( پەیرەو ڕێكارەكان ) هەروەها ئەركی روانین و یەكلاكردنەوەی سكاڵاكان لە ئەنجومەنی كۆمسیاران بسەنرێتەوە.
چوارەم : پرسی تانە لە بڕیارو ڕێكارەكانی كۆمسیۆن و ئەنجومەنی كۆمسیاران، لەناو یاسا پەیوەندارەكاندا جێگیربكرێن و پرسی حوكمە ناكۆكەكانی ناو یاساكان یەكبخرێن، گرنگی پرسی بڵاوكردنەوەی بڕیارەكانی كۆمسیۆن و ئەنجومەنەكەی لە (3) ڕۆژنامەی ناوخۆی رۆژانە پرسێكی هێجگار گرنگە، چونكە گەر كار بەم پێوەرە نەكرێت، مافی تانەدان لە لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردن دەسەنرێتەوە، ئەمەش پرسێكە ئاكام و دەر ئەنجامەكانی زۆر ترسناكن .
پێنجەم : پرسی هەرە گرنگ لە پرۆسەی هەڵبژاردن، چوارچێوە یاسایەكەیەتی، واتە هەموو كاروبارێكی تایبەت بە هەڵبژاردن، لەناو یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆن شوێنیان بكرێتەوە،ناكرێت پرسی ووردە كاری پرۆسەی هەڵبژاردن، رێكارەكان و ئامادەكاریەكان و سزا و تاوان و سكاڵا، بە نادیاری بە بی چوارچێوەی یاسای بە ئەنجومەنی كۆمسیاران بسپێردرێن.
شەشەم: هەمواركردنەوەو پێداچونەو یەكخستنەوەی حوكمەكانی یاسا پەیوەندیدارەكان چ ئەوەی پەیوەندی بە یاسای هەڵبژاردنەوە هەیە، چ ئەوەی پەیوەندی بە یاسای كۆمسیۆنەوە هەیە، چ ئەوەی پەیوەندی بە یاسای حزبەكانەوە هەیە، چ ئەوەی پەیوەندی بە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەوە هەیە، چ ئەوەی پەیوەندی بە یاسا پەیوەندیدارەكانی ترەوە هەیە، پێویستە حوكمەكانیان دژ یەك نەبن .
هەموو ئەو سەرنج پێشنیارو ووردەكاریانە لە پێناوی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پاك و ئازاد و دیموكراسیانەیە، لە پێناوی گێرانەوەی متمانەی دەنگدەران و حزبە سیاسیەكانە بە یەكترو بە رەوایەتی حوكمرانی و پرۆسەی ئاشتەوایی دەسەڵات، هەرێمی كوردستان خاوەنی قوربانێكە كەم نەتەوەو هەرێم ئەو قوربانییان داوە، خاڵی بەهێز بۆ مانەوەی سەروەركردنی یاسا و دادوەریە، خاڵی بەهێز بۆمانەوەی هەڵبژاردنی پاك و بێگەردە، بۆ یە هەمواركردنەوەی یاسا پەیوەندیدارەكان و پەلە كردن لە بوون بە خاوەنی دەستووری خۆی خزمەتێكی گەورەیە بە گەلی كوردستان ، بەڵی بۆ هەمواركردنەوەی یاساكانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنەوە  بەڵی بۆ دەستووری هەرێمی كوردستان .

سلێمان مستەفا حەسەن

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket