riklam

بۆچی تورکیا ئۆپەراسیۆنی «چنگی قوفڵی» راگەیاند؟

بیروڕا 04:15 PM - 2022-05-26

بۆچی تورکیا ئۆپەراسیۆنی «چنگی قوفڵی» راگەیاند؟

 

ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی تورکیا کە ماویەکە لەژێر ناوی (چنگی قوفڵ) لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە، درێژەی هەیە، لە ناوەکەشییەوە دیارە کە ئامانجی قوفڵکردن و گۆشەگیرکردنی پەکەکەیە، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە میدیا و رۆژنامە رەسمییەکانی تورکیایە، کە بە بەردەوامی رووماڵ و زوومیان لەسەر ئەم ئۆپەراسیۆنەیە، بۆیە پێدەچێت ئامانجی ئەمجارەی تورکیا ئەوەبێت پڕۆسەکە بەردەوام بێت، بەبێ گوێدانە هەر رێڕەوێکی کاتی کە پێشهاتەکان بەڕێوەدەبات، جا کورت خایەن بێت یان درێژ خایەن. هەڵوێستی حکومەتی عیراق لە ماوەکانی رابروودا حکومەتی عیراق رایگەیاند، هێرشەکانی تورکیا پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی خاکی عیراق و هەرەشەیە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکەکەی، لەبەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکان زیان بە ئاسایشی عیراق دەگەیەنن، بەڵام رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وەڵامدا رایگەیاند، ئێمە هاوکاریی حکومەتی عیراق و ئیدارەی ناوچەیی باکووری عیراق دەکەین!

ئەم وەڵامەی ئەردۆغان بۆ بەغدا پێمان دەڵێت، کە مەبەستیانە هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان، چونکە بە ئاشکرا دەڵێت ئێمە هاوکاریی ئیدارەی باکووری عیراق دەکەین، واتا هێرشکردنی تورکیا بۆ سەر هەرێم ئامانجدارە و تەنها بۆ (پەکەکە) نییە، بەڵکو ئامانج و پلانی درێژخایەن و خەونی لە مێژینەی ئەو وڵاتەیە بۆ دەستگرتن بەسەر هەرێمی کوردستان و نەوت و گازی هەرێمی کوردستاندا، پێش کۆتایی هاتنی 100ساڵەی پەیماننامەی لۆزانی ساڵی 1923کە پەیماننامەیەکە بە دانپێدانانی ئیمپراتۆریەتی روسیا و ئیتاڵیا بۆ دابەشکردنی ناوچەی بەپیتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان فەرەنسا و بەریتانیادا، هەروەها دابەشکردنی ناوچەکانی تری میراتی دەوڵەتی عوسمانی کە پێش جەنگی یەکەمی جیهان ئەو دەوڵەتە دەسەڵاتی تێیاندا هەبوو، ئەوەش بووە هۆی لەناوبردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا خەونی تورکیا لە ناوچەکە تورکیا و بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە پلانی ورد دەیەوێت، ئەو خەونەی بکاتە راستی، یەکێک لەو ناوچانەی تورکیاش دەیەوێت دەستی بەسەردا بگرێت و داگیری بکات هەرێمی کوردستانە، کە ئەنقەرە بە ئاسانی توانیویەتی دەست وەردانی تێدا بکات و هەرکاتێک بیەوێت سنووری ئەم هەرێمە ببەزێنێت. تا ئێستاش هەڵوێستی فەرمی توند نەبووە لەسەر ئەم هێرشانەی تورکیا لەلایەن هەرێمەوە، بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەڵوێستی روونی خۆی راگەیاندووە لەم رووەوە و ئیدانەی ئەم هێرشانەی کردووە، بە تایبەتی دوای رووداوەکانی شەنگال و هەروەها رووداوەکەی نزیک گوندێکی چەمچەماڵ، کە فڕۆکەکانی تورکیا ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج کە سێ کەسی مەدەنیشی تێدا شەهیدبوو.

بۆچی هێرشەکانی ئەمجارە جیاوازن؟ ئەوەی هەستی پێدەکرێت، ئەوەیە هێرشەکانی ئەمجارەی تورکیا جیاوازترە لە هێرشەکانی پێشوو، یەکەم لەبەر ئەوەی ناوچەی زۆرهەستیار دەکاتە ئامانج، وەک بۆردومانکردنی چیای شەنگال و ناچارکردنی حکومەتی عیراق بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شەنگال، رەنگە ئەمەش یەکێک بێت لە ئامانجەکانی ئۆپەراسیۆنی «چنگی قوفڵ» وەک ماڵپەری TRT کە راگەیاندنی رەسمی دەوڵەتی تورکیایە \ئاشکرای کردووە، «ئامانجی ئەمجارەی تورکیا نەهێشتنی تیرۆر و پاراستنی ناوچەکانی زاب و مەتینا و ئاڤاشین و باسیانە، هەروەها دامەزراندنی پشتێنەیەکە» لەو ناوچانەی هەرێمی کوردستان. سوپای تورکیا لە ناو هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنەکە تا قووڵایی 60-70 کیلومەتر درێژدەبێتەوە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی خاکی تورکیا، دواتر بنکەی سەربازی کاتی و خاڵی پشکنینی سەربازی تورکی لەو ناوچانە دادەمەزرێت، واتا رێگای دەرچوون لە چیای قەندیل دادەخرێت. ناوچەی سەلامەت، بە پێی بۆچوونی تورکیا ئەو ناوچەیە دەگەیەنێت کە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا سەرنج و تەرکیزی کردۆتەسەر و گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ ئەو وڵاتە، چونکە رێڕەوی وشکانی پەکەکە بۆ تورکیا چەقی ئەم ناوچەیەیە کە پڕە لە ئەشکەوت و قەڵا، لەبەرئەوە تورکیا پێیوایە کە پێویستی بە ئامادەبوونی هەمیشەیی سەربازی هەیە لەم ناوچەیەدا، بەڵام بۆ مسۆگەر کردن و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم ناوچەیە کاتی دەوێت و تورکیا مەبەستێتی ئەم ناوچانە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکات. ئامانجە گەورەکەی تورکیا چییە؟

ئامانجی گرنگتری تورکیا ئەوەیە، دەیەوێت ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکات کە رەنگە بۆری نوێی هەناردەکردنی گازی هەرێمی کوردستان بەرەو تورکیا لەوێوە رابکێشرێت، واتا گاز لە هەرێم بکڕێت لە جیاتی ئێران، هەروەها دابڕاندنی ناوچەکانی سوریا کە بەدەست یەپەگەوەیە لەگەڵ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کە پەکەکەی تێدایە. بۆیە تورکیا زەمینە خۆش دەکات لەم ناوچانە و پێش گەیشتنی پڕۆژەکە، کە پەکەکە لەم ناوچانە دەربکات، بەڵام بەهۆی سەخستی ناوچەکان و ئامادەکاری پێش وەختەی پەکەکە زەحمەتە بە ئاسانی لە هەموو شوێنەکان پەکەکە دەربکرێت. خاڵی کۆتایی و سەرنجڕاکێش ئەوەیە، زۆربەی سیاسەتمەدارانی تورکیا لە لێدوانەکانیان ئاماژەیان بەوە داوە، تا ئێستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان وهەروەها عیراقیش وەک پێویست هەڵوێستی روون و توندیان نەبووە لەسەر لەشکرکێشییەکان.

رەمزی سەعید

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket