riklam

فریامان كەون دەخنكێین ...!

بیروڕا 11:35 AM - 2022-05-10

نووسینی.. عەبدولواحید محەمەد

ماوەی چەند ساڵێكە زۆربەی وڵاتە خواپێداوەكان و دەزگە و دامەزراوەكانیان بە وردی كار لەسەر گۆڕانكاریەكانی ئاو و هەوا دەكەن، لە یەك كاتدا توێژینەوە و لێكۆڵینەوە بۆ دەست نیشانكردنی ئەو گۆڕانكاریە خێرایانە دەكەن كە بە رونی هەستی پێدەكرێت، لە هەمان كاتیشدا هەوڵی دۆزینەوەی رێگە چارەكان  و رێگریكردن لەو دیاردە ناسروشتیە دەدەن، چونكە پێیانوایە جیهان بەم بارودۆخەی ئێستا لە ژێر هەڕەشەیەكی گەورەدایە، زۆریش بەوە نیگەرانن كە ئەوە مرۆڤەكانن زیاتر دەستیان  لە خوڵقاندنی  ئەو كەشە پڕ لەسەر ئێشەیە  هەیە، ئەگەر كارێكی جددی نەكرێت بێشك لێكەوتەكانی كارەساتبار دەبێت، بۆیە دەبینین، نەتەوە یەكگرتوەكان ، بەشێك لە حكومەتەكان، رێكخراوی نێودەڵەتی پەروەردە، ئەو ناوەندانەی تایبەتن بەو بوارە گرنگە، شەو و رۆژیان خستۆتە سەریەك و هەموو مینبەرە راگەیاندنەكانیشیان بۆ ئەو مەبەستە تەوزیف كردیە، بەردەوامیش داوا لەو وڵاتانە دەكەن كە زۆر گیرۆدەی ئەو بارودۆخە ناجێگیرە بوون، تاوەكو ئیمكانیاتی دارایی پێویست و توانای مرۆیی تەواو بۆ ئەو مەبەستە بڕەخسێنن، لەبەر ئەوەی باوەڕیان وایە ئەو گۆڕانكاریە خێرایانە لە خاڵێكی دیاریكراو و شوێنێك قەتیس نابێت و ناوەستێت، بەلكو دەپەڕێتەوە بۆ هەموو دنیا و كاریگەریەكانی هەمەگیر و فرەلایەن دەبێت، سەرەنجام لێكەوتە خراپەكانی نزیك یا دوور سەرتاسەری دەبێت، ئەوەی جێگەی باسە بەشێك لەو وڵاتانەی  كەوتونەتە بەر هەژمونی ئەو سروشتە ناجێگیرە كە دەكرێ سودیشیان لێوەربگیرێت كەوتونەتە خۆ و كاری لێبڕاوانە و زانستیانە هەڵدەنێن ، بۆ نمومە وڵاتی جەزائیر كە راستە و ڕاست دامێنی خوارەوەی بریتیە لە بیابانی گەورەی ئەفەریقا هەڵمەتی چاندنی 150 ملیۆن دارخورمایان لە بیابانی ئەفەریقا  بێگومان لەو بەشەی خۆیان دەست پێكردووە، لە دراسەت كردنیشیدا گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی كە لەو هەڵمەتە وێڕای كەمكردنەوەی تەپ و تۆز، تا (7) نمرەش پلەكانی گەرما نزمدەكاتەوە هەروەها لە بەرهەمەكەشی ( 12) ملیار دۆلاریان دەست دەكەوێت، لە هەموو روێكەوەش كاریگەری زۆر باشی لەسەر جەزائیر دەبێت، مەبەستی من لەو پێشەكیە و هێنانەوەی ئەو نمونە زیندووەی جەزائیریەكان، بۆ ئەوەیە بە بەرپرسەكانی عێراق بە گشتی و هەرێمی كوردستان بڵێم، 20 ساڵ زیاترە بەردەوام باس لە گۆڕانكاری ئاو و هەوا و تەپ و تۆز و  دیاردەی بە بیان بوونی زەویە كشت و كاڵیەكان  و كەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە روبارەكان و دەریاچەكان دەكەن، هەمیشەش گلەیی ئەوەتان كردووە كە ئێران و توركیا ئاومان بەسەردا كەمدەكەنەوە یان دەبڕن، كەچی نەمانبینی كارێكی مەیدانی و جددی بۆ  شێوە چارەسەرێكی  ئەو دیاردە پڕمەترسیانە بكەن كە بە بڕوای خۆم كەمتر نیە لە مەترسیەكانی تیرۆر و توندڕەوی و ئەو لێكدژە سیاسیە ناماقولانەی هەیە و بەردەوامە لە عێراق و هەرێم، چونكە راستیەك هەیە  دەبێت بوترێت، ئاسایشی خۆراك و كەشی لەبار، ستونی سەرەكی ئاشتی و ئارامی و ژیان و گوزەرانێكی شایستەیە، بێگومان پێچەوانەكەشی  هەر راستە، ئەوەی هەمومانی نیگەران كردووە ئەو كەمتەرخەمی و  خاوەخاویە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو دیاردە مەترسیدارە رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دەبێت، ئەوەتا شارەزایانی  ئەو بوارە دەڵێن رێژەی ئەو تەپ و تۆزە بەردەوام لە زیادبووندایە و  گەیشتۆتە نزیكەی (270) رۆژ لە ساڵێكدا بۆی هەیە لە چەند ساڵی داهاتودا بگاتە (300) رۆژ، ئەو دەم ئیتر بوار  نامێنێتەوە بۆ ژیانێكی نیمچە ئاسایی ، بۆیە چیتر پاساو هێنانەوە و كروزانەوە لەبەر ئەم و ئەو قابیلی  قبوڵ و دەست و پەنجە لەگەڵ نەرمكردن نیە لە لایەن كۆمەڵانی خەڵكەوە،ئیتر بەسە ئەو ئەركەی پێویستە لەسەرتان  رایپەڕێنن، بۆ خۆ دزینەوە مەیخەنە ئەستۆی لایەن و خەڵكانیتر، بتانەوێ یان نەتانەوێ ئەوەی لە عێراق بەهەرێمیشەوە رودەدات كە هەمومان هاوارمان لێهەڵستاوە و دەڵێین فریامان كەون دەخنكێن، ئێوە بەرپرسن و هیچ تەفسیر و تەئویەلەك هەڵناگرێت ، بۆیە تا زووە:

1- لەو پارە و پولە زۆر و بێشومارەی لەبەردەستتاندایە، بڕێكب باشی لێتەرخان بكەن بۆ:
ا- سەوزكردنی زیاتری شارەكان .
ب- دروستكردنی پشتێنەی سەوز لە دەور و بەری شارەكان.
ج- وەك جەزائیر، هەوڵی رواندنی  ژمارەیەكی زۆر دار خورما لەو بەشە بیابانانەی كەوتونەتە نزیك روبارەكان بدەن ، چیتریش مەهێڵن باخەكانی خورما بسوتێنن و بیكەنە شوێنی نیشتەحێبوون.
     
2- رێبگرن  لەو هەموو پاڵاوگە نایاساییانە كە رۆژانە بە هەزاران تەن گازی پیس فڕێدەدەنە بەرگی هەوای وڵاتەكەمان و بە تەواوی ئالودەیان كردووە.
3- كاربكەن بۆ ئەوەی ئەو هەموو موەلیدانەی لە ناو شارەكان كاردەكەن بە مەرجی زانستیەوە ئیش بكەن  كە كەمترین زەرەر و زیان بە هاو وڵاتیان بگەیێنن ، دیارە ئەو بەڵایەش لە ئەنجامی كەمتەرخەمی هەردوو حكومەتە كە تا ئێستا نەیانتوانیوە كارەبا بە وزەی خاوێن بەرهەمبهێنن.
4- هەوڵدەن زۆرترین بەنداو بنیات بنێنن ،هەرچەندە من لە زانستی زەوی ناسیدا شارەزانیم بەڵام زۆر شوێنی لەبار هەیە و تێچوشی زۆر نیە دەكرێت بكرێتە بەنداو و رێژەیەكی زۆر ئاو دابكرێت، پێویستە بوترێت ساڵانە تەنها لە هەرێم زیاتر لە( 40) ملیار مەتر سێجا ئاوی شیرین لە هەر پێنج روبارەكەی دەڕژێت روباری دیجلە و دەچێتە شوراوكەكانی باشور، بێجگە لەوەش ساڵانە رێژەیەكی زۆر بارانیش دەبارێت  دیسان هەر بە فیڕۆ دەڕوات، بە دڵنیاییەوە ئەگەر بە شێوەیەكی زانستیانە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت، نەك بەشی هەرێم بگرە بەشی عێراقیش دەكات، یەقینم وایە بەو هەنگاوانەی ئاماژەمان پێدا، كاریگەری گۆڕانكاریەكانی ئاو و هەوا و دیاردەی بە بیابان بوون و  هەموو  ئەو تەپ و تۆزەی بە قوڕگماندا دەكرێت ناڵێم بنبڕ بەلكو زۆر كەمدەبێتەوە و بۆ هەموو بوارەكانیتریش سود  و قازانجی دەبێت. 
  

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket