riklam

یەکێتی ترسی لە کەمبوونەوەی دەنگەکانی نییە

بیروڕا 11:53 AM - 2022-05-16

هۆکاری رەتکردنەوەی هەڵبژاردن لە ژێر سایەی ئەم یاسا و شێوازەی ئێستایدا لە لایەن یەکێتیی و چەند لایەنی دیکەوە پەیوەندیی بە ترسی کەمبوونەوەی دەنگەکانی نییە، بەڵکو بە نارێکی یاسای هەڵبژاردنەوە هەیە کە چەندین ساڵە کاری پێدەکرێت.

هەرچەندە یەکێتی وەک هەر حزبێکی دیکە مافی خۆیەتی کاتی گونجاو بۆ خۆی فەراهەم بکات کە تیایدا بچێتە هەڵبژاردنەوە، ئەمە دەچێتە ناو چوار چێوەی تاکتیکی حزب و ئامادەکردنی پێشوەخت بۆ ئەو هەنگاوەی دەینێت بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، لە کوێدا بووە ئەگەر حزب بە مسۆگەریی بزانێت کە ناتوانێت دەنگی پێویست بهێنێت، بەڵام دەچێتە هەڵبژاردنەوە؟

هەندێ کەسی لێپرسراو لە ناو پارتی، بە تەشەرەوە دەڵێن یەکێتی بۆیە نایەوێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکات چونکە دەزانێت دەنگەکانی کەم دەکەن!

یەکێتی داوای هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی کردووە لە چەندین مانگی رابردوەوە نەک ئێستا کە کەمتر لە پێنج مانگی ماوە بۆ ئەو وادەیەی تەنها پارتی دیاری کردووە، یەکێتی دەزانێت کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتر، بەتایبەت ئەوەی لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا کرا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران و لەدوای تەواو بوونی بژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان بە چەند هەفتەیەک، وەڵامی سکاڵای یەکێتی لەسەر پارتی درایەوە و ساختەکارییەکان ئاشکرا بوون و دوو کورسی بۆ یەکێتی گەڕایەوە، ئەمە نموونەی نزیکترین ساخەکارییە، ئیتر چۆن دەبێت یەکێتی جارێکی تر بەم جۆرەوە بچێتە هەڵبژاردنەوە؟

یەکێتی پێی وایە ئیتر چیدی نابێت پارتی 11 کورسی کۆتا بۆ خۆی و بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت و بڵێت ئێمە پەنا دەبەینە بەر بەکارهێنانی زۆرینەی پەرلەمان.
یەکێتی دەیەوێت لە پێش چوونە هەڵبژاردنەوە دۆخی ئیدارەدانی هەرێم یەکلایی بکاتەوە و شتێکی بەرووکەش حکومڕانی شەراکەت و هاوبەش نەهێڵێت بێ پەیڕەوکردنی ئەو بنەمایانەی بۆی دیاری دەکرێت.
یەکێتی دەیەوێت ئەوە مسۆگەر بکات کە حکومەتی هەرێم لە چەمکی هەناردەکردنی نەوت و غازدا چیدی وەک رابردوو دیزە بەدەرخوون ناکرێت و ئەم کارتە وا لێناکات خەڵکی هەرێم باجی هەڵەکانی سیاسەتە چەوتەکانیان بدەن.
یەکێتی دەیەوێت بە پارتی بڵێت: ئەگەر ئێمە لەم، هەرێمەدا هاوبەشین، دەبێت بە مانای وشە هاوبەش بین و هەرچی رێکەوتنە بازرگانییەکانە دەبێت لە رێگەی وەزیری پەیوەندیدارەوە بێت و چیدی دەستەیەک لە سەرۆکی حکومەت و چەند وەزیر یان حزبییەک نەچنە ناو سەفقە ژێر بەژێرەکان و سامانە سروشتییەکانی هەرێم و عیراق هەڕاج بکەن و خەڵکی نەوتی نەبێت خۆی پێ گەرم بکاتەوە بەڵام وڵاتێکی دیکە لێی سوودمەند بن بە کەمترین نرخ.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەیەوێت سیاسەتی دەرەوەی هەرێم لەسەر بنەمای رێزی هەردوولا و بەرژەوەندی دوو لایەنە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دابڕێژرێت و نەبینە داردەستی جێبەجێکردنی پیلانگێڕییەکانی تورکیا و لەناو هەرێمی کوردستاندا تەراتێن بکات.

یەکێتی دەیەوێت پارتی تاک لایەنە لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکانی نەبەستێت وەک حزب لەگەڵ تورکیا، بەڵکو دەیەوێت وەک هەرێم بێت لەگەڵ ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیکەی دراوسێ.

ئەوە یەکێتییە کە دەیەوێت خەڵکی هەرێم بەرەو سەقامگیریی و ژیانی خۆشگوزەرانی بەرێت نەک لە پای سیاسەتی هەڵە لەگەڵ بەغدا بیشێوێنێت و تێکی بدات بۆ مەرامی خۆیی و جێبەجێکردنی ئەجێندای دەرەکی بەناوی هەستی نیشتمانی و نەتەوایەتییەوە.
خۆزگە یەکێتی بە ئاشکرا و بە جدی داوای دوو ئیدارەیی دەکرد و ئیدارەی سلێمانی و زۆنی سەوزی لە ئەستۆ دەگرت و بە شێوازێکی باش و لە کەشێکی متماناویدا لەگەڵ بەغدا دەچووە سیستمی فیدڕاڵییەوە و خەڵکی ئەم ناوچانەی رزگار دەکرد، بەمەش رێگریی دەکرد لە فراوانخوازیی پارتی کە ئەمیشیان بۆتە سەرلەشکری پێشڕەویی قەڵەمڕەوی تورکیا بۆ سەر هەرێم.

بەڵام مەخابن یەکێتی لەسەر ئاستی سەرکردایەتییەکەی ئەمەی نەویستووە و کاری بۆ نەکردووە، ئەگەرچی ئەگەر پەنا بۆ سەرژمێرییەک ببەین، ئەوا زۆرینەی زۆر دەنگ بە جیابوونەوە دەدات لەگەڵ هەولێر و بە دوو ئیدارەییکردنی دەوێت، چونکە بۆیان دەرکەوتووە دەمێکە هۆکاری دروستبوونی قەیرانەکان بە مووچەشەوە، دەگەڕێتەوە بۆ هەڵەکانی سەرکردەکانی پارتی، هەر لە هاتنی داعشەوە تا ریفراندۆم و سیاسەتی ئێستای ناشەفافی ئابووری لە حکومەتی هەرێمدا لەگەڵ بەغدا.

یەکێتی باش دەزانێت غاز و نەوت تێکەڵ بە پرسە نێودەوڵەتییەکان دەکرێن و لە مێژە زلهێزەکان چاویان لەم خاکە بڕیوە تا لە بەرژەوەندیی خۆیان کۆنتڕۆڵی نرخە جیهانییەکانی پێبکەن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، یەکێتی ئەو تاکە حزبەیە کە دەتوانێت بەشدار بێت لەداڕشتنی چۆنێتی هەناردە و فرۆشتنی غازی هەرێم، چونکە یەکەم زۆرینەی زۆری غازی هەرێم لە سنووری دەسەڵاتی خۆیدایە، دووەمیش لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا و لەو کاتەوە کە هەرێم نەوت دەفرۆشێت، پارتی لە زۆربەی بەڵێنەکان لای داوە و خۆی بە تاکڕەوی سەفقەکانی رێکخستووە و لە ناوەرۆکەکەی ئاگادارە.

یەکێتی دەیەوێت بە وەفا بێت بۆ ئەو رێکەوتنانەی کە لەگەڵ بەغدا هەیەتی و دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوەکەی کە دەستووری عیراقە و پێیەوە پابەند بێت، دەیەوێت ئەو قەڵایە نەڕوخێت کە سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەی بۆ دانا لە یەکخستنی هەموو پێکهاتەکانی عیراق، ئەو بە کاندیک کردنی خۆی وەک  یەکەم سەرۆک کۆماری کورد بۆ عیراق و وەرگرتنی ئەو پۆستە، پەیامی ئەوەی نارد کە با چیدی خەڵکەکەمان لەژێر دروشمی گڕداری نەتەوایەتیدا نەسووتێنیین و نەبینە جێبەجێکەری ئەجێندای دەرەکی کە لە مێژە خواستیان تێکدانی نێوان پێکهاتەکانی عیراق بووە تا کێشەی کورد لە وڵاتی خۆیان سەر هەڵنەدات، مام جەلال وتی لەم سەردەمەدا دەست مەبەن بۆ دروشمی نەتەوەیی لەکاتێکدا دەزانن هیچی لێ شین نابێت و بۆ دواوەمان دەگەڕێنێتەوە، هەر وەک ئەوەی لەدوای تەنها 14 ساڵ لە نەهێشتنی رژێمی سەدام و یەک خستنەوەی عیراق، لەسەر فەرمانی دەستە دەرەکییەکان پرسی ریفراندومی هێنایەکایەوە و ئەوەی بەدەستمان هێنا بوو بۆ دواوەی بردینەوە و تا ئێستاش لەو خاڵە ناکۆکییەدا ماوینەوە، ئەمە لە کاتێکدا ئێمە توانیبوومان لە رێگەی ئەو سیاسەتە حەکیمانەیەی مام جەلال ەوە لەگەڵ بەغدا لە ژیانێکی کەمتر لە کێشەدا بین.  


هیوا محەمەد

 

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket