riklam

وڵات بە خەوبینین و قسەی زل بنیات نانرێت

بیروڕا 04:55 PM - 2022-05-19

سەرۆكی میسرعەبدول فتاح سیسی، لە رێوڕەسمی رێزلێنان لە ژنی میسری و دایكی نمونەیی ساڵی 2022، وتەیەكی پێشكەشكرد، بەشی زۆری رو لە میسریەكان بوو، لە دەسپێكدا وتی هیوام زۆرە زو ئەو تەنگژە بەسەرماندا تێپەڕێت و چیتر نرخی پترۆل بەرز نەبێتەوە، چونكە چەند نرخەكەی هەڵكشێ ئەوەندە زیاتر باری هەمومان ئاڵۆزتر دەبێت، جەختیشی كردەوە ئەو چاكسازیە ئابووریەی كردمان، رێگر بووە لە قوڵبوونەوەی زیاتری  تەنگژەكە، وەك ئاگادارن ئێمە كاتێك لەسەروبەندی چاكسازیدا بووین نرخی نەوت (70)دۆلار بوو، بەڵام  ئێستا گەیشتۆتە 120 دۆلار، دووبارە دەخوازم ئەم بارودۆخە پڕ لە سفت و سۆیە جیهانیە زو كۆتایی  پێ بێت و بگەڕێینەوە دۆخی ئاسایی ژیان هەروەها ئەوەشی وت، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە ئێوە نەكەونە بەر ئەو هەژمونە تاڵە، بە هەموو شێوەیەكیش هەوڵدەدەین كاریگەری بە نمرە یەك لەسەر ئێوە نەبێت، ئەوە نیە لێمان نەگەڕاوە سوتەمەنی گران بێت؟ ئەوەش بەهۆی ئەو چاكسازیە و هاوكارییەی هەموو لایەكتانە، دووپاتی ئەوەشی كردەوە، ئێمە كاری زۆرو دژوارمان كردووە، چونكە وڵات بە خەوبینین و قسەی زل بنیات نانرێت، بەلكو بە هەوڵ و تێكۆشان و خستنە سەر یەكی شەو و رۆژ دەبێت و ئەگەر باشی بۆ گەلەكەم نەبێت، تەنها بۆمن بێت بەكەڵكی چی دێت، داوای ئەوەشی كرد كە دووربكەونەوە لە زێدە خەرجی ئەگەر دەتانەوێ‌ داهاتویەكی باشتر بۆ منداڵەكانتان و نەوەكانتان مسۆگە،ر بكەن، هیچ رێگەیەكیش لەبەر دەمماندا نیە جگە لە كەمكردنەوەی خەرجیەكان و لێگرتنەوە لە زۆر شتی نا پێویست، ئەوەشی وت سەرباری ئەوەی هەموو شتێك لە بازاڕدا بە نرخی ئاسایی خۆی هەیە، بەڵام هەر دەبێت خەرجیەكان كەمبكرێتەوە، نمونەشی بە ژیانی خۆی هێنایەوەو وتی رەنگبێ میسریەكان وابزانن خوانی سەرۆك لەگەڵ  ئەوەی ئەوان دیخۆن  زۆر جیاوازە و خواردنەكان بەهەشتین، دڵنیاتان دەكەمەوە بەو شێوەیە نیە، هەموو رۆژی لە نرخی خواردنەكان دەپرسم و بەدواداچونیشی بۆ دەكەم ئینجا داوای ئەوەی لە بارە دەكەم، لەبەرئەوەی من لە بەرامبەر خوا و ئێوە بەرپرسیارم، هەرگیزیش بایەخ بە پارە نادەم بە مەبەستی داكردن و هەڵگرتنی، چونكە ئەوەی لەبەر دەستە هی منە، ئەوەیتر هی خاوەنەكانی خۆیتی كە ئێوەن،بۆیە هەمیشە لای من خەرجی لەبار و هاوسەنگ گرنگە نەك پارە ، بەڕاستی ئەو وتانە جێگەی هەڵوێستە كردنن، سەرۆك دەبێت بەو شێوەیە بیربكاتەوە و حوكمڕانی بەڕێوەببات، بەیەك چاویش سەیری میللەتەكەی بكات، هەرگیزیش بیر لە ئیمكانیات بۆ خۆی و خێزانەكەی و منداڵەكانی نەكاتەوە، ئەوەی شارەزایشی هەبێت، دەزانێت  ئەو وڵاتە چ حەشیمەتێك لە خەڵكی تێدایە، نزیك دەبێتەوە  لە 100 ملیۆن كەس، ئەوەندەش پترۆڵ و سەرچاوەی كانزایی زۆر نیە، جگە لە غازی سروشتی نەبێت، بێگومان ئەویش لە ئاست ئەو هەموو خەرجیە بەكاربەرەی ئەو وڵاتە نیە، لێ لەگەڵ ئەوەشدا هاواریان لێ هەڵنەستاوە و دەژین، بێگومان ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ حیكمەتی ئەو پیاوە و بەڕێوەبردنەكەی،  ئاسمان و رێسمان لەگەڵ ئێمە جیاوازیان هەیە، ئێمە نەوت و غاز و ئاوی زۆر و خاكی بە پیت و هەموو شتێكمان هەیە، لە چاو ئەوانیش لادێیەكی توزێك پڕ  لە ئاوەدانین، كەچی هەزار و یەك عەیب و دەرد و سەرئێشەمان هەیە و شەو و رۆژ دەستمان لەسەر دڵمانە، بۆ موچە، كارەبا، ئاوی خواردنەوە، خۆراك، ساڵەك و دوو ساڵ و سێ ساڵیش نیە ئەو حاڵ و وەزعە بەردەوامە ، بڕوام وایە ئەوەی  لەسەر ئەرزی واقیعدا هەبووە لە ئێستاشدا هەر بەردەوامە، دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی ئیدارەدان، بێگومان خەوشێكی زۆری تێدایە، ئەوەیە وایكردووە لەلایەك جیاوازی چینایەتی گەورە دروست بێت بە شێوەیەك كەمینەیەك كۆنترۆڵی هەموو شتێكی كردووە و پارەكەش هەر لەلایەن ئەوانەوە قەتیس بووە، لەگەڵ زۆرینەیەك كە هەمیشە سوتەمەنی گریمانە بێ بنەماكان و بێباكی بەرپرسەكان بووە، لەلایەكیتر كەس بەدواداچون بۆ ئەو دۆخە ناكات، هیچ ماقولیەتیشی تێدا نیە ئەو هەموو كەموكوڕیە هەبێت، كەچی بەرپرسەكان بێخەم بن، وەك ئەوەی نەبای بێت و نەباران،  تەنانەت هەڵوێستەشی لەسەر ناكەن و نایێن گفتوگۆی راستەخۆ لەگەڵ كۆمەڵانی خەڵك بكەن، بۆ ئەوەی  لە ئازار و مەینەتیەكانیان تێبگەن،  تەنها گوێ لە راپۆرت و هەواڵەكانی دەربارەوە دەگرن، بۆیە دەڵێم و دووپاتی دەكەمەوە سەرۆك دەبێت وەكو سیسی بێت، نەك لە قەسر و ڤیەللا قەیسر ئاساكان ژیانی شاهانە و لە خواردنە بەهەشتیەكانەوە بخۆن و ئاوی حەیاتیش بۆ درێژبوونی تەمەنیان بنۆشن.
عەبدولواحێد محەمەد

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket